له‌سه‌رهێل 110
هه‌ینی 19 جۆزه‌ردان 2723
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
٨ی مارس و شۆڕشی ژینا

ماردین زاهدی
لە سەدەکانی حەفدەو هەژدە بە داوەو لە دوای سەرهەڵدانی ڕەوتی دیموكراسی، ژنان لە سەرتاسەری جیهان بۆ وەدەست هێنانی مافە ڕەواکانیان خەبات دەکەن و لە سەدەی بیستەمەوە تا رادەیەکی باش, داوا رەواکانیان کە هاومافی لەگەڵ پیاو و نەمانی هەڵاواردنی رەگەزایەتییە بەدەست هێناوە.
لە سەردەمی ئەمڕۆدا، وڵاتانی پێشکەوتوو، تا رادەیەکی بەرچاو گرینگی ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگەیان ناسیوەو بایەخیان پێداوەو هاومافی و هاوسانی ژن و پیاو وەک ئەركی دەسەڵات دەزانن و لە یاساكاندا جێگری دەکەن.
وڵاتی ئێران بە هۆی پێشكەوتن و ڕادەی ووشیاری و پێشكەوتنی جەماوەرەكەی و ئەو مێژووە کە هەیەتی دەکرا ئێستا لە پلەی یەکەمین وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان بێت، بەڵام بەهۆی بوونی حکومەتە فاشیستی و دیکتاتور و دەسەڵاتی دوواکەوتوو و چەق بەستووی ئاخوندیی، رۆژ لە دوای رۆژ تووشی دۆخی خراپتر و مەترسیدار دەبێ.
حکومەتی ئاخوندی ئێران ٤٤ ساڵە، بە زۆر و کوشت و بڕ و جینایەت و سەرکوت لە دسەڵات ماوەتەوە,لە بەرانبەریدا ئافرەتان بە تایبەت و تێكڕای چین و توێژەكانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستان و ئێران دەیان ساڵە بێ پشوو دژ بەو دەسەڵاتە خەبات دەکەن و بە پێی توانا بەرپەرچی سەرەڕۆییەکانی ئاخوندەکانیان داوەتەوە. هەر بۆیە زۆرترین فشاری ئەو دەسەڵاتە بۆ چەوسانەوەی ژنان بووەو قورسترین یاسای دژە مرڤانەی سەپاندۆتە سەر ژنانی بێ تاوان.
هەر وەک ئاماژە کرا خەبات دژ بە ئەو حکومەتە هەرگیز نەوستاوەتەوەو لە کوردستان و ئێران، ژنان تێکەل بە پیاوان و شان بە شانیان، دژ بەو دەسەڵاتە خەباتیان کردووەو ئافرەتان هاوشانی پیاوان لە ڕیزی حیزبەکاندا، ئاڵاهەڵگری خەبات ی ژن، ژیان، ئازادی بوون و هەن. لە ئیستاش دا کە چەخماخەی شۆڕش لە کوردستانەوە لێی دراو شۆڕشی نەتەوەی کورد دژ بە دەسەڵاتدارانی ئاخوندی هەموو كات لە ئارادا بووە، هەموو نەتەوەکانی ئێران دروشمی کوردستان، چاو و چرای ئێران دەڵینەوەو بە پێشەنگی خەبات و بوێری و مافویستی ناوی كوردستان دەبەن. لە ئێستادا كە شۆڕشی ژینا پێ دەنێتە ۶ مانگ و هەموو دونیا بینەری ئەو هەموو دلێری و بوێرییەی ژنان و کچان لە ئێران و کوردستانن و ستایەشیان دەکەن. ئەم شۆڕشە، وەک لە ناوەکەیدا دیارە، ئامانجی سەرەكی تێكۆشانە بۆ وەدیهێنانی مافی ژنان و داواکاری گەیشتنی ژنان بە مافەکانیان کە دەسەڵاتی ئاخوندی لێیانی زەوت کردووە.
خەباتی ئازادیخوازی و مافخوازی جەماوەری ئێران و كوردستان و بە تایبەت بەشداری چالاكانەی ئافرەتان لەم شۆڕشی ڕەوا،بە ئامانجی پاشەکشە پێكردنی دەسەڵات لە ویستە قڕون وستاییەکانی. لەم روژانەدا هاودەنگی ژنان لەگەڵ یەکتر و هەروەها هاودەنگی پیاوانی ئازادیخواز لەگەڵ ژنان لە هەرکاتێک پێویست ترە، بە تایبەت هاتنی ٨ی مارس و وەبیرهاتنەوەی چەندین ساڵ خەبات دژ بە کلتور و یاسا دژە ژنەکان و توانایی ژنان لە ستاندنی مافەکانیان دەبێ بكرێتە هۆی دڵگەرمی بۆ یەکڕیزی زۆرتر و هاوئاهەنگی و هاودەنگی و هەروەها هاتنی زیاتری ئافرەتان بۆ سەر شەقامەکان و هاواری مافویستی بۆ گەیشتن بە ئازادی یەکجاریی. وێڕای پشتگیری وڵاتانی دەرەوەو ڕێکخراو و ناوەندە جیهانییەکان، هەوڵی ئەساسی و کاریگەر دەبێ لەلایەن خۆمان بێت و هەموو توانای خۆمان بۆ گەیشتن بەو ئازادییە بەکار بگرین. ئازادییەک کە ژنانی بوێر، خۆڕاگر و قارەمان وێڕای زوڵم و زۆر و هەڕەشە, کوشت و بڕ و نقوستانی, بە هەموو توانیانەوە پێشەنگایەتی دەکەن. دەسەڵاتی ئاخوندی ئێران لە هیچ جینایەتێک خۆی نابوێرێ و بۆ بەلاڕێ بردنی شۆڕشی ژینا و بەدناو کردنی مافویستی ژنانی چەوساوە, لە چەند مەدرەسەیەکی کچانە فیلمی نەشیاو بڵاو کردۆتەوەو ئاکامی شۆڕشی ژینای بەوە ناو بردووە. ئاشکرایە کە حکومەتی ئاخوندی ئێران هیچ ڕیفۆرمێکی تێدا ناکرێت و تەنیا بە ڕووخانی ئەو دەسەڵاتە ئامانجەكانی خەباتی ژنان و هەشتی مارس دێتە دیی و ئەو ڕۆژە مێژووییە بۆ ژنانی شۆڕشگێڕ و مافویست و تێكڕای ئازادیخوازان گرینگیەكانی بەرچاوتر دەبێ.

ڕێکه‌وت: 2023-03-04 17:11:05
به‌شی ( ژنان )



خوێنه‌ر ده‌توانێ ئه‌و وتاره‌ له تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بڵاوبکاته‌وه‌‌
ناونیشای وتار: ٨ی مارس و شۆڕشی ژینا