لە 30 پووشپەری سالی 1389 کۆچی خۆری بەرانبەر 21 ی ژوئەنی سالی 2010 مامۆستا سەید جەلال حوسەینی رێبەری زانا و فیداکار و ناوداری کورد و دامەزرێنەری سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران لە تەمەنی 82 سالیدا و لە دوای زیاتر لە 62 ساڵ کار و تێکۆشان لە پێناو ئازادی کوردستان کۆچی دوایی کرد. کۆچی دوایی مامۆستا زیان و خەسارەتێکی قەرەبوونەکراوی بە جولانەوەی کورد و...
جەماوەری تێکۆشەری کوردستان!
هۆگرانی رێگەی ئازادی!
ئەندامان و لایەنگرانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران!
لە 30 پووشپەری سالی 1389 کۆچی خۆری بەرانبەر 21 ی ژوئەنی سالی 2010 مامۆستا سەید جەلال حوسەینی رێبەری زانا و فیداکار و ناوداری کورد و دامەزرێنەری سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران لە تەمەنی 82 سالیدا و لە دوای زیاتر لە 62 ساڵ کار و تێکۆشان لە پێناو ئازادی کوردستان کۆچی دوایی کرد. کۆچی دوایی مامۆستا زیان و خەسارەتێکی قەرەبوونەکراوی بە جولانەوەی کورد و بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ئێران بە گشتی و سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران و کورد لە کوردستانی ئێران بە تایبەتی گەیاند. مامۆستا سەید جەلال حوسەینی سیاسەتمەدارێکی راستگۆ و خۆراگر، شۆرشگێرێکی کارامە و یەکێک لە رێبەرە کاریگەر و کەسایەتییە دیارەکانی ناو جولانەوەی کوردستان و جولانەوەی سەرانسەری ئێران بوو کە لە بەر جێگەو پێگەی گرینگی، بە دوای کۆچی دواییدا زۆربەی رێبەرانی هێزو لایەنە سیاسیەکانی چوار پارچەی کوردستان و هەروەها بەرێز مسعود رەجەوی و خاتو مریەم رەجەوی پەیامی هاوخەمیان بۆ سازمانی خەبات نارد و باسیان لە دەوری کارێگەری مامۆستای نەمر، لە سەر جولانەوەی ئازادیخوازی کوردستان و ئێران کردوە. مامۆستا سەید جەلال حوسەینی لە گەڵ ئەوەی دەوری سەرەکی لە دامەزراندنی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران گێرا، لە ماوەی دەسەلاتی شاهەنشایی و دەسەلاتی رژیمی خومەینی، رێبەرێکی کاریگەر بوو کە دەوری بەرچاوی هەبوو لە دارشتنی سیاسەت و هەڵوێستی لێبراوانە لە بەرانبەر حاکمیەتی ئێران و بە تەواوی پێکهاتەی حاکمیەتی ئاخوندانی رەد دەکردەوە پێ وابوو تا ئەو رژیمە لە ئێران حاکم بێ جەماوەری ئێران و کوردستان بە سەرەتایی ترین مافەکانیان ناگەن.
خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان!
مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی لەگەڵ باوەری بە ئایینی ئیسلامی پیرۆز، هەمیشە هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی لە سەر پێکەوە کارکردنی تێکرای بیروبۆچونەکانی کوردستان لە پێناو گەیشتن بە دیموکراسی بەو شێوە بوو کە کوردستان موڵکی تێکرایی هەموو دانیشتوانیەتی و پێویستە بە گشتی لە غەمی داهاتوو و چارەنووسیدا بین. مامۆستا باوەری قووڵی بە ئوسووڵ و بنەماکانی دیموکراسی بوو و هەر لەو چوارچێوەدا بە بەردەوامی داوای یەک دەنگی و یەک هەڵویستی تێکرای لایەنە سیاسیەکانی گۆرەپانی کوردایەتی دەکرد. هەڵوێست و سیاسەتەکانی مامۆستا چ لە پێوەند بە رژیمی دەسەلاتداری ئێران و چ لە پێوەند بە بنەما نەتەویی و ماف و داواکانی گەلی کورد بۆتە هەوێن و چۆڵەچرای رێبازو باوەری رێبوارانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران.
مامۆستای نەمر بە رێبەرایەتی کردنی سازمانی خەبات لە قۆناغە سەخت و چارەنووس سازەکان، ئەو قۆناغ و هەلومەرجانەی کە سەختی و قورسییان گەورەترین هێزی لە بن دەهێنا، بەلام کارامەیی و نەبەزی و خۆراگری جەنابی مامۆستا وای کرد سازمانی خەبات بە سەر کەندو کۆسپە سەخت و قورسەکاندا زاڵ بێ. شارەزایی و لێزانی و سەداقەتی مامۆستا لە کاری سیاسیدا و بڕشتی لە بریاردان لە کاتە حەستەمەکاندا بوونە هۆی ئەوەی کە جەنابی مامۆستا ئیعتبارێکی گەورەی سیاسی بە جولانەوەی سیاسی و ماف خوازی کوردستان ببەخشێ وسازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران وەک هێزێکی خاوەن پرنسیپ و بە بڕشتی سیاسی دەرکەوێ . مامۆستای نەمر فێری دەرسی مقاومەت و خۆراگری کردین و بە شێوەیەک باری هێناین که خەباتکارێکی واقع بین و دور لە هەر جۆرە هەستێکی رەگەز پەرەستی بین. مامۆستای رێبەرو دامەزرێنەری سازمانی خەبات لە هەلومەرجێک و ساتە وەختێکدا کۆچی دوایی کرد کە زۆر دڵخۆش بوو بەوەی گەلی کورد بە مافەکانی دەگاو باوەری تەواوی بەو راستیە هەبوو کە دەسەلاتی نگریسی ئاخوندی هەر دەبێ لە سەر حوکمی وولاتی ئێران برۆن و هیچ مەودایەک بۆ مانەوەی ئەو ستەمگەرانە لەئێراندا وجودی نیە. بەڵی مامۆستای خۆنەویست و نیشتمان وگەل خۆشەویست بەو هومێد زۆرەی کە بە هاتنه دیی ئازادی هەیبوو وبە دەیان وانەی گرینگ کە فێری هاوباوەرانی کرد مالئاوایی لێ کردین و بۆ همیشه ئێمە رێبوارانی رێبازی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران و ژمارەیەکی بەرچاو لە هاونیشتمانیانی کوردستانی غەمبارکرد.
خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان و ئێران!
لە کاتێکدا یادی پێنجەمین ساڵرۆژی کۆچی دوایی رێبەری تێکۆشەر مامۆستاسەید جەلال حوسەینی دەکەینەوە،کە رژیمی ئاخوندی هەر وەک رابردوو درێژە بە سەرکووتی خەڵکی ئێران بە تێکرا و هاونیشتمانیانی کوردستان بە تایبەتی دەداو کەم رۆژ هەیە لە ئێراندا حوکمی ئیعدامی کەسێک یا چەندین کەس جێ بەجێ نەکا.هەروەها تروریزمی رژیمی ئاخوندی و دەست تێوەردانی لە کاروباری ناوخۆیی وولاتانی ناوچەکە پەرەی سەندوەو لە ئێستادا ئاخوندان بە شێوەیەکی بەربلاوتر لە وولاتانی یەمەن،لوبنان،عێراق،و سوریە بە تایبەت و ژمارەیەک لە وولاتانی ناوچەکەدا بە تێکرا دەست تێوەردانی سەربازی دەکاو هێزی سپای پاسدارن بە ئاشکرا بەشداری جەنگی ناوخۆیی لەو وولاتانەدا دەکەن. هەروەها لە دوای رێکەوتنی وولاتانی 5+1 لە گەڵ رژیم جارێکی تر جامی ژهر لە لایەن رێبەری رژیم خورایەوە و لەهەمانکاتیشدا ئێمە پێمانوایە کە ئەو رێکەوتنە رێکەوتنێکی لەرزۆکەو ئەگەری هەیە رژیم پێبەندی بەشێک لە خاڵەکانی نەبێ. لەگەڵ ئەو راستیەی کە رێکەوتنی وولاتانی 5+1 لەگەڵ رژیم لەرزۆکە، بەلام ئاخوندان لەو هەڵە کەڵک وەردەگرن بۆ سەرکووتی زیاتری خەڵکی ئێران و جینایەتی زیاتر بەرانبەر دانیشتوانی کوردستان پەرە پێ دەدەن. سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران باوەری وایە دەسەڵاتداری ئاخوندی پێبەندی هیچ جۆرە رێکەوتنێک نابێ و هەروەها دەست لە هەوڵەکانی بۆ دروست کردنی بۆمبی ئەتۆمی هەڵناگرێ. بێگومان رژیمی ئاخوندی رژیم و دەسەلاتێکی نامەشروعە و بە هیج جۆره رێکەوتن و سازانێک و ئیمتیازدان بە هێزو دەسەلاتە جیهانیەکان و هەرزان فرۆش کردنی سەرمایەی خەڵکی ئێران ناتوانی مەشروعیەت وەدەست بێنی.دەسەلاتی ئاخوندی هەر جۆرە فێڵ و چاوبەستێک لەگەڵ هێزو ناوەندە جیهانیەکان بەکار بێنێ ناتوانێ خۆی لە روخان و لە ناوچوون رزگار بکا. سەرەرای ئەوانەش سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بەدرێژایی مێژووی خەباتی خوی چاوەروانی سیاسەت و ئاڵوگۆری هەڵوێستی دەرەکی نەبووە و خەباتی خۆمان گرێنەداوە بە قەدەر و پێشهاتەکانی نێودەوڵەتی و خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە لەسەر خەباتی رەوای نەتەوەیی و نیشتمانیان تا وەدەستهێنانی سەرجەم مافەکان بەردەوام دەبین و دڵنیایشن سەرکەوتن بۆ خەڵکە و نەمان و رووخانیش بۆ ستەمگەران و دیکتاتورانە.
لە پێنجەمین ساڵرۆژی کۆچی دوایی مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی رێبەری داناو زانا، پەیمانی وەفاداری بە ئامانج و رێبازی نوێ دەکەینەوە کە مامۆستا، لەسەریان پێداگر بوو. رێبوارانی رێبازی سازمانی خەبات خۆیان بە ئەمەک داری رێنوێنی و کردوە نیشتمانی و ئازادیخوازیەکانی مامۆستا دەزانن . درودی بێ پایان بۆ رۆحی سەربەرزی شەهیدانی سوورخەلاتی کوردستان درود بۆ گیانی پاکی مامۆستا سەید جەلال حوسەینی
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
بەرێوەبەری گشتی
بابەشیخ حوسەینی
30ی پووشپەری 1394