له‌سه‌رهێل 119
دووشه‌مه‌‌ 15 جۆزه‌ردان 2723
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
شەهید سه‌یید برایمی نەبیزادە

 یادی سەروەری گەل شەهید سه‌یید برایمی نەبیزادە

شۆرشی كوردستان و بزوتنەوەی مافخوازانەی گەلی كورد ئەوندە رەواو حەقە كە هەموو چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان بە پیر و لاو و ژن و مێرمنداڵەوە خزمەت بەو بزوتنەوە بە ئەركی بنەڕەتی خۆیان دەزانن، بە جۆرێك كە هەر كات شۆرشی كوردایەتی كەوتبێتە بەر هێرشی داگیركەران ئەوا جەماوەر بۆ دیفاع لێی هاتوونە مەیدان و بۆ سەرخستنی شۆرشەكەیان قوربانیان داوە.

لە دوای هێرشی هێزە سەركوتگەر و داگیركەرەكانی رژێمی خومەینی بۆ سەر كوردستان و هەوڵی داگیركردنەوەی نیشتمانی تازە ئازادكراوی كوردان، جەماوەری وەزاڵە هاتوو لە ستەم و بێ عەداڵەتی بەو پەڕی لێبڕاوی هاتنە مەیدان و چەكی شەرەف و كوردایەتیان لە شان كرد و دژ بە داگیركەری خوێنڕێژ سەنگەریان گرت. فتوای جیهادی خومەینی خوێنرێژ دژ بە گەلی كورد، وە بە كافر دانانی ئەو گەلە موسڵمانە، وە سەپاندنی جەنگێكی ناڕەوا دژ بە خەڵكی كوردستان،  بووە هۆیەك كە هەر زوو جەماوەری كوردستان ناوەرۆكی رژێمەكەی خومەینی بناسن و دژە كوردبوونی ئەو رژێمەیان بۆ دەركەوێ و دژی سیاسەتی داگیركارانەی بوێستنەوە و رێگە نەدەن هەروا سووك و ئاسان دەست بگرێتەوە بە سەر كوردستانداو بەری رەنج و شۆرش و ڕاپەڕینی ئەو میللەتە دژ بە رژێمی شاو دارودەستەكەی بەفیرۆ بدەن. بۆیە ئەوەی هێز  و بڕستی تێدا بوو وە دوای رێبەرانی راستەقینەی كوردایەتی كەوتن و چەكی شەرەف و پارێزگاری لە نیشتمانیان لە شان ناو سینگیان كردە قەڵغان و پەرژین بو كوردستان.

لە ماوەیەكی كەمدا سەفی پێشمەرگایەتی بە رۆڵە ئازا و گیان فیداكانی كوردستان شكل و رەنگی گرت و لە هەموو ناوچەكانی كوردستان دەست كرا بە بەرنگاری و خاكی پیرۆزی كوردستانیان كردە گۆرستانی هێزە داگیركەرەكانی خومەینی.

لەم قۆناخەی شۆرشدا كەم نەبوون ئەو كەسانەی تەمەنیان زۆر و بە جەستە لاواز، بەڵام پڕ بوون لە وورە و باوەر بە رزگاری گەل و نیشتمان، وە رێگەی پڕ هەوراز و نشێوی شۆرشیان بۆ لاو و كەم تەمەنەكان پاك دەكردەوە و خەت و رێبازی كوردایەتیان بە نووكی نێزەكانیان دەكێشاو لاوەكانی كوردستانیان لە سەر باردەهێنا.

قەدیمیان گووتوویانە تا تەمەن بەرەو سەر دەچێ، مرۆڤ زیاتر دەسپیوە دەگرێ و ژیانی لا شیرینتر دەبێ، بەڵام زۆربەی بەتەمەنەكانی وەڵاتی ئێمە نەك هەر دەسیان پێوە نەگرت بەڵكوو بۆ ئەوەی ژیانێكی ئاسودە بۆ نەوەكانی دوای خۆیان دەستەبەر بكەن، حازر بوون بە گیان قوربانی بدەن و بە خوێنی خۆیان رێبازی سەربەستی بكێشن.

یەكێك لەو مرۆڤە نمونانەی مەبەستمانە شەهید سەید برایمی نەبیزادەیە. سه‌یید برایم، كە بینی خومەینی هێزەكانی خۆی ناردۆتە سەر كوردستان و شەلم كوێرم ناپارێزم خەریكی كوشت و بڕه‌و، شار و ناوچەكانی كوردستانە و لە تێكڕای ئەو ناوچانەكان جینایەت دەخولقێنێ، پاییزی 1358له‌ ناوچه‌ى كرماشان و جنوبى كوردستان،دێتە ریزی پێشمەرگاكانی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران و چەكی پر شانازی پێشمەرگایەتی لە شان دەكا.

شەهید سه‌یید برایمی نەبیزادە لە ماوەی 8 ساڵ پێشمەرگایەتی خۆیدا لە چەندین جەنگی قارەمانانەی وەك شەڕی 38 رۆژەی شاری بانە بەشداری كردوەو لە كاتی بە جێ گەیاندنی ئەركی پێشمەرگایەتی كەسێكی زۆر بەبڕشت و بڕیار بووەو زۆر بە سەداقەتەوە كاری كردوە.

مام سەید برایم پێشمەرگەی قارەمان و كۆڵنەدەری سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران، شەوی سێ شەممە 2ی بەفرانباری 1365 كۆچی خۆری لە تەمەنی 70 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی سینەپەهلو لە نێو هاورێكانی دا چاوەكانی لێكناو بۆ هەمیشە رێبازەكەی بۆ هەڤاڵانی بەجێهێشت و بەرەو دوامەنزڵگەی كە بەهەشتی شەهیدانی كوردستانە، لە شەقەی باڵی دا.

هەزاران سڵاو و درود بۆ گیانی پاكی شەهید مام برایم و  تێكڕای شەهیدانی كورد و كوردستان.

ڕێکه‌وت: 2020-09-17 11:20:24






شه‌هیدانی ڕێگای خه‌باتی کوردایه‌تی

هه‌موو جارێک پۆلێک له‌ شه‌یدانتان پێ‌ده‌ناسێین