رۆژی سێ شەممە 22ی خاکەلێوەی 1396، وەزیرانی دەرەوەی حەوت وەڵاتی پیشەسازی گەورەی جیهان کۆتاییان بە وتووێژەکانی خۆیان لەشاری لۆکای ئیتالیا هێنا. باسی سەرەکی ووتووێژەکانی ئەمرۆیان لابردنی ئەسەد و رازی کردنی مۆسکۆ بۆ واز هێنان لە پشتیوانی کردن لە ئەسەد لە دوای هێرشی شیمیایی هێزەکانی بۆ سەر شاری خان شێخون، بوو.
ژان مارک ئورۆ وەزیری دەرەوەی فەرانسە وتی هەر حەوت وەلاتەکە لەسەر لابردنی ئەسەد هاودەنگن و مەحاڵە ناوبراو بەشێک لە داهاتووی سوریە بێ.
بوریس جانسۆن وەزیری دەرەوەی بریتانیایش بە هەواڵنێرانی وت: بەهۆی پشتیوانی بەردەوام لە ئەسەد روسیە پێگەی و متمانەی لەدەست داوە. ناوبراو هاورێ لەگەڵ کانادا پێشنیاری کرد لە ئەگەری بەردەوامی پشتیوانی مۆسکۆ لە ئەسەد، ئابڵوقەی زیاتری بەسەردا بسەپێندرێ.
نووسینگەی سەرۆک وەزیری بریتانیا ترزامی رایگەیاند، ناوبراو رۆژی رابردوو لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئەمریکا قسەی کردوە و هەردوولا بەو ئاکامە گەیشتوون کە هێشتا هەل ماوە بۆ رازی کردنی روسیە بۆ کۆتایی هێنان بە پێوەندیەکانی لەگەڵ ئەسەد.
|