له‌سه‌رهێل 108
هه‌ینی 19 جۆزه‌ردان 2723
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
ڕاگەیندراوی ڕێکخراوی لاوانی خەبات بۆ بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕژیمی ئێران

هاونیشتمانیانی خۆڕاگر!
لاوانی شۆڕشگێری کوردستان!
ڕژیمی ئێران هەر لە سەرەتای گەیشتن بە دەسەڵات رووی ملهوڕی و دیکتاتۆرییەتی خۆی ئاشکرا کرد. گەلی کورد هەر زوو شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕژیمی ئاخوندی بایکۆت کرد، ئێستاش کە زیاتر لە چل ساڵ بەسەر قۆرخ کردنی دەسەڵات لەلایەن رژێمی ئاخوندی تێپەڕیوە، لاوان و خەڵکی بەشەرەفی کوردستان بە ووشیاری و تێگەیشتوویی تەواو لە مەرامەکانی ڕژیمی ئاخوندی بەردەوام هەرچەشنە هەڵبژاردنێکیان بایکۆت کردووە. ٢٨ی جۆزەردان جارێکی تر شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوەدەبرێت و هاوکاتە لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەندامانی شۆرای شار و گوند. پێکەوە رێکخستنی ئەم دوو هەڵبژاردنانە پیلانێکە بۆ ئەوەی خەڵکی ناچاربکەن بەشداری شانۆی هەڵبژاردنەکان بکەن. بۆیە پێویستە هاونیشتمانیان و لاوانی شۆڕشگێڕی کوردستان نەچنە سەر سەندووقی دەنگدان و هەروەها رۆڵی ووشیارکردنەوەی خزم و کەس وکاری خۆیان بگرنە ئەستۆ. ئاشکرایە سەرۆک کۆمار بە پێی بڕیاری خامنەیی وشۆرای نگابان هەڵدەبژێردرێت و هێنانی خەڵک بۆ سەر سندووقی دەنگدان و نمایشکردنی شانۆی هەڵبژاردنەکان، بە خەیاڵی خاویان بۆ سەپاندنی حکومەتی بە ناو دیموکراسیە و هەڵخەڵەتاندنی کۆمەڵگەی جیهانیە. شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لەهەر دەورەیەک ڕووی خراپتری ڕژیم بۆ خەڵکی کوردستان و جیهان دەردەخات. لە هەموو دەورەیەکدا ڕژیم بە چەواشەکاری و بەهێنانە مەیدانی مۆرەی جۆراجۆر هەوڵ بۆ گەرمکردنی هەڵبژاردنە گەندەڵەکەی ئەدات، لە ساڵی ١٣٨٨ بە زەقکردنەوەی باس و خواستی لایەنی ڕێفۆرمخواز و بناژووخواز و هەروەها وەگڕخستنی بزووتنەوەی سەوز هەوڵی بۆ فریودانی خەڵک دا، لە ئەنجامێکی کارەساتباردا دەیان لاوی ئازادیخواز بوونە قوربانی و رێژەیەکی زۆریان بێسەروشوێن و زیندانی کران. مۆرەکانی ڕژیم لە نموونەی کەڕووبی و مووسەوی کە خۆیان دەستیان بەخوێنی هەزاران کەس سوور بوو، هێنرانە ناو شانۆی هەڵبژاردنەکان و ڕژیم لە بەرژەوەندی خۆی سوودی لێ وەرگرتن و پاشان وەلاوەنران و چەندین ساڵە بەند کراون. تەنانەت بەرپرسانی خودی ڕژیم داندەنێن بە چەواشەکاری هەڵبژاردنەکان. ئەم دەورەیە ئەحمەدی نژاد جارێکی تر خۆی بۆ سەرۆک کۆماری پاڵێوا، بەڵام لەلایەن شۆرای نیگابان ڕەدکرایەوە و دواتر ئەحمەدی نژاد باسی لە نزیکبوونەوەی ڕووخانی ڕژیم و چەواشەکاری هەڵبژاردنەکانی کرد. شەڕ و بەربەرەکانێی نێوخۆیی دەسەڵات لەکاتی شانۆی هەڵبژاردنەکان لە هەموو کات زیاتر بارودۆخی ئاڵۆز و نالەباری رژێمی ئاخوندی ئاشکرا دەکات. ڕژیمێک کە نامرۆڤانەترین شێوازەکانی سەرکووتکردن دژ بە لاوان و خەڵکی کوردستان و ئێران پەیڕەودەکات، بیروباوەڕی جیاواز و ئازادی رادەربڕینی بەتەواوی ژێرپێ خستووە و هیچ بنەمایەکی ژیانێکی شایستەی بۆ مرۆڤ نەهێشتووەتەوە، ناتوانێت بە رێکخستنی شانۆی هەڵبژاردنە کارتۆنیەکەی رەوایی و بەردەوامی بە دەسەڵاتە لەرزۆکەکەی بدات. ڕێکخراوی لاوانی خەبات هەرجۆرە هەڵبژاردنێک لە ژێر سێبەری ڕژیمی ئاخوندی لە ئێستا و داهاتوویشدا بایکۆت دەکات و داوا لە لاوان و هاونیشتمانیانی خۆڕاگر دەکات بە هەموو توانای خۆیان هەوڵی زیاتر ئاشکراکردنی پیلانەکانی ڕژیم بدەن و درووشمی بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕژیمی ئاخوندی بەرزبکەنەوە و نەچوونە سەرسەندووقەکانی دەنگدان و بایکۆت بکەنە چەکی بەهێزی گەل دژ بە ڕژیمی ملهوڕی ئاخوندی.
بڕووخێ ڕژیمی ئاخوندی!
سەرکەوێ خۆڕاگری و خەباتی لاوانی کوردستان!
ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران دەستەی بەڕێوەبەری
١٢ جۆزەردانی ١٤٠٠
ڕێکه‌وت: 2021-06-03 12:14:38
به‌شی ( لاوان )



خوێنه‌ر ده‌توانێ ئه‌و وتاره‌ له تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بڵاوبکاته‌وه‌‌
ناونیشای وتار: ڕاگەیندراوی ڕێکخراوی لاوانی خەبات بۆ بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕژیمی ئێران