رۆژانی شەممە و یەکشەممە 26 و 27ی خاکەلێوەی 1396 لە بارەگای ناوەندی سازمانی خەبات بە ئامادەبوونی سکرتێری گشتی، یەکەمین پلۆنۆمی کومیتەی ناوەندی کۆنگرەی شەشەمی سازمانی خەبات ی کوردستان بەرێوە چوو. پلۆنۆم بە دەقیقەیەک بێدەنگی و فاتیحایێک بۆ رێزگرتن لە روحی پاکی شەهیدان دەستی بەکارەکانی کرد و پاشان بەرێز کاک بابەشێخ حسێنی سکرتێری گشتی سازمانی خەبات ی کوردستان پلۆنۆمی کردەوە و سەبارەت بە کۆتایی کۆنگرە و دەسپێکی کارەکان بۆ وەرزێکی نوێ و چۆنیەتی و میکانیزمی پێش کەوتنی کاروباری سازمان قسەی کرد. لەناو باسەکاندا بەرێز کاک بابەشێخ حسینی، تیشکی خستە سەر سیاسەتە ستراتیژییەکانی سازمانی خەبات وەک هەڵوێستی نەگۆری سازمان لە پێوەند بە رژیمی ئاخوندی و دروشمی رووخان و رەدکردنەوەی هەر جۆرە دانووستانێک لەگەڵ ئەو سیستەم و دەسەڵاتە، هەروەها لەسەر پێوەندی و دۆستایەتیەکانی لە ئاستی ئێران و کوردستان بە گشتی و هەوڵدان بۆ راگرتن و پەرەدان بەو پێوەندیی و دۆستایەتیانە پێداگری کردەوە، لەسەر مانەوەی پێوەرەکانی واقعی و عەمەل گەرابوون و میانەرەویی بۆ کاری سیاسی و تەشکیلاتی لە سازمانی خەبات تەئکیدی کردەوە و بەو بەرچاوروونیە، ئاسۆی داهاتووی کاری سیاسی سازمانی بە روون و گەشاوە زانی .
لەدوای وتەی کردنەوەی پلۆنۆم لە لایەن سکرتێری گشتی، دەفتەری سیاسی دیاری کرا و هەر لەو پێوەندییەدا 3 کەس لە هاورێیانی کومیتەی ناوەندی وەک ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردران . لەدوای برگەی هەڵبژاردنی دەفتەری سیاسی کۆمیسیۆن و ئورگانەکان بە سەر هەر کام لە ئەندامانی کومیتەی ناوەندی دابەش کران و ئایینامەی هەرکام لەو ئورگانانە کە پێش وەخت وەک پرۆژە ئامادەکرابوو کەوتە بەرباس و موناقەشە و لەپاش قسە و باسێکی چڕ بە چاکسازیی و دەسکارییەوە ئایینامەی نوێی بەشەکان پەسەند کرا . ئەو پرۆژانەی کە لە پێوەند بە بەشی تەشکیلات و دیپلۆماسی و کەرتی ئابووری و ...هتد، لە جەریانی کۆنگرە بریاری لەسەر درابوو تەوەرێکی تری باسەکانی پلۆنۆم بوو، لەدوای باسێکی چڕ و پڕ ئورگانەکان بە رەسمی چوارچێوە و بەرپرسیان بۆ دیاری کرا.
پلۆنۆم بریاری دا کە دەسکاری و خاڵە پەسەند کراوەکانی کۆنگرەی شەشەم بە زووترین کات لە رێگەی دەستەیێکی دیاریکراو بچەسپێندرێ و لەکار و ئەرکی داهاتووی تەشکیلات کاریان پێبکرێ و ببرێنە بواری کردەوە و عەمەلەوە. پلۆنۆم لە دوای 2 رۆژ کاری بەردەوام بە دیاری کردنی کار و بەرنامە و سیاسەتی داهاتووی سازمانی خەبات لەسەر بناغەی ئاکامی کۆنگرەی شەشەم، کۆتایی بە کارەکانی هێنا و کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراو بە بەڵێن بە خوێنی شەهیدان بریاری سەرخستنی پرۆژە پەسەندکراوەکان و بردنە پێشەوەی سیاسەتی نوێی سازمانی خەباتیان دا.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران/ کومیتەی ناوەندی
28ی خاکەلێوەی 1396