خەڵکی خەباتگێڕو کۆڵنەدەری کوردستان!
خەڵکی خەباتگێڕو کۆڵنەدەری کوردستان!
خەبات و تێکۆشانی گەلانی بن دەست و ماف پێشێلکراو لە پێناو بە دەست هێنانی ئازادی و گەیشتن بە بەها مرۆییەکان و دابین کردنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی بنەماکانى دیموکراسى بەردەوامە، لە رەوتی ئەو خەبات و تێکۆشانانەدا بەشێکی بەرچاو لە گەل و نەتەوە بن دەستەکان بە ماف و ئازادیەکانیان شاد بوون و بۆ ئاوەدان کردنەوەی وڵات و گەشە و پێشخستنی نەتەوە و نیشتمان لە هەموو بارەکانی ژیاندا، رەگەڵ کاروانی پێگەیشتن و گەشەی ژیانی شیاوی مرۆڤایەتی کەوتوون، کە هەرکام لەو نەتەوە و نیشتمانانە بۆ بڕینی ئەو مەودایە و بۆ گەیشتن بەو پلەو پایانە، رەنج و کوێرەوەری زۆریان دیتوە و خۆین و فرمێسکی بێ ئەژماریان رشتوە، تا سەرئەنجام مەلی ئاوات و خۆزگەیان کە لە سەر بەرزە داری سەربەستی و رزگاری هەڵنیشتوە، روەو دنیای بەختەوەری ئاوازی سەرفرازی بە گوێی مرۆڤایەتی و سروشت و ژیانی پڕ لە شانازی دا هەڵداوە.
گەلی کورد زۆر لە مێژە کاروانی خەبات و فیداکاری بۆ رزگاری و بەختەوەری نەتەوە و نیشتمانی بەرێ خستوە و لە رەوتی رێگای دوور و درێژ و پڕ لە ئازار و دەرد و ژانی خەبات و تێکۆشان دا، گیان لەسەردەست و سەر لەپێناوە. خەباتی گەلی کورد سەرە رای هەموو ئاستەنگە دەرەکی و ناو خۆییەکان لە رەوتی بەرەو سەرچوون و نزیک بوونەوە لە ئاوت و ئامانجە پیرۆز و رەواکانی، تا دێ شێلگیرانەتر و بەرینتر لە پێشوو خۆی دەردەخا و زیاتر بە رووی دنیای دەرەوەدا دەردەکەوێ و دۆست و پشتیوان بۆ خۆی پەیدا دەکا. شۆڕش و خەباتی نەتەوایەتی کورد لە کەردستان بەگشتی و لە کوردستانی ئێران دا بەتایبەتی، سەرەرای هەموو ئاستەنگە ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیەکان، رۆژ لە دوای رۆژ گوڕ و تینی زیاتر بە خۆیەوە دەبینێ و بە بەرچاو روونی زیاترەوە بەرەو پێش هەنگاو هەڵدەگرێ و پێگەیشتوو تر لە رابردوو خۆی دەردەخا. رەمزی ئەم بەرەو پێش چوون و گەشەو پێگەیشتنانەی خەباتی رەوامان لە کوردستانی ئێران، لە لایێک باوەڕی پتەوی خەباتکارانیەتی بە سەرکەوتن و رەوایی رێباز و ئەرەکەکەیان کە خەبات لە پێناو رزگاری نەتەوە و نیشتمان دایە و، لە لایەکی ترەوە هۆشیاری جەماوەرو پابەند بوونیان بە پشتیوانی و پارێزگاری لە خەبات و خەباتگیڕەکانیانە. جەماوەری کورد لە کوردستانی ئێران زۆر باش ئەوە راستیە دەزانن کە مایەی هەموو چارەڕشی و بێ بەشی و رەنج و مینەتەکانیان، رژیمی دتکتاتۆر و دواکەوتووی ئاخوندیە و خەبات لە دژی ئەم نیزام و دەسەڵاتە ئەرکێکی نەتەوایەتی و ئازادیخوازیە لە پێناو قوتار بوون لەو نەهامەتی و بێ بەشی و چارەرەشی. هەر بۆیە وێکڕا و تێکڕا ئەم راپەڕین و خەبات و بزاڤە رەوایە دەپارێزن و پشتی دەگرن و ریزەکانی ئاوەدانتر دەکەن و لە هیچ چەشنە هاوکاری و فیداکاریێک بۆ سەرخستنی ئەم شۆڕش و بەربەرەکانیە کۆتاییان نەکردوە و ناکەن.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران کە هەڵقوڵای ناو جەرگەی جەماوەر و تێکڕای چین و توژەکانی کۆمەڵانی کوردەواریە و بەشی هەموو دانیشتوانی کوردستانی پێوەیە و لە پێناو دابین کردنی ماف و ئازادیەکانی تێکڕای جەماوەر و دانیشتوانی کوردستان دا نزیک بە چل ساڵە تێدەکۆشی و باشترین رۆڵەکانی بە ئەوپەڕی دڵئاوایی و فیداکاریەوە خزمەت بە نەتەوە و نیشتمان دەکەن، جەماوەری کوردستان بە سەرچاوەی هێز و وزەی خۆی دەزانێ و باوەڕی وایە کە گەلی کورد لە کوردستانی ئێران، گەلێکی زیندوی خاوەن بیری پتەوی کوردایەتی و شۆڕشگێریە لە پێناو رزگاری نەتەوە و ئازادی گەل و ئاوەدان کردنەوەی نیشتماندا. سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران وێرای پیرۆزبایی گەرمی خۆی بۆ گەلی کورد بە بۆنەی کۆتایی هاتنی کۆنگرەی شەشەمی (کۆنگرەی شەهیدان)، بۆ جارێکی تر ئەو راستیە دووپات دەکاتەوە کە بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادیەکانی کوردو کوردستان و لە پێناو رووخانی رژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی دا،بە بێ هیچ جۆرە دوو دڵی ماندوو بوونێک، رێگای پیرۆزی خۆی کە رێبازی شەهیدانی سوورخەڵاتی سازمانی خەباتی راستە رێ و شۆرشی رەوای کوردو کوردستانە، بە کۆمەڵێک بریار و پەسەندکراوی نوێ و بەجێ و ئەمرۆیی کە کاریگەریان دەبێ لە بەرەوپێشبردنی خەباتەکەمان، تاسەرکەوتن درێژە بە شۆرشی رەوا دەداو لەم پێناوەدا هیچ هێز و هەلومەرجێک چۆکی پێدانادا و رێی پێناگرێ. بەم بۆنەوە لەم بەهاری سەرلەنوێ ژیانەوەی سروشت و سەر لەنوێ بڕیاردانەوەی خەباتگێرانی رێبازی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانەوە، داوا لە تێکڕای چین و توێژەکانی جەماوەری کوردستان دەکەین کە لە دژی دژمنی سەرەکیمان واتە رژیمی خوێنرێژی ئاخوندی لە ئێران دا، بازنەی نارەزایەتیەکان بەرینتر بکەن، دەنگی نارەزایەتی و بانگی ئازادیخوازیتان با بەرزتر بێ و داوا رەواکانتان با بە گوێی هەمووان بگا، هەروەها یەکگرتوو تر بن، هاوکار و هاودەنگ و هاو هەنگاو بن.
لە هەموو بارێکەوە یاریدەدەر و پشتیوانی پێشمەرگە و خەباتکارانی ناوخۆ و زیندانیانی سیاسی بن. با ئێوە هاندەر و رێ پیشاندەری گشت لایەنە سیاسی و خەباتکارەکانی بزاڤی رەوای نەتەوایەتیمان بن بۆ یەک هەڵوێستی و هاوکاری و یەکگرتوویی. دڵنیا بن سازمانی خەباتی کوردستان ئێران پشتیوانی هەموو جووڵە و خەباتێکی جەماوەریە لە پێناو گەیشتن بە رزگاری و سەرفرازی .
سازمانی خەبات سازمانی جەماوەری کوردستانە و جەماوەری کوردستانیش خاوەن و پشتیوان و قەڵای قایمی لەبن نەهاتووی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانن. جێگای خۆیەتی لێرە دا روو لە گشت چین و توێژەکانی جەماوەر بە تایبەت چینی لاوانی خوێن گەرم و خاوەن ورە و باوەری گەلەکەمان بە هەردوو رەگەرزی کچ و کوڕەوە بکەین کە سەنگەری رۆڵەکانی سازمان و باوەشی گەرمی کور و کچانی پیشمەرگەی سازمان بۆ ئێوەی خاوەن هەڵوێست و شۆڕشگێر ، ئاواڵایە و وەرن لێرە بۆ گەیشتن بە ویست و داخوازیە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانتان چەکی شەرەف و شانازی بکەنە شان.
دڵنیا بن لەم ریبازەدا سەردەکەوین و نانەوین. بژی کورد، ئازاد و ئاوەدان بێ کوردستان
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران کۆنگرەی شەشەم