سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران رۆژی یەکی مەی بەرز دەنرخێنێ و هەر بەو بۆنەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم کرێکارانی ئێران
کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێران و کوردستان!
یەکی مانگی مەی هەموو سالێک دەبێتە دەرفەت و هۆ و رۆژێک بۆ بیرهێنانەوەو زیاتر خستنە بەرچاوی پرس و کێشە و ویست و داواکانی چینی کرێکار لە سەرانسەری جیهان تا لەو رۆژەدا رێز لە زەحمەت و رەنج و ماندووبوون و گوێ لە داوا و ویستە رەواکانیان بگیرێ .
لە یەکی مەی خەباتێکی مەزنی چینایەتی هاتەئاراوە، بەڵێ ئەو رۆژە لەپاش خوێن و قوربانی کرێکارانی دانیشووی وەلاتی ئەمریکا لە یەکی مانگی مەی ساڵی 1886 وە خوڵقا کە تێیدا کرێکارانی شاری شیکاگۆ داوای کەم کردنەوەی سەعاتی کاریان دەکرد و کۆبوونەوەی بەربڵاوی نارەزایەتیان بەرێوەبرد و چەندین کریکار لە جەریانی نارەزایەتیەکان کوژران. لەدوای ئەو رووداوە و بەردوامی تێکۆشانی ئەو چینە زەحمەتکێشە یەکی مانگی مای هەموو سالێک کرا بە رۆژی نێونەتەوەیی کرێکاران و لەو رۆژەدا زیاتر لە رۆژانی تر پرس و بابەتەکانی پێوەندیدار بە کرێکاران دەخرێتە بەر باس و گرینگی پێدان.
بەداخەوە چینی کرێکاران لە هەرە چینە ستەملێکراوەکانی جیهانن و وێرای هەموو ماندووبوون و رەنجەکانیان ئەو جۆرەی کە شایان و پێویستە رێز لە ماف و ویستەکانیان ناگیردرێ و ئەگەر ئەو پرسە لە زۆرێک لە وەڵاتانی دیموکراتیک یەکلایی بۆتەوە یان خود پرسی ستەمی سەر کرێکار کەمرەنگ بۆتەوە ئەوە لە هێندێک لە وەلاتانی رۆژهەڵاتی ناوین و بە تایبەتی وەلاتی ئێران ژیانی کرێکاران لەو پەری خەراپی و ناهەمورای دایە و کرێکار لەو نیزامە دا خاوەنی کەمترین مافەکانی تەنانەت بە مەوداێکی زۆر لە ئیستانداردە جیهانیەکان نییە.
رژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی لە ماوەی تەمەنی دەسەڵاتداریەتیەکەی خەڵکی ئێران بە گشتی و بە تایبەتی چینی کرێکاری لەگەڵ دژوارترین هەل و مەرج و دۆخی ژیان رووبەروو کردۆتەوە. لە ئاکامی سیاسەتە شووم و نەزانانەی ئاخوندان بارودۆخێک بەسەر ئێراندا زاڵە کە تەنانەت خاوەنی باشترین کارەکانیش لە دۆخێکی دانەمەزراوی ئابووری دا بەسەر دەبەن و بە ناچار هاوکات تاو دەدەنە دوو کار و چەندین کار بۆ هەڵسووراندنی چەرخی ژیانیان کە بە هۆی دەسەڵاتدارانی دز و جەردەی ئاخوندی لەگەڵ کەندوکۆسپی یەکجار زۆر بەرەورووبووە.
قەیرانی ئابووری لەسەرانسەری ئێران شەپۆل دەدات و لەناویشاندا ناوچەکانی وەک کوردستان و شارەکوردنشینەکان بەهۆی سیاسەتی جیاوازایی دانەرانەی دەسەڵات لەو پەری دژواری و نالەباری دایە. ئەمرۆ کێشەی ئابووری کە بۆتە مۆتەکەی گیانی گەلانی ئێران زیاتر لە هەرکاتێکی تر سەری هەڵداوەو تەنانەت رێبەری رژیم بۆ داپۆشینی سیاسەتی دوژمنکارانەی خۆی و دەست و پێوەندەکانی دەوروبەری و تاوانبار کردنی بەرپرسانی حکومەتی لە وەزعی خراپی ئابووریی، بۆچەندین ساڵی یەک لەدوای یەک ناوی ساڵەکان بە ناوی ئابووریەوە دەکرێ و تێیدا لە فێل و چەواشەکارییەکی رووهەڵماڵراوانە دا داوا لە خەڵک دەکرێ جیهادی ئابووری بکەن و لەبەرانبەر قەیرانە ئابوورییەکان خۆراگر بن.
تەحریمە نێونەتەوەییەکان، هەلاوسان، نەخدینەگی ، داکشانی ئابووری، هاوردەکردنی لەرادەبەردەری کەل و پەل و داخستن و خەوتنی ناوەندە بەرهەمهێنەرەکانی ناوخۆ، بێکاری ، گرانی ، نەبوونی بەرێوەبەریی و شارەزایی ئابووری، بەتالان بردن و بە فیرۆدانی سامانی گشتی و دانی بە ترۆریستەکانی ناوچەکە و خەرج کردن لە ئاژاوەگیریی و هێشتنەوەی دیکتاتۆرەکان لەسەر تەختی دەسەلات و بەفیرۆدانی لە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکەیی و دەیان و سەدان کێشەی تری ئابووری ژیانی لە سەرجەم خەڵکی ئێران و بە تایبەتی چینی کرێکار قورس و تاقەت پرۆکێن کردووە.
لەو هەلومەرجەدا سروشتیە کە رەوشی کرێکاران لەوپەری خەراپی دابێ و هیچ ئاسویێکیش بۆ چارەسەر کردنی ئابووری نەبێ و رۆژ لەدوای رۆژیش بارودۆخیان خەراپتر بێ. لەوەش ناخۆشتر نەبوونی هیچ دەرووییەکی نارەزایەتی دەربڕین و چالاکیەکی کرێکاری لە ناوخۆی ئێران لە لایەن چالاکانی کرێکارییە و بە بچووکترین جوڵەیێک چالاکانی ئەو بوارە راپێچی گرتوخانە و لەگەڵ سەرکەوت و شکەنجە رووبەروو دەبنەوە و لە مافی هەر جۆرە چالاکی و بوونی سەندیکا و رێکخستنێکی پیشەیی و مەدەنی بێ بەشن.
حاشا هەڵنەگرە کە رەوشی کرێکاران و چینی زەحمەتکێش لە کوردستان لە نیهایەتیدایە و ئەگەر لە هێندێک شوێن خاوەنی هێندێک هێما بۆ بوونی یاسای کار و بیمە و … هەتا دوایین، لەکوردستان بچووکترین هێمای لەمجۆرە بوونی نییە و ئەسڵەن ناوەندێکی بەرهەمهێنان و کارگایێکی بەرچاو و ئەوتوی شایانی باس بۆ خستنە سەرکاری ژمارەیێکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان بۆکار ، بوونی نییە و خەڵک یان روودەکەنە شارەکانی تری ئێران یا دەبێ لەسەر سنوورەکان بکەونە کۆڵبەری و هەموو مەترسی و دەرد و رەنجێک ئەو کارە تەنیا بۆ پەیدا کردنی نانی شەویان قبووڵ بکەن.
لە بارودۆخێکی لەمجۆرە تەنیا رێگەیێک کە بۆ سەرجەم چین و توێژە ستەملێکراوەکانی وەلاتی ئێران و کوردستان بوونی دەمێنی یەکگرتن و تێکۆشان لە پێناو رووخانی ئەو سیستەم و دەسەڵاتە سەدە نێوەراستیەی ئاخوندانە و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دیموکراتیک و پارلەمانیە کە هەموو تاکێکی کۆمەڵگا خۆی تێدا ببینیتەوە.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران رۆژی یەکی مەی بەرز دەنرخێنێ و هەر بەو بۆنەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم کرێکارانی ئێران و بە تایبەتی کوردستان دەکات و ئومید دەکەین بە خەباتی یەکانگیرانەی سەرانسەری کۆشکی ستەمی ئاخوندان برمێنین و بە سەرجەم مافە رەواکانمان شاد بین.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
کومیتەی ناوەندی
11ی بانەمەڕی 1396