نەورۆز جێژنی نەتەوەیی و سەرەتای ساڵ و وەرزی نوێ بوونەوە و هێمای ژیانەوە و پێکەوەبوون، وەک میوانێکی ئازیز سەری لە نیشتمانی کوردان،، کوردستانی داگیرکراو،، دایەوە.
جەماوەری خۆراگر و قارەمانی کوردستان!
ئەندامان و لایەنگرانی دڵسۆزی سازمانی خەبات!
کەس و کاری شەهیدانی سەربەرزی ریگەی ئازادی!
نەورۆز جێژنی نەتەوەیی و سەرەتای ساڵ و وەرزی نوێ بوونەوە و هێمای ژیانەوە و پێکەوەبوون، وەک میوانێکی ئازیز سەری لە نیشتمانی کوردان،، کوردستانی داگیرکراو،، دایەوە. بەهاتنەوەی نەورۆز ڕۆژگار خولێکی دیکەی دا، مانگ و وەرز هاتن و چوون و کاروانی شۆڕش و خەباتی ڕەوای گەلەکەمان لە پێناو وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجی کۆمەڵانی تێکۆشەر و ئازادیخواز و ئاشتی ویستی کوردەواری دا، بەگۆڕ و تین و باوەڕ و یەقین بەسەرکەوتن بە بێ نسکۆ و ماندووبوون بەڕێوەیە.
کاروانێک کە تاگەیشتن بە قۆناغی سەرفرازی و رزگاری یەکجاری نەتەوەو نیشتمان لە ڕەوت ناکەوێ و بە گژە باو و لەمپەری نەویستان و ناحەزانی دەرەکی و ژوورەکی لە رێگای راستی بەرەو پێش چوون و پێگەیشتنی خۆی هەتڵە نابێ. نەورۆز هێمای بەرخۆدان و شۆرش و خۆراگری لە بەرانبەر رژیمی ستەمگەرو ملهوری ویلایەتی فەقیه هاتەوە. کەوایە پیرۆزبێ نەورۆز جێژنی کەونارای نەتەوەی کوردی خاوەن مێژووی پڕ لە فیداکاری و مرۆڤ دۆستی و خەباتی ڕەوای دژ بە ستەم و بێ دادی لە پێناو ئاشتی و ئازادی و ئاوەدانی و هێمنایەتی و برایەتی و یەکسانی و پێکەوە ژیاندا. بەخێر بێتەوە نەورۆز جێژنی تێکرایی خەڵکی ئیران کە زیاتر لە 38 ساڵە بە دەست حوکمی رەشی ئاخوندانی دیکتاتۆرو درندەخوو دەناڵێنن.
هاونیشتمانیانی تیکۆشەر!
ئەندامانی فیداکاری سازمانی خەبات لە ناوخۆی کوردستان!
سەرەڕای ئەوەی کە نەورۆز، هەمیشە هێمای ناڕەزایەتی و دژایەتی دەسەڵاتە داگیرکەرەکان و ملهوڕان بووە، بەلام نەورۆزی ئەمسال دەبێ بیکەینە دەرفەت و دەلیوەێکی دیکە بۆ هاو دەنگی و یەک ڕەنگی و برایەتی و پێکەوەبوونی تێکڕای چین و توێژەکانی کۆمەڵگاکەمان لە کوردستانی بن دەستی دەسەڵاتی ڕەشی ئاخوندیدا.
لەم بۆنە پیرۆزەدا ئێمە لە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران داوا لە تێکڕای جەماوەر دەکەین کە بە بێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی بیرو باوەڕی سیاسی، ئایینی، کۆمەڵایەتی و ...هتد، هەموو پێکەوە ببنە یەک دەنگ و یەک هێز و وێکڕا و تێکڕا بە هەرشێوەێک کە شیاوە و کەمترین زەرەر بە گیان و سەر و ماڵ و ژێنگەی کورد و کوردستان دەگەێنێ یادی نەورۆز پیرۆز بکەن و ئەم جێژنە بکەنە وێستگەێک بۆ دەربڕینی داوا رەواکان و بۆ دەرخستن و نیشاندانی کەلتور و داب و نەریتی جوانی کوردەواری. داوا لە کۆمەڵانی خەڵک دەکەین لەم جێژنە نەتەوەییەماندا، پڕ بەدڵ شادی بگێڕن، هەڵپەڕن ، هەستی خۆشەویستی بۆ یەکتر دەربڕن، سەردانی بنەماڵە و گڵکۆی شەهیدان بکەن ، بەندییە سیاسیەکان بە پێی توانا و بۆکران بەسەر وەکەن. با لەم جێژنەماندا گڕی ئاگری نەورۆز هێند بە تین و بەرز و بە بڵێسە بێ لە هەموو شوێنێکی نیشتماندا ببیندرێ و بە شەوق و بڵێسەی ئەو ئاگرە هەموو کون و قوژبنە تاریکەکانی دەوروبەرمان رووناک وەکات. لەم ڕۆژە مێژوویی و پیرۆزەدا دەستخۆشی لە کۆمەڵانی کوردەوای دەکەین کە لە ساڵانی رابردوودا سەرەڕای حەستەمی بارودۆخ و لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ڕەشی دژمندا بەوپەڕی هەست کردن بە بەرپرسیاریەتی لە هەمبەر نەتەوەو نیشتماندا، یادی نەورۆزیان بەرز و پیرۆز راگرتوە. هەر بۆیە داوا لە گەلەکەمان بە تایبەت کچان و کوران دەکەین کە ئەو هەستە بەرز و پیروزە بەرزتر و بە تینتر بکەن .با بە برایەتی و هاودەنگی لەم نەورۆزەدا نیشانی بدینەوە کە کورد لە هیچ هەل و مەرجێک دا یەکیەتی و برایەتی و هاو خەباتی و یەکریزی خۆی لە بیرناکا و کورد کوردەو کوردستان نیشتمان و نەورۆزیش مەزنترین و پیرۆزترین جێژنی نەتەوەییەتی .
سڵاو لە کوردو کوردستان، پیرۆز بێ نەورۆز هێمای ژیانەوە و پێکەوە بوون.
مەرگ و نەمان بۆ رژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی.
دابمهزری حکومهتی پارلمانی و دیموکراتی له ئیران.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران- کومیتهی ناوهندی
25 ی رەشەممەی 1395