له‌سه‌رهێل 108
هه‌ینی 19 جۆزه‌ردان 2723
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
پەیامی کومیتەی ناوەندی بەبۆنەی ٢ی رێبەندان

جەماوەری خۆڕاگری كوردستان!

گەلانی زوڵم لێكراوی ئێران!

كادرو پێشمەرگەو هۆگرانی ڕێبازی سازمانی خەبات!
بە بۆنەی ۲ ی رێبەندان، ۷۷ تەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی كۆماری كوردستان، كە بە ڕەنج و تێكۆشانی جەماوەری كوردو بە ڕێبەرایەتی پێشەوا قازی محەممەد لە مەهاباد و چەند شار و ناوچەی كوردستان دامەزرا، پیرۆزبایی گەرم بە تێكڕای هاونیشتمانیانی كوردستان و گەلانی ئێران پێشكەش دەكەین.
دامەزرانی کۆماری کوردستان، دەستكەوتێكی گرینگی نەتەوەیی و نیشتمانیە و پێشەوا قازی محەممەد و هاوكارانی ئامانجیان ڕزگاری و بەختەوەری دانیشتوانی كوردستان بوو.
بێگومان کۆماری کوردستان یەکەم ئەزموونی دەسەڵاتداریی کورد بوو لە چوارچێوی جوغرافیایەكی دیاریكراودا، سەرەڕای كەند و كۆسپ و بەربەستەكانی کە دەخرایە بەردەم كارەكانی، بە خۆشیەوە توانی وەك دەستكەوتێكی نەتەوەیی، كاری باش و بەرچاو لە بوارەکانی: پەروەردە، ئابوری، سیاسی ، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری لە كوردستاندا پەرە پێ‌ بدا. بە تایبەت كە پێشەوا قازی محەممەد وەك پێشەوای ئایینی و نەتەوەیی دوور بوو لە هەر فكرو بۆچونێكی بێگانە بە كورد، دەوری بەرچاوی بینی لە دەسەڵاتداری کۆماری کوردستان دا.

خەڵكی كوردستان و تێكڕای گەلانی ئێران و سازمانی خەبات ی كوردستان، لە كاتێكدا یادی كۆماری كوردستان بە ڕێزەوە دەكەینەوە، کە لە تێكڕای شار و ناوچەكانی كوردستان و سەرانسەری ئێراندا، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازدی ،،شۆرشی ژینا،، بەردەوامی هەیە و توڕەیی وبێزاری تێکڕای گەلانی ئێران لە دەسەڵاتی دیكتاتۆری ئاخوندی، زیاتر پەرە دەستێنێ‌.
ڕاپەڕین و شۆڕشی ژینا، دەسەڵاتی دیكتاتۆری ئاخوندەكانی تووش دەیان قەیران جۆراو جۆر كردوە و ئاخوندە دەسەڵاتدارەكانی لە بۆمبەستی داماوی و تەریک کەوتنەوە و ڕیسوایی نێونەتەوەیی هێشتۆتەوە.
ڕاپەڕینی بە شكۆی جەماوەری وەزاڵەهاتوو، بە ڕادەیەك بەرین و بەهێزە كە ناوەندە جیهانیەكانی پشتیوانی مافی مرۆف و ووڵاتانی ڕۆژئاوایی، بڕیاری پشتیوانی لە گەلانی ئێران و بە تایبەت ئافرەتانیان دەربڕیوە و بڕیای شیاویان داوە .
ڕاپەڕینی چارەنووس سازی گەلانی ئێران بە پێشڕەوی لاوان، خۆێندكاران، مامۆستایانی ئایینی لە كوردستان و، ئوستادانی دانشگاكاكان و تێكڕِای چین و توێژەكانی جەماوەر چۆتە قۆناغێكی چارەنووس ساز. بە تایبەت تا دێت كۆمەڵگەی جیهانی پشتیوانیەكانی لە گەلانی ئێران زیاتر دەكاو لە ناوخۆی ئێرانیشدا سەرەڕای سەركوت و شەكەنجەو شەهید كردنی زیاتر لە ٦۰۰ ڕۆڵەی كورد و ئێرانی، خۆڕاگرو پایەدارو نەترس لە بەرانبەر ئاخوندەكاندا وێستاون و لە بەرانبەریشدا ئاخوندە دەسەڵاتدارەكانیان،چاوەڕی چارەنووسی ڕەش کردوە.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران، مێڕای سەرەخۆشی و هاوخەمی لە گەڵ خانەوادەی شەهیدان، درود دەنێرێ بۆ جەماوەری خۆڕاگر و شۆڕگێر و زیندانیانی سیاسی لە كوردستان و سەرانسەری ئێراندا و داوا لە جەماوەری ڕاپەڕیوی كوردستان و ئێران دەكەین بە یەكگرتوویی و تەبایی بەردەومتان لە بەرانبەر ئەو دەسەڵاتە نگریس و دڕندەیەدا خۆڕاگری بكەن و یەکگرتویی و هاو دەنگیتان زیاتر بکەن.
بێگومان بەو خۆڕاگری و نەبەزیەی جەماوەر، دەسەڵاتی ئاخوندی دەڕوخێ‌ و دیموكراسی و ئازادی لە ئێراندا جێگیر دەبێ‌ و گەلی كورد بە مافە ڕەواكانی دەگا.
لە گەڵ پیرۆزبایی دووبارەمان بە بۆنەی ۲ ی ڕێبەندان ۷۷ تەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی كۆماری جوانەمەرگی كوردستان.
بڕوخێ‌ ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی
سەركەوێ‌ خەباتی گەلانی ئێران
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران
كومیتەی ناوەندی
یەكی ڕێبەندانی ۱٤۰۱ كۆچی خۆری

ڕێکه‌وت: 2023-01-21 21:14:52
به‌شی ( به‌یاننامه‌کان )



خوێنه‌ر ده‌توانێ ئه‌و وتاره‌ له تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بڵاوبکاته‌وه‌‌
ناونیشای وتار: پەیامی کومیتەی ناوەندی بەبۆنەی ٢ی رێبەندان