له‌سه‌رهێل 104
هه‌ینی 19 جۆزه‌ردان 2723
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
پەیامی ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و لاوانی خەبات، بۆ یادی کۆچی مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی

ئافرەتان و لاوانی تێکۆشەر!
خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان!
هاونیشتمانیانی بەڕێز!
30ی پووشپەری ساڵی 1389 بەرانبەر بە 21 .7. 2010 ی زایینی، ڕۆژێکی ناخۆش و پڕ کارەسات بوو بۆ سازمانی خەبات و نەتەوەی کۆڵنەدەری کورد لە کوردستانی ئێران. لەم ڕۆژەدا دڵە گەورەکەی مامۆستا شێخ جەلال کەسایەتی ئایینی وسیاسی بەرزی کورد ودامەزرێنەری سازمان لەلێدان کەوت و بەجەستە ماڵ ئاوایی لێکردین، بەڵام ڕۆحی هەر لەگەڵمانە و نەتەوەکەمان بۆ ساتێکیش ئەم ڕێبەرە جوامێرە لەبیر ناکەن. لەیادی 10 ساڵەی کۆچی دوای ئەم زاتە مەزنە سەری ڕێزو نەوازش دادەنوێنین بۆ گیانی پڕ لە فیداکاری و کوردپەروەری بەڕێزیان و سەرجەم شەهیدان.....
بەڕێزان جەنابی مامۆستا شێخ جەلال ی حوسەینی سەرکردە و رێبەرێکی بەتوانا و لێهاتوو، بەکردار تا دوایین هەناسەی ژیانی لەخزمەت دۆزی ڕەوای گەلەکەیدا مایەوە وخەمخۆرێکی راستەقینەی گەلی کورد بوو کە تەواوی ژیان و گوزەرانی خۆی تەرخان کرد بۆ کوردایەتی ونیشتمان پەروەری. مامۆستا تەنها ڕێبەری هۆگرانی و شوێنکەوتوانی ڕێبازەکەی نەبوو، بەڵکو خۆشەویست و پەسەندی خەڵک بوو، زانایی و تێگەیشتوویی، توانا و لێهاتوویی لە سەرکردایەتی کردن، مامۆستای کردبووە پایە و پاڵپشتی بەهێزی گەل و نیشتمان.
مامۆستا شێخ جەلالەدینی حوسەینی زانایەکی ئایینی بەتوانا و زاڵ بوو بەسەر هەموو بوار و پایەکانی ئایندا و چەندین مەلا و کەسایەتی و پێشمەرگەی شۆڕشگێڕ لە مزگەوت و حوجرەی جەنابیانەوە پێگەیشتن.
مامۆستا لەگەڵ سەرکردایەتی شۆڕش و زانایی ئایینی و کاریگەری وەک عەلامەی کوردستان، شاعیر، ئەدەب ناس و نووسەرێکی بەتوانا بوو. لەگەڵ ئەوەشدا مامۆستا زمانەوانێکی لێهاتوو بوو، زمانەکانی کوردی و فارسی و عەرەبی بۆ نووسین و شیعرەکانی بەکارھێناوە و لە هەریەک لەو زمانانەدا شارەزایی تەواوی خۆی پیشان داوە.
مامۆستا مرۆڤێکی نەرم و نیان، لەبەر دڵان، نوورانی و هەروەها ئارام لەگەڵ گەورە و بچوک بوو، ئەو کەسانەی بۆ تەنها جارێکیش بە خزمەتی گەیشتبن شاهێدی گەورەیی و ناوازەیی ئەو زانایەن.
هەڵسووکەوتی جوان و خەسڵەتی بەرز و تێگەیشتوویی ئەندامانی ڕیزەکانی ڕێکخراوەکانی سازمانی خەبات، ڕەنگدانەوەی پەروەردەی دروستی ڕێبازی پیرۆزی جەنابی مامۆستا شێخ جەلالەدینی حوسەینی یە و چاونەترسی و ئازایەتی و سڵ نەکردنەوە لە دوژمن، وانەی سەرەکی خوێندکارانی ئەم ڕێبازەیە.
ئێمەی ڕۆڵەکانی نیشتمان، لە ٣٠ی پووشپەڕ و لە یادی کۆچی دوایی ئەم زاتە مەزنەدا، جارێکی تر پەیمان نوێ دەکەینەوە کە درێژەپێدەری ڕێبازی پیرۆزی بین و تا ڕوخان و لەناوچوونی ڕژێمی ئاخوندی و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام بین.
جارێکی تر بەرز و بەڕێزبێت ٣٠ی پووشپەڕ یادی جەنابی مامۆستا.
بڕوخێت ڕژێمی ملهوڕی ئاخوندی.
سەرکەوێت خەباتی ڕەوای گەلەکەمان.
ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران
دەستەی بەڕێوەبەری
٣٠ی پووشپەڕی ١٣٩٩
ڕێکه‌وت: 2020-07-21 09:49:09
به‌شی ( به‌ڵگه‌نامه‌کان )



خوێنه‌ر ده‌توانێ ئه‌و وتاره‌ له تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بڵاوبکاته‌وه‌‌
ناونیشای وتار: پەیامی ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و لاوانی خەبات، بۆ یادی کۆچی مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی