
رۆژی شەممە 13ی رەشەمەی 1401ی هەتاوی، رێكخستنی دەرەوەی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران كۆبوونەوەیەكی گشتی بۆ بەرێز كاك بابەشێخی حوسێنی سكرتێری گشتی سازمانی خەباتی كوردستانی بەرێوەبرد.
سەرەتای كۆبوونەوەكە بە سرودی كوردم ئەمن و دەقیقەیەك بێ دەنگی بۆ گیانی پاكی شەهیدان بەتایبەت شەهیدانی شۆرشی ژینا و ئاخر شەهیدی نەتەوەكەمان شەهید دیارخەبات دەستی بە كارەكانی كرد.
پاشان كاك بابەشێخ حوسێنی سكرتێری گشتی سازمانی خەبات باسێكی تێروتەسەلی لەسەر هەلومەرجە سیاسیە جیهانیەكان، پرسەكانی ناوخۆی ئێران و دەسەڵاتی ئاخوندیی (شۆرشی ژینا (ژن ژیان ئازادی)، سازمانی خەبات و كۆنگرەی حەوتەمی سازمان پێشكەش بە ئامادەبووان كرد.
لە پێوەند بە روداوە جیهانیەكان كاك بابەشێخ ئیشارەی بە دابەشبوونی جەمسەرەكان و بەتایبەت بەرجەستەبوونەوەی جەمسەرەكان لەدوای هێرشی روسیە بۆ سەر ئوكراین کردو و وتی: لە دوای ئەوەی روسیە هێرشی كردە سەر ئوكراین دابەش بوونی زلهێزەكان و بەرەورووبوونەوەكان بە كردەوە چووە قۆناغێكی تازە. بەتایبەت رۆژئاوا بە پشتیوانی كردنی هەمە چەشنە لە ئوكراین، هەوڵیان دا شكستێكی گەورە تووشی روسیە بكەن کە بێگومان درێژە كێشانی شەڕەكە کارەساتی زیاتری بە دواوە دەبێ. بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە جێی بایەخە و پێویستە ئاوڕی لێ بدەینەوە بەشداری و پشتیوانی هەمە چەشنەی ڕژیمی ئاخوندی لە روسیە لە جەنگی ئوكراین دایە. كە ئەوەیش خاڵێكی لاوازی دیكەی رژیمی ئێرانە كە هومێدی بە پشتیوانی ڕوسیە هەیەو هەموو هێلكەكانی خستووەتە سەبەتەی روسیە و لە بەرامبەر رۆژئاواداو بە تەواوی چووەتە ژێر ركێفی روسیە.
كاك بابەشێخ لە پێوەند بە شۆرشی ژینا باسێكی تایبەتی پێشكەش كرد و هەڵسەنگاندنی تەواوی خۆی بۆ پێنج مانگ شۆرشی ژن ژیان ئازادی كرد و وتی: لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا و لە دوای شەهیدكرانی ناڕەوای ژینا ئەمینی و لەسەر داوا و بانگەوازی هێزە كوردستانیەكان مانگرتنێكی گشتی لە كوردستان و ئێران بە سەركەوتوویی بەرێوەچوو. لە دوای مانگرتنەكەیش تێكڕای نەتەوەكانی ئێران و چین و تووێژەكانی ئەو وەڵاتە هاوسۆز و پشتیوانی كوردستانیان بوون و بەو جۆرە خواستی روخانی رژیم و كۆتایی ئەو دەسەڵاتە هەموو شارو ناوچەکانی ئێرانی گرتەوە و دروشمی ژن ژیان ئازادی بووە دروشمی تێکڕایی. ئێستا كە نزیك بە شەش مانگ لەو شۆرشە تێپەڕ دەبێ دەتوانین ئیشارە بە چەند خاڵێكی بەهێز و لاوازی شۆرشەكەمان بكەین. شۆرشی ژن ژیان ئازادی توانی هەموو نەتەوەكان یەك دەست بكات لەبەرامبەر رژیمدا. توانی كۆی پێكهاتەی دەسەڵاتی ئاخوندان لەرزۆك و لاواز بكات بە جۆرێك كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ئازادیخوازانی كورد و ئێرانی بەتەواوی خۆیان بۆ دوای رژیمی ئاخوندی ئامادە دەكرد. هەروەها كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە تەواوی بەو راستی و واقعیەتە گەیاند كە بیر لە دوای رژیمی ئاخوندی بكەنەوە.
لە لایەنە لاوازەكانی شۆرش كاك بابەشێخ ئیشارەی بە نا یەكگرتوویی و دابەشبوون و هاتنە پێشەوەی كەسانی گوماناوی و دۆڕاوی وەكوو رەزا پەهلەوی كە هەموو هەوڵەكانی بۆ بەفیڕودانی بەرهەمی شۆرشی ژینا (ژن ژیان ئازادی)ە و لە ئێستادا دەوری رزگاریدەری ئاخوندان دەبینێ. ناوبراو یەكێكە لە دژمنانی سەرسەختی پرسی نەتەوەیی و ئازادی لە ئێران و ئەوەی وەكوو دروشم دەیڵێ تەنها بۆ كڵاونانە سەر خەڵك و یەك رۆژ بە دەسەڵات بگات دەچێتەوە سەر رێ و رێگەی خواروخێچی باوكی.
هەر لە درێژەی ئەو باسەیدا بەرێز سكرتێری گشتی ئیشارەی بە ئەوەدا كە شۆرشی ژینا پرسی كورد لە كوردستانی ئێرانی جارێكی دیكە بردە نێو كۆڕ و كۆمەڵە جیهانیەكان و زۆرێك لە وەڵاتانی خاوەن هێز و رۆژئاوایی پشتیوانی خۆیان لەو شۆرشە دەربڕی و كەوتنە گەمارۆدانی دەسەڵاتی ئاخوندان. بەداخەوە كورد و هێزە سیاسیەكان بەهۆی پەرتەوازەیی نەمانتوانی كەڵك لەو دەرفەتە وەكوو پێویست وەرگرین.
لە پێوەند بە كوردستانی ئێران كاك بابەشێخ لە تیشكی خستەسەر زۆر پرس و بابەتی پێوەندیدار خەڵك و خاكی كوردستان و وتی: كوردستانی ئێران لە 44 ساڵی رابردوودا زۆرترین هەڵاواردن و جیاكاری و زوڵم و زۆری لێكراوە. لەگەڵ ئەوانەشدا خۆشبەختانە كوردستان بەردەوام بووە لە خۆراگری و مقاومەتی ئازادیخوازانە و رژیمی ئاخوندی نەیتوانیوە بەو زوڵم و زۆرانەی كوردستانیان بە چۆكدا بێنێ بەڵكوو جەسورتر و لێبڕاوتر بوون لە خەبات و بەربەرەكانێ دژ بە رژیمی ئاخوند و شۆرشی مافخوازانە و ئازادیخوازی لە كوردستاندا بەردەوام لە بڵێسەدا بووەو كوردستانیان بۆ ساتێكیش لە خەبات و خۆراگری نەوەستاون. هەر وەكوو لە 6 مانگی رابردوودا دیومانە وێڕای ئەوەی شارە و ناوچەكانی ئێمە میلیتاریزە و لە ژێر فشارێكی زۆردا بوو بەڵام خەڵكەكەمان لە دوای شەهیدكرانی ژینا، بەگوڕ و تینێكی كەموێنە هاتنەوە مەیدان و هاوكات لەگەڵ كردنە ئامانجی كۆی پێكهاتەی دەسەڵاتی ئاخوندی، دروشمی ژن ژیان ئازادیان كردە هێما و سومبول و بەو جۆرە بوونە رژەشكێن و پێشەنگی خەبات بۆ باقی ناوچەكانی ئێران.
كاك بابەشێخی حوسێنی لە درێژەی ئەو باسە ئیشارەی بە دۆخی ژنان لە كوردستان كرد و وتی: وێڕای ئەوەی لە كوردستاندا زوڵم و زۆری نەتەوەیی و سیاسی و مەزهەبی و باقی جۆرەكانی ستەم دەبینین، بەڵام ستەم و چەوسانەوەی ژنان یەكێكی دیكە لەو زۆر و ستەمانەیە لە راست ژنانی كورد پەیرەو دەكرێ. ئەویش بە جۆرێكی ئەوندە نامرۆڤانە هەڵاواردن و جیاكاری و پێخوستكردنی مافەكانی ژنان بەرێوەدەبرێ كە ناخی هەر مرۆڤێكی بەهەست دەهەژێنێ و ناتوانێ چاو لەو هەموو نارەواییەی دژ بە ژنان دەكرێ بپۆشێ. بەڵام لە دوای شۆرشی ژینا، ژنانی كورد بوونە پێشەنگی خەبات و پیاوانیش پشتیوانی ژنانیان كرد بۆ ئەوەی سەركەوتوو بن لە رێبەری كردنی شۆرش و هۆشیار كردنەوەی كۆمەڵگەی كوردستان و ئێران. بۆیە ژنان ئەورۆكە زۆر باشتر توانیویانە بەرەوڕووی یاسا و رێسا دواكەوتووەكانی رژیم و داب و نەریتە خوار و چەوتەكان ببنەوەو سونەت شكێنیەكی گەورە بكەن. ئێمەیش وەكوو سازمانی خەبات بە خۆش بینیەوە سەیری رەوت ی بەشداری ژنان لە خەباتی مافخوازانە و بەرابەری خوازانە دەكەین و ئەوەی بۆمان بكرێ بۆ پشتیوانی لە ژنان و خەباتەكەیان دەكەین.
لە درێژەی وتەكانیدا بەرێز سكرتێری گشتی سازمانی خەبات باسێكی لە بابەتە سیاسی و تەشكیلاتیەكانی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران پێشكەش بە بەشدارانی كۆبوونەوەكە كرد و وتی: سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران وەكوو هێزێكی شۆرشگێڕ لە بەرەی گەل و بۆ ئازادی و دەرباز بوون لە سیستەمە دواكەوتوو و تاقیكراوەكان لە هەوڵدایە. نزیك بە 3 دەیە لەوە پێش رەوتەكانی شا و ئاخوندمان بە تەواوی رەت كردەوە و رامانگەیاند كە كورد پێویستە هەوڵ بۆ یەكریزی ماڵی خۆی و هەوڵدان بۆ دیموكراتیزەكرنی ئێران و هێنانەگۆڕێ سیستەمێكی تەكەسورگەرا و پارلەمانی بدات كە مافی هەموو نەتەوە، دین و مەزهەب و تێكڕای چین و تووێژەكانی كۆمەڵگەی ئێران دابین بكات. لە سەر ئەم سیاسەتە سازمانەكەمان بەروڕووی زۆر كێشە و گرفت بوویەوە بەڵام بە خۆراگری و بەردەوام بوون لەسەر ئەو خەت رێبازە، لە ئێستادا راستی و دروستی ئەو بڕیارەی سازمانی خەبات بۆ هەموو لایەك روونتر بووەتەوە و بە خۆشحاڵیەوە ئەوە لایەنی هێز و لایەنی دیكەن ئەورۆكە بەرەو ئەو خەتە هاتوون و داكۆكی لە رەت كردنەوەی رژیمەكانی شا و ئاخوند دەكەنەوە. ئێمە پێویستە بە داكۆكی زیاتر لە سیاسەت و بەرنامە ئوسولیەكانمان، كاری چڕ و بەردەوام بكەین بۆ پێشخستن و بەرینتر كردنەوەی سازمانی خەبات لە هەموو بارەكاندا.
كاك بابەشێخ هەروەها ئیشارەی بە زەروورەتی بەرێوەبردنی كۆنگرەی 7ی سازمانی خەبات لە داهاتوویەكی نزیك دا كردەوە و بە پێویستی زانی گفتوگۆ و باسی زیاتر لەسەر بەرنامەی سیاسی و ئورگانیەكانی سازمان لە نێو بەدەنە و سەركردایەتی دا بكرێ.
لە بەشێكی كۆبوونەوەكەدا ژمارەیەك لە ئەندامانی بەرێزی سازمان بە پرسیار و تێبینی و رەخنە بەشداریان كرد و لە كۆتایی دا كاك بابەشێخ وەڵامی دانەوە.
بهشی ( چالاکیهکان )
ناونیشای وتار: كۆبوونەوەیەكی گشتی بۆ ئەندامانی سازمانی خەبات لە دەرەوەی وەڵات بەرێوەچوو
نەتانیاهۆ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بە "تەسلیمبوون" لە بەرانبەر ڕژیمی ئێران ناوبرد
بهشی : ههواڵی ئێران رۆژ: 2023-06-05


بێبەشکردنی زەرتەشت ئەحمەدی راغب و مێهدی مەسکین نەواز لە پێوەندیی تەلەفۆنی
بهشی : ههواڵی ئێران رۆژ: 2023-06-04

گرتن و ڕاگواستنی دوو هاووڵاتی کەمئەندامی بەلووچ بۆ شوێنی نادیار
بهشی : ههواڵی ئێران رۆژ: 2023-06-04