ماڵپەڕی رۆژهەڵات تایمز سەبارەت بە ئاکامی کۆنگرەی شەشەمی سازمان و بەرنامەو پەسەندکراوەکانی ئەو کۆنگرە
ماڵپەڕی رۆژهەڵات تایمز سەبارەت بە ئاکامی کۆنگرەی شەشەمی سازمان و بەرنامەو پەسەندکراوەکانی ئەو کۆنگرەو پەیوەندیەکانی سازمان لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسیە کوردستانی و ئێرانیەکان و وتووێژێکی لەگەڵ عەلی بەهرامی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی سازمانی خەبات ئەنجام داوە کە ئەوەی خوارەوە دەقی وتووێژەکەیە:
رۆژهەڵات تایمز:لە چەند رۆژی رابردوودا سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران کۆنگرەی شەشەمی خۆی گرت و لەو کۆنگرەیەدا کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕ بەسەر بەرنامە و پڕۆگرام و قەوارەی بەڕێوەبەڕیی ئەو رێکخراوەدا هات.
لەم پەیوەندییەدا، "رۆژهەڵات تایمز" چەند پرسیارێکی ئاڕاستە بەڕێز "عەلی بەهرامی" ئەندامی کومیتەی ناوەندیی ئەو رێکخراوە کرد کە سەرەنجتانی بۆ رادەکێشین:
*لە کۆنگرەی شەشەمی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێراندا کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕ لە بەرنامەوپڕۆگرام و قەوارەی تەشکیلاتی ئەو رێکخراوەدا هاتووەتە ئاراوە کە یەک لەوان پێشتر دەگوترا کە ئایینی ئیسلام وەک سەرچاوە بۆ داڕشتنەوەی یاسای بنەڕەتی کەڵکی لێ وەردەگیرێ، کەچی لەو کۆنگرەیەدا ئەو خاڵە جێگای خۆی بە ئایینە جیاوازەکان داوە. دەکرێ لەو بابەتەوە بەرچاوڕوونییەکی بدەن؟
-لە کۆنگرەی سێهەمەوە مەسەلەی ئایین تایبەت کراوە بە تاکەکان و سازمانی خەبات لە هێزێکی نەتەوایەتی و ئیسلامیەوە گۆراوە هێزێکی نەتەوەیی و نیشتمانی کە لە سەر باوەر بە ئازادی و دیموکراسی درێژە بە خەبات دەدا، وە ئەوانەی سازمانی خەبات وەک هێزێکی ئیسلامی یان خاوەن باکگراوندێکی ئیسلامی لێکدەدەنەوە و پێناسە دەکەن راست نیە. بەڵام وەک "بەرنامە" سازمان پێی وابوو کە دەکرێ لە ئایینی ئیسلام وەک سەرچاوەیەک کەڵک وەرگیرێ بۆ دارشتنەوەی قانوونی بنەرەتی، ئەوەش بەو مانایە نیە کە ئایینی بە تاکە سەرچاوەی یاسا دانان زانیبێ بەڵکوو پێی وابووە کە دەکرێ لە ئەفکار و ئەدیانی دیکەو یاسا و رێسا نێونەتەوەییەکانیش بۆ ئەو مەبەستە کەڵک وەرگیرێ، ئەم باسە لە کۆنگرەی شەشمدا دیسانەوە ورژێندراوە و ئەم خاڵە بەو جۆرە گۆرانی بەسەر هاتووە کە سازمانی خەبات باوەری وایە لە تێکرای ئەدیان بۆ دارشتنەوەی قانوونی بنەرەتی کوردستان کەڵک وەرگیرێ.
دیارە ئێمە پێمان وایە کە دارشتنی قانوون لە ئەستۆی کەسانی شارەزایە لە یاسا کە لەلایەن پارلەمانەوە رادەسپێدرێن بۆ نووسینەوەی و ئێمەش وەک سازمانی خەبات لە ئێستاوە ئەو پێشنیارەمان هەیە کە ئەو خاڵە لەلایەن ئەو لێژنەو پارلەمانەوە لەبەر چاو بگیرێ. بە رای من بەم دارشتنەی ئێستاوە کە کەڵک لە هەموو ئەدیان و باوەرەکان بۆ دارشتنەوەی قانوون وەرگیرێ، گۆرانێکی پێویست و بەجێ و نیشان لە خوێندنەوەی دروستە بۆ سەردەم و واقعی کۆمەڵگەی کوردستان.
*پێداگری کۆنگرە لەسەر چالاکیی هێزی پێشمەرگە لە ناوخۆ، بە مانای دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکدارییە؟
- سازمانی خەبات پێی وایە لە ئێستادا دەبێ چالاکی هێزی پێشمەرگە لە ناوخۆدا زیاتر و بەربڵاوتر بکرێ، ئەویش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە ئاڵووگۆری بەرچاو لە سیاسەتی ناوچەیی و جیهانی لە بەرامبەر رژیمی ئێراندا هاتۆتە پێش، هاوکات رژیم لە کوردستاندا لە هەموو کات سەرکوتگەرتر بووەو پێویستە هێزی پێشمەرگە وەک پشتیوانی سەرەکی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، لە نێو جەماوەردا حزوری هەبێ، چوونکە بوونی پێشمەرگە لە ناوخۆ جەماوەر پشت ئەستوورتر دەکا بۆ خەبات لەبەرانبەر رژیمی داگیرکەری ئێران، هاوکات پێویستە سنوورێک بۆ هەڵسوکەوتەکانی رژیم لە کوردستاندا داندرێ.
*وەک دەبینین لەو کۆنگرەیەدا چەند ژنێک بە رێبەریی "سازمانی خەبات"ەوە زیاد بووە، ئەوە چ زەروورەتێک بوو کە کۆنگرەی هێنایە سەر ئەو باوەڕە کە رۆڵی زیاتر بە ژنانی ناو ئەو رێکخراوە بدات؟
-ئەگەر چیی ژنان و ئافرەتانی ئێمە هەمیشە بەشێک بوون لە بزوتنەوەی شۆرشگێڕانەی کوردستان و دەوریان هەبووە لە راگرتن و پێشخستنی، بەڵام لە رابردوودا ژنان وەک هاوبەشی سیاسی نەبون لە بزوتنەوەکەمانداو هەندێ جار دەرخستن و دەورپێدانیشیان رواڵەتی بووە، بۆیە سازمانی خەبات لەو بروایە دایە کە دەبێ دەوری ئەساسی و گرینگ بە ژنان بدرێ، هەر لەو راستایەدا برای بەرێزم کاک بابەشێخ پرۆژەیەکی خستە بەردەم کۆنگرە کە رێبەری سازمان بدرێتە دەست ژنان و ئەوان رێبەرایەتی بکەن، بەڵام کۆنگرە دەنگی بە پرۆژەکەی کاک بابەشێخ نەدا، لە بەرانبەردا کۆنگرە لەو بروایەدا بوو کە دەوری زیاتر بە ژنان بدرێ، هەر لەو راستایەدا رێژەی ژنان لە سەرکردایەتی و رێبەریی سازمانیان زیاتر کردوە، کە ئێستا لە هەشت کەسی کۆمیتەی ناوەندی 3 کەسیان لە ژنان پێکدێ، کە بە خۆشیەوە ئەو خوشکانە خاوەن ئەزموونێکی باشی کاری سیاسی و تەشکیلاتین و دەتوانم بڵێم بەرزبوونەوەی رێژەیان لە سەرکردایەتی دا کاریگەری زۆری دەبێ لە بەرەوپێش بردنی سازمانی خەبات. ئەم بابەتە بە نیسبەت لاوانیشەوە هەر بەو شێوەیە.
*پەیوەندیی سازمانی خەبات دەگەڵ هێزە سیاسییە ئێرانی و کوردستانییەکان بە چ ئاقاریکدا دەڕوا؟
- پەرەپێدانی پێوەندیەکانی سازمانی خەبات لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسیەکان لە ئێران و کوردستان بەتایبەت و ئەکتیڤتر بوونی پێوەندیەکانمان لە ئوروپا و وەلاتانی دیکە بەگشتی یەکێک لە باسەکانی دیکەی کونگرە بووە کە پێداگری کراوەتەوە لەسەر ئەوەی کۆمیتەی ناوەندی پێویستە نەخشە رێگەی هەبێ بۆ ئەم بابەتە و بە جیددی کار بۆ پرکردنەوەی کەلێن و کەم و کوریەکان بکات. سەبارەت بە کوردستانی ئێران ئەو هاودەنگیەی نێوان 6 لایەنی سیاسیی کوردستان کە لە ماوەی رابردوودا لە سەر پرسە گرینگەکان دروست بووە بە هەنگاوێکی پێویست و ئەرێنی زانراوە. هاوکات پێوەندیەکانی سازمانی خەبات لەگەڵ شۆرای میللی مقاومەت و سازمانی موجاهیدین و ئەو هێزە شۆرشگێڕە ئێرانیانەی باوەریان بە پرسی نەتەوەیی کورد لە ئێران هەیە پەرە پێ بدرێ. سازمانی خەبات ئەندامی شۆرای میللی مقاومەت نیە، بەڵکوو هاوپەیمانی و رێکەوتنمان هەیە و بنەمای پێوەندی و رێکەوتنەکەمان لە سەر چەند خاڵی سەرەکی و گرینگی وەک مافی نەتەوەیی کورد لە ئێران، دەرێژەدان بە خەبات تا روخانی رژێم و رەد کردنەوەی وتووێژ و موزاکرە لەگەڵ ئەو رژیمەیە.
*لە کاتێکدا نزیک بە تەواوی هێزە سیاسییە کوردییەکان دروشمی خودموختارییان لە بەرنامەی خۆیداندا لاداوە، دەگوترێ کە سازمانی خەبات تەنیا بۆ راگرتنی پەیوەندی خۆی دەگەڵ سازمانی موجاهیدنی خەڵق و شوڕای میللی موقاومەت بە دروشمی خودموختاریییەوە نووساوە و ئامادە نییە دەستبەرداری بێت، ئایا ئەمە راستە؟
- سازمانی خەباتی کوردستان ئێران، مافی دیاری کردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد لە ئێران بە باش و پەسەند دەزانێ، بەڵام بۆ ئەم قۆناغە مافی خودموختاریمان پێ شیاوەو پێمان وایە لە دوای هەر ئاڵووگۆڕێک لە ئێران دا دەکرێ ئەو مافە بە زوویی بچەسپێنین. سەبارەت بە بەشی دووهەمی پرسیارەکەی بەرێزتان دەبێ بڵێم دیاری کردنی دروشمی خودموختاری پێوەندی نیە بە سازمانی موجاهیدین و شۆراوە، بەڵکوو لە راستیدا ئەوە خوێندنەوەی ئێمەیە بۆ ئێرانی دوای دەسەڵاتداریی ئاخوندان، لەو باوەرەداین ئێمە لە قۆناغی یەکەمدا بەرپرسین لە دۆخی نەتەوەی کورد و گەیاندنی گەلی خۆمان بە کەناری ئارام و مافە بنجینەییەکانی، دەکرێ لە دوای چەسپاندنی ئەو مافانە کار بۆ هاندانی نەتەوەکانی دیکە بکەین بۆ ئەوەی داخوازیەکانی خۆیان بەرزکەنەوەو کاری بۆ بکەن و ئێمەش پشتیوانیان لێ بکەین هەتا ئەو قۆناغە برەخسێنین کە هەموو نەتەوەکانی ئێران داوای بە فیدراڵ بوون یان هەر شێوەیەکی دیکە کە رێکەوتنی تێکرای نەتەوەکانی لەسەر بکرێ بەرزبکەنەوە.
*ئەو ئۆرگانی راوێژکارییە کێ دەگرێتەوە؟
پێم وایە دروست کردنی ئورگانێکی راوێژکاری کە تیایدا کەسانی خاوەن مێژوو و دیاری سازمانی خەبات لە پرسە چارەنووس سازەکاندا پرس و راوێژیان پێ بکرێ خاڵێکی دیکەی باشی پەسەند کراوەکانی کۆنگرەیە، هەر لەو پێوەندەدا کۆنگرە پێداگری لەسەر ئەوە کردوە کە دەبێ سەرکردایەتی لەگەڵ کەسایەتی و سەخسیەتەکانی ناوخۆ راوێژ و پێوەندی زیاتر بکات و لە پرسە چارەنووس سازەکاندا ئەوانیش خاوەن راو بۆچوون بن و بۆچوونەکانیان لە کارو هەڵسورانی سازماندا رەنگ بداتەوە.