__ بە کوژرانی کۆڵبەرێکی کورد ئاماری قوربانیان لەسەرەتای ئەمساڵەوە گەیشتە ٢٣ کەس
__ مردنی گوماناوی کچێکی خوێندکاری زانکۆی ئازادی مەهاباد
__ لەبانە کۆبوونەوەیەک بۆ پشتیوانی لەژینگە و ئاژەڵەکانی کوردستان بەڕێوە چوو
__ برینداربوونی هاووڵاتیێکی سەقزی بە هۆی تەقینەوەی مین
__ نیگەرانی وڵاتانی عەرەبی کەنداو لە رێکەوتننامەی ناوکەیی
__ هێرشی گاردی تایبەت بۆ سەر زیندانیانی بەندی 18ی زیندانی ئەوین
__ لە یەمەن حوسییەکان گەورەترین شکستیان خوارد
بە کوژرانی کۆڵبەرێکی کورد ئاماری قوربانیان لەسەرەتای ئەمساڵەوە گەیشتە ٢٣ کەس
کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی یەکیک لەناوچەکانی شاری پیرانشار دوای دوو رۆژ مانەوەی بە برینداریی لەنەخۆشخانە گیانی لەدەست دا. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمرۆ چوارشەممە کۆڵبەرێکی خەڵکی ناوچەی پیرانی پیرانشار بە ناوی سیامەند ئەحمەدی لە نەخۆشخانەی ورمێ گیانی لەدەست دا.سەرچاویەکی ئاگادار باسی لەوە کرد، ئەو کۆڵبەرە کوردە ماوەی دوو رۆژ لەمەوبەر بە تەقەی راستەخۆی هێزە حکوومەتیەکانی ئیسلامی ئێران لەناوچەی سنووری پیرانشار بریندار و بۆ چارەسەری پزیشکی رەوانە نەخۆشخانەی ورمێ کرابوو. سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، سیامەند ئەحمەدی سەرەتا رەوانەی نەخۆشخانەی شاری پیرانشار کرابوو و دواتر بە هۆی قوورسی برینەکەیەوە بۆ ورمێ راگوێزرابوو.بە وتەی جەند کەسی ئاگادار، سیامەند تەنیا کەلوپەلی بەرقی پێ بووە و پاش بریندار کرانی هێزە نیزامییەکان دەستیان بەسەر کەلوپەلەکەشیدا گرتووە. بە پێی ئەم راپۆرتە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ٢٣ کۆڵبەری کورد لەلایەن هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دراونەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە کۆی گشتی ئەو رێژەیە ١٢ کۆڵبەر کوژراون و ١١کەسی دیکەش بریندار کراون.
مردنی گوماناوی کچێکی خوێندکاری زانکۆی ئازادی مەهاباد
کچە کوردێکی خوێندکاری زانکۆی ئازادی مەهاباد سەر لە بەیانی ئەمرۆ پێنجشەممە 25ی پووشپەر بە مردوویی لە ماڵە خوێندکارییەکەیدا دۆزرایەوە. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، کچە خوێندکارێکی خەڵکی میاندوئاو بە ناوی، ئا، ع ، تەمەن 25 ساڵ، خوێندکاری بەشی حقوقی زانکۆی ئازادی مەهاباد بە شێوەێکی گۆماناوی گیانی لە دەست داوە. بە پێی ئەم راپۆرتە، ناوبراوو هاورێ لەگەڵ سێ کچە خوێندکاریتردا لە ماڵێکی کرێ لە شارەکی بەهارستانی مەهاباد نیشتە جێ بووە و سەر لە بەیانی ئەمرۆ لە ماڵەکەی بە مردوویی دۆزراوەتەوە. جێگەی باسە کە تاکوو ئێستا چەندین کچە خوێندکاری کورد بە شێوەی گوماناوی گیانیان لە دەست داوە و هەتا ئێستاش هۆکاری ئەو مردنانە روون نەبووەتەوە.
لەبانە کۆبوونەوەیەک بۆ پشتیوانی لەژینگە و ئاژەڵەکانی کوردستان بەڕێوە چوو
ئەندامانی کەمپەینی " پشتیوانی لەکیسەڵەکان" و ژمارەیەک ژینگەپارێز کۆبوونەوەیەکیان لە پیرمرای شاری بانە بۆ پشتیوانی لەئەو جۆرە ئاژەڵانەی کە لەئاگرکەوتنەوەی دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان لەناو دەچن بەڕێوە برد. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، کۆبوونەوەکە ٢٣ی پووشپەڕ، لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی پاژین لەپیرمرای شاری بانە بەرێوەچوو و تێیدا داوا لەخەڵک کراوە کە پشتیوانی لەکەمپەینی "هاوخەمی لەگەڵ کیسەڵەکان" بکەن. دەوترێت کە کۆبونەوەکە بە مەبەستی مەحکووم کردنی ئەو ئاگرکەوتنەوانەی کە بە ئەنقەست روو دەدەن وەرێ خرابوو. ناساندنی ئەنجامدەرانیئاگرکەوتنەوەکەن، هەوڵی زیاتری ستادی ئاگرکوژێنەوە، دابین کردنی ئیمکاناتی زیاتر و دانای بنکەی ئاگرکوژێنەوە، قەرەبووکردنەوەی زیانەکان، پێکهێنانی کۆمیتەیەکی زانستی ــ توژینەوەیی بۆ رووبەڕووبونەوەی ئاگرکەوتنەوەکان و هۆکارەکانی لەداوکارییەکانی ئەندامانی کەمپینەکە بووە.نەبوونی کەرەستەی پێویست بۆ کونتڕۆڵی ئاگرکەوتنەوە لەزۆربەی ناوچەکانی کوردستان خەسارێکی قەرەبوونەکراوی بە ژینگەی کوردستان گەیاندووە.
برینداربوونی هاووڵاتیێکی سەقزی بە هۆی تەقینەوەی مین
حەیات رەشیدیان شارۆمەندی تەمەن 50 ساڵ بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوو. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 24ی پووشپەری 1394، حەیات رەشیدیان خەڵکی گوندی جافرخانی سەقز بە هۆی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار بوو. بە پێی ئەم راپۆرتە، ناوبراوو لە ئێستادا لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری وردی پزیشکانە و باری تەندروستی ناوبراوو ناجێگیر راگەێندراوە. جێگەی باسە کە بریندار بوونی ئەم شارۆمەندە سەقزیە لە کاتێکدایە کە ساڵانە بە هۆی رووداوی تەقینەوەی مینی بە جێ ماو لە دەورانی شەری هەشت ساڵی نێوان عێراق و ئێران بە دەیان هاووڵاتی لە ناوچە سنووریەکان دەبنە قۆربانی. ئەمە لە کاتێکدایە کە هیچ هەوڵێک لە لایەن رژێمەوە بۆ پاککردنەوەی ئەو ناوچانەی کە مین رێژ کراون نادرێت و هەر وەها رۆژانە خەڵکی مەدەنهی بە تایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان دەبنە قۆربانی.
نیگەرانی وڵاتانی عەرەبی کەنداو لە رێکەوتننامەی ناوکەیی
رێکەوتننامەی ناوکەیی نێوان رژێمی ئاخوندی و شەش وڵاتی زلهێزی جیهان نیگەرانی وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەی لێ کەوتەوە. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، دوای ئەوەیکە شەش وڵاتی زلهێزی جیهان لەگەڵ رژێمی ئاخوندی لەمەر بەرنامە ناوکەییەکەی ئەو رژێمە گەیشتنە رێکەوتن،/ زۆربەی وڵاتانی عەرەبی کەنداو و ئیسرائیل نیگەرانی خۆیان لەمەر ئەو رێکەوتننامەیە دەر بری. بە پێی ئەم راپۆرتە، وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت عەرەبستان نیگەرانی ئەوەن کە ئەم رێکەوتننامەیە و ئازاد بوونی پووڵە راگیراوەکەی رژێمی ئاخوندی ببێتە پاڵپشتێکی بە هێز بۆ نانەوەی ئاژاوە لە ناوچەکە و پشتیوانیکردنی ئەو رژێمە لە گرووپە تیرۆریستییەکان. جێگەی باسە کە عەرەبستان دوا بە دوای رێکەوتنەکە هۆشداری توندی دا بە رژێمی ئاخوندی.
هێرشی گاردی تایبەت بۆ سەر زیندانیانی بەندی 18ی زیندانی ئەوین
سەعات 10ی سەر لە بەیانی ئەمرۆ پێنجشەممە 15ی پووشپەر جارێکیتر هێزە تایبەتەکانی زیندانی ئەوین هێرشیان کردە سەر زیندانیان. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، سەر لە بەیانی ئەمرۆ پێنجشەممە 25ی پووشپەری 1394، هێزەکانی گاردی تایبەتی ناو زیندانی ئەوین بۆ جارێکیتر هێرشیان کردە سەر زیندانیان.جێگەی باسە کە دوێنی چوارشەممە 24ی پووشپەر، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردبووە سەر زیندانیان و لە سەعاتی 12ی نیوەرۆی مانگی رەمەزاندا تاکوو 1ی شەو زیندانیانیان لە داڵانەکە راگرتبوو و دەستیان دابوە پشکنین کەل و پەلە شەخسییەکانی ئەو زیندانیانە.
لە یەمەن حوسییەکان گەورەترین شکستیان خوارد
هێزە چەکدارەکانی یەمەن بەندەری عەدەن و ناوچەی مەعلای نزیک بەندەرکە کۆنترۆڵ دەکەنەوە و حوسییەکان لەو ناوچانە وەدەردەنێن.بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، هێزە چەکدارەکانی سەر بە عەبد رەبە مەنسور هادی سەرۆکی یەمەن، رۆژی چوارشەممە 24ی پووشپەری 1394، رایانگەیاند، کە توانیویانە بەندەری عەدەن و ناوچەی مەعلا کۆنترۆڵبکەنەوە.ئەو پێشڕەوییانەی هێزە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی یەمەن داوی ئەوە دێت، کە رۆژی سێشەممە23ی پووشپەر فڕۆکەخانەی نێودوەڵەتی عەدەنیان کۆنترۆڵکردەوە. کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە بە گەورەترین شکستی حوسییەکانی هاوپەیمانی ئێران دادەنرێت. لە دوو رۆژی رابردوودا هێزەکانی سەر بە حکومەتی یەمەن بە پاڵپشتی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانێتی عەرەبی بە رابەرایەتی سعودیە، هێرشەکانیان بۆسەر بنکە و بارەگاکانی حوسییەکان چڕکردوونەتەوە.