رۆژی نێونەتەوەیی کرێکاران (International Workers Day) بیرهێنەرەوەی خەباتی کرێکارانی ئامریکایی لە ئیالەتی شیکاگۆ لە ساڵی 1886ه، کە لە یەک کاتدا زیاتر لە 400
عەلی بارامی
رۆژی نێونەتەوەیی کرێکاران (International Workers Day) بیرهێنەرەوەی خەباتی کرێکارانی ئامریکایی لە ئیالەتی شیکاگۆ لە ساڵی 1886ه، کە لە یەک کاتدا زیاتر لە 400 هەزار کرێکار بە مەبەستی کەم کردنەوەی ماوەی کارکردن لە 14 بۆ 8 سەعات مانیان گرت، لەرۆژی سێهەمی مانگرتنەکەدا پۆلیس دەستڕێژی لە کرێکاران کرد و پێنج کەس کوژران و ژمارەیەکیش بریندار بوون بەهۆی بەردەوام بوونی مانگرتنەکان و کوژرانی ژمارەیەک پۆلیس لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکەوە، رێبەرانی مانگرتنەکان دەستبەسەر و لە دوای دادگایی لەسێدارە دران. ئەنجامی ئەم خەباتەی کرێکاران بووە هۆی هاتنەدیی ویستەکەیان و سەعات کارەکانیان بۆ 8 سەعات کەم کرایەوە. سێ ساڵ دوای ئەم رووداوەو لە 1889 کونگرەی نێونەتەوەیی سوسیالیست لە پاریس، یەکی مەی وەک رۆژی نێونەتەوەیی هاوپێوەندی کرێکاران راگەیاند و بریاری دا هەموو ساڵێکیش بەم بۆنەوە چالاکی بەرێوەبچێ.
بۆ یەکەمجار جەژنی رۆژی کرێکاران لە ئێران ساڵی 1299 ک خ، بەرێوەچووە. لە کاتی دەسەڵاتداری رەزا شادا رێورەسمەکانی یەکی مەی زۆربەی بە نهێنی بەرێوەدەچوو. ساڵی 1331 بە فەرمانی دوکتور موسەدیق یەکی مەی رۆژی کرێکاران کرایە پشووی فەرمی.
یەکەم نارەزایەتی گەورەی کرێکاران 23ی پووشپەڕی 1325 لەلایەن کرێکارانی نەوتی باشوورەوە بەرێوەچووەو داوای لابردنی پارێزگاریان کردوە کە بە هۆی هێرش و دەستڕێژی هێزە ئەمنیەکان 46 کەس کوژران و 170ی دیکە بریندار بوون. هەروەها ناڕەزایەتی کرێکاران کورەخانەکان لە 23ی جۆزەردانی 1338، دووهەم نارەزایەتی گەورەی کرێکارانی ئێرانە کە داوای زیادکردنی حەقدەستەکانیان کردووە، کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 50 کرێکاری ژن و پیاو و منداڵ. هەر لەو بارەوە دەبێ ئیشارە بە مانگرتنی کرێکاران و کارفەرماکانی پیشەسازی نەوت لە ساڵی 1357 دا بکەین کە هەناردەکردنی نەوتی راگرت و زەربەیەکی گەورەیان لە رژێمی شا دا.
لە دوای هاتنەسەرکاری رژێمی خومەینی، دۆخی کرێکارانی هەژاری ئێران نەک چاکتر نەبوو، بەڵکوو ساڵ لە دوای ساڵ دۆخی کرێکار و بەگشتی خەڵکی ئێران، بەتایبەت لەم ساڵانەی دوایی دا خراپتر بووەو ئامار و ژمارەکان راستی ئەو قسەیە دەسەلمێنن.
جوێ لەوەی رژێم نەیتوانیوە هەلی کار بۆ کرێکارانی وەڵات برەخسێنێ، بەڵکوو تا دێ ژمارەی ئەو کارخانەو کارگایانەی دادەخرێن، زیاتر دەبێ. لەو بارەوە هەواڵدەریەکانی رژێم بەم جۆرە دەنووسن: هەواڵدەری فەردا نیوز رۆژی 4ی بانەمەڕی ساڵی 1395 لە زمان عەبباس پاپی زادە ئەندامی مەجلیسی رژێمەوە نووسی، 60 لەسەدی کارگەو کارخانەکان یان داخراون یان نیوەو نیوەچڵ کاردەکەن. هەروەها ماڵپەری مەشرق 30ی جۆزەردانی 1395 لە راپۆرتێکدا رایگەیاند کە 100 کارخانە داخراون و 500 کارخانەی دیکە بە نیوەچڵی کاردەکەن. هەر لەو بارەوە هەواڵدەری حکومەتی مێهر دەنووسێ: 100 کارخانەی کەل و پەلی ناوماڵ داخراون و زیاتر لە 500 کارخانەی دیکە بەشێوەی نیوەوناچڵ کار دەکەن و ئەگەری داخرانی ئەوانیش بەهێزە. هەروەها نووسێ: راستیەکەی ئەوەیە کە پیشەسازی ئێران پشتی شکاوە و هەندێ لە کارگەکان چالاکیەکی کەم و لاوازیان هەیە.
ئەمە جوێ لەوەی کە زیاتر لە 3000 هەزار کارخانە و کارگەی پیشەسازی لە دەسەڵاتی ئەحمەدی نژاد دا داخراون.
داخرانی کارخانەو کارگەکانی ناوخۆ لە کاتێکدایە کە رۆژ لە دوای رۆژ جیلی نوێ بەتایبەت دەرچووانی زانستگاکان خوازیاری کارن و بێکار ماونەوە، هاوکات بە داخرانی ئەو کارخانانە و دەرکردنی کرێکارەکانیان ئامار و ژمارەی کرێکارانی بێکار پەرە دەستێنێ. ناوەندی ئاماری رژێم ساڵی 1395، ئامارێکی سەبارەت بە پەرەسەندنی رێژەی بێکاری راگەیاند و بڵاوی کردەوە کە رێژەی بێکاری لە ئێران 12/4لەسەدە. ئەوە لە کاتێکدایە ئامارە نارەسمیەکان سێ بەرابەری ئەو ئامارانەی رژێم رادەگەیەنن و دەڵێن ناوەندی ئاماری رژێم بۆ کەم کردنەوەی ئاماری بێکاری، ئەوانەشی لە حەوتوویەکدا تەنیا چەند سەعاتێک کاریان هەیە یان ئەوانەی لە چواررێکان خەریکی گوڵ فرۆشی و دەستفرۆشین بە کەسانی خاوەن کار ئەژمار دەکا.
ئەگەر چی ساڵی رابردوو محەمەد باقری نەوبەخت وتەبێژی دەوڵەت، هێڵی هەژاری لە شاری تاران بە دوو ملوێن و 800هەزار تمەن راگەیەند بوو، بەڵام ئەنجومەنی بەرزی کار بۆ ساڵی 1395 حەقدەستی کرێکاری بە 812 هەزار تمەن دیاری کردوە! بەو جۆرە کرێکارانی خاوەن کار لە ئێران چەند پلە لە ژێری هێڵی هەژاریەوەن. هاوکات بەپێی وتەی کاربەدەستانی رژێم، 7 ملوێن کرێکار بە کەمتر لە حەقدەستی خۆیان کار دەکەن، ئەوە لە کاتێکدایە بەشی زۆری کرێکاران یەکێکی دیکە لە کێشە گەورەکانیان نەدانی حەقدەستەکانیانە لەلایەن خاوەن کارەکانەوە. لە چەند ساڵی رابردوودا شاهیدی زۆرترین ناڕەزایەتی کرێکارانی هەژار و وەزاڵەهاتووی ئێران بووین. کرێکارانی بەشە جیاجیاکان تەنیا لە مانگی رەشەمەی 1395دا 49 جار ناڕەزایەتیان لە دۆخی ناڵەباری خۆیان و سیاسەتەکانی رژێم لەو بارەوە دەربڕێوە.
جوێ لەو بابەتانەی لە پێشدا باس کران، بەهۆی کەمتەرخەمی و گوێ نەدانی ناوەندەکانی تایبەت بە ئاسایشی گیانی لە پرۆژەکاندا و بەتایبەت بەشی بیناسازی، کرێکاران رۆژانە قوربانیەکی زۆر دەدەن، بەپێی ئامارەکانی دەسەڵات رۆژانە زیاتر لە 4 کەس دەبنە قوربانی رووداوی کار. رۆژی دووشەممە 6ی بەفرانباری 1395 هەواڵدەری حکومەتی ئیسنا لە زمان محەمەدی ئەسابەتی بەرێوەبەری پشکنینی وەزارەتی تەعاون، کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتی نوسی: لە وەڵاتی ئێران رۆژانە بەلانی کەمەوە 4 کەس بە هۆی رووداوی کارەوە گیان لە دەست دەدەن. ناوبراو دیان بەو راستیەدا دەنێ کە یەکێک لە هۆ سەرەکیەکانی روودانی ئەو رووداوانە دەگەرێتەوە بۆ نەوبوونی چاودێری.
هەروەها ئەحمەدی شەوکەت سەرۆکی کانوونی کرێکارانی بیناسازی دەڵێ ئێران پلەی بەرزی لە رووداوی کرێکاری لە جیهاندا هەیە. ناوبراو کە قسەکانی لەلایەن هەواڵدەری حکومەتی مێهرەوە بڵاوکراوەتەوە دەڵێ: ژمارەی کرێکارانی بیناسازی لە ئێران نزیک بە ملوێنێک و 400 هەزار کەسە کە دووهەمین پێکهاتەی گەورەی سینفی وەڵاتە. لە کۆی دوو هەزار کرێکار کە لە کاتی کاردا گیانیان لە دەست داوە 1200 کەسیان کرێکاری بیناسازی بوون یانی زیاتر لە 50 لەسەد. ناوبراو هەر لەو بارەوە دەڵێ هێشتا زیاتر لە 300 هەزار کرێکاری بیناسازی لە مافی بیمە بێ بەشن.
کرێکاران و زەحمەتکێشان لە کوردستانی ئێران بەهۆی روانگەی سیاسی و ئەمنیەتی رژێم و جیاوازی دانان لە نێوان ناوچەکانی دیکەی ئێران و کوردستان، لە چاو شوێنەکانی دیکە لە دۆخێکی خراپتردان. لە کوردستانی ئێراندا کارخانەو کارگەیەکی ئەوتۆ بوونی نیە کە کارێکاران لە خۆ بگرێ و بەگشتی کەرتی پیشەسازی و بیناسازی لە کوردستانی ئێران بە ئانقەست پشت گوێ خراوە، بۆیە کرێکارانی کورد مەجبور بۆ کارکردن دەچنە پایتەخت و ناوچەکانی دیکە بۆ کاری بیناسازی و کورەخانە و باخداری و... بەپێی ئامارەکانی خودی رژێم هەر چوار پارێزگا کوردنشینەکە لە باری بێکاری و هەژاریەوە ساڵانە لە بەرزترین پلەدا ناویان دێ. بەپێی ئامارەکانی رژێم پارێزگای سنە دووهەم پارێزگای ئێرانە لە باری بێکاریەوە، پارێزگای کرماشان و ئیلام بەهۆی بوونی رێژەیەکی بەرزی بێکار کە زیاترە لە 40 لەسەد لە پلەی یەکەمدا جێگەیان گرتووە، هەروەها پارێزگای ورمێ دابەش دەبێ بە دووبەش، بەشە تورک نشینەکەی لەچاو ناوچە کوردنشینەکەی لەباری بێکاری و هەژاریەوە لە دۆخێکی باشتردان، ئەگەر چیی ناوەندی ئاماری رژێم رێژەی بێکاری لەو پارێزگایە بە 9.9 لەسەد راگەیاندوە، بەڵام گوومانی تێدا نیە ئەو ئامارانەی رژێم لەگەڵ راستی رەوشەکەدا جیاوازیان زۆرەو بەراورد ناکرێن.
لە چەند ساڵی رابردوودا لە کوردستانی ئێران و بەتایبەت شارەکانی سەرسنوور لە پێناو دابین کردنی بژیوی ژیان پەنایان بۆ کاری قورس و تاقەت پروکێنی کۆڵبەری بردووە، وێڕای قورسی و گرانی ئەم کارە، کۆڵبەران لەلایەن هێزە سەرکوتگرەکانی رژێمەوە راوەدوو دەنرێن و دەسترێژیان لێ دەکرێ و هەر بەو هۆیانەوە دەبنە قوربانی. بەپێی ئامارەکان لە ساڵی 1395دا 76کۆڵبەر کوژراو و 64 کەسیش بریندار بون ئەوەش بەهۆی تەقەی هێزەکانی رژێم و تەقینەوەی مین یان بەربوونەوەو کەوتنە خوارەوە لە شاخ و داخەکانەوە بووە.
هەروەها ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە بەهۆی رووداوی کارەوە ساڵی رابردوو 73 کرێکاری بیناسازی بوونە قوربانی و گیانیان لە دەست داوە.
لەو ساڵەدا زیاتر لە 3170 کرێکار لە سەر کار دەرکراون و چوونە ریزی بێکارانەوەو زیاتر لە 82 حاڵەتی مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاری لە کوردستان دا بەرێوەچووە.
ماڵپەری هەنگاوی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان، لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە یەک ساڵدا 22 چالاکی کرێکاری کورد لەلایەن ناوەندە سەرکوتگرەکانی رژێمی ئێرانەوە دەستبەسەر و 33 کەسی دیکە بەمەبەستی لێکۆلێنەوە بانگهێشت کراون، هەروەها حوکمی 66 مانگ زیندان بەسەر 7 چالاکی کرێکاری دیکەدا سەپێندراوە.
ئەوە لە کاتێکدایە رژێمی ئێران هەموو ساڵێک پێش هاتنی 1ی مەی زۆربەی چالاکانی کرێکاری ئاگادار دەکاتەوەو چالاکیە کرێکاریەکانیان لێ قەدەغەو سنووردار دەکات.
بێگوومان رژێمی دەسەڵاتداری پەت و سێدارەی ئاخوندان، لە ماوەی زیاتر لە 38 ساڵ دەسەڵاتی خۆیدا کارنامەیەکی رەشی تۆمار کردوەو ئەو رژێمە یەکێک لە سیاسەتە چەپەڵەکانی هێشتنەوەی کۆمەڵگەی ئێرانە بە هەژاری و برسیەتی و سەرمایەکانی ئەو وەلاتەی وێڕای دزی و گەندەڵی بەرچاوی دەسەڵاتداران، خەرجی کاری تێکدەرانە و پشتیوانی لە تاقم و دەستە تیرۆریستیەکانی ناوچەکە و جیهان کردوە، هاوکات گرینگیەکی زۆری بە پرسی خۆ تەیار کردن بە چەک و چۆڵی ئەتۆمی و مووشەکی بالستیک داوە، لە حاڵێکدا ئەم سیاسەتانەی رژێم هیچ خزمەتێکیان بە خەڵکی ئێران نەکردوە، بەڵکوو رۆژ لە دوای رۆژ تووشی نەهامەتی و چەرمەسەری زیاتر بوون و هەژاری و برسیەتی بڕستی لێ بریون.
بۆیە تەنیا رێگەی دەرباز بوون لەم دۆخە، یەکیەتی و هەماهەنگی نێوان تێکڕای چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان و بەتایبەت چینی کرێکارانە بۆ هەنگاونان بەرەو خەباتێکی یەکانگیری جەماوەری لە پێناو روخانی رژێمی دیکتاتۆر و دژە خەڵکی ئاخوندان و دامەزرانی دەسەڵاتێکی خەڵکی و دیموکراتیک کە تێکڕای چین و تووێژەکانی کۆمەڵگا لە دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری وەلاتدا پشکی خۆیان هەبێ و لە سایەی دادپەروەری کۆمەلایەتی دا ژیانێکی خۆش و ئارام بەرنەسەر.