له‌سه‌رهێل 109
دووشه‌مه‌‌ 15 جۆزه‌ردان 2723
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
ڕاگەێندراوی سازمانی خەبات سەبارەت بە بڕیاڕنامەی پاڕڵمانی ئوروپا

خەڵكی تێكۆشەری كوردستان!
ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی سازمانی خەبات!
بە خۆشیەوە ئەمرۆ پێنج شەممە 29 ی بەفرانباری 1401 كۆچی خۆری، پاڕڵمانی ئوروپا بە پەسەند كردنی بڕیاڕنامەیەك سپای پاسدارانی خستە نێو ڕیزی ڕێكخراوە ترۆریسیەكانەوە.
وەك هەموو لایەك ئاگادارن كە لە دوای سەرهەڵدانی شۆرشی ژینا لە كوردستان و ئێران، پشتیوانیە جیهانیەكان لە گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران، رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبووندایە. كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەتایبەت رۆژئاوا، لەلایەك بەردەوامە لە پشتیوانی لە شۆرشی ژینا لە كوردستان و ئێران و لەلایەكی دیكە بەردەوامە لە سەپاندنی فشاری سیاسی و دیپلۆماتیك بۆ سەر رژیمی جینایەتكاری ئاخوندی.
لە دوای شەپۆلی نوێی ئێعدامەكان و بەتایبەت لەسێدارەدانی تێكۆشەران و راپەریوان، ووڵاتانی رۆژئاوایی بە شێوەی كاریگەرتر، كار بۆ سەپاندنی ئابڵوقە و فشاری سیاسی بۆ سەر رژیمی ئاخوندی دەكەن و لە نوێترین هەنگاودا یەكیەتی ئوروپا سوپای پاسدارانی رژیمی ئاخوندی خستە لیستی ترۆرەوە.
بەو پێیەی سوپای پاسداران لە بنەڕەتدا ناوەندێكی چەكداریی و سەركوتكەرو ترۆریستیە، دەوری سەرەكی هەیە لە سەرهەڵدان و پەرەسەندنی رەوتە ترۆریستیەكان وە كردەوەی ترۆریستی لە ناوچەكە و جیهان، وە هەروەها دەوری سەرەكی هەیە لە كوشتن و سەركوت و شكەنجەی خەڵكی ئێران و ناڕازیان و پارێزگاری لە دەسەڵاتی دیكتاتۆریی لە ئێران. لە لایەكی دیكەوە سوپای پاسداران سەرجەم ناوەندەكانی ئابووری و بەرهەمهێنانی ئێرانی قۆرغ كردووەو بووەتە هۆی هەژاری، برسیەتی و ژیانی كولەمەرگی بۆ خەڵكی ئێران.ئەو هێزە سەركوتگەرە تەنانەت بۆتە هۆی سەرەكی برینی برق و گازی خەڵكی ئێران لە وەرزی زستاندا.بەو كورتە پێناسەیەی سپای پاسداران، جێگەی خۆیەتی و زۆر پێویستە كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەتایبەت ووڵاتان و ناوەندەكانی رۆژئاوا بە تاقمێكی ترۆریستی دەناسن و لە لیستی گروپە ترۆریستیەكاندا جێگیریان كردوە.
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵی تێكۆشەرانی كورد و ئێرانی، دیپلۆمات و پارلەمانتارە ئوروپاییەكان بۆ هەوڵەكانیان بە مەبەستی زیادكردنی فشارەكان بۆ سەر رژیمی ئاخوندی و بەتایبەت بە ترۆریست ناساندنی سوپای پاسداران، داوا لە خەڵكی كوردستان دەكا بە هۆی ئەو سەركەوتنە گەورەیەو بریاری بە ترۆریست ناساندنی سوپای پاسداران لە پارڵەمانی ئوروپا، بە دەربڕینی خۆشی و شادی و یەکگرتنی بەردەوام، پەرە بە ناڕەزایەتی و شۆرشی ژینا بدەن و دڵگەرمتر بە سەرکەوتن و روخانی یەکجاری رژیمی ئاخوندی تێبکۆشن.
سەركەوتن بۆ شۆرشی ژینا، ژن ژیان ئازادی
بروخێ رژیمی ئاخوندی ئێران

سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران
كومیتەی ناوەندی
29 ی بەفرانباری 1401 كۆچی خۆری
19 ی یانیواری 2023
ڕێکه‌وت: 2023-01-19 17:53:36
به‌شی ( به‌یاننامه‌کان )



خوێنه‌ر ده‌توانێ ئه‌و وتاره‌ له تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بڵاوبکاته‌وه‌‌
ناونیشای وتار: ڕاگەێندراوی سازمانی خەبات سەبارەت بە بڕیاڕنامەی پاڕڵمانی ئوروپا