شەش حیزب و سازمانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە شانۆی هەڵبژاردنەکانی رژێم کۆبوونەوەو لەسەر میکانیزمێکی هاوبەش بۆ بایکۆتی ئەو بەناو هەڵبژاردنانە رێکەوتن.
پێشنیوەرۆی رۆژی پێنج شەممە 7ی بانەمەڕی 1396، بەرامبەر بە 27/04/2017 شەش حیزب و سازمانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە شانۆی هەڵبژاردنەکانی رژێم کۆبوونەوەو لەسەر میکانیزمێکی هاوبەش بۆ بایکۆتی ئەو بەناو هەڵبژاردنانە رێکەوتن.
شایانی باسە کاک سەیدکامیلی نوورانی فەرد ئەندامی دەفتەری سیاسی و کاک فوادی جەعفەری بەرپرسی پێوەندیەکانی سلێمانی سازمانی خەبات لە کۆبوونەوە شەش قۆڵیەکە کە لە بنکەی رێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران (کۆمەڵە) بەرێوەچوو، بەشدار بوون.
دوابە دوای کۆبوونەوەکە لە پرێس کونفرانسێکدا راگەیەندراوی هاوبەشی شەش لایەنەکە بۆ مێدیاکان خوێندرایەوە
.
دەقی راگەیێندراوی شەش لایەنی سیاسی کوردستانی ئێران بەم شێوەیە:
کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان
کۆماری ئیسلامی ئێران، رۆژی 29ی بانەمەڕی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری و شوراکانی شار و دێ بەڕێوەدەبات، ئەوەی بەناوی هەڵبژاردن لەو رۆژەدا لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوە دەچێت بە هیچ پێوەرێکی دیموکراتیک ئەوڕۆیی ناتوانرێت ناوی هەڵبژاردنی ئازادی لەسەر بێت، لە بارودۆخێکدا کە حیزبە سیاسییەکانی نەیاری رژێم قەدەخەکراون، رادەربڕینی رای ئازاد تاوانەو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە سەرەتاییرین مافی نەتەوایەتی و ئینسانی خۆیان بێبەشکراون، ئەو بەناو هەڵبژاردنە بە واتای بێ مافکردنی کۆمەڵانی خەڵک لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیانە و یەکێک لە هۆکارەکانی درێژکردنەوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی و نیزامی سەرەڕۆ و داپڵۆسێنەرە لە ئێران.
بەم بۆنەوە داوا لە هەموو خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات دەکەین وەکو کاردانەوەیەکی لێبڕاوانە، بەرامەبەر بەو هەموو بێ مافییە لە هەڵبژاردنەکانی رۆژی 29ی بانەمەڕدا بەشداری نەکەن، بە بەشداری نەکردنی خۆتان لەم شانۆگەرییە پەیامێکی روون لە ئیرادەو یەکدەنگی خۆتان بەرامبەر بە رژێمێک کە مافە ئینسانی و رەواکانی ئێوە پێشێل دەکات، بە جیهان رابگەیێنن.
بایکۆتکردنی یەکدەنگی ئەو بەناو هەڵبژاردنە، لە هەمانکاتدا رێگایەکە بۆ پێشگرتن لە داسەپاندنی هەر چەشنە فشارو سەرکوتێک بەبۆنەی هەڵبژاردنەوە.
داوا لە هەموو چالاکانی بواری خەباتی کۆمەڵایەتی و مەدەنی، تێکۆشەرانی سیاسی، لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان دەکەین، کە لە پێناوی بەجێهێنای ئەرکی ئازادیخوازانەی خۆیان، هەڵسوراوانە بەدەم ئەم بانگەوازەوە بێن ریزەکانی ئەم یەکدەنگییە بەهێزتر بکەن.
-حیزبی دیموکراتی کوردستان
-کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
-کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
-سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
-حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
-کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
7ی بانەمەڕی 1396
27-4-2017