رۆژی دووشەممە 7ی خاکەلێوەی 1396، پۆل رایان سەرۆکی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا گوتی: دەبێ سپای پاسداران بخەینە لیستی تاقمە ترۆریستیەکانەوە.
ناوبراو کە لە دانیشتنی ئایپک قسەی دەکرد رێکەوتنی ناوکەیی لەگەڵ رژێمی ئێرانی بە "کارەستانی تەواو" ناوبرد و وتی: ئەو رێکەوتنە لە کۆتایی دا رێگە بۆ رژێمی ئێران خۆش دەکا کە دەستی بە چەکی ناوکەیی بگات.
سەرۆکی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا لە درێژەدا گوتی: هەموان بۆچوونی من لەسەر ئەو رێکەوتنەی سەرۆک کۆمار ئوباما ئەنجامی دا بە باشی دەزانن، ئەگەر دەمانەوێ لە داهاتوودا باشتر کار بکەین، نابێ هەڵەکانی رابردوو فەرامۆش بکەین.
پۆل رایان گوتی: ئێمە لە راستای هەڵگرتنی ئابڵوقە ناوکەییەکان ملیارها دولارمان بە رژێمی ئێران پێشکەش کرد و زیاتر لە ملیارێک پۆلی حازرمان دانێ. لە بەرامبەردا، رژێمی ئێران پەرەی بە پشتیوانیەکانی لە تیرۆرزم دا، مافی مرۆڤی زیاتر پێشێلکرد و بەرنامەی موشەکی بالستیکی خۆی پەرەپێدا لە کاتێکدا گۆشەی چاوی هەر لە بەرنامەی ئەتۆمیە.
سەرۆکی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا خوازیاری چاودێری توندوتۆڵ لەسەر جێبەجێ کردنی رێکەوتنی ناوکەیی بوو و وتی: کێشەی مەترسیدار لەو رێکەوتنەدا ئەوەیە کە ئەگەر رژێمی ئێران بە تەواویش لە جێبەجێ کردندا هاوکاری بکات، دیسان ئەو رێکەوتنە رێگەی بۆ رژێمی ئێران کە دەستی بە بەرنامەی سازکردنی چەکی ناوکەیی هێشتۆتەوە. ئەوە قەبووڵ نەکراوە. هەر بۆیە ئێمە بە توند و تۆڵی چاودێری بەرجام بکەین و ئەو حکومەتە بە ئابڵوقەی غەیرە ناوکەیی بەهۆی کردەوە ناقانوونیەکانی سزا بدەین.
ناوبراو هەروەها وتی: باسەکە زیاترە لە بەرنامەی ناوکەیی و موشەکی، رژێمی ئێران لە هەوڵی پەرەپێدانی هیژمونی خۆی لە ناوچەکەدایە. ئەوان پشتیوانی لە دیکتاتۆرێک لە دەمیشق دەکەن کە جینایەتی خولقاندوە، تاقمە چەکدارەکان لە یەمەن پۆشتەو پەرداخ دەکەن و لە بەغداد هەتا بەیروت پشتیوانی لە ترۆریستان دەکەن. ئامانجی ئەوان دەست بەرداگرتنی ناوچەکەیە. بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەو مەترسیانە، ئێمە دەبێ لە هەموو تواناکانی ئەمریکا بەکار بێنین.
ئێمە دەبوو ئابڵوقەکان دژ بە ئەرتەشی تیرۆریستی رژێمی ئێران، سپای پاسداران پەرە پێبدەین و بیخەینە نێو لیستی تاقمە ترۆریستیە خارجیەکان.