له‌سه‌رهێل 75
سێ‌شه‌مه 8 خاکه‌لێوه‌ 2723
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
هەژاری و لێکەوتەکانی بێ‌ دەربەستی دەسەڵاتی ئاخوندی

ئەفسانە ڕەحیمی

دەڵێن ئیمام عەلی خەلیفەی ئیسلام ووتویە: ئەگەر هەژاری مرۆڤ با بە دەستەکانی خۆم دەمکوشت.

دیاردەی هەژاری چەندین هۆی هەیەو بە سەرچاوەی زۆربەی كێشەو قەیرانەکانی كۆمەڵگەی مرۆفایەتیە.
یەکێک لە کێشە هەرە دیارەكانی هەژاری برسێتییە،بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان ،لە هەر ۹ کەس لە جیهاندا یەک کەس لەبرسیەو و نزیکەی ٨٢٠ ملیۆن کەس خواردنی پیویستیان نییە. هەروەها ساڵانە ٥ ملیۆن منداڵ بەهۆی نەبوونی خۆراک دەمرن. لە لایەكی دیكەوە هەژاری بۆتە هۆی پەرەسەندنی بازرگانیکردن و فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە،منداڵبوون بەبێ ویست و حەزی خانەوادەکان و پەرەسەندنی لەشفرۆشی لە ئێراندا.
جیاواز لەو دیاردانەی لە پێشدائاماژەم پێكردوون، هەژاری دەبێتە هۆی ئەوەی خێزانە نەدارەکان منداڵەکانیان ناچار بکەن لە تەمەنێکی ژێر ۱٨ساڵ هاوسەرگیری بکەن، یان دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵان نەچنە قوتابخانە، یا واز لە خوێندن بهێنن و هەوڵ بۆ پەیدا كردنی بژێو بدەن و لە تەمەنی زۆر منداڵییەوە لە سەر شەقامەکان کار بکەن.
هەژاری دەبێتە هۆی مەرگی نائاسایی و لە تەمەنی لاوەكاندا،کۆچکردن ،دزی، سواڵکردن، گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، خۆکوشتن و هتد. بۆ نموونە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندوە كە لە هەر ٤٠ چرکەیەکدا (سانییەدا)کەسێک بەهۆی هەژاری و برسێتی خۆی دەکوژێ.ئەو ئامارو ژومارانەی باسمان کردن لە وڵاتانێکدا بەرچاو دەكەون و هەن، کە بەهۆی هەڵکەوتەی جوغرافیایی یا شەڕو لێكەوتەكانی و یا دواکەوتویی فەرهەنگی و ناسەقامگیری سیاسی لە هەژاری دان و بواری ئابووری تێیاندا لاوازە. هەرچەند ساڵانە لە لایەن وڵاتانی زلهێز و نەتەوە یەکگرتۆکان یارمەتیان بۆ کۆدەکرێتەوە بەڵام ئەو هاواكاریانە نەبۆتە هۆی كۆتایی هاتن بە هەژاری و قەیران و كەندو كۆسپەكان.
ئاشكرایە یەكێك لە هۆكانی هەژاری دەگەرێتەوە بۆ دەسەڵاتی دیكتاتۆرو گەندەڵ،جێگەی سەرسووڕمانە ووڵاتێک کە خاوەنی سەروەت و داهاتێکی ژێر زەویە، شاهیدی ژومارەی بەرزی هەژاری بین، لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندەکاندا، جگە لە زەوتکردنی ئازادی و نەبوونی هیچ مافێکی سەرەتایی کە هەموو مرۆڤەکان دەبێ‌ لێی بەهرەمەند بن، خەڵکی ئێران و بەتایبەتی کوردستان هەژاری تەنگی پێهەڵچنیون، ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێ تاوانێکی ئاشكرای دیكەی بەرامبەر نەتەوەی کورد. وۆر هێنان بۆ جەماوەرو فشاری برسێتی و هەژاری و نەبوونی ئیمکاناتی تەندروستی و بیمەی بێکاری، بردنی سامانی خەڵکی ئێران و کوردستان، لە ڕێگەی دزی و گەندەڵییەوە گەلانی ئێرانی خستۆتە دۆخێکی خراپی ئابوورییەوە.ئەو هەژارەی کە ئێمە لە ئێران شاهیدین بە هۆی دزینی داهاتەکانی ئێران وخەرج لە گروپە ترۆریستەکان وئاژاوەنانەوە لە جیهان و ناوچەکەدایە.
هەر بۆیە چارە سەری کێشەی ئابووری و كۆتایی هاتن بە هەژاری لە ئێراندا كە ئاسان ترە، ئەویش بە گۆرانی ئەو دەستەڵاتە خوێن مژە،كۆتایی بە كێشەكان و كۆتایی بە هەژاری دێت.

ڕێکه‌وت: 2023-01-25 18:54:14
به‌شی ( سیاسی )



خوێنه‌ر ده‌توانێ ئه‌و وتاره‌ له تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بڵاوبکاته‌وه‌‌
ناونیشای وتار: هەژاری و لێکەوتەکانی بێ‌ دەربەستی دەسەڵاتی ئاخوندی