له‌سه‌رهێل 512
یه‌ک شه‌مه‌ 13 سه‌رماوه‌ز 2722
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
10ی خەزەڵوەر ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات پیرۆز بێ

بەختیار عەزیزی
10ی خەزەڵوەر ڕۆژی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی سازمانی خەباتە کە بەوپەڕی دڵسۆزی و لەخۆبوردوویی بۆ مافەکانی کورد و بەربەرەکانێی ڕژیمی داگیرکەری ئاخوندی مێژوویەکی پرشنگدار و لێوانلێو لە سەروەریان تۆمار کردووە. مێژوویەک لەسەر ڕێبازی ڕەوای نەتەوەیی و نیشتمانی و بە خوێنی سەدان کەس لە شۆڕەسوارانی کورد تۆمارکراوە و نەخشێندراوە. ئەو مێژووەی یەکێک لە هۆ سەرەکییەکانی مانەوە و درێژەدانە بە ڕێی پڕ لە هەوراز و نشێوی شۆڕش و خەباتی کورد و ئامانجە بەرزەکانی نەتەوەکەمان کە لەسەر بنەمای ڕاستگۆیی و سەداقەتی سیاسی و فکری بیچمی گرتووەو بە خۆشیەوە تاکوو ئەمڕۆ لە ڕێبازی پڕ لە سەروەری جەنابی مامۆستای سەید جەلال الدین حسینی ڕێبەرو دامەزرێنەری سازمانی خەبات لای نەداوە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ باشتر و بەهێزتر و شێلگیرانەتر هەنگاو بۆ پێشەوە هەڵدەگرێ.
١٠ی خەزەڵوەر ڕۆژی بەرپەرچدانەوە و تەفرو توناکردنی هێزی زۆر و بۆری ڕژیمی خومەینی بوو کە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتەکەیان ڕەوانەی کوردستانیان کرد بوو. بەڵام پێشمەرگە قارەمانەکانی سازمانی خەبات لە پێچەکانی هەژەدۆڵان هەتا دەروازەی شاری بانە ئەو هێزەیان تێک شکاند و جارێکی دیکە ئیرادەی گەلی کوردی بەسەر ڕژیمی ئاخوندی دا سەپاند و پاشەکشەیەکی سیاسی و سەربازی بە خومەینی کرد.
هەر بۆیە 10ی خەزەڵوەر وەکوو لاپەڕەیەکی زێڕین لە لاپەڕەکانی مێژووی نەتەوەکەماندا دەدرەوشێتەوە و پێشمەرگە و ڕێبوارانی ڕێبازی سازمانی خەبات هەموو ساڵێک بە شانازیەوە یادی ئەو داستان و قارەمانیە مەزنەی هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران دەکەنەوە.
ئەو ساڵ لە کاتێکدا یادی 10ی خەزەڵوەر بەرز و پیرۆز ڕادەگیرێ کە نەتەوەی کورد و نەتەوە ژێردەستەکانی دیکەی ئێران دژ بە ڕژیمی دواکەوتووی ئاخوندان بە پێشەنگایەتی ئافرەتانی بەرابەریخواز و ئازادیویست ڕاپەڕیون. ئەم ڕاپەڕینە مەزنە و ویست و خواستی جەماوەری کوردستان و ئێران لە ڕاستیدا هەمان دروشم و داوای هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەباتە کە 43 ساڵ لەوە پێش لەگەڵ وتنی نا بە ڕژیمی ئاخوندی بە گرتنەبەری خەباتێکی جیددی و لێبڕاو بۆ ڕوخانی ئەو دەسەڵاتە خەبات و خۆڕاگری درێژە پێدا. هەر بۆیە دەڵەین هێزی پێشمەرگە پێشەنگ و پێشڕەوی ئەو ڕاپەڕین و خەباتەیە دژ بە ڕژیمی ئاخوندی. بە خۆشیەوە جیلەکانی ئێستا و پێشووی کۆمەڵگەی کوردستان و ئێران بەو ڕاستیە گەیشتوون کە تەنیا ڕێ و تاکە بڕیار شۆڕش و مقاومەتە لە بەرامبەر ئەو ڕژیمە و هەتا ڕووخانی یەکجاری ئەو دەسەڵاتە دەبێ درێژە بە ڕا پەڕینەکان بدەن.
گومانی تێدا نییە ڕژیمی ئاخوندی لە ڕووخانی حەتمی زۆر نزیکە و بەو زووانە ئاسۆی ڕوونی ڕزگاری و ئازادیش وڵاتی ئێمە دەگرێتەوە و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان سەربەرزانە دەگەڕێنەوە باوەشی نیشتمان و زێدی خۆیان و موژدەی ئازادی و ڕزگاری بۆ دایکی شەهیدانی سوورخەڵات بە دیاری دەبەن.
ڕێکه‌وت: 2022-11-05 08:15:45
به‌شی ( سیاسی )



خوێنه‌ر ده‌توانێ ئه‌و وتاره‌ له تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بڵاوبکاته‌وه‌‌
ناونیشای وتار: 10ی خەزەڵوەر ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات پیرۆز بێ