به بۆنه‌ی هاتنی جەژنی نه‌ورۆز و ساڵی نوێی 1396 کۆچی خۆری و 2717 کوردی گه‌رمترین پیرۆزبایی پێشکه‌ش به خه‌ڵکی سته‌م لێکراوی کوردستان و جه‌ماوه‌ری زوڵم لێکراوی
هاونیشتمانیانی تێکۆشه‌ر!
که‌س وکاری سەبەرزی شه‌هیدانی سازمانی خه‌بات و شه‌هیدانی رێگه‌ی ئازادی!
پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌کان!
زیندانیانی سیاسی خۆراگر!
به بۆنه‌ی هاتنی جەژنی نه‌ورۆز و ساڵی نوێی 1396 کۆچی خۆری و 2717 کوردی گه‌رمترین پیرۆزبایی پێشکه‌ش به خه‌ڵکی سته‌م لێکراوی کوردستان و جه‌ماوه‌ری زوڵم لێکراوی سه‌رانسه‌ری ئێران، خانه‌واده‌ی شه‌هیدانی سه‌ربه‌رزی رێگه‌ی ئازادی، زیندانیانی سیاسی خۆراگر، پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌کانی کوردستان و هه‌موو خه‌باتکارانی رێگه‌ی ئازادی له ئێران و کوردستان پێشکه‌ش ده‌که‌م.
نه‌ورۆز و ساڵی نوێ، وه‌رزی نوێبونه‌وه‌ی سروشت جارێکی دیکه هاته‌وه، نه‌ورۆز و به‌هار، که‌رنه‌ڤاڵی مه‌ل و باڵنده‌ی سه‌رمه‌ست، گه‌شانه‌وه‌ی دڵانی سیس و کۆتایی هاتن به‌بێ هه‌ستی و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌و رابوون، و جارێکی دیکه بریاردان بۆ تێکۆشانی به‌رده‌وام و په‌یام نوێ کردنه‌وه به رۆحی شه‌هیدان، به رێبه‌رانمان، به مامۆستا سه‌ید جه‌لال حوسه‌ینی گه‌وره و زانا، بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی بۆ گه‌ل، بۆ نیشتمان، و بۆ ئازادی خه‌بات ده‌که‌ن و له به‌ربه‌ره‌کانێی رژیمی سته‌مگه‌ری ئاخوندی به‌رده‌وامن و فیداکاری ده‌که‌ن.
هاونیشتمانیانی به‌رێز!
ئه‌مساڵ له هه‌لومه‌رجێکدا جێژنی نه‌ورۆز به‌رز راده‌گرین که جیهان و ناوچه‌که به چه‌ندین قه‌یرانی سیاسی، کۆمه‌لایه‌تی و کارساتباری مرۆیی‌دا تێ ده‌په‌رێ. ئه‌و قه‌یران و کێشانه‌ی که ده‌ست کردی مرۆڤه تێ نه‌گه‌یشتوو و ده‌سه‌ڵاته سته‌مگه‌ره‌کان و بیروباوه‌ره چه‌وت و ناپه‌سه‌نده‌کانه. له لایه‌ک رژیمی ده‌سه‌ڵاتداری ئێران ئێعدام و زیندانی کردن و شکه‌نجه‌ی ئینسانه‌کانی کردۆته سه‌ره‌کی ترین شێوه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه به داواکانی جه‌ماوه‌ری ئێران. جیاواز له سته‌م و بێدادی، گرانی، بێ‌کاری و به فیرۆدانی سامانی خه‌ڵکی ئێرانی کردۆته لایه‌نێکی دیکەی حوکمرانیه‌که‌ی. دارایی خه‌ڵکی ئێران بۆ حیزب الله لوبنان بۆ حوسیه‌کانی یه‌مه‌ن و باقی ده‌سته‌و تاقمه ترۆریستیه‌کانی دیکه خه‌رج ده‌کات. فه‌سادی ئیداری و فه‌سادی کۆمه‌ڵایه‌تی تێکڕای دامودەزگاکانی ئێرانی ته‌نیوه‌ته‌وه. ئه‌و سته‌م و ئه‌و بارگرانیه‌ی که ده‌سه‌ڵاتداران به سه‌ر خه‌ڵکی ئێرانیان هێناوه، زۆر زیاتریان به سه‌ر کوردستان و دانیشتوانی دا سه‌پاندوه. سته‌می نه‌ته‌وه‌یی، سته‌می مه‌زهه‌بی، به میلتاریزه‌کردنی کوردستان، سه‌رکوتی بێ به‌زییانه‌ی خه‌ڵک، ئێعدامی لاوان و خاوه‌ن باوه‌رانی بیروبۆچوون و مه‌زهه‌به جیاجیاکان، بوونه دیارده‌و ره‌فتاری هه‌میشه‌یی رژیم و ناوه‌نده سه‌رکوتگه‌ره‌کانی له کوردستاندا.
به‌و پێناسه کورته سه‌باره‌ت به رژیمی ئاخوندی و کرده‌وه‌کانی و مێژووی پر له جینایه‌تی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ئیرتجاعی و دواکه‌وتوه‌و، سه‌رکوتی بێ به‌زییانه‌ی خه‌ڵکی ئێران و کوردستان، وهه‌روه‌هابوونی ئه‌و راستیه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی ئاخوندی هیچ گۆرانێکی به قازانجی جه‌ماوه‌ری ئێران لێ به‌دیی ناکرێ،هه‌ربۆیه ته‌نیا چاره‌سه‌ری خه‌ڵکی ئێران و کوردستان، رزگار بوونیان له ده‌ست سته‌م و چه‌وسانه‌وه، روخانی رژیمی ئاخوندی به تێکڕایی و باندو باڵه‌کانیه‌تی.
بێگومان بۆ هاتنه‌دیی ئه‌و ئامانجه به‌رزه، یه‌کێتی و یه‌کگرتویی ریزه‌کانی خه‌ڵکی ئێران و رێکخستنی ریزی به هێزی خه‌ڵکی وه‌زاڵه‌هاتوه، له هه‌مانکاتدا یه‌کێتی و ته‌بایی و هاوکاریی له نێوان هێزو لایه‌نه سیاسیه‌کانی کوردستانی و هیزه شۆرشگیره ئێرانیه‌کان به تایبه‌ت سازمانی موجاهیدینی خه‌لقی ئیران و شورای میللی مقاومه‌ت کارێکی گرینگه که سازمانی خه‌بات به به‌رده‌وامی داوای یه‌کگرتوویی و هاوده‌نگی کردوه‌و به کرده‌وه‌ش هه‌نگاوی بۆ هه‌ڵێناوه.
هاوباوه‌رانی ریزه‌کانی سازمانی خه‌بات!
تیکۆشه‌رانی رێگه‌ی ئازادی!
سازمانی خه‌بات له ماوه‌یێکی نزیکدا کۆنگره‌ی شه‌شه‌می ده‌به‌ستێ، له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی گرتنی کۆنگره بۆ هه‌ر لایه‌نێکی سیاسی مه‌سئول، ئه‌رکێکی گرینگی سیاسی وته‌شکیلاتیه، له گه‌ل ئه‌وانه‌شدا بۆ سه‌رله نوێ به خۆدا چوونه‌وه‌و کاراترکردنی به‌ش و ناوه‌نده‌کانی سازمانی و ته‌شکیلاتی، پێویست و حه‌یاتیه. سازمانی خه‌بات وه‌ک ته‌شکیلاتێکی هه‌ڵقوڵاوی بیروبۆچوونی کۆمه‌ڵگای کورده‌واری، بۆ به‌ره‌و پێش چوون و زیاتر گه‌شه‌سه‌ندن، پێویستی به توانای هه‌موانه، هیچ که‌س نامۆ نیه به سازمانی خه‌بات و رێبازی شۆرشگیرانه‌و نیشتمانیانه‌که‌ی، سازمانی خه‌بات به‌رهه‌می خۆینی شه‌هیدانی سوورخه‌لاتی گه‌ل، به‌رهه‌می رێبه‌رو تاجی سه‌رمان مامۆستا سه‌ید جه‌لالدین حوسه‌ینی یه، به‌رهه‌می ره‌نج و فیداکاری دانه دانه‌ی کادرو پێشمه‌رگه‌و ئه‌ندام و دۆستانی سازمانه که هه‌ر کام به پێی توانا و ئه‌وه‌نده‌ی بۆیان کراوه‌و بۆیان لواوه ره‌نجیان داوه‌و دڵسۆزیان له خۆ نیشانداوه هه‌ر له به‌ر ئه‌وه سازمانی خه‌بات ئی هه‌مووانه‌و بۆ هه‌موانه.
سازمانی خه‌بات، کوردایه‌تی و تێکۆشانی ئازادیخوازی به خۆێنی پۆلێک له باشترین رۆله‌کانی کوردستان درێژه پێ داوه، به نه‌به‌زی و قاره‌مانی که‌م وێنه له به‌رانبه‌ر رژیمی ئاخوندی و پیلانه‌کانی وێستاوه‌ته‌وه‌و هیچ هه‌ره‌شه‌یه‌ک و هیچ که‌ندو کۆسپێک کاری نه‌کردۆته سه‌ر وره‌ی خه‌باتکارانه‌و شۆرشگیرانه‌ی. بێگومان رۆله‌کانی سازمانی خه‌بات له خزمه‌ت ئامانجی کورد و شۆرشی حه‌قخوازانه و له به‌رانبه‌ر رژیمی سه‌ره‌رۆی ئاخوندیدان، به‌ڵام نابێ ئه‌و راستیه‌مان له بیربچێ که ئێمه ده‌بێ دڵسۆزانه له خزمه‌ت سازمان و رێبازی شه‌هیداندا بین. کوردایه‌تی و خزمه‌تی نیشتمان ئه‌رکێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی هه‌ر تاکێکی دانیشتووی نیشتمانه‌و ناتواندرێ ئه‌و مافه له که‌س وه‌ستێندرێ، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له ریزی سازمانی خه‌باتدان ده‌بێ باوه‌ری قووڵیان به رێبازی سازمانی خه‌بات و کارکردن تیایدابێ، خه‌باتیه‌کان پێ به‌ند بوون به به‌رنامه‌کانی سازمان له ئه‌رکه سه‌رکی و نه‌گۆره‌کانیان بێ. سازمانی خه‌بات سه‌رمایه‌ی مه‌عنه‌وی سیاسی و هومیدی دوارۆژی کورد به‌گشتی و هه‌موو خاوه‌ن باوه‌رانیه‌تی، هه‌ر بۆیه ده‌بێ وه‌ک بیلبیله‌ی چاو وه‌ک هێمای شۆرش و ژیان و رێگه‌و ده‌لاقه‌یه‌ک بۆ گه‌یشتن به رزگاری و پیشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگاو نیشتمان، کاری بۆ بکه‌ین و بیپارێزین.
به‌ڵێ، ده‌بێ به ئیمان به سه‌رکه‌وتن و به بریاری لێبراوانه، ساڵی نوێ بکه‌ینه ساڵی چالاکی و تێکۆشانی چه‌ند به‌رابه‌ر له ناوخۆی کوردستان و کۆنگره‌ی شه‌شه‌م بکه‌ینه سه‌رتایه‌کی نۆی بۆ هه‌رچی زیاتر خزمه‌ت کردن به گه‌ل و نیشتمان و شۆرشی حه‌قخوزانه‌و له به‌رانبه‌ر رژیمی ملهوری ئاخوندی، تا روخان و کۆتایی هاتنی ئه‌و رژیمه سه‌ره‌رۆیه، ئه‌وکات کوردبه مافه‌کانی ده‌گات و خه‌ڵکی ئێرانیش له ده‌ست بێ عه‌داله‌تی رزگاریان ده‌بێ.
به بۆنه‌ی نه‌ورۆز و ساڵی نوێ داوا له حیزب و لایه‌نه‌کانی کوردستانی ئیران ده‌که‌م که هه‌موو پێکه‌وه هه‌وڵی جیددی بده‌ین بۆ کاری هاوبه‌ش، بۆ پێکهینانی رێبه‌ریی هاوبه‌ش، تا جوڵانه‌وی مافخوازانه‌ی خه‌ڵکی کوردستان چالاکتربکات. جوڵانه‌وه‌ی مافخوازانه‌ی کوردستان له ئێستادا پێویستی به رێبه‌ریه‌کی یه‌ک ده‌ست هه‌یه. ئه‌و رێبه‌ریه به رێکه‌وتن له نێوان لایه‌نه‌سیاسیه‌کان پێکبهیندرێ. ئه‌و رێبه‌ریه ده‌کرێ له کومیته‌یێکی چه‌ند که‌سی له نوێنه‌رانی لایه‌نه‌سیاسیه‌کان پێک بێ، و رێبه‌ری بۆ دیاری کرێ و هه‌موولایه‌نه به‌شداره‌کان ئه‌ندامیان له کومیته‌ی رێبه‌ریدا هه‌بێ. بوونی رێبه‌ری جوڵانه‌وی مافخوازانه‌ی کوردستان به شێوه‌یه‌ک که بتوانێ وه‌ک نوێنه‌ری فه‌رمی بێ، روو له ناوخۆ و به رووی جیهانی ده‌ره‌وه‌دا، زمانی شۆرش و بریارده‌ری پرسه حه‌سته‌م و سه‌ره‌کیه‌کان بێ. گومان نیه تا جوڵانه‌وه‌ی مافخوازانه‌ی کوردستان یه‌ک ده‌نگ و یه‌ک بریار نه‌بێ و هه‌ر وه‌ک ئێستا به په‌رته‌وازه‌یی بمێنێته‌وه، به‌ره‌و پێش ناچێ و ئامانج ناپێکی.
به هومێدی ئه‌وەی نه‌ورۆز و ساڵی نوێی 1396 کۆچی و ساڵی نوێی کوردی هه‌رچی به شکۆتر له لایه‌ن هاونیشتمانیانی کوردستان به‌رێوه بچێ، چونکه نه‌ورۆز چه‌قلی چاوی داگیرکه‌ران و دژمنانی مرۆڤایه‌تیه‌و ئاگره‌که‌ی، سوتێنه‌ری دوژمنانی ئازادی به تایبه‌ت رژیمی ملهوری ئاخوندییه‌و له هه‌مانکاتدا وه‌ک هێمای به‌رخودان وشۆرشه دژ به سته‌مگه‌ران وحاکمه خۆینڕێژو حه‌ق نه‌بیسته‌کان، هه‌ر بۆیه داواکارم به باشترین و به شکۆترین شێوه به‌رێوه بچێ.
پیرۆز بێ ساڵی نوێ و جێژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆز
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
بەرێوەبەری گشتی
بابەشێخ حسێنی
28 ی رەشەمەی 1396