
هاونیشتمانیانی ڕاپەڕیو و خۆڕاگری كوردستان!
خەڵكی ستەم لێكراوی ئێران!
كەس و كاری شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی!
زیندانیانی سیاسی قارەمان!
پێشمەرگە تێكۆشەرەكان و شۆڕشگێرانی ئازادیخوزای ئێران!
بە بۆنەی هاتنی جێژنی نەورۆزو ساڵی نوێ ۱٤۰۲ی كۆچی خۆری و ساڵی ۲۷۲۳ی كوردیی، گەرمترین پیرۆزبایی تان پێشكەش دەكەم.
لە كاتێكدا كە دەبوو لە نەورۆزو لە نوێ بوونەوەی ساڵ و هاتنی وەرزی ڕازاوەی بەهاردا، گەلانی ئێران شادیی بكەن و دلخۆش بن، بەڵام بە داخەوە بە هۆی ستەمگەریی و جینایەت و تاوانكاریی ئاخوندە دەسەڵاتدارەكان، لە جیات خۆشی و جەژن و شایی، شین و ماتەم باڵی بە سەر وڵاتی ئێراندا كێشاوە.
ئاخوندە ستەمگەرەكان 44 ساڵە بە پەیڕەو كردنی سیاسەتی سەركوت و چەوساندنەوەی خەڵك و بە زیندانی و ئیعدام كردن و شەهید كردنی تێكۆشەرانی ئازادیخواز و بە پەرە پێدانی ترۆر و تۆقاندن، درێژە بە حوكمی ناڕەوایان دەدەن.
ئەو دەسەڵاتە بە پەیڕەو كردنی قانونی دواكەوتوانە، بۆتە هۆی دواكەوتویی لە ئێراندا و بەو پەیڕەو كردنی ئەو قانونانە، بە كردەوە كاری بۆ دابەش كردنی چین و توێژەكانی كۆمەڵگە كردوە. بە پێی قانون و یاساكانی ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی، جەماوەری ئێران دابەش كراوە بە سەر (خودی و غەیرە خودی) واتە ئەوەی سەر بە دەسەڵاتە و لە جینایەت و تاوانەكانیاندا هاوبەشە، سەر بە خۆیان و لە خۆیانە و، لە بەرانبەریشدا زۆرینەی جەماوەر كە دەسەڵاتیان ناوێ و داوای ئازادیی و دیموكڕاسی دەكەن، دژمن بە خۆیان دەزانن. هەر بە پێی قانونی دیكتاتۆرانەی ئاخوندەكان، شێوەی لیباس پۆشین و بوونی بیروباوەڕی پێچەوانەی باوەڕی دواكەوتوانەی ئەوان، ڕێگەی پێی نادرێ و هەركەس پێچەوانەی ویستی ئەوان هەنگاو هەڵگرێ، دەكەوێتە بەر پەلامار و سەركوت و دەخرێتە بەندیخانە.
ئافرەتان لە ئێراندا لە ژێر قورسترین شكەنجە و ئازاردان، و دەسەڵاتی ئاخوندی بە ڕەچاوکردنی ڕێوشۆێن و داڕشتنی (قانونی) دژ بە ژنان و كارپێكردن بەو ڕێو شۆێنانە، بۆتە هۆی ئەوە كە هەم ناوەندەكانی دەسەڵات دەستكراوە بن لە هەركردەوەێکی جینایەتكارانە دژ بە ئافرەتان و هەر وەها وای كردوە كەسانی بیرتەسك و پیاوانی دواكەوتو بەرانبەر بە ئافرەتان تاوان ئەنجام بدەن.
بڕیاڕو ڕیوشوێنی دواكەوتوانەی حكومەتی ئاخوندی دژ بە ئافرەتان و بە تایبەت بڕیاڕی زۆرەملێ بۆ پۆشینی جل و بەرگ، بووە هۆی ئەوە هێزە سەركوتگەرەكان لە تاران، هێرش بكەنە سەر ژینا ئەمینی كچی كورد لە ۲۲ ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو دا بە بیانوی ئەوە كە چەند تاڵی پرچی دەركەوتبوو، كوشتیان و شەهیدیان كرد. شەهید كردنی خاتوو ژینا ئەمینی بووە هۆی سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی جەماوەریی لە تێكڕای شارو ناوچەكانی ئێران و كوردستان. شەهیدكرانی ژینا ئەمینی بووە هۆی یەكیتی و تەبایی كەم وێنە لە نێوان نەتەوەكانی ئێران داو، بووە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشی تێكڕایی و جەماوەری، شۆڕشی ژینا، شۆڕشی ژن،ژیان،ئازادیی و شۆڕشی ڕوخاندن و لە ناوبردنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندەکان.
لە كاتێكدا نەورۆزو ساڵی نوێ جێژن دەگرین، لە ئێران و بە تایبەتی لە شارو ناوچەكانی كوردستان و بلوچستان شۆڕش درێژەی هەیە. ئەو شۆڕش و ڕاپەڕینە جەماوەریە، سەرەڕای ئەنجام دانی جینایەت و سەركوت و ئیعدامی تێكۆشەرانی ئازادیخواز بەردەوامە و هەر لە چەند ڕۆژی ڕابردوو و كۆتایی ساڵی ۱٤۰۱ دا، محی ددین ئیبراهیمی خەڵكی شاری شنۆ، لە کوردستان و شێرزدائەحمەدی نژاد خەڵكی شاری بۆكانی لە كوردستان، لە زیندانی ورمێ شەهید كرد و هاوکات لە گەڵ شەهیدكردنی ئەو تێكۆشەرانە چوار كوردی دیكەشی ئیعدام كردوە.
پەرە پێدانی جینایەتی دەسەڵاتی ئاخوندی و سەركوتگەریەكانی بۆ ئەوەیە کە كۆتایی بە ڕاپەڕین و سەرهەڵدانی جەماوەریی لە ئێراندا بێنێ، بەڵام بە خۆشیەوە خەڵكی ڕاپەریو و دژ بە ستەم و بێدادیی، بڕیاڕیان ئەوەیە تا كۆتایی هاتن بە دیكتاتۆری و هاتنە دیی ئازادیی، دەست لە ڕاپەڕین هەڵناگرن و نەورۆزی ژینا و نەورۆزی شۆرش و ڕاپەڕین لە هەموو ڕۆژو مانگەكانی سالی داهاتوو دا دروشمی نەسرەوتن تا سەرکەوتن دەكەنە وێردی سەر زمانیان و وەك هەمیشە لە مەیدانی خەبات بۆ هێنانە دیی ئازادیی دەمێننەوە.
هاونیشتمانیانی خۆڕاگر!
ئاشكرایە دەسەڵاتدارانی ئێران هاوكات لە گەڵ سەركوت و چەوسانەوەی جەماوەر، هەوڵیانە بە پەیرەو كردنی سیاسەتی برسی كردن و دزینی سەرمایەی گەلانی ئێران و هەروەها پەرەپێدانی گەندەڵی و تاوان و ناعەداڵەتی كۆمەڵایەتی و ئیعتیاد و بازرگانی مەوادیی هۆشبەر و پەرە پێدانی ترۆر و پێكهێنانی گروپی مافیایی لە ئێران و دەرەوەی ئێران، قورسایی كێشەكان بۆ سەر جەماوەر زیاتر بكەن و بە خەیاڵیان کە بتوانن بەو کەڵک وەرگرتن لەو کردەوە قێزەونانەش، کۆتایی بە شۆرشی مافخوازی و ئازادیخوزایی و هێزی جەماوەری ڕاپەڕیو بێنن.
دەسەڵاتدارانی دیكتاتۆر لە لایەكی دیكەوە بە ئاژاوەگێڕی لە ووڵاتانی دیكە و بەشداری كردن لە جەنگی ڕوسیە لە بەرانبەر ئۆكراین و هاوكاری گروپ و تاقمە ترۆریستیەكانی وەك حیزبوڵای لوبنان و حوسیەكانی یەمەن و بەكرێگیراوانیان لە عێراق و گروپی ترۆریستی لە چەندین ووڵاتی دیکەش، كەڵك لەو گروپ و تاقمە ترۆریستیانە وەردەگرن بۆ سەركوتی جەماوەری ڕاپەڕیوی ئێران و هەروەها بۆ زۆر هێنان بۆ ووڵاتانی ناوچەكەو بە تایبەتی ووڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل.
بێگومان ڕژیمی ئاخوندی مانەوەی خۆی لە ئاژاوەو جەنگ و خوڵقاندنی تەنگژەی سیاسیدا دەبینێ و هەر وەك لە ٤٤ ساڵی ڕابردوودا بە دروست كردنی قەیران و ئاژاوە لە ئێران و لە ناوچەكەدا هەوڵیداوە ڕای گشتی خەڵكی ئێران بە لاڕیدا بەرێی و كۆمەڵگەی جیهانی لە بڕیاڕی یەك لایی كەرەوە لە بەرانبەرخۆێدا، تووش دوبەرەكی و دڕدۆنگی بكات.
هەر وەك لە چەند ڕۆژی ڕابردودا بە ناوبژیوانی حكومەتی چین لە نێوان حكومەتی عەربستان و ڕژیمی ئاخوندی ڕێكەوتنیان بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندیە سیاسیەكانیان كرد، كە ئەو هەنگاوەی دەسەڵاتی ئاخوندی یەكێكە لە فێلبازیەكانی بۆ كەلێن خستنە نێوان ووڵاتان. گومانی تێدا نیە ئەو ڕێكەوتنە بە بەردەوامی دەستێوەردان و ئاژاوەگێڕیەكانی ڕژیمی ئاخوندی و پشتیوانی كردنی لە تاقمە ترۆریستیەكان و هاندانیان بۆ هێرش كردنە سەر عەربستانی سعودی، ئاكامی ئەوتۆی نابێ و دەسەڵاتی ئاخوندی كەڵكی نابەجێ لەو ڕێكەوتنە وەدەگرێ. لە لایەكی دیكەوە ڕژیمی ئێران لە دروست كردنی بۆمبی ئەتۆم زیاتر نزیك بۆتەوە كە هاوكات بە پەرە پێدان و دروست كردنی مووشەكی جۆراوجۆرو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، بۆتە هەڕەشەی گەورە لە سەر هێمنایەتی ناوچەی خۆرهەلاتی ناوەڕاست و جیهان بە تێكڕا. لە بەر ئەو ڕاستیە حاشاهەلنەگرانە لە سەر سیاسەتی دزێو و ئاژاوەگێڕیەكانی دەسەڵاتی ئاخوندی، بە قازانجی ئاسایشی جیهانی و ئاسایش و هێمنایەتی ووڵاتانی خۆرهەلاتی ناوەڕاستە، پشتێوانی لە شۆڕشی ئازادیخوزای و ڕوخانخوازی لە ئێراندا بكەن. بە تایبەت ئەگەر دەسەڵاتی ئێران ببیتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی هەڕەشەی بێ ئەملاوئەولا دەبێ بۆ سەر وولاتانی جیهان.
گەلانی ستەملێكراوی ئێران!
خەباتی چواردەیەی ئێوەو شۆرشی شەش مانگەی ژینا لە ئێستادا دژ بە ڕژیمی ئاخوندی و لە ڕابردوشدا دژ بە دەسەڵاتی شاهەنشایی، دەریخست كە جەماوەر دەسەڵات و سیستمی دیكتاتۆریی شاهەنشایی و ئاخوندیان ناوێ. خەڵكی ئێران دەسەڵاتی دیموكڕاتیكی دەوێ، دەسەڵاتێك جەماوەر هەڵیبژێرێ و دیاری بكات. دەسەڵاتێك كە دوور بێ لە دەخالەتی مەزهەب و دەخالەتی هەر باوەڕێكی دیاری كراو، دەسەڵاتێك كە ماف و ئازادیەكانی تێكڕایی نەتەوەو، مەزهەب و باوەرەكان لە ئێران لە بەرچاو بگرێ و ئافرەتان وەك بەشێكی سەرەكی كۆمەڵگە دەوریان لە ئیدارە و بەڕێوبەریدا هەبێ.
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران كە هێزێكی سەرەكی و خاوەن مێژووی تێكۆشانی بێ پەڵەیە، داكۆكیكاری سەرەكی ئازادیی و بەرابەریی و یەكسانیە، داكۆكی بۆ وەدیهاتنی مافی ئافرەتان لە كوردستان و ئێراندا دەكا. هەر لەو چوارچێوەدا دژایەتی هەر بیرو بۆچونێكی تاكڕەوانەو گروپی فاشیستی و مەزهەبی دەكات بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لە ئیراندا. سازمانی خەبات هێزێكی خەڵکی و شۆرشگێڕە و لە گەڵ هێزە شۆڕشگێرەكانی كوردستانی ئێران نزیكایەتی و هاوكاری دەكا بۆ گەیشتنی گەلی كورد بە ماف و ئازادیەكان، هەر بەم بۆنەوە داوا لە ڕێبەریی هێزو لایەنەكانی كوردستانی ئێران دەكەم، پێكەوە لە چوارچێوەی پلاتفۆرمێكی سیاسیدا لە پێناو ئامانجە ڕەواكانی گەلی كورد لە كوردستانی ئێران هەوڵ و تێكۆشانمان یەك بخەین.
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران بە كاری هاوبەش لە گەڵ هێزە شۆرشِگێرە سەرانسەریەكانی ئێران كە باوەڕیان بە دابین كردنی مافەكانی گەلی كورد و گەلانی ئێرانە و باوەڕیان بە حكومەتی سكۆلارو دیموكڕاتیك لە ئێراندا هەیە. هاوپەیمانی و دۆستایەتی سازمانی خەبات و سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران و شۆرای میللی مقاومەتی ئێران لە پێناو دابین كردنی مافی خودموختاری بۆ كوردستانی ئێران و دامەزراندنی حكومەتی دیموكراتیك و نیشتمانی لە ئێران لە سەر بنەمای یەكیتی و تەبابی هێزی شۆڕشگێڕو ئینقلابی و بەرپرس و خاوەن ئیرادەی سیاسی سەربەخۆیە، كە مێژووەكەیان و خەباتیان بۆ خزمەت بە گەلانی ئێران و دابین كردنی ئازادیی تەرخان كردوە.
خەڵكی شۆڕشگێڕی كوردستان!
دڵنیاتان دەكەمەوە كە سازمانی خەبات بەردەوام دەبێ لە تێكۆشانی پاك و كەم هەڵەی لە پێناو ئازادیی كوردستانی ئازیز، لە ئیلام،كرماشان، سنەو ورمێ و تێكڕای ناوچەكانی دیكەی كوردستان. داواکارم جێژنی نەورۆز بکەنە هۆیەک بۆ ڕاپەڕین و خەباتی ئازادخوازیی شیلگیرانەتر لەبەرانبەر دەسەڵاتی ستەم و بێدادی ئاخوندی.
جارێکی دیکە بە ناوی خۆم و هاوباوەڕانم لە ڕیزەكانی سازمانی خەبات، سەرەخۆشی بە كەس و كاری شەهیدانی شۆرشی شەش مانگە لە ئێران و كوردستان پێشكەش دەكەم و هەروەها پیرۆزبایی نەورۆز و ساڵی نوێتان پێشكەش دەكەم.
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران
سكرتێری گشتی
بابەشێخ حوسەینی
۲۹ ی رەشەمەی ۱٤۰۱ی كۆچی خۆری
۲۰ مارسی ۲۰۲۳ی زایینی
بهشی ( سکرتێری گشتی )
ناونیشای وتار: پەیامی سكرتێری گشتی سازمانی خەبات بە بۆنەی نەورۆز و ساڵی نوێ ۱٤۰۲ی كۆچی خۆری



پرۆژە یاسای گەمارۆی ٥٠ ساڵەی ئۆکراین بۆ سەر ڕژیمی ئاخوندی ئێران
بهشی : ههواڵی ئێران رۆژ: 2023-05-30
بێبەشکردنی حەوت بەندکراوی عەرەب لە دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری پزیشکی
بهشی : ههواڵی ئێران رۆژ: 2023-05-29
وێرانکردنی باخ و ماڵی مامۆستا ئیبراهیم کەریمی لەلایەن بەکرێگیراوانی دەسەڵات لە شاری سنە
بهشی : ههواڵی کوردستان رۆژ: 2023-05-29