بابەشێخ حسێنی كوڕی مامۆستا سەید جەلالدین یەكێك لە سەركردە دیارەكانی كورد لە كوردستانی ئێرانە، كاك بابەشێخ له شاری بانەی كوردستانی ئێران لەدایك بووه . له تەمەنی ١٦ ساڵیدا بووەته پێشمەرگه لە دەفتەری مامۆستا شێخ عزەدین داو لە دوای دامەزرانی سازمانی خەباتیش درێژەی به كارو چالاكی سیاسیی و پێشمەرگایەتی داوه.
لە زۆربەی جەنگەكانی هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات دژ بە هێزە داگیركەرەكانی رژێمی خۆسەپێنی ئاخونداندا دەوری فەرماندەیی گێڕاوە. له كۆنفرانسی ساڵی ١٩٨٣ی سازمانی خەبات دا كه له شارۆچكه ی ماوەت له كوردستانی عێراق بەستراوه بۆ ئەندامی سەركردایەتی سازمان هەڵبژێردراوه. له كۆنگرەی دووهەمی سازمانی خەبات له ساڵی ١٩٨٦دا، وەك ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و دەفتەری سیاسیی هەڵبژێردراوە، له كۆنگرەی سێهەمی سازماندا كاك بابەشێخ دەوری كاریگەر و سەرەكی هەبوو لە بەستنی كۆنگرەو ئاڵوگۆرەكانی سازمانی خەبات چ وەك گۆرانی ناوی سازمان و چ وەك بەرنامەی سیاسی سازمان لە هێزێكی نەتەوەیی ئیسلامیەوە بۆ نەتەوەیی و نیشتمانی، هەروەها لەو كۆنگرەدا كە ساڵی ٢٠٠٤دا گیرا به سكرتێری گشتیی هەڵبژێرا. لە دوای ئەوە چالاكانە كاری بۆ چەسپاندنی بەرنامەكان كرد، هاوكات لە باری تەشكیلاتی و دیپلۆماسی و تەبلیغاتی و لایەنی دارایی سازمان توانی سازمانی خەبات بەرەو پێش ببات. بەهۆی بەتوانایی و كارامەیی لە بەرێوەبردنی سازمانی خەبات دا، له كۆنگرەی چوارەمیشدا دووباره به زۆرینەی دەنگ بۆ پۆستی سكرتێری گشتیی هەڵبژێردرایەوە.
كاك بابەشێخ حوسێنی له باری نووسین و وەرگێران و توێژینەوەی سیاسیی دا چالاكانه كار دەكاو دەوری باش و بەرچاوی هەیە لە دەركردنی بڵاوكراوەكانی سازمانی خەباتدا. ناوبراو له مەیدانی نیزامی دا، تا ئێستا ٦ جار به سەختی بریندار بووه. هەروەها چەندین جار هەوڵی ترۆر كردنی لەلایەن تیرۆریستانی رژێمی ئێرانەوه دراوه.
ڕێکهوتی بڵاوکرانهوه : 2023-08-17 19:17