له‌سه‌رهێل 105
شه‌ممه‌ 20 جۆزه‌ردان 2723
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
یادێك لە فەرماندەی شەهید كاك تەها رۆحی (تەها سوور)

عەلی بەهرامی
19ی بانەمەڕی 1401ی هەتاوی یادی 37 ساڵەی شەهیدكرانی شەهیدی فەرماندە كاك تەها سوورە. ئەو فەرماندەی هەتا ئێستاش ئەوەی لەگەڵی بووبێ، یان ئەوانەی لە نزیكەوە بینیویانە و یا خود ئەوانەی داستان و حەماسەی شۆرشگێڕانەی ئەو جوانمێرەیان بیستووە، بەردەوام بەرێزەوە ناوی دەبەن و لەگەڵ هەر یاد كردنەوەیەكدا هەناسەی داخ و پەژارەی بۆ هەڵدەكێشن.
شەهیدی فەرماندە تەها سوور لە هەڕەتی لاوەتیەوە تێكەڵ بە کۆڕی دژبەرانی رژیمی پاشایەتی لە شاری بانە دەبێ و هەر زۆر زوو خۆی لە نێو كۆڕی خەباتگێڕان و خەباتكارانی بەوەفای مامۆستا شێخ جەلالی سەركردەدا دەبینێتەوە. ئەو خەباتكارانەی چەخماخەی شۆرشەكەیان لە شاری بانەوە لێی دەدا و بە پانتایی كوردستانی ئێران ڕادەخوشاو هێز و تینی بە شۆرش و خەبات دژ بە داگیركەران دەبەخشی و لە كەم ناوچەی كوردستان هەر لە پاوەو نەوسود هەتا نەغەدە، پیرانشار، مەهاباد، سەردەشت، بۆكان، سەقز، كامیاران و مەریوان، لە پشتیوانی نیشتمانپەروەران و تێكۆشەران درێغیان نەكرد و ئەوەی توانیان دژ بە رژیمی داگیركەر و دواكەوتووی خومەینی كردیان.
شەهید تەها قاڵبووی کورەی شۆڕش و خۆڕاگر و بارهاتووو لە سەنگەری كوردایەتی، شەرەفپارێزی، لەخۆبوردوویی و فیداكاری بوو. هەر بۆیە لە ماوەی كاری خەباتكارانەی خۆی دژ بە هێزە داگیركەرەكانی كوردستان و دیفاع لە سازمانی خەبات و بەرگرتن لە خۆسەپێنی و خۆفەرزكردنی جەرەیاناتی دیكە، دەیان و سەدان داستانی قارەمانەتی تۆمار كردووە. كارنامەی تێكۆشەرانە و خەباتكارانەی شەهید تەها لەگەڵ كۆمەڵێك رەفتاری جوان و كوردپەسەندانە وای كردووە تەها سوور ببێتە رەمزی پێشمەرگەیەكی نیشتمانپارێز و پارتیزانێکی دژمن تەزێن و هەتا ئەورۆ جیلی كۆن و نوێی ریزی خەباتی خوێناوی بیكەنە نمونە و ئولگووی خۆیان و شوێن پێی هەڵگرن و سەنگەری ئاوەدان وەکەن و هەڵس و کەوتەکانی بکەنە سەردێڕی وانەی فیداکاری و هەرمان.
شەهید تەها سوور پێشمەرگەیەكی چاونەترس و قارەمان، فەرماندەیەكی جیددی و بە پرەنسیب و قاتیع، شۆرشگێڕێكی دەست و داوێن پاك، خەباتیەكی خاكی و خەڵكی و مرۆڤێكی دڵ و دەروون پاك و لێبووردە بوو. لە مەیدانی جەنگدا بە هەیبەت و سام و وەكوو شێر هەڵمەتی دەبرد بە جۆرێك پاسدار و چڵكاوخۆران لە ترسی تەهاسوور چۆكیان دەشكا و هێزی مانەوەیان لە مەیدان نەدەماو دەبوونە ئاردی و نێو دروان و کونی مشیکان لێدەبوو بە قەیسەری.
مخابن ئەو رۆڵە قارەمان و بە هەیبەتەی كوردستان و سازمانی خەبات لە ڕۆژی19ی بانەمەڕی 1364ی ك خ، لەكاتی بەرەورووبوونەوەی هێزی داگیركەر لە دوورەوە دەكرێتە ئامانجی نیشانەشكێن و جەستەی شەڵاڵی خوێن دەكرێ، بەو حاڵەش ناهێڵێ هاورێكانی بزانن پێكراوە بێ دەنگ مەیدانی جەنگەكە جێ دێڵێ‌ و دوای چەند سەعاتێك دڵە پڕ لە ئاواتەكەی لە لێدان دەكەوێ و سەنگەری خەباتی مافخوازانەی كوردستان دەكاتە دیاری بۆ هاوڕێكانی.
یادی 37 ساڵەی شەهیدكرانی شەهید تەهاسوور بەرز و بەرێز و رۆحی شەهیدانی هاوڕێی و تێكڕای شەهیدانی كورد و كوردستان شاد و رێ و رێبازیان ئاوەدان بێ.

ڕێکه‌وت: 2022-05-09 21:56:27
به‌شی ( کۆمه‌ڵایه‌تی )



خوێنه‌ر ده‌توانێ ئه‌و وتاره‌ له تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بڵاوبکاته‌وه‌‌
ناونیشای وتار: یادێك لە فەرماندەی شەهید كاك تەها رۆحی (تەها سوور)