کەس وکاری سەربەرزی شەهیدان!
بەخۆشحاڵیەوە پێتان ڕادەگەێنین کە کۆنگرەی شەشەمی سازمانی خەباتی کوردستان، کە بە کۆنگرەی شەهیدان ناوزەد کراوە، کۆتایی پێهات، بەم بۆنەوە گەرم وگەشترین پیرۆزبایتان پێشکەش دەکەین و ڕۆژگارێکی پڕ سەروەریتان بۆ بە ئاوات دەخوازین. هەر وەک ئاگادارن و پێشتر لە بابەت گرێدانی کۆنگرەی شەشەم واتە کۆنگرەی شەهیدان زانیاریتان وەرگرتوە وئاگادار کراونەوە،کۆنگرەی شەشەمی سازمان لە کەش وهەوایێکی سیاسیدا بەڕێوەچوو.
ماوەی ئەو کۆنگرە کە سێ ڕۆژی خایاند، زۆرترین باس وخواس لەسەر گۆڕانکاریەکانی کوردستان و ئێران و ناوچەکە و جیهانی لێکەوتەوە و بەهەڵسەنگاندنی روداوو وپێشهاتەکان، وەک بەرچاو ڕونیێک بۆ پێدا چوونەوە بە پەیڕەو وپرۆگرام وسیاسەتی داهاتوومان کەڵکمان لێوەرگرت. کەس وکاری سەربەرزی شەهیدان! ئێوە کە میراتگری خوێنی شەهیدانن و لە باشترین ڕۆڵەکانی خۆتان پێشکەش بە سازمان وجووڵانەوەی کورد کردوە، لەتێکڕای سەروەریەکانی سازمانی خەباتی کوردستاندا بەشتان هەیە و ئەوەش ڕوون و ئاشکرایە بە ڕاوەستان وپێشنەکەوتنی سازمانیش گەلێک بەخەمن و لەهەموو بارودۆخێکدا بەخەمی سازمانەوە بوون و لە هەولی پێش خستنی ئەم سەنگەرە دا بوون. بەهوێ گۆڕانکاریە خێراکان وبارودۆخی ئاڵۆزی ناوچە، ئێران و کوردستان بە قۆناغی هەستیاردا دەڕوات.
ئەم بارودۆخە هەموو لایێک بە تایبەت سازمانی خەباتی کوردستان ئەرکدار دەکات کە لێپرسراوانە لەگەڵ ئەم ڕەوشە بڕواتە پێش و وەک هەمیشە لەهەر هەنگاوێکی پێشکەوتن، بە سەرقافڵەیی بمێنینەوە. بۆ ئەوەی سازمان بەردەوام لە پێشکەوتندا بێت پێویستە هەموو لاییک بەتایبەت کەس وکاری سەربەرزی شەهیدان، شانی زیاتر بخەنە ژێر باری شۆڕش و وەک چۆن ڕۆڵەکانیان گیانیان لەم پێناوەدا بەخشی، ئێوەش دەبێ نەهێڵن چەکیان بێ دەست و سەنگەریان چۆڵ بێت. سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران کەس وکاری سەربەرزی شەهیدان دڵنیا دەکاتەوە کە هەردەم سەنگەری شەهیدان بە ئاوەدانی ڕادەگرێ و ئێوەش شانازی بە سازمان بکەن کە ناخۆشترین ڕۆژەکانی تێپەرکردووە و هیچ تەنگ و چەڵەمەیێک نەیتوانیوە لە گەیشتن بە ئامانج و کاروانی شەهیدان پاشەکشێی پێبکات.
ناخۆشی و ڕۆژەسەختەکانی کردۆتە ئەزموون بۆ داهاتوو ،بەشێوەیێک کە داری هەزار ڕیشەیە و بەهیچ گژەبایێک نالەرزێت. سازمان خۆی بۆ قۆناغێکی نوێ لە شۆڕش وبەرخودان ئامادە دەکات و بە پاڵپشتی ئێوە ڕێگەی گەشەو پێشکەووتن و بە ئارمانجی گەیشتن بە هەدەفی شەهیدان وخواستی ئێوە کە ڕزگاری کوردو کۆتایی هێنانە بە دیکتاتۆری، هەنگاو هەڵدەگرێت.
سڵاو بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدان سڵاو بۆ کەس وکاری شەهیدان
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران