حەوت زیندانی کورد رەوانەی زیندانی رەجایی شاری کەرەج کران
حەوت زیندانیی ئایینی کورد بە پێچەوانەی بەندی جیاکردنەوەی تاوانەکان، گواسترانەوە بۆ بەندی حەوتی زیندانی رەجایی شاری کەرەج. بە پێی راپۆرتی هرانا، ئەم زیندانیانە نزیکەی جێژنی قوربانی ساڵی 1393ی هەتاویی لە شاری مەهاباد دەستگیر و پاش لێپرسینەوە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد و ورمێ بۆ بەندی 209ی زیندانی ئێڤین گواسترانەوە. ئەو زیندانیانە بریتین لە “سامان سوڵتانی، چیا سوڵتانی، سلێمانی پیروتی، جەمشید پیروتی، شۆڕش ئاینە بۆکانی، شۆڕش قەهرەمانی دوست و رەحمەت خۆش خاهێش” کە ئێستاکە لە بەندی حەوتی سالۆنی 12ی زیندانی رەجایی شار راگیراون.گەرچی هۆکاری دەستگیر کران و تۆمەتەکانی ئەو زیندانیانە بە وردی و فەرمی باسی لێ نەکراوە، بەڵام خودی ئەو کەسانە دەڵێن هۆکاری دەستگیرکرانیان “پڕوپاگەندەی ئایینی” بووە.جێگای باسە، کاربەدەستانی زیندانی رەجایی شاری کەرەج وێڕای داواکاریی ئەو زیندانیانە و بە پێچەوانەی بنەمای جیاکردنەوەی تاوانەکان، تا ئێستا لە گواستنەوەی ئەو حەوت زیندانیە بۆ سالۆنی 10ی زیندانی رەجایی شار کە تایبەتە بە زیندانیانی سونە مەزهەب، خۆیان بواردووە.
زیندانیەکی کورد بە شێوەی گوماناوی گیانی دا
زیندانیەکی کورد لە شاری ئەیوان غەرب سەر بە پارێزگای ئیلام بە شێوەی گوماناوی گیانی دا.بە پێی هەواڵی زاگرۆس پۆست”، لە ماوەی رۆژانی رابردوو زیندانیەکی ئاسایی لە زیندانی ئەیوانی غەرب بە ناوی “جەواد مزەفەری” تەمەن 18 ساڵ بە هۆیەکی نادیار و گوماناویی گیانی داوە.بە وتەی کەسانێک کە ئەو لاوە دەناسن، باس لەوە دەکەن هیچ کێشەیەکی تەندروستی نەبووە و کاتێ بنەماڵەکەشی پرسیاری هۆکاری گیانلەدەستدانەکەیان لە کاربەدەستانی زیندان کردووە، هیچ وەڵامێکیان پێ نەداونەتەوە.
مامۆستایانی کوردستان و ئێران دەستیان دایە مانگرتن
زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە هەزاران مامۆستا دەستیان دایە مانگرتنی بێ دەنگی.ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی مانگی رەزبەر بە هەزاران مامۆستای کورد و ئێرانی بە نیشانەی ناڕەزایی بە دۆخی نالەباری حەقدەست و بژیوی ژیانی خۆیان و بە مەبەستی پێڕاگەیشتن بە خواستەکانیان، دەستیان دایە مانگرتنی بێ دەنگی.لەو کۆبوونەوە هێمنانانەدا مامۆستایان بە هەڵگرتنی تراکت و پلاکاردگەلێک کە دروشمی جۆراوجۆری لەسەر بوو، ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بە کەمتەرخەمی کاربەدەستانی حکومەتیی بەرامبەر بە دۆخی نالەباری ژیانی توێژی مامۆستایان دەربڕی.
دوو مێرمنداڵی کاراتەکاری کورد لە ڕکابەرییەکانی ئێران سەرکەوتنیان بەدەست هێنا
دوو مێرمنداڵی وەرزشکاری کورد لە ڕکابەرییەکانی کیک جیتسۆ MMA کە لە پارێزگای خووزستان بەڕێوەچووە، توانیویانە میداڵی زێڕ و زیو و بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو برا بە ناوەکانی محەممەد و عەزیز نامدار، پاش ئەوەی کە لە ڕکابەرییەکانی کیک جیتسۆی شاری ئەهوازدا سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە، بۆ هەڵبژاردەی کاراتەی ئێران هەڵبژێردراون.لەو ڕکابەریانەدا هەڵبژاردەی شارەکانی بۆکان و مەهاباد لە ژێر ناوی هەڵبژاردەی کیک جیتسۆی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بەشدار بوون و توانیویانە چەندین میداڵ بەدەست بهێنن.محەممەد و عەزیز نامدار، بۆ هەڵبژاردەی کاراتەی ئێران هەڵبژێردراونهەڵبژاردەی کیک جیتسۆی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لەو ڕکابەریانەدا ٨ میداڵی زێڕ و ٥ میداڵی زیویان بەدەست هێناوە، هەروەها لە ئاستی ئێرانیشدا پلەی دووهەمیان هێناوەتەوە.هەڵبژاردەی شاری بۆکان بە ڕاهێنەریی ئەیوب فەهیمی و هەڵبژاردەی مەهاباد بە ڕاهێنەریی سوهراب و شەهاب هاشمی بووە.محەممەد و عەزیز نامدار، ئەم دوو برا جمکە، پێشتریش لە چەندین ڕکابەریی وەکوو: پاڵەوانیەتی کیک جیتسو (MMA)ی ساڵی ٩٠ ی هەتاوی شاری بۆکان، پاڵەوانیەتی ئێران، پاڵەوانیەتی پارێزگای کوردستان، پاڵەوانیەتی "فوول کیک بۆکسینگی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا" و پاڵەوانیەتییەکانی ساڵی ١٣٩٤ی کەرەج و ... سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە.
شارەوانی کرماشان ٣٠ کرێکاری لەسەر کار دەرکرد
کێشەی ماڵی و دارایی لە بەڕێوەبەری شارەوانی کرماشان دەرکردنی بە کۆمەڵی ژمارەیەک پێرسۆنێلی بە پێشینەی لێکەوتەوە.بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ١٢ی رەزبەر، بەڕێوەبەریی شارەوانی کرماشان بڕیاری دەرکردنی ٣٠ کرێکار و فەرمانبەری لە فەرهەنگسەرای " نجومی" داوە.یەکێک لەو کرێکارانە نەبوونی بودجە و کێشەی دارایی بە بیانوو و بێ بنەما لە قەڵەم داوە و وتوویەتی: من بۆ خۆم ناڕەزایەتیم بەو بڕیارە دەربڕیوە و عەبدولڕەزا شەعبانی بەڕێوەبەریی شارەوانی پێی وتم کە دەتوانی خۆبەخشانە کار بکەی.دەرکردنی ئەو کرێکار و فەرمانبەرانە لە حاڵێکدایە کە بەڕێوەبەری شارەوانی وتوویەتی، هەموو کێشەکان یاسا یەکلایی دەکاتەوە.شارەوانی کرماشان لە ساڵی ١٢٩٩وە چالاکییەکانی خۆی دەست پێکردووە و لە حاڵی حازردا ٥٠ ٠ ملیارد تمەن قەرزدارە و کەسری بودجەی هەیە.
بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی شێعری منداڵان لە ئەیوانغەرب
دووهەمین فێستیڤاڵی شێعری " مناڵ و مەلوچک" بە بەشداریی دەیان بەرهەمی کوردی لە یەکێک لە شارەکانی پارێزگای ئیلام دەستی بەکارەکانی کرد.بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەو فێستیڤاڵەدا کە لە ئەیوانغەرب بەڕێوە دەچێت،٩٠ شاعیر لە ٦ پارێزگاوە بەرهەمەکانیان بۆ بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەکە ناردووە.لەسەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا ژمارەیەک کۆڵارە بە نیشانەی ئاشتی و پێشوازی لە ڕۆژی جیهانیی منداڵان هەڵدراون."دونیا بە پێکەنینی منداڵانەوە جوانە" دروشمی ئەمساڵی حەوتووی منداڵان لە ئێران بووە.پاشان بەرپرسی ئەنجومەنی شێعر و ئەدەبی شارستانی ئەیوان باسی لەوە کردووە کە ئەیوانغەرب وەکوو بنکەی سەرەکیی دەبیرخانەی فێستیڤاڵەکە دیاری کراوە.شاعیرانێک لە پارێزگاکانی کرماشان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، ئیلام، لوڕستان و هەمەدان لە فێستیڤاڵی "مناڵ و مەلووچک"دا بەشدار بوون.پێشتر باس لەوە کرابوو کە ئامانج لە بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵەکە، پاراستن، تۆمارکردن و کۆکردنەوەی شێعر و بەرهەمە ئەدەبییەکانی کوردی، سەرنج و بایەخدان بە ئەدەبیاتی منداڵان و جیاکردنەوەی شێعری منداڵان لە گەورەساڵانە.خوێندنەوەی شێعر لە لایەن منداڵان، ژەنینی مۆسیقا، بەڕێوەبردنی پانێلی زانستی لەسەر شێعر لە بەرنامەکانی فێستیڤاڵی مناڵ و مەلووچک دەبن."مناڵ و مەلوچک" بە واتای منداڵ و چۆلەکە دێت.
لە ماوەی نۆ مانگدا 800 کەس لە ئێران لەسێدارە دراون
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی 10ی ئۆکتۆبر(ڕۆژی جیهانیی خەبات دژی سێدارە) راپۆرتیکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا باسی لە ئەوە کردووە کە ئێران لە جیهاندا پلەی دووهەمی لە بواری رێژەی سێدارە دا هەیە.لە راپۆرتەکدا هاتووە لە ماوەی نۆ مانگی ساڵی 2015دا لە ئێران 791 کەس بە تاوانی جۆراوجۆر لەسێدارە دراون و زۆربەی ئەو کەسانەش تاوانیان بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکان بووە.ڕیکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئەوەشی خستووەتەڕوو تەنیا لە ماوەی وەزری بەهاری ئەمساڵدا 92 هەزار کەس لە ئێران بە تاوانی کڕین و فرۆشی مادە هۆشبەرەکان دەستگیر کراون.بە پێی ئەو راپۆرتە رێژەی لە سێدارەدانەکان لە ئێران لە ماوەی نۆ مانگی ساڵی 2015دا بە بەراورد لەگەڵ نۆ مانگی ساڵی 2014دا لە 34% چوونە سەری بە خۆیەوە بینیوە.لە نێو ئەو 791کەسەدا کە لەسێدارە دراون، لانی کەم 14 ژن بوونی هەبووە و دەوترێت کە نزیک بە 10 کەسیش تەمەنیان لە خوار 18 ساڵ بووە.لە دەوڵەتی حەسەن روحانیدا کە بەدروشمی هیوا و دادپەروەری و ئازادی هاتە سەر کار، ریژەی لە سێدارەدانەکان ڕووی لە زیاد بوون کردووە و ئازادییە رادەربڕینەکانیش زۆر بەرتەسک کراوەتەوە.
یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران لە سوریە کوژرا
“حسێن هەمەدانی” لە فەرماندە باڵاکانی سپای پاسدارانی ئێران، لە سوریە کوژرا.بە پێی راپۆرتی هەواڵنێریی حکومەتیی فارس، حسێن هەمەدان پێنجشەممە 16ی رەزبەر کوژراوە.هەواڵنێریی سپا نیوزیش وێڕای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی کوژرانی حسێن هەمەدانی وەکوو یەکێک لە “فەرماندەکانی دەورانی شەڕی 8 ساڵە، کاربەدەستانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و بەرگریکارانی حەرەم لە پاراستنی حەرەمی حەزرەتی زەینەب و یارمەتی گەیەن و پتەوکەری بەرەی بەرگریی ئیسلامی لە شەڕی سوریە” ناوی لێ بردووە.هەواڵنێریی میزبان، سەر بە دەزگای دادوەریی رژیمی ئاخوندی وتوویەتی ئەو فەرماندە باڵایەی سپا بە دەستی داعش کوژراوە.حسێن هەمەدانی کە پلەی سەرتیپی سپای هەبوو، دەوترێ لە نزیک شاری حەلەبی سوریە کوژراوە.ناوی ئەم فەرماندەیەی سپا بە هۆی سەرکوتی خەڵکی لە کاتی ناڕەزایی دەربڕین و پێشێل کردنی مافی مرۆڤ، لە لیستی ئابڵۆقەکانی یەکێتی ئوروپادا بوو.جێگای وەبیرهێنانەوەیە، حسێن هەمەدانی فەرماندەی شەڕی هێزەکانی سەر بە رژیمی ئاخوندی و ئەو هێزە ئەفغانی و پاکستانیانەی کە لە ژێر سەیتەرەی سپای پاسدارانی رژیمی ئاخوندی بۆ پشتیوانیی لە حکومەتی بەشار ئەسەد رەوانەی سوریە کرابوون لە ئەستۆدا بوو و هەفتەی رابردوو بەهۆی “سەرنەکەوتنی لە مەئموریەتەکانی لە سوریە” لە سەر پۆستەکەی لابرا بوو و کوژرانی لە ئێستادا پێدەچێ لە پیلان و تەسویە حیسابی ناوخۆییەکانی رژیمی ئاخوندی هاتبێتە ئاراوە.
دوایین زانیاری لەبارەی کەوتنەخوارەوەی موشەکەکانی روسیا لەناو خاکی ئێراندا
دوێنێ پێنجشەممە، ئاژانسە هەواڵییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هەواڵی کەوتنەخوارەوەی چوار موشەکی پێشکەوتووی روسی-یان لە ئێراندا بڵاوکردەوە و ئەو دوو وڵاتەش بە فەرمی رووداوەکە رەتدەکەنەوە.ئاژانسی هەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی، بەپشت بەستن بە لێدوانی ئاشتۆن کارتەر، وەزیری بەرگری ویلایەتە یەکگرتووەکان و بەرپرسانی پنتاگۆن، دوێنێ پێنجشەممە، هەواڵی کەوتنە خوارەوەی چوار موشەکی روسیای لە جۆری (کروز کالیبەر) بڵاوکردەوە.ئەمڕۆ هەینی 9ی تشرینی یەکەم، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشتۆن کارتەر وتی: "کۆمەڵێک بەڵگە و زانیارییمان لەبەردەستدابوو کە ئەوەی باسکرا روویداوە، ئەگەر بە راستی رووداوەکە بەو شێوەیە بووبێت، ئەوا مانای وایە کە کێشەیەک بۆ موشەکە رووسییەکان دروستبووە و ناتوانم زانیاریی زیاتر لەوبارەیەوە ئاشکرا بکەم".ئاژانسی هەواڵی ئیرنای ئێران ئەمڕۆ هەینی، ئاماژەی بە کەوتنە خوارەوەی "تەنێکی فڕیو" لە پارێزگای ئازربایجانی باکووری رۆژئاوای ئێران کرد.شایەتحاڵەکان باس لە کەوتنەخوارەوەی تەنێکی فڕیو دەکەن و دەڵێن: "دوای کەوتنەخوارەوەی ئەو تەنە دەنگێکی بەرز بیستراوە و شوشەی ماڵەکانی دەورووبەری شوێنی کەوتنەخوارەوەکەی شکاندووە".ئێوارەی دوێنێ، مۆسکۆ هەواڵەکەی بە توندی رەتکردەوە و جەنەڕاڵ ئیگۆر کوناشنکۆڤ، رایگەیاند، کە هەموو شارەزایان دەزانن، لە کاتی ئەنجامدانی ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانەدا، هەمیشە وێنەی پێش لێدانی ئامانجەکان و دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەکە بەڵگەی سەرەکین، وتیشی: " ئێمە بە پێچەوانەی سی ئێن ئێنەوە، پشت بە سەرچاوەی نادیار نابەستین و بەوردی وێنەی تەواوی پرۆسەکە لە سەرەتای ناردنی موشەکەکانەوە تا پێکانی ئامانجەکانیان بڵاودەکەینەوە". وەزارەتی بەرگریی ئێران، دوێنێ پێنجشەممە، تەواوی هەواڵەکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، کە هیچ زانیارییەکیان لەبارەی کەوتنەخوارەوەی موشەکە کیشوەر بڕەکانی روسیا، لەسەر خاکی وڵاتەکە لەبەردەستدا نییە.سەرچاوەیەک، لە وەزارەتی بەرگریی ئێرانەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی روسیا تودەی راگەیاند، کە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەیەوێت جەنگی دەروونی لەگەڵ روسیادا ئەنجامبدات و ئەگەر زۆرە، کە لە چەند رۆژی داهاتوودا هەواڵی هاوشێوە ببیستین.
ئەگەر رۆژێک جگەرەت نەکێشا چی رودەدات؟
بەپێی بڵاوکراوەیەکی سەرچاوەیەکی دامەزراوەی دڵی بەریتانی، بۆ هاوکاری وازهێنانی خەڵک لە جگەرە کێشان بۆ ماوەی رۆژێک لە رۆژنامەی "ئێکس پرێس" ی بەریتانی باس لە ژمارەی ئەو جگەرانە دەکات کە لەماوەی رۆژێکدا کەسانی جگەرە کێش دەیکێشن و دەڵێت "ئەگەر رۆژانە 13 جگەرە بکێشرێت ئەکاتە 4754 جگەرە ساڵانە".ئەم رێکخراوە پشتیوانی لە وەستانی جگەرە کێشان دەکات و دەڵێت ئەگەر رۆژێک جگەرە نەکێشیت چ گۆرانکاریەک بەسەر لەشت دێت لە ماوەی 24 کاتژمێردا؟دوای 20 خولەک پەستانی خوێن نزم دەبێتەوە تێکرای لێدانی دڵت ئاسای و یەکسان دەبێتەوە .دوای 2 کاتژمێر ئارەزووی جگەرە کێشان دەکەیت و رێژەی نیکۆتینی لەش کەم دەبێتەوە رارای و هەست کردن بە برسێتی زیاد دەکات.دوای 8 کاتژمێر ئۆکسیدی کاربۆن لە خوێنتدا بەرەو کەمبونەوە دەروات و رێژەی ئۆکسجینی خوێنی ئاسای دەبێتەوە و دەگەرێتەوە باری سروشتی خۆی.دوای 24 کاتژمێر ئەگەرەکانی توشبونت بە زەبحەی دڵ کەم دەبێتەوە.دوای 48 کاتژمێر توانای هەناسەدان و هەوا هەڵمژین باشتر دەبێت لە پێشتر و ئارامتر توڕەیت بەرەو کۆتای دەچێت.دوای 3 رۆژ نیکۆتین بە تەواوی لە لەشتدا نامێنێت هەناسەدان ئاسان دەبێت.دوای 3 مانگ سوڕی خوێن خێرا دەبێت و جوڵەی لەش ئاسانتر دەبێت و چوستی سیەکانت دەگاتە لە %30.پاش تێپەربونی 9 مانگ هێز و توانای لەش زیاد دەکات و سییەکانت کرداری پاکردنەوە لە نیکۆتین ئەنجام دەدات و کاریگەری توشبونت بە جیوبی لوت بەرەو کەمبونەوە دەروات.دوای ساڵێک مەترسی توشبونت بە نەخۆشی تەسک بونەی خوێنبەرەکانت بەرەو کەمبونەوە دەروات و فراوان دەبنەوە بە بەراورد لەگەڵ ئەو کاتەی جگەرەت دەکێشا.دوای تێپەربونی 2 ساڵ توشبونت بە نەخۆشیەکانی دڵ بەرەو کەم بونەوە دەروات و دڵ دەگاتەوە باری سروشتی و یەکسانی خۆی.لەدوای تێپەرینی 10 ساڵ رێژەی توشبونت بە نەخۆشی شێرپەنجە و مردن بەم نەخۆشیە کەم دەبێتەوە بە بەراورد لەگەڵ پێشتر.دوای 15 ساڵ تێکرای دڵ ئاسای دەبێتەوە و دەرفەتی توشبونت بە نەخۆشی خوێنبەرەکان و سەکتەی دڵ نامێنێت وەک کەسێک پێشتر جگەرەی نەکێشا بێت.
براوەی خەڵاتی نۆبڵ لە بواری ئاشتیدا راگەیەندرا
ئەمڕۆ 9 ی تشرینی یەکەم لە وڵاتی سوید براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەخشرا بە (ڕێکخراوی دیالۆگی نەتەوەیی تونس(.هۆکاری بەخشینی خەڵاتەکە بەو رێکخراوە دەگەڕێتەوە بۆ رۆڵ و پێگەی رێکخراوی دیالۆگی نەتەوەیی تونس لە بنیادنانی دیموکراسییەکی بنکە فراوان و هەمەلایەنە کە هەموو چین و توێژە جیاوازەکانی تونس تیایدا بەشدار بن لە دوای شۆڕشەکەی ساڵی 2011 لەو وڵاتە.لە پاش ئەوەی کە تیرۆر کردنی کەسایەتیە سیاسیەکان و نەبوونی ئارامی کۆمەڵایەتی ببونە هەڕەشەیەک بۆ سەر هەبوونی دیموکراسی لە تونس، ئەم رێکخراوە لە ساڵی 2013 دامەزرا وەک هەوڵێک بۆ بە زیندووهێشتنەوەی کایەکانی دیموکراسی لەو وڵاتەدا.ئەم رێکخراوە رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە فەراهەم کردنی کەشێکی دیموکراسیانە بۆ سەرلەنوێ دارشتنەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ وڵاتی تونس، دەستوورێک کە گەرەنتی بەخشینی مافە بنەڕەتیەکان بکات بۆ گشت چین و توێژ و رەگەز و ئاین و بیروڕا سیاسییە جیاوازەکان.
مێژووی دابەشکردنی خەڵاتەکانی نۆبڵ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1901 لەسەر وەسێتی ئەلفرێد نۆبل. ئەلفرێد نۆبڵ لە ساڵی 1833 لە وڵاتی سوید لەدایک بووە و لە ساڵی 1896 پینج ساڵ بەر لە جێبەجێکردنی وەسێتەکەی کۆچی دوایی کردووە.نۆبڵ شارەزایی لە بوارەکانی کیمیا و ئەندازیاریدا هەبووە، ئەو بە داهێنانی داینامیت توانی ناوبانگ و سامانێکی زۆر بۆ خۆی کۆبکاتەوە. لە دوایی مردنیشی و لەسەر وەسێتی خۆی، سەروت و سامانەکەی تەرخانکرا بۆ بەخشینی خەڵاتەکانی نۆبڵ کە پێکهاتووە لە پڕێک پارە و مەدالیایەکی وێنەی نۆبڵ و بڕوانامەیەک. هەتا ئێستا 129 کەسایەتی و ڕێکخراوی جیاواز خەڵاتی نۆبڵیان لە بواری ئاشتیدا وەرگرتووە، کە لەنێویاندا 16 ئافرەت هەن. تا ئێستا یەک کەس ئەم خەڵاتەی لە بواری ئاشتیدا رەتکردۆتەوە، هەروەها سێ کەسیش لە زینداندا بوون کاتێک ئەم خەڵاتەیان لە بواری ئاشتیدا بردۆتەوە.
ناسا..لەماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا هەسارەیەک بەر گۆی زەوی دەکەوێت
ئاژانسی ئاسمانی "ناسا"ی نێودەوڵەتی، رایدەگەیەنێت، کە هەسارەیەک ، رەنگە لەماوەی 48 کاتژمیێری کاتژمێری داهاتوودا خۆی بە زەویدا بکێشێت.ئاژانسەکەی روونیکردووەتەوە، قەبارەی هەسارەکە، بە گەورەترین دادەنرێت کە لەماوەی دەیان ساڵی رابردوودا بەر زەوی کەوتبێت، وەک سایتی "ئێکسپرێس"ی بریتانی بڵاویکردووەتەوە.ئاماژە بەوەشدراوە، کە هەسارەکە رۆژی شەمە ئەگەر لە رێڕەوی خۆی لانەدات، دەگاتە زەوی.خێرایی هەسارەکە نزیکەی 40 هەزار میلە لە یەک کاتژمێردا، ئاژانسەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە ناتوانێت بەوردی قەبارەی هەسارەکە دیاری بکات، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە نێوان 0.7 و 1.6 میل چوارگۆشە بێت، بەڵام ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو 15 هێندەی ئەو هەسارە بچووکانە گەورەترە کە رادارەکانی ناسا بەدیان دەکەن.روونیشی کردووەتەوە، ئەگەر ئەو هەسارەیە بەر زەوی بکەوێت، ئەوا زیانی گەورەی نابێت، بەتایبەت کە قەبارەی هێندەی چارەکێک قەبارەی شاخی ئێڤرێست دەبێت.ساڵی پار شارەزایان هۆشداری ئەوەیان دا کە هەسارەیەک بەر زەوی دەکەوێت و رەنگە ببێتە هۆی کوشتنی 1.5 ملیار کەس، بۆ ئەو مەبەستەش ، زانایان رۆژێکیان دیاری کرد بۆ هۆشداریدان لە مەترسییەکانی پێکدادانی هەسارەکان و گۆی زەوی.