له‌سه‌رهێل 125
هه‌ینی 19 جۆزه‌ردان 2723
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
یادێك لە مامۆستا كەریم سەییادی (ڕاوچی) ساردەكۆسانی

 

بابەشێخ حوسەینی
یادكردنەوەی تێكۆشەرانی رێگەی ئازادیی،ئەوانەی رەنجی زۆریان لە پێناو ئازادی گەل و نیشتمان، لە مەیدانی نووسین و ئەدەب و لە مەیدانی خزمەت بە مرۆڤایەتی،دەوریان گێڕاوەو كاری شیاو بەرچاویان كردوە گەلێك پێویستە.دیارە رێزگرتن لە كەسایەتیەكان لەو كاتەی لە ژیاندان زۆر پێویستە، بەڵام بە داخەوە لە كوردستاندا كەمتر بیندراوەو بیستراوە كە یادی تێكۆشەران و رەنج دیتوو زاناو بیرمەندانی نەتەوەكەمان بكرێتەوە.خۆزگە ئەوە بكرایەتە نەریت و دیاردەێك كە قەدری تێكۆشەران و بیرمەندان و زانایان لە كاتی تێ‌ پەڕینی رۆژەكانی ژیانیان بكرێتەوە.
یەكێك لە ئەدیب وتێكۆشەرانەی كە لەسەردەمی ژیانیدا كەمتر گرینگی و بایەخی پێدراوە مامۆستا مەلا كەریمی سەییادی ناسراو بە مامۆستا مەلاكەریم ساردەكۆسانی (ڕاوچی)یە.
مامۆستا مەلاكەریم یەكێك لەهاوكارانی مامۆستا سەید جەلال حوسەینی بوو بۆ دامەزراندنی سازمانی خەبات،بەڕێزیان پێش دامەزرانی سازمانی خەباتیش تێكۆشەرێكی ئازادیخواز بوو وكاری سیاسی دەكردو چەند ساڵ ئاوارەیی و دەربەدەری لەسەر گەلی كورد چێشتبوو.
بە مەئموریەتی سازمانی راسپێردرام بۆ وەرگرتنی بەرپرسایەتی هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات لە ناوچەی بۆكان و سەقز لە گەڵ خوالێخۆشبوو حاجی مینەی زەرواو،و فەرماندەی لیهاتووی سازمانی خەبات شەهید كاك تەهاڕۆحی(تەهاسوور) و هەروەها تێكۆشەرو برای خۆشەویستم كاك رەشید سلێمانی ناسراو بە كاك رەشید كانی مامری و چەند پێشمەرگەی بەڕێزی دیكە، بەرەو ناوچەی گەوركی مەهاباد بەڕێكەوتین.بە هۆی ئەوەی خوالێخۆشبوو حاجی مینە چووبوە تەمەنەوەو كاك رەشید نەخۆش بوو نەیان دەتوانی بەخێرایی رێگە ببڕن دوو رۆژمان پێ چوو تا گەیشتینە ساردەكۆسان.
بە گەیشتنمان بۆ ساردەكۆسان چووینە بنكەی سازمان كە لە مەدرەسەی دێ‌ دا بوو.زۆری نەبرد مامۆستا مەلاكەریم تەشریفیان هات و زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی كردین. دوای باسی كارەكانی داهاتووی كومیتە شارستانی بۆكان و سەقز و كۆبوونەوە لە گەڵ بەرپرسانی سازمانی خەبات، مامۆستا مەلاعەبدوڵای قەدیم ومەلا عەزیز حوسەین پوور و شەهیدی قارەمان شەهید خەلیفە شەمسوڵا، ئەرك و بەرپرسایەتیەكان دابەش كران. دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەو دابەشكردنی ئەركەكان مامۆستا مەلاكەریم زۆر بە گەرمی خوڵقی كردین بۆ ماڵی خۆی. فەرمووی چێشتی بەربەسێڵ مان هەیە. بانگهێشتی بەڕێزیانم قەبوڵ كرد.یەكەم جار بوو چێشتی بەربەسێل بخۆم. بە تامەزرۆییەوە بۆ خواردنی چێشتی بەربەسێڵ چووینە ماڵی مامۆستا بەگەرمی بەخێرهاتنی كردین.كەسایەتێكی قسە خۆش و زمان شیرین و میوانداربوو.زۆری سیغار دەكێشا. قتوی توتن و پەڕەكەی دەرهێناو زۆر شارەزایانە سیغارێكی پێچایەوەو بە حەزەوە سیغارەكەی كردە دەمنە(مۆدنە) دار بەڵالوكەكەی. دەمنەو سیغارەكەی بەلالێویەوە ناو چەرخەنەوتیكەی (فندك)لێ‌ خستەكارو دوای دووسێ‌ جارلێدان ئاور لە چەرخە نەوتیەكە هەستا،زۆری پێ‌ نەچوو دوكەڵی سێغار ژوورەكەی داگیركرد.بە دەم سێغاركێشانەوە قسەی خۆشی بۆ دەكردین.
بەربەسێل و نانی نێوەڕۆمان خوارد و گەراینەوە بنكەی سازمان. دوای چەند ڕۆژ و بە بەشداری مامۆستا گەڕانێكی سیاسیمان بۆ ناوچەی بۆكان و گەوركی مەهاباد دەست پێ‌ كرد. وەرزەكەی بەهار بوو.لەو گەڕانەدا هەم لە ڕێگاداو هەرروەها لە ماڵانیش لە گەڵ مامۆستا بووم كەڵكی زۆرم لە قسەو ڕێنوێنیەكانی وەرگرت لە رێگەدا شیعری بە دەنگی بەرزو بە ئاهەنگ بۆ دەخۆێندمەوە.لە هەموو حەسانەوەیەكدا سیغارێكی دەكێشا،جۆرێك سیغاری دەكێشا كەهەر كەس بیدیایە حەزی بۆ سێغار كێشان دەچوو.نابەرەێكی لە پشت بەستبوو چەند نان و هێندێك پەنیرو شیرێژی تێدا بوو.خوڵقی دەكردم بۆ خواردنی بابۆلەی نان و پەنیر. لەسەر كانی و ئاوی سازگار بە برسیایەتی و ماندوویی، تامێكی لە بیرنەكراوەی هەبوو. ئەو چەند رۆژە لە دەورانی پێشمەرگەیی بەشێك بوون لە رۆژەخۆش و لەبیرنەكراوەكان بە تایبەت كە هاوڕێیەتی مامۆستا،كەڵكی زۆری هەبوو و خولیای نوسین و خوێندنەوەم تێدا زیاتر بوو.بەڕێزیان كەسێكی قسە خۆش و خاوەن بیركردنەوەی دروست و سەردەمیانە بوو.خەڵكی ناوچە بە باشی مامۆستا مەلا كەریم یان دەناسی و خۆشیان دەویست بۆ هەر مالێك دەچووین گەرمترین پێشوازیان لێ‌ دەكرد.
دوای گۆڕانكاریە سیاسیەكان و فشارە بەردەوامەكانی چەند لایەنی سیاسی كوردستانی بۆ سەر سازمان و هەروەها لە دوای هێرشی هێزەكانی رژیمی ئاخوندی بۆ سەر بنكەو بارەگاكانی سازمانی خەبات ئاڵوگۆر لە قەوارەو پێكهاتەی تەشكیلاتی سازمان و بنكەو ناوەندەكانی لە ناو خۆداو دوور كەوتنەوە لە ناوچە بوونە هۆی پێكەوە گرێدانی بەشەكانی سازمان.
ماوەی چەند ساڵ تێ‌ پەری و بەشێك لە بنكەو بارەگاكانی سازمان و لایەنەكانی دیكەی كوردستانی ئێران لە سنوورەكانی كوردستانی عێراق نیشتەجێ‌ بوون.لەو رۆژو دەورانەشدا مامۆستا مەلاكەریم بە پێی‌ توانای هەولی دەداو چالاك بوو كە بە داخەوە نەخۆشی روی تێ‌ كرد.
تەشریفی هاتە ماڵی ئێمە لە سلێمانی، نەخۆش بوو جێگەیان بۆ راخست ماوەی چەند رۆژ لە جێگەدا بوو. بردیانە لای دوكتور عومەر شەریف لە سلێمانی دوكتۆرێكی شارەزابوو. دوای چەندین تاقی كردنەوەی خوێن و عەكسبەرداری(ئەشەعە) دوكتوری ناوبراو بە مامۆستای راگەیاند نەخۆشیەكەی زۆر كاریگەرەو چاك بوونەوەی زەحمەتە. ئەو هەواڵە بۆ مامۆستا زۆر قورس بوو بە تایبەت كە خێزانی لە گەڵ نەبوو تەمەنیشی زۆر بوو. ئەو هەلومەرجە نالەبارە وای كرد مامۆستا مەلاكەریم ئیجازە لە رێبەری سازمان و سەركردایەتی بخوازێ‌ بۆ ئەوەی ئەو ماوەی تەمەنی لە ناو خاوخێزانیدا بێ‌. مامۆستا رۆیشتەوە بۆ ناو خاوخێزانی بە خۆشیەوە زیاتر لە 20 ساڵ تەمەنی بردەسەرو خزمەتی ئەدەبیات و شیعری كوردی كرد و بە ددان سازی ژیانی دابین دەركرد.
لەو چەندین سالەی كە لە ناوخۆشدا بوو پێوەندی لە گەڵ سازمانی خەبات بوو هەمیشە غەم خۆرو دڵسۆزی رێبازەكەی مایەوەو بە غەم سازمانی خەبات ئەو نەمامە ساوایەوە بوو كە بە هیممەت و ماندوو بوونی خۆی و مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی و چەندین مامۆستای ئایینی و تێكۆشەری دیكە دامەزرا.
رۆحی مامۆستا مەلا كەریم ساردەكۆسانی (مامۆستا راوچی) شاد و جێگەی بەهەشتی بەرین بێ‌.
ڕێکه‌وت: 2019-01-29 12:29:07
به‌شی ( ڕه‌نگاوڕه‌نگ )



خوێنه‌ر ده‌توانێ ئه‌و وتاره‌ له تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بڵاوبکاته‌وه‌‌
ناونیشای وتار: یادێك لە مامۆستا كەریم سەییادی (ڕاوچی) ساردەكۆسانی