له‌سه‌رهێل 81
هه‌ینی 19 جۆزه‌ردان 2723
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
پەیامی رێکخراوی لاوانی خەبات بەبۆنەی ڕۆژی جیھانی لاوان

هاونیشتمانیانی خۆڕاگر!

لاوانی خوێنگەرم و تێکۆشەر!

بەبۆنەی ڕۆژی جیھانی لاوان، گەرمترین پیرۆزبایی تان پێشکەش دەکەین و هیواخوازین کە ئەو ڕۆژە ببێتە هەوێنی  یەكگرتوویی و هاودەنگی و هاتنەدیی ئاوات و ئامانجەکانی لاوان و خەڵکی بەشەرەفی کوردستان. رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ساڵی ١٩٩٩ زاینی رۆژی ١٢ی ئاگوستی وەک ڕۆژی جیھانی لاوان ناساند، كە بەم بۆنەوە لە ووڵاتانی جیهان چالاکی جۆراوجۆرو بەرنامە و کۆڕ و کۆنفرانس بۆ پاڵپشتیکردن لە بەرنامە و پرۆژەکانی لاوان و گوێگرتن لە بیروڕا و بۆچوونەکانیان بەڕێوە دەچێ‌. لە سەرانسەری جیهان هێز و توانای لەبن نەھاتووی لاوان بەهێند وەردەگیرێ و هەوڵ دەدرێت پێداویستییەکانی ژیانێکی شایستە، هەلومەرجی لەبار و ئاستی بەرزی خوێندن، هەلی کار، پاڵپشتی دارایی و دەروونیان بۆ فەراهەم بكرێ‌، چونكە لاوان لە خزمەتکردن بە ووڵاتەکانیان دەوری سەرەکی دەگێڕن. سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە بە گرینگی لە بەهرە و تواناکانی لاوانی روانیوەو لاوان لە تەواوی ئۆرگانەکانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران چالاکانە خەبات و تێکۆشانیان درێژەپێداوە. وە بە سەدان لاوی بەئەمەکی ریزەکانی سازمانی خەبات نەترسانە دژ بە داگیرکەرانی کوردستان جەنگاون و لە پێناو ئازادی نیشتمان گیانی پیرۆزیان بەخت کردو بە پلەی بەرزی شەهادەت گەیشتوون.

سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە درێژەی بەرنامە و پلانەکانی بۆ زیاتر هێنانە پێشەوەی لاوان و بەرزنرخاندنی ئەرک و ماندووبوونیان، بڕیاری دامەزراندنی رێکخراوی تایبەت بە لاوانی داو لە ١١ی بانەمەڕی ١٣٩٠ کۆچی خۆری رێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران دامەزرا. رێکخراوی لاوان بووە پێگە و مینبەرێکی مەزن بۆ زیاتر گەیاندنی پەیام و دەنگی دلێری لاوانی ڕیزەکانی رێکخراوی لاوان و سازمانی خەبات. وە بە دامەزراندنی رێکخراوی لاوان، خەبات و تێکۆشانی لاوان گوازرایەوە بۆ قوناغێکی سەرووتر و پەیامی پاڵپشتی و گرینگی پێگەی خۆیان لە سازمانی خەباتەوە پێگەیشت. هاونیشتمانیانی هێژا! لاوانی خەباتكار! لە کاتێکدا لاوانی جیھان بەبۆنەی گەیشتن بە ئامانج و ئاواتەکانیان ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێرن، بەداخەوە لە کوردستان و ئێراندا لاوان و خەڵک لە ژێر دەسەڵاتی گەندەڵی رژێمی ئاخوندی دەناڵێنن و لە سەرەتایی ترین مافەکانی مرۆڤ بێ بەشن. رژێمی دیکتاتۆری ئاخوندی نەک ژیانێکی شایستە بە لاوان و خەڵکی کوردستان و ئێران رەوا نازانێت، بەڵکو بە بەرنامە و پلانی قێزەون و نامرۆڤانەی وەك زیندانی کردن، شکەنجە و سێدارە هەوڵی بێهێزکردن و لەناوبردنیان دەدات. بە گوێرەی راپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تەنها لە ماوەی وەرزی بەهاری ساڵی ١٣٩٩ لانیکەم ٥٤ کۆڵبەر کوژراون و یان بریندار کراون، ١٤ هاووڵاتی لەسێدارە دراون، ١٢ بەندکراو لە بەندیخانە گیانیان لە دەست داوە، ٧٦ هاووڵاتی دەستبەسەر و ١٧ هاووڵاتی حوکمی بەندکران و لێدانی قامچییان بە سەردا سەپاوە و ٥٢ هاوولاتی خۆیان کوشتووە، کە ئامارێکی مەترسیداری خراپی باروودۆخی مرۆییە لە کوردستان و ئێراندا. لە لاێكی دیكەوە قەیرانی ئیعتیادو زۆری ژمارەی ئاڵودەبووان بە ماددەی ھۆشبەر گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. بە گوێرەی راپۆرتی ناوەندی رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە ئێران، ٢ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار گیرۆدەی ماددەی هۆشبەر لە ئێراندا هەیە و رۆژانە ژمارەیەکی زۆری ئاڵوودەبووانی ماددەی ھۆشبەر کۆچی دوایی دەکەن. بەپێی یاسا بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر لە ئێراندا سزای قورسی هەیە و هەندێک جار دەگاتە سزای سێدارە، ئەمە لە کاتێکدا کە رژێمی دیکتاتۆری ئاخوندی هۆکاری سەرەکی بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکانە و لە ڕێگەوە، لاوانی پێ لاواز و نەخۆش دەخات و دواتریش سزای زیندان و مەرگیان بەسەردا دەسەپێنت.

بێکاری و هەژاری و بێ ماڵی ژمارەیەکی تری کێشە نەبڕاوەکانی لاوان و دانیشتوانی کوردستان و ئێرانە. بە گوێرەی ئامارێکی فەرمی رژێم ١٦.٣%ی خەڵکی ئێران بێکارن کە ئەم ئامارە دووئەوندە و زیاتر لە رێژەی دروستی بێکاری لە ئێران کەمترە. لە هەموو ئەمانەش کوشندەتر، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩(کرۆنا) یە، لەسەرتادا شاردنەوە و دواتر هەڵسوکەوتی نەزانانەی دەسەڵاتدارانی رژێمی ئاخوندی بووە هۆکاری لە کۆنترۆڵ دەرچوونی رێژەی تووشبوونی هاونیشتمانیان بە ڤایرۆسەکە. بەگوێرەی ئاماری نافەرمی، مردووان بە ڤایرۆسی کۆڤید-١٩(کرۆنا) لە ئێران زیاتر لە ٨٥ هەزار کەسی تێپەڕاندووە کە ئەمەش چەند بەرابەری ئاماری راگەیاندراوی رژێمی ئاخوندی ئێرانە. دەستەی بەڕێوەبەریی و ئەندامانی رێکخراوی لاوانی خەبات هاوبەشی خەم و ناخۆشی هاونیشتمانیانی کوردستان و ئێرانین، سەرەخۆشی بە خانەوادەی کۆچکردووانی نەخۆشی كڕۆنا ڕادەگەێنین. ئاشکرایە کە رژێمی ئاخوندی بەڵایەکی مەترسیدارە کە بەرۆکی ئێران و ناوچەکە و جیهان بەگشتی و لاوان و خەڵکی کوردستانی بەتایبەت گرتووە و بۆ هەمیشە وەک پەڵەیەکی رەش لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەمێنێتەوە و تەنها چارەسەر بۆ ئەم باروودۆخە نالەبارە رووخان و لەناوچوونی رژێمی خوێنڕێژی ئاخوندیە.

ئێمە لاوانی ڕیزەکانی رێکخراوی لاوان و سازمانی خەبات لە پێناو دەستەبەركرانی مافەكانی لاوانی بێ بەشی كوردستان و بۆ رووخانی یەکجاری رژێمی دیکتاتۆری ئاخوندی و ئازادبوونی نیشتمان، لە خەبات و تێکۆشان شێلگیرانە بەردەوام دەبین. جارێکی تر پیرۆزبایی رۆژی جیھانی لاوانتان پێدەڵێن. بڕوخێ رژێمی دیکتاتۆری ئاخوندی. سەرکەوێ خەباتی رەوای گەلەکەمان.

رێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران دەستەی بەڕێوەبەریی

١١ ئاگوستی ٢٠٢٠


ڕێکه‌وت: 2020-08-11 12:33:14
به‌شی ( لاوان )



خوێنه‌ر ده‌توانێ ئه‌و وتاره‌ له تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بڵاوبکاته‌وه‌‌
ناونیشای وتار: پەیامی رێکخراوی لاوانی خەبات بەبۆنەی ڕۆژی جیھانی لاوان