له‌سه‌رهێل 106
هه‌ینی 19 جۆزه‌ردان 2723
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
بەڕێوەچوونی پلۆنۆمی حەوتەمی كومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی كۆنگرەی شەشەمی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران

هاونیشتمانیانی بەڕێز!
تێكۆشەرانی ڕیزەكانی سازمانی خەبات!
بە خۆشیەوە ڕایدەگەیەنین لە ڕۆژانی شەممەو یەك شەممە ١٦ ی ڕەشەمە و ١٧ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠ كۆچی خۆری پلۆنۆمی حەوتەمی كومیتەی ناوەندی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران بە ئامادە بوونی ئەندامانی سەركردایەتی و بە بەشداری چەند كادری پێشكەوتوی ڕیزەكانی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران بەڕێوەچوو. سەرەتای كاری پلۆنۆم بە دەقیقەیێک وێستان و فاتیحەیێک بۆ ڕۆحی شەهیدانی ڕێبازی سازمانی خەبات و شەهیدانی خەباتی مافخوازانەی كوردستان وئازادی ئێران و ڕۆحی مامۆستا سەیید جەلال حوسەینی دامەزرێنەری سازمان دەستی پێكرد.
كاك بابەشێخ حوسەینی سكرتێری گشتی سازمانی خەبات ڕاپۆرتێكی لە سەر روداوە سیاسیەكانی جیهانی، ناوچەیی، ئێران، كوردستان، هەلومەرجی سازمانی خەبات و ئامادەكاریەكان بۆ كۆنگرەی حەوتەمی سازمان پێشكەش بە پلۆنۆم كرد. لە پێوەند بە روداوە سیاسیەكانی جیهان هێرشی ناڕەوای روسیە بۆ سەر ووڵاتی ئۆكراین و زیانەكانی ئەو جەنگەو دەوری ووڵاتانی خاوەن هێزی جیهان تیایداو ئامانجەكانی ڕوسیە لە بەرپاكردنی ئەو جەنگەو چەندین لایەنی شاراوەو هەروەها پشتیوانی ڕژیمی ئاخوندی لە هێرشی ڕوسیە بۆ سەر ئۆكراین كە دەرخەری درۆی دەسەڵاتدارانە لە ووتنەوەی دروشمی (نە شەرقی نە غەربی) لە سەرەتای بە دەسەڵات گەێشتنیان تا ئەمڕۆ. سكرتێری گشتی سەرهەڵدانی جەنگی ڕوسیە لە بەرانبەر ئۆكراینی بە مەترسیدار زانی بە شێوەیەک كە ئەگەر ڕوسیە سەركەوتن بە سەر ئۆكرایندا بە دەست بێنێ‌ و یا بە پێچەوانەوە جەنگ درێژە بكێشێ‌ ئەگەری هەیە ووڵاتانی دیكەش ڕاستەوخۆ لەو جەنگە تێوەبگلێن كە بە بەرین بوونەوەی، دوور نیە جەنگی جیهانی سێهەم دەست پێ بكا. لە بەشێك لە باسی هێرشی ڕوسیە بۆ سەر ئۆكراین مقاومەت و خۆڕاگری خەڵكی ئۆكراین خرایە بەرچاوی ئەندامانی پلۆنۆم و بەرز نرخێندرا.لە پێوەند بە باسە ناوچەییەكان باس لە ئاڵوگۆر لە پێوەندی ئەرێنی ووڵاتانی عەرەب لە گەڵ ئیسرائیل و پێكهاتنی پەیمانی ئیبراهیم و هەروەها دەست پێكردنی پێوەندیە سیاسیەكان لە نێوان چەند وولاتی عەرەبی لە گەڵ ئیسرائیل و بەربەستی زیاتر دروست كردن بۆ دەست تێوەردانەكانی ڕژیمی ئێران لە كاروباری ناوخۆیی ووڵاتانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە راپۆرتی سكرتێردا تیشكی خرابوویە سەر. هەلومەرجی سیاسی لە ناوخۆی ئێرانداو زیاتر پەرەسەندنی ناكۆكیەكان و كێشەكانی پێكهاتەی دەسەڵاتی ئاخوندی، سەرەڕای یەك دەستبوونەوەی هەموو ئەهروم و پێگەكانی جێبەجێكاری(ئیجرایی)، دادوەری


 و یاسادانان (مەجلیس) لە چوارچێوەی دەسەڵاتی خامنەیی و بەردەوام بوونی گەندەڵی و دزی بەرفراوانی كاربەدەستانی دەسەڵات و فەرماندە پلە باڵاكانی سپای پاسداران. هەروەها پەرەسەندنی ناڕەزایەتیەكانی چین وتوێژەكانی گەلانی ئێران و پەرەسەندنی چالاكی ڕێكخراوە مەدەنی و فەرەهەنگیەكان، كرێكاریەكان، ئافرەتان، لاوان و بە تایبەت ناڕەزایەتی هاونیشتمانیانی كوردستان لە ڕاپۆرتی سكرتێری سازماندا باسی كرابوو. لە بەشێكی دیكە لە راپۆرتی سكرتێری گشتی هەلومەرجی سیاسی گەلی كورد لە پارچەكانی كوردستان بە تێكڕاو وەزعی جوڵانەوەی گەلی كورد لە كوردستانی ئێران و پێوەندی سازمانی خەبات لە گەڵ هێزو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و بە تایبەت لە گەڵ حیزبەكانی كوردستانی ئێران خرابوونە بەرچاو. سكرتێری گشتی لە پێوەند بە هاوكاری و كاری هاوبەش لە گەڵ لایەنە سیاسەكانی كوردستانی ئێران لە سەر بنەمای ڕێزی بەرانبەرو گرینگی دان بە پرسی گەلی كورد لە كوردستانی ئێران و خەباتی یەكانگیر لە بەرانبەر ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی و دامەزرانی دەسەڵاتێكی سكولارو دیموكراتیك و گشتگیر كە هیچ پێكهاتەیێكی كۆمەڵگە نامۆیی لێ‌ نەكات پێداگری كردەوە.بەرێزیان هەر لەو بارەوە ڕایگەیاند لە كاری هاوبەشدا، ئامانجە سەرەكی و گشتیەكانی سازمانی خەبات و لایەنەكانی دیكە پێویستە لەبەرچاو بگیرێ‌ و نابێ‌ ویستی هیچ لایەنێك زاڵ بكرێ‌ بە سەر ئەو چوارچێوەو قەوارەیەی كە بۆ كاری هاوبەش پێك دەهێندرێ‌. سكرتێری گشتی سازمانی خەبات ووتی كاری هاوبەشی ڕاستەقینە لە سەر بنەمای خزمەت بە جولانەوەی مافخوازانەی گەلی ستەملێكراوی كورد و شۆڕشی ئازادیخوازی گەلانی ئێران لە ئامانجە بنەڕەتی و سەرەكیەكانی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێرانە. كاك بابەشێخ لەپێوەند بە جوڵانەوەی سەرانسەریی گەلانی ئێران لە بەرانبەر ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی ئێران و ڕەوتی پەرەو پێشچوون و ناڕەزایەتیە بەرینە جەماوەریەكان، ڕوخان و لە ناوچوونی دەسەڵاتی ئاخوندی لە لایەن جەماوەری ئێران و بە پشتگیری هێزە تێكۆشەرە ڕوخانخوازو ئازادیخوزاەكان و بە نزیك زانی. لە پێوەند بە هاوپەیمانی و دۆستایەتی سازمانی خەبات لە گەڵ سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران و شۆڕای میللی مقاومەتی ئێران وەك تەنیا ئاڵترناتیوی ڕژیمی ئاخوندی پێداگری كردەوە. جێگەی ئاماژەیە كە ئەندامانی سەركردایەتی سازمانی خەبات سەبارەت بە ناوەرۆكی ڕاپۆرتی سكرتێری گشتی و نەزەرو بیرو بۆچوونی خۆیان خستە ڕوو و تیایدا گونجێندرا. لە كۆتاییدا چەند پرس و باسی ناوخۆیی سازمانی خەبات خرانە بەر باس و ئاڵوگۆر لە چەند ئەرك و بەپرسایەتی لە ئورگانەكانی سازماندا پەسەند كراو هەروەها لەدوای ڕاپۆرتی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی حەوتەمی سازمان و بە هۆی تەواو نەبوونی ئامادەكاریەكان بۆ بەڕێوەچوونی كۆنگرەی حەوتەم و چەند پرسی دیكە كاتی بەستنی كۆنگرەی ٧ حەوتەم بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی پلۆنۆم بۆ چەند مانگی دیكە دواخرا.

مەرگ و نەمان بۆ ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی سەركەوی خەباتی مافخوازانی گەلی كورد و گەلانی ئێران

سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران /كومیتەی ناوەندی

١٧ ی ڕەشەمی ١٤٠٠ كۆچی خۆری

٨ ی مارسی ٢٠٢٢ زایینی


ڕێکه‌وت: 2022-03-13 09:29:08
به‌شی ( به‌ڵگه‌نامه‌کان )



خوێنه‌ر ده‌توانێ ئه‌و وتاره‌ له تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بڵاوبکاته‌وه‌‌
ناونیشای وتار: بەڕێوەچوونی پلۆنۆمی حەوتەمی كومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی كۆنگرەی شەشەمی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران