له‌سه‌رهێل 144
چوارشه‌مه‌ 9 خاکه‌لێوه‌ 2723
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
ڕاپۆرتی ئاماریی لە سەر پێشلكاریی مافی منداڵان بە بۆنەی یەكی ژوئەن

 

 سەرچاوە : هەنگاو

 

ڕۆژی یەكەمی مانگی ژوئەن وەكوو ڕۆژی پشتگیری منداڵان ناسراوە. ئەو ڕۆژە لە ساڵی ١٩٤٩ی زایینی و لە سەر بڕیاری كۆڕی جیهانیی فیدراسیۆنی ژنانی دێموكرات  بەو ناوەوە لە ڕۆژ ژمێردا تۆماركرا. ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان وێڕای پشتگیری ئەو هەوڵە، پشتگیری لە مافەكان، ژیان و تەندروستی منداڵەكان بە یەكێك لە كارە لە پێشینەكانی خۆیان ڕاگەیاند.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“ بۆ یەكەمجار ڕاپۆرتێكی ئاماری لە سەر پێشلكاریی مافەكانی منداڵان لە كوردستان لە ماوەی زەمەنیی ژوئەنی ٢٠١٧ هەتا ژوئەنی ٢٠١٨ ئامادە و بڵاو دەكاتەوە. ئەو ڕاپۆرتە ٨٢ حاڵەتی پێشلكاریی مافەكانی منداڵان لە خۆ دەگرێت.

 

 

 

دەستبەسەر كردنی ٨ منداڵ و سەپاندنی ١٢٦ مانگ بەندكران 

 

لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، واتە لە ژوئەنی ٢٠١٧ هەتا ژوئەنی ٢٠١٨ لەسەریەك ٨ منداڵی كورد كە سێ كەسیان كچ بوون لە لایەن ناوەندە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون.

هەروەها لەو ماوەیەدا دوو منداڵی خەڵكی سەردەشت سەرجەم حوكمی ١٠ ساڵ و شەش مانگ بەندكرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

 

 

 

خۆكوشتنی ٢٢ منداڵ لە یەك ساڵدا

 

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانیكەم ٢٢ منداڵی كورد لە شارەكانی كوردستان بە هۆی كێشەی خێزانی و هەژارییەوە كۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

 

لەو ژمارەیە ١٤ كەسیان كچ و ٨ كەسیشیان كوڕ بوون.

 

 

 

كوژران و بریندار بوونی ١٤ منداڵی كۆڵبەر

 

٦ منداڵی كۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەكدارەكانی ئێران كوژراون كە یەكێك لەوانە تەنیا ١٣ ساڵ تەمەنی هەبووە و ٨ كۆڵبەری دیكەش بەریندار بوون.

 

هەروەها لەو ماوەیەدا ٩ منداڵی كار لە كوردستان بە هۆی ڕووداوی كارەوە گیانیان داوە كە ٣ كەسیان كچ بوون.

 

 

 

كوژرانی منداڵان بە تەقەی هێزە چەكدارەكانی ئێران

 

لە ماوەی ژوئەنی ٢٠١٧ هەتا ژوئەنی ٢٠١٨ منداڵێكی كورد بە تەقەی هێزە چەكدارەكانی ئێران كوژراوە و ٣ منداڵیش بریندار بوون.

 

 

 

كوژرانی منداڵان بە دەستی خزمانی نزیك

 

 لەماوەی ساڵی ڕابردوودا ٨ منداڵی كورد بە دەستی كەسانی نزیكی خۆیان بە تایبەت باوك و دایكیان كوژراون.

 

لەو ژمارەیە ٥ كەسیان كچ و ٣ كەسیشیان كوڕ بوون.

 

 

 

مین و منداڵان

 

 مین لە ناوچە سنوورییەكانی كوردستان هێشتا قوربانی دەگرێت و منداڵانی كوردیش بەشێكن لەو قوربانیانە.

 

منداڵێكی كورد بە هۆی تەقینەوەی مینەوە گیانی لە دەست داوە و ٤ منداڵیش كەم ئەندام بوون.

 

 

 

هەڵەی پزیشكی

 

نەخۆشخانەكانی كوردستان بەتایبەت نەخۆشخانەكانی شاری سنە وەكوو كوشتارگای منداڵان ناسراون.

 

٩ منداڵی كورد بە هۆی كەمتەرخەمی پێرسینلی نەخۆشخانەكان و هەروەها هەڵەی پزیشكییەوە لە كوردستان گیانیان لە دەست داوە.

 

 

 

 

هەموو ئەو حالەتانەی كە لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەیان پێدراوە تەمەنیان لەژێر ١٨ ساڵ بووە.
ڕێکه‌وت: 2018-06-02 20:15:04
به‌شی ( هه‌واڵی کوردستان )



خوێنه‌ر ده‌توانێ ئه‌و وتاره‌ له تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بڵاوبکاته‌وه‌‌
ناونیشای وتار: ڕاپۆرتی ئاماریی لە سەر پێشلكاریی مافی منداڵان بە بۆنەی یەكی ژوئەن