له‌سه‌رهێل 86
هه‌ینی 19 جۆزه‌ردان 2723
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
یادی سەروەران

یادی سەروەری گەل: شەهیدان عومەر ڕەئوفی و نووری مورادی
ئەوانەی كە لە زانكۆی خەبات و تێكۆشاندا دەرسی فیداكاری فێر دەبن، چ باكیانە لە پێشكەش كردنی بەنرخترین سەرمایەی ژیانیان، تیڕێژی خوێنی لەسەر كوردستان ڕژاویان ڕێگای خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی نیشتمانی داگیركراوی كوردی ڕوون كردۆتەوە و بەو پەڕی قارەمانەتیەوە تێکۆشاون.
بۆ خەباتگێرێكی شەهید چ باشترە لەوە كە لە پێناو گەلە چەوساوەكەیدا شەهید دەبێت و وەڵامی پرسیار و ئەمری خوداو قانون و یاسا بنەرەتیەكانی جیهان دەداتەوە و لە ڕێی پارێزگاری لە نیشتمان و لە ئینسان و لە پێناو مافی چەوساوەكان گیان فیدا دەكا.
چ ئەو پیاوانە كە لە بەندیخانەكانی ڕژێمی دیكتاتۆری خومەینی دا ەندەن و لە دار دەدرێن لە سەر پارێزگاری لە دروشمی ئازادی بۆ نیشتمان شەهید دەكرێن و چ ئەو ژن ومنداڵانەی كە بێ دیفاعن و بە تاوانی كورد بوون دەكوژرێن و تاڵان دەكرێن و پەڕیوەی هەندەران دەبن و هەموو تاڵی و ناتەواوی و تەنانەت مەرگیش قەبووڵ دەكەن شەهیدن.
چ شانازییەك بۆ شەهیدان كاك عومەر و كاك نووری بەرزترە لە مەرگی پڕ لە شەرافەت، پاش مەرگ شەهادەتی پێشمەرگە نەتەوەیەك هەناسە پڕ لە ئاخ وداخ و حەیفیان بۆ هەڵدەكێشێ و وەك ڕۆڵەیەكی خۆیان، وەك برایەكی خۆیان، وەك پارێزەری بوون و مانیان فرمێسكیان بۆ دەڕێژن و لە هەمانكاتدا شانازیان پێوە دەكەن. چ شانازییەك گەورەترە بۆ ئەو ئیبراهیمانەی ئەو چارەكە سەدەی دوای سەدەی بیستەمی وڵاتی كوردەواری كە بۆ خۆیان كوڕە جوانەكانیان، جگەرگۆشەكانیان، شەهید عومەر وشەهید نووری بەو زینەتی(تفەنگ و فیشەكدان) كە پاشای مرۆڤ و مرۆڤایەتی بۆ قوربانیەكانی كوردستانیان بە پێویست داناوە، بڕازێننەوە و بەرەو قوربانگاكان بیاننێرن.
لە 10 ی خەرمانی 1364 كۆچی خۆری پێشمەرگەكانی سازمانی خەبات لە نێوان بەردەبووك و كانی سێو لەسەر جادەی بانە بۆ خێڵە ڕەش كەمینیان بۆ هێزەكانی ڕژێمی ئاخوندی داناوە. لە ساعەت16.30 دەقیقەی ئێوارە دا شەڕ بە توندی دەست پێكرد لەو شەڕەدا زیاتر لە بیست كەس لە ئەفرادی دوژمن كوژران و بریندار بوون و 3 كەسیان لێ بەدیل گیرا و ماشێنێكی تۆیۆتای هەڵگری ئەفرادی دوژمن شكێندرأ. دوای كۆتایی هاتنی شەڕەكە دژمن ناوچەکەی دایە بەر تۆپ و خۆمپارە كە بە داخەوە بوو بە هۆی شەهید بوونی دوو برای هاوسەنگەر، شەهید كاك عومەر رەئوفی و شەهید كاك نووری مورادی. شەهید عومەر لاوێكی شۆڕشگێڕ و ئازاو بەڕاستی بە هەڵمەت بوو، ئازایەتی و فیداكاری شەهید هەڵمەت هاوتای ئازایەتی هەموو شەهیدەكانی دیكەی دێ‌ ساوان بوو.
شەهید عومەر لە بنەماڵەیەكی ئایینی و كوڕی ماموستا مەلا شێخ محەممەد لە گوندی شەهیدانی بێشكەی قارەمانیەتی، گوندی ساوانی ناوچەی بانە لە دایك بووە. شەهید عومەر بەرەبەرە تەمەنی بەرز بۆوە بە یارمەتی باوكی خوێندن و خوێندنەوە و نووسین فێر بوو ژیری و ژیكەڵەیی و وردی و بیركردنەوە و ڕاپەڕین، هەروەك چۆن لەخوە تایبەتەیەكانی شەهید عومەر بوون، دەبوو ببنە ناوێك بۆ ئەو، هەر بەو هۆیەوە ناوی هەڵمەتی لێنرا كە بەڕاستی ناوەكەی پڕ بە پێستی بوو. شەهید عومەر بەرەو قوتابخانە كەوتە ڕێ لە دێ و لە شار درێژەی بە خوێندندا، تا كۆتایی دەورەی ناوەندی قوتابخانەو لەگەڵ تەمەنی كەمدا باوەڕی پێشمەرگانەی هانی دا كە پەیوەندی لەگەڵ ڕێكخراوە نهێنییەكانی سازمانی خەبات بگرێ. لەوەش زیاتر هەنگاوی هەڵێنایەوە و بە پێی پەروەردەیی بنەماڵەیی و دژایەتی دوژمنانی ئازادی ڕاستەوخۆ هاتە ڕیزی پڕ لە شانازی پێشمەرگایەتی. ماندوو نەبوون و هەوڵ و تەقەلای بێوچانی بوو بە هۆی ئەوەی پلە پلە بچێتە سەرێ هەتا بوو بە ئەندامی ڕێكخراوەی شارستان و بەرپرسی ناوچەی (وەزەنێ)....
شەهید نووری مورادی:
هەڵكەوتووی ڕیزەكانی خەبات و شۆڕە لاوی خۆڕاگری ناو سەنگەر. تێكەڵاوێك بوو لە خۆشەویستی و ئازایەتی و لەسەرە خۆیی. شەهید نووری لە ناو دڵی پێشمەرگەكاندا جێگەی تایبەتی هەبوو و لە هەر جێیەك باسی ئەخلاق و ئینسانیەت و لە سەرەخۆیی بكرایە شەهید نووری بۆ نمونە ناوی دەبرا. شەهید نووری پەروەردەی بنەماڵەیەكی زەحمەتكێش بوو. هەژارانی كوردستان خۆشەویستی ئەو بوون دەیویست زیاتر بێگانەی ماڵ و ێرانكەر كەپڕی حەسانەوەی نەتەوە ژێر چەپۆكەكەمان نەڕووخێنێ. دەی هەویست ئەوەی دەكرێ و ئەوەی بۆخۆی دەیكا هەموو لە قازانجی گشتی شۆڕشی كوردستاندا بێت. شەهید نووری ژیرێكی بە بیر بوو لە نووسراوەكانیدا، لە دانیشتن و قسەكانیدا هاوبیرانی خۆی بەرە و ڕاستی هان دەداو ئەو شێوەی كە پێی وابوو كەڵكی شۆڕشی تێدایە، بە هەموانی دەگووت بیری دەكردەوە و هەولێ زانستی دەدا. شەهید نووری لەگەڵ ئەوەدا تەمەنی 17 ساڵ تێ پەڕیبوو بۆ چوون و لێزانینی لە پیاوێكی بە تەمەن دەچوو. لەسەر كارو چالاکی لێكدانەوەی باشی هەبوو. نووسراوەكانی پاش ئەو مەرگە پڕ لە شانازییەی رێنوێنی هاوبیران و هاوسەنگەرانی ئەون.
شەهید نووری وەك زۆربەی كوڕە كوردەكان بەرەو خوێندن وەرێكەوت. تامەزرۆی فێربوونی خوێندنەوە و نووسینی كوردی بوو بەڵام لەبەر ئەوەی لە شاری بانەدا دەژیا و خۆێندن بە فەرهەنگی داسەپاوی دەچوو بەڕێوە،
نەیتوانی زمانی زگماكی خۆی کە کوردیە فێربێت.
شەهید نووری لەساڵی 1360 دا هاتە ڕیزی پێشمەرگەكانی سازمانی خەباتەوەو بە تاسەیەكی زۆرەوە ئەركی پێشمەرگایەتی بە جێ دەگەیاند. زۆر شوێنی كوردستان جێگەی قارەمانیەتی و ئازایەتی ئەو بوو لە شەڕەكان لە دوژمنی داگیركەر و دژی گەلی دا. بەڵام ئەو تێكۆشەرانەی كە هیچ كات لە بیر ناچنەوە و لە باسكردنیان دڵی دایكان هەڵدەقڕچێ، بە داخەوە لە ڕۆژی 10ی خەرمانانی 1364 ی هەتاوی لە بەرزاییەكانی بەردە بووك دوای شەڕێكی قارەمانانە بە هۆی خۆمپارە بارانی دوژمن شەهید بوو و درێژە پێدانی ڕێگای خەباتیان بە هاوبیرانی بە ئەمەکیان سپارد.
بەرزوو بەڕێز بێ لە شەهیدان، كە دەرسی خۆبەخت كردن بە هاونیشتمانیان و بە دایكی هەموومان كوردستان پێشكەش كرد.

ڕێکه‌وت: 2022-09-01 13:28:17
به‌شی ( شه‌هیدان )



خوێنه‌ر ده‌توانێ ئه‌و وتاره‌ له تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بڵاوبکاته‌وه‌‌
ناونیشای وتار: یادی سەروەران