2024 Dec Sat
sazmanixebat
KHABAT ORGANISATION
OF IRANIAN KURDISTAN

عــومـــەر بــەهـرامی

 عــومـــەر بــەهـرامی
ناوه‌ندی شه‌هیدانی سازمانی خه‌بات

 یــــــادی ســــەروەری گـــــەل شـــەهـــێد عــومـــەر بــەهـرامی

باسکردن و یادکردنەوەی پێشمەرگە کە گیانی خۆیان کردە قوربانی لە پێناوی گەل و نیشتیمان و  پاراستنی کەرامەتی نەتەوەکەیان ، پێویستە ناو و یادیان دایم بە زیندوویی ڕابگرین وباسیان بکەین و یادیان بکەینەوە . دیارە شەهێد نەمرە ، بەڵام بۆ ئەوەی داییم لە بەر چاومان بن و زیندووتر ڕایان بگرین و پشتاوپشت نەوەکانیشمان شانازییان پێوە بکەن و هەتا هەتایە یاد و ناویان لە دڵماندا بمێنێ ، پێویستە بە هەر شێوەیەک کە بۆمان دەگونجێ رێز لە خۆیان و بنەماڵەی بەرێزیان بگرین ، چون ئەوان بوون کە بە خوێنی خۆیان توانییان ئەم ڕۆژەمان بۆ بێننەدی ، کە ئێستا هەمووی جیهان شانازی بە قارەمانەتی پێشمەرگەوە دەکەن .

 ئەمڕۆ بۆ یاد کردنەوە لە شۆرەلاوی کورد کاکە عومەری بەهرامی دەچینە ناوچەی بانە بۆ بۆیەنی خواروو بۆ بناری گردە کەروێشکان بۆ سەر گۆڕی ئەم شەهێدە نەمرە ، لێرە لە سەر گڵکۆی کاکە عومەر چەپکە گوڵێکی سوور دادەنێین و سەری رێز و لە بەرانبەریدا دادەنەوێنین . شەهێد عومەر کوڕی مام رە‌حمان لە بنەماڵەیەکی دەست کورت و هەژاری گوندێ بارەوەران  سەر بە شاری بانەی قارەمانپەروەر چاوی بە دنیا هەڵهێنا ، دوای لە دایک بوونی کاک عومەر زۆری نەخایاند کە دایکی کۆچی دووایی کرد و بە رەحمەتی خودا چوو ، عومەری کۆرپەلە زۆر زوو لە نازی دایک بێبەش بوو ، مام رەحمان کە خێزانەکەی لە دەست چوو، لە بارەوەران ماڵی بارکرد و چونە شاری بانە ، لە بانە بۆ ئەوەی منداڵەکەشی لە دەست نەچێ مەجبوور دووبارە ژن بێنێ ، دیارە هەمو لایەکمان دەزانین باوەژن یا بە گوتەیەکیکە زردایک لە سەدا ئەگەر یەکیان باش بێت ، ئەویش  عومەری بێ شانس بەر ئەو یەکە نەکەوت . بە داخەوە کاک عومەر پشت گوێ خرا و هیچ  پێی رانەدەگەییشتن ، بە هەر داماوییەک بوو ژیانی بردە سەر و وردە وردە خۆی پێگەیاند ، شەهیدی نەمر کاک عومەر لە زۆر بارەوە وەک هاوتەمەنەکانی خۆی نەبوو، لە زۆر بارەوە هەستی بە کەم و کووری دەکرد ، لە عاتیفە و خۆشەویستی بێ بەش بو ، بە کەیفی خۆی نەیتوانی بخوێنێ ، بە هۆی نەداری بنەماڵەکەیەوە لە هەموو پێداویستییەکی ژیان بێ بەش بو ، ئەم کەم و کووریانە بووە ئەزموونی ژیان بۆی ، هەر ئەوە بو کە کۆڵی نەدا و بە تەمەنێکی کەمەوە خۆی خستە ژێر باری  زەحمەت بۆ ئەوەی بتوانی بژێوی خۆی پەیدا بکا و لە هەمانکاتدا یارمەتییەکی بنەماڵەکەشی بدا ، کاک عومەر تا پۆلی پێنجی سەرەتایی توانی بخوێنێ ، بە هۆی ئەو بی ئیمکانیەتییەی باسمان کرد نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات . ماوەی چەند سالێک بە شاگردی دوکان ، نۆک فرۆشی و کاری کاسەکێشیەوە خەریک بووە تا شۆرشی گەلانی ئیران دژی رژێمی ئیستیبدادی پەهلەوی دەستی پێ کرد و شای ئیرانیان دەربەدەر کرد . جمهووری ئیسلامی بە رێبەرایەتی خومەینی خوێنرێژ  و مێشک وشک ودار و دەستەکەی لە ئیراندا دەسەڵاتیان گرتە دەست و دوای ماوەیەکی کەم کە جێ قوونیان بە باشی گەرم نەببوو ، خومەینی دەستووری جیهادی بۆ سەر گەلی کورد دا ، ئەو گەلەی کە لە سەردەمی دەسەڵاتی شوومی رژێمی پێشووشدا قەتی خێر و خۆشی نەدیبو ، تازە خەریکبو تامی ئازادی بچێژێ کە کەوتە بەر هێرشی داگیرکەران ، هەر ئەوەش بو کە کاک عومەر و هەزارانی وەک ئەو هاتنە مەیدان و چەکیان هەڵگرت دژی رژێمی خومەینی .

سەرەتا شەهید عومەر کە چەک هەڵدەگرێ دەبێتە پێشمەرگە لای سەرهەنگ سمکۆ عەلی یار ، زۆر باش لە بیرم نییە کە چۆن و بە چ شیوەیەک پیوەندی بەوەوە کردبو ، سەرهەنگ سمکۆ ، سەرهەنگێکی  رژێمی پێشو بوو کە هێندێک چەک و چۆڵەی پەیداکردبو و چەند پێشمەرگەیەکی هەبو کە یەک لەوانە کاک عومەر بو ، ئەو کاتە ئیمە وەک دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەدین حسینی کارمان دەکرد کە بنکەی سەرەکیمان لە کانی مامر لە بناری سوورکێو ناوچەی بانە بوو ، لەوێ لە نزیک خۆمان شوێنێکمان دابو بە سەرهەنگ سمکۆ کە لێی بمێننەوە ، دوای ماوەیەک کە شەهید عومەر زانی هەموو رفیقەکانی لە گەڵ دەفتەری مامۆستان ، ئەویش خۆی پێ رانەگیرا و  لە ئەوەڵ مانگی هاوینی  ساڵی ١٣٥٨ دا سەرهەنگی بە جێ هێشت و هاتە ناو ریزی قارەمانانی ئەو دەمی دەفتەری مامۆستاوە ، سەرهەنگ عەلی یار شەهێد عومەری زۆر خۆش دەویست و کاک عومەر خۆشی زۆر جەوانێکی دەست پاک ، رووخۆش و لە سەر خۆ بوو ، ئەو کەڵەشینکۆفە پێنج بزمارەی کە سەرهەنگ دابوویە  ، سەرەڕای ئەوەش کە بە جێشی دەهێشتن پێشکەش بە کاک عومەری کرد ، تا ئەو کاتەش کە شەهید بو ، هەر ئەو چەکەی پێ بو . کاک عومەر کە پەیوەندی کرد بە دەفتەری مامۆستاوە سەرەتا دایان بە  هێزی مەریوان کە ئەو کاتە سیرووس مەریوانی (سیرووسی رەوشەنی ) سەرپەرەستی ئەو هێزەی دەکرد ، هەر لەو سەروبەندەدا بوو کە هێزی مەریوانی حیزبی دیموکرات کۆمەڵێک چەک و تەقەمەنی کە دەفتەری مامۆستا  لەناوچەی مەریوان داینابو  لە لایەن ئەو جەماعەتەوە دەستی بە سەردا دەگیرێ ، ئەوە بوو هێزی دەفتەری مامۆستا لە ناوچەکانی ترەوە رویانکردە مەریوان بۆ وەرگرتنەوەی ئەو چەکانە ، شەهێد عومەر یەکێک بوو لەو پێشمەرگانەی کە ئەو ئەرکەیان پێ سپێردرابو ، زۆر چالاکانە ئاخرین فیشەکیان لێ ساندنەوە. 

 لە ساڵی ١٣٥٨ دا کە دەفتەری مامۆستا چەند هێزی بۆ شەر لەبەرانبەرهیزەکانی رژیم بۆ ناوچەی سنە و کامیاران نارد ، کاک عومەر وەک پێشمەرگەیەک لە گەڵ یەکێک لەو هێزەانە چووە ناوچەی کامیاران و ماوەیەک لەوێ لە جەولەی سیاسی و نیزامیان دەکرد، لە گوندەکانی خامسان، دێگولان، نەجەفاوا و گوندەکانی دەوروبەری کامیاران و بەشداری لە چەند چالاکی نیزامیدا دژ بە داگیرکەرانی کوردستان کرد لە سەر رێگای سەرەکی کامیاران بۆ سنە  . دوای ئەوەی لە ناوچەی کامیاران هاتەوە بۆ بانە ، ناردرایە پەلی خاڵە عەلی (عەلی حاجی عەتتار)  و زۆری پێ نەچوو کە شەری سێ مانگە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێ کرد و لە بەهاری ساڵی ١٣٥٩ دا لە سەرەتای مانگی بانەمەر ئاگری ئەو شەرە داسەپاو و مالوێرانکەرە  ناوچەی بانە و بە تاییبەت ناو شاری بانەی خۆراگریشی گرتەوە ، شەری ناو شاری بانە ٣٧ رۆژ درێژەی کێشا کە ماڵوێرانییەکی زۆری لی کەوتەوە  و خەسارەتێکی زۆر بەر شارەکە کەوت و خەڵکێکی زۆری بێتاوان شەهید و بریندار بوون . بە هۆی ئەو داپلۆسینە کووێرانەی داگیرکەران کە زۆر بێرەحمانە هیچ شوێنیکیان نەدەپاراست نە مزگەوت و نە بیمارستان ، خەڵکەکە ناچار پەنایان بردە بەر گوندەکانی دەورووبەری شارەکە و تێکرا ئەوەی کە توانی بروا چوونە ئاوایییەکان تا شەرەکە هێواش بووەوە .

 تازە چەند رۆژێک لەو  شەرە داسەپاوە گوزەرابو کە هێزی پێشمەرگە بریاری گرتنی پادگانی بانەیان دا ، لەو بەرنامە و پلانەدا ئێمە لکی خاڵە عەلی وەک هێزێکی پشتیوانی لە دەوروبەری سەوغانان لە بن تەلدرووی پادگاندا کە کرابوینە گرووپی سێ کەسی ، گرووپەکەی ئیمە لە کەریم کاک ئەبووبەکر سەحرایی و شەهێد عومەر  پێکهاتبو کە دەبو ئێمە جارجار تەقە لە سەنگەرەکانی پادگان بکەین بۆ ئەوەی بە خۆمانەوە سەرگەرمیان بکەیێن تا گرووپی هێرشبەر لە شوێنی دیاریکراوی خۆیانەوە بچنە ناو پادگان . جار جار تەقەیەکمان دەکرد تا لە کاتژمێر هەشتی شەودا شەر بە گەرمی لە هەموولایەکەوە دەستی پێ کرد ، لە پادگانەوە کوێرانە بە تۆپ و خومپارە و هەموو جۆرە چەکێک ناوشاری بوردوومان دەکرد سەرەرای ئەوە بە فرۆکەی فانتۆم بۆمبابارانی دەکردین ، بە داخێکی گرانەوە لە کاتژمێر هەشت و سی دەقیقەدا خومپارەیەکی دوژمن کەوتە ناومان و پارچەیەکی خومپارەکە بەر پشتەسەری کاک عومەر کەوتبو ، کاک عومەر برینەکەی سەخت بوو بە پەلە گەیاندمانە بیمارستان ، هەر زوو کە بەرێز مامۆستا شێخ جەڵال خەبەری بریندار بوونی کاک عومەر دەبیستێ خۆی گەیاندە بیمارستان ، بەرێز مامۆستا زۆر بە پەرۆش و نگەران بو کە عومەری جوانی دی کە زامەکەی سەختە ، دوای ماوەیەکی کەم کاک عومەر بە هۆی سەختی برینەکەییەوە لە نەخۆشخانە شەهید بوو، بەرێز مامۆستا کەمێک رێنمایی و دڵنەوایی کردین و هەر ئەو شەوە جەنازەی پیرۆزی کاک عومەرمان گواستەوە بۆ بۆیەنی خووارو ،بە زۆری شەهیدانی ئەو ماوەی شەری شاری بانەمان دەهێنایەوە بۆیەنی خووارو .

لە گۆرستانی بۆیەن لە بناری گردەکەروێشکان بە بەشداری جەماوەری گەلەکەمان شەهید عومەری جوانەمەرگمان بە خاکی پیرۆزی نیشتیمان ئەسپارد . هەزاران هەزار دروود و رەحمەتی خودا بۆ رۆحی پاک و بێگەردی کاک عومەری جوانەمەرگ و هەموو شەهیدانی سوورخەڵاتی گەلەکەمان ، سڵاو بۆ رێبوارانی رێگا پیرۆزەکەی شەهیدی نەمر کاک عومەر و سەرکەوتن بۆ گەلی قارەمانی کورد لە هەمووی کوردستان . 


4 years and 3 months and 3 days and 19 hours and 26 minutes ago

عــومـــەر بــەهـرامی

عــومـــەر بــەهـرامی
ناوه‌ندی شه‌هیدانی سازمانی خه‌بات
ناوه‌ندی شه‌هیدانی سازمانی خه‌بات
ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌بات
ناوه‌ندی شه‌هیدانی سازمانی خه‌بات

Special pages of the website

Contacts


If you need to get in tuch with us, use our emails and our phone numbers.
Our phone number in Sweden.
0046723225508

Our organisations


Youth

-Women

-Student

-IT