رۆژی چوارشەممە 6ی بانەمەڕ رێکخراوی راپۆرتدەرانی بێ سنوور لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند رژێمی ئێران هەروا یەکێکە لە 5 زیندانە گەورەکان بۆ چالاکانی راگەیاندن و هەروەها خامنەیی یەکێکە لە گەورەترین دژمنانی ئازادی راگەیاندن.
لەو راپۆرتەدا هاتووە: رژێمی ئێران خۆسەرانە دەیان رۆژنامەنووس
و وێبلاگنووسی بە تۆمەت گەلێکی وەک "دژایەتی ئاسایشی نەتەوەیی" و "فەسادی ئەخلاقی" دەسگیر و زیندانی دەکا. بە هۆی هەلومەرجی خراپی گرتووخانەکان و بێ بەش بوونی گرتووەکان لە مافی دەرمان، زۆرێک لە بەندکراوانی عەقیدەتی و رۆژنامەنووسان بۆ گەیشتن بە سەرەتایی ترین ویستەکانیان مەجبورن مان لە خواردن بگرن. لە ساڵی رابردوودا لانی کەم 10 رۆژنامەنووس بەو شێوە گیانی خۆیان خستۆتە مەترسیەوە.
بەپێی ئەو راپۆرتە رژێمی ئێران سزای نامرۆڤانە و سدە نێوەراستی وەک قەمچی لێدان جێبەجێ دەکات. لە ساڵی رابردووی زایینی دا لانی کەم چوار رۆژنامەنووس لەلایەن دەزگای قەزایی رژێمەوە حوکمی قەمچیان بەسەردا سەپێندراوە.