له‌سه‌رهێل 478
یه‌ک شه‌مه‌ 13 سه‌رماوه‌ز 2722
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
بەرز و بەرێز بێ ۱۲٤هەمین ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی،، کوردستان،،

رێبوار حسێنی

 لە ڕەوتی دیرۆکی بەرەو پێشچوونی گەلانی دونیا دا، زۆر رووداوی جێگای سەرنج هەن کە تا مرۆڤایەتی مابێ،گرینگی و بایەخیان دەمێنێ و لە ناو هەر گەل و نەتەویک دا دەبنە سەرەتا و دەلیوەێک بۆ خۆ دەرخستن و خۆناساندن و هەڵدان و بەرەو سەر چوون. لە دووتوێی لاپەڕەکانی دیرۆکی گەلی کوردیش دا ئەو ڕۆژە مێژوویی و پڕ بایەخ و بەرچاوانە زۆرن کە شیاوی ئەوەن نەوە لە دوای نەوە یادیان بکاتەوە و پیرۆزی و بەرزیان وەک شانازاێکی نەتەوایەتی ڕابگرێ. یەکێک لەو رۆژە پڕشنگدارانەی دنیای زانستخوازی نەتەوەکەمان، رۆژی ٢٢ی ئاپریلی ساڵی ۱٨۹٨ ی زایینی یە، کە لەو دا یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی ،،کوردستان،،چاپ و بڵاو کرایەوە. لەم رۆژەدا خەمخۆران و رووناکبیر و شارەزایانی بواری ئەدەب و فەرهەنگ و زمانەوانی کوردی، چالاکانە و بەر چاو هاتنە ناو سەنگەری خەباتی نەتەوایەتی و نیشتمانی و زانستخوازی و ڕۆژنامە نووسی گەلەکەمانەوە و بە هەست کردن بە پێویستی و دەوری ڕۆژنامەگەری لە پێناو پێشخستن و ناساندنی خەباتی ڕەوای گەلەکە مان لە ناو خۆ و دەرەوەدا، زۆر باش هەستیان بەوە کردبوو کە ڕۆژنامە نووسی تا چەندە لە پێناوو رووناکبیری نەتەوەیی دا گرینگی هەیە و ناکرێ لێی بی خەم بن و نەکرێتە چەک و ئامرازێکی بەهێز و کاریگەر لەو پێناوەدا.
ئەو هەست و سۆزی نەتەوەییە لە سەردەمەدا، هانی رووناکبیران و زانایانی بواری زمان و ئەدەبی کوردی دا بۆ ئەوەی بکەونە چالاکی و تێکۆشان لە پێناو نووسین و بڵاوکردنەوەی وتار و گۆڤار و ڕۆژنامە بە زمانی شیرینی کوردی. بەڵام لە هەل و مەرجەی ئەو کاتی کوردستان دا و بوونی دەسەڵاتی دژە زانست و پێشکەوتنی گەلانی ناوچەکە، واتە دەسەڵاتی عوسمانیەکان، لە ژێر فەرمانڕەوایی سوڵتان عەبدولحەمید دا، ئەو دەرفەتەی نەدەدا کە لە کوردستان یان لانی کەم لە پێتەختی دەسەڵاتیان کە ئەستەنبوڵ بوو، ڕۆژنامەێک بە زمانی کوردی دەر بچێ. هەر بۆیە بەناچاری، خەمخۆران و دڵسۆزانی کورد هەوڵیان دا ئەم ئەرکە پیرۆز و بەنرخە لە دەرەوەی کوردستان و بە دوور لە دەسەڵاتی داگیرکەرانی کوردستان بەڕێوە ببن.
لە کەش و هەوای سیاسی ئەو سەردەمەدا گونجاوترین شوێن بۆ ئەم کارە پیرۆزە ، وڵاتی میسر بوو کە لەژێر دەسەڵاتی محمد علی کبیر دا بەڕێوە دەچوو کە ئەویش لە ساڵی ۱٨۰٥-۱٨٤۹ لە ژێر دەستەیی عوسمانیەکان ڕزگاری ببو و ببوە شۆێنێک بۆ حەوانەوەی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازانی نەتەوە جیاجیا و وەزاڵەهاتوەکان لە حوکم و دەسەڵاتی ئێمپراتۆری عوسمانی و دسەڵاتی تەختی تاوسی قاجاڕیەکان. بنەماڵەی دڵسۆز و خەباتگێری بەدرخانیەکان کە لەو سەردەمەدا خاوەن پلە و پایەی خوێندەواری و رووناکبیری بوون لە ڕۆژی پێنج شەممە ۲۲ی ئاپریلی ساڵی ۱٨۹٨ی زایینی، یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردی بەناوی کوردستان لەلایەن رووناکبیری بە هەست و دڵسۆزی نەتەوە و نیشتمان،، میقداد بەدرخان لە شاری قاهیرەی پیتەختی میسر لە چاپخانەی" ئەلهیلال" دەر چوو. دەرچونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردی کوردستان ، بە دوو زمانی کوردی و تورکی، بوە زمانحاڵی گەلی کورد و خەباتە ڕەواکەی لە پێناو ئازادی زمان و فەرهەنگی کوردی دا و سەرەڕای ئەوەی کە بە ئاوارەیی کاری دەکرد لە ماوەی دوو مانگ دا پێنج ژمارەی لێ چاپ و بڵاوکرایەوە.
بە هۆی دژایەتی دەسەڵاتی عوسمانی لە رێگەی بەکرێگیڕاوانیانەوە، بەڕێوەبەرانی ئەم ڕۆژنامە تاقانە کوردیە، ناچار بوون بۆ درێژەدان بە ئەرکی پیڕۆزیان شوێنی چاپی ئەم ڕۆژنامەیە بگوێزنەوە بۆ شاری ژنێڤ لە وڵاتی سویس و لەوێ لە لایەن عەبدولرەحمان بەدرخان برای میقداد بەدرخانەوە چاپ و بڵاو دەکرایەوە. پاشان بۆ شاری لەندەن و دوایە بۆ شاری فالکستۆن لە خواروی بریتانیا گوێزرایەوە و لە دوای ماوەێک برایەوە شاری ژنێڤ و تا کاتی بڵاو بوونەوە ژمارە ۳۱ ی ئەم رۆژنامەیە لە ساڵی ۱۹۰۲ هەر لەوێ مایەوە.لە دوای شۆڕش و ڕاپەڕینی ساڵی ۱۹۰٨ ، سورەیا بەدرخان کوڕی ئەمین عەلی بەدرخان سەرپـەرەستـــی ڕۆژنامـــــەکـــــەی لـــــە ئــــەستـــۆ بـوو, رۆژنامەکەی هێنایەوە تورکیە و شاری ئەستەنبوڵی کردە جێگای بڵاوکردنەوەی ، بەڵام لە کاتی شەڕی یەکەمی جیهانی دا ناچار بوو سەر لە نوێ، بیباتەوە قاهیڕە و هەر مانگەی دوو ژمارەی لێ چاپ و بڵاو بکاتەوە. لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی یەکەمی جیهانی ، ڕۆژنامەی کوردستان بۆ جاری چەندەم هێندرایەوە تورکیە و کرا بە گۆڤارێکی نوێی و لە ئەستەنبۆڵ چاپ و بڵاو دەکرایەوە.
بە خوێندنەوە و سەرنج دا بە لاپەڕەکانی ئەم ڕۆژنامە کوردی دا دەردەکەوێ کە ڕۆژنامە و میدیای دڵسۆز و دوور لە چەواشەکاری و بەرژەوەندیخوازی، چەندە کارێگەری لە سەر پێشخستنی شۆڕش و زانیاری دان بە کۆمەڵانی خەڵک و بردنەسەری رادەی زانستی و پەرەپێدان و زیندو راگرتنی هەستی نیشتمانی و پێگەیاندنی نەوەی بەرپرسیار و دڵسۆز دا، لە راستای گەیشتن بە رزگاری نەتەوە و ئاوەدانی نیشتمان دا دەوری ئەرینی و بەرچاوی هەیە. وێڕای بە پیرۆز راگرتنی ئەم یادە پیرۆزە، هیوادارم تێکڕای میدیای کوردی خەمخۆری فەرهەنگ و کلتور و ئەدەبی نەتەوایەتیمان، بە هەست و سۆزی نەتەوایەتی وپاراستنی بەها بەرزەکانی زمان و فەرهەن و کلتوری کوردەواری،کار بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی میدیای نەتەوەکەمان بکەن لە هەموو بوارەکانی ڕاگەیاندن وەک دەنگ و ڕەنگ و نووسین و نواندن دا،ببنە ئاوێنەی بالا نوینی ڕاستیەکان و بە دوور لە چەواشەکاری و بزڕکاندنی کلتور و فەرهەنگی کوردی خزمەت بە کلتور و فەرهەنگ و رووناکبیری نەتەوایەتی کورد و کوردستان بکەن. رێگە نەدەن بێستان و باغچە و دێبەری زمان و ئەدەبی و رووناکبیری نەتەوەکەمان بژار و ئافەت و گیاکەڵەی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی نەخوازای بێگانان، سیس و ژاکاوی بکا و ، نەهێڵن کۆگای سووری خەرمانی بەڕێژەوی زمان و کلتور و فەرهەنگمان کە شوناس و هۆوییەتی نەتەوایەتیمانن ، بژار و چەوێڵی تیکەوێ و بێ پێز و بی هێزی بکات. پیرۆز بێ یادی 124 ساڵەی دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردی،، کوردستان.
ڕێکه‌وت: 2022-04-23 09:49:27
به‌شی ( ئه‌ده‌ب و هونه‌ر )



خوێنه‌ر ده‌توانێ ئه‌و وتاره‌ له تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بڵاوبکاته‌وه‌‌
ناونیشای وتار: بەرز و بەرێز بێ ۱۲٤هەمین ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی،، کوردستان،،