وەلی فەقیهی رژێم بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکی هەر چوار ساڵ جارێک ئەم شانۆگەرییە بە رەنگ و بیچمێکی جیاوازەوە دووبارە دەکاتەوە
کەریم فەیزییان
ماوەی نزیک بە چل ساڵ دەبێ کە رژیمی ویلایەتی فەقیە خۆی بە سەر گەلانی ئێراندا سەپاندووە. لە ماوەی ئەم چل سالەدا ئەمە دوازدەهەمین خولی بە ناو هەڵبژاردنە بۆ سەرۆککۆماری لەم رژێمەدا، کە حەوت کەس ئەو یازدە خولەی پێشووی سەرۆک کۆماریی رژیمیان بەرێوە بردووە. ئەم بەناو سەرۆککۆمارانە تاقی کردەوەی خۆیان داوە، هەر لە ئوسوولگەراوە تا بەناو ئیسلاحخواز و میانەرەو هتد.. گەلانی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی کورد هەر لە سەرەتاوە هەموو جۆرە هەڵبژاردنێکی لە چوارچێوەی ئەو رژێمەدا بایکوت کردوە چوونکە پێی وابووە کە لە سیستەمی ویلایەتی فەقیەدا هەڵبژاردن شانۆیەکە کە لەلایەن رێبەری نیزامە موهەندیسی دەکرێ تەنها بۆ مەشروعیەت دانە بە دەسەڵاتەکەی نەک گرینگی دان بووبێ بە دەنگی میللەت. ئەگەر چی دام و دەزگاکانی ئەو دەسەڵاتە بە سیناریۆی جۆراوجۆر توانیویانە ژمارەیەک خەڵک راکێشنە پێی سەندوقەکانی دەنگدان و پروپاگەندەی خۆیانی پێوە بکەن. بەڵام ئەوە روون و ئاشکرایە رێژەیەکی زۆری خەڵک کە ئاگایی سیاسیان لە ئاستێکی بەرزدایە و خوێندنەوەی دروستیان بۆ سیاسەتەکانی رژێم کردوە خۆیان بە دوور گرتووە لە بەشداری لە شانۆگەریەکانی رژیمداو هەڵوێستی شۆرشگێڕانەی بایکوتیان پەیرەو کردووە کە ئەوەش ویستی هێزە تێکۆشەر و ئازادیخوازەکانی کوردستان و ئێران بووە. بەڵام ئەو رێژەی جەماوەریش کە ئومێدیان بەوە بووە بە بەشداریان کەسانێک جڵەوی دەسەڵات دەگرنە دەست کە ویست و داواکانی ئەوان جێبەجێ بکا، بینیمان لە ساڵی 88 دا چۆن بەرپەرچی سیاسەتەکانی رژێمیان دایەوەو بەرنامەی هەڵبژاردنیان خستە ژێر پرسیار و رژانە شەقامەکان، لەبەرانبەردا هێزەکانی حکومەت دژ بە جەماوەری نارازی چیها تاوانیان ئەنجام داو ئەو خەڵکەی بەشداریشیان کردبوو لە سالی ٨٨ دا ئەو نابەرابەرییەیان بە چاوی خۆیان دی کە چۆن و چیان کرد بە خەڵکی نارازی، دەنگدەران کە بە زۆری دەنگیان بە میرحسین موسوی دابوو. ئەو پرسیارەیان بۆ دروست بوو کە ئایا ویلایەتی فەقیە رێزی بۆ دەنگی دەنگدەران دانا؟ نەخێر! هیچ کە ڕێزی بۆ دەنگدەران دانەنا ئەوپەری بێرێزیشی پێ کردن . کە خەڵک زانییان لە بژاردنی دەنگەکانیاندا تەیفی توندرەو سەر بە محمود احمدینژاد بە پشتیوانی خامنەیی فێلیان لێ کردوون، لە زۆربەی شارەکانی ئێراندا نارەزایەتییان نیشاندا و رژانە نێو شەقام و مەیدانەکانەوەو دژایەتی خۆیان بۆ سیاسەتەکانی رێبەری رژێم و دامودەزگا ناشەرعیەکانیان دەربڕی. لەو نارەزایەتییانەدا خەڵکێکی زۆر زەرەرمەند بوون و جینایەتێکی زۆر بەرانبەر خەڵک کرا. لە هەڵبژاردنی ساڵی ٩٢ شدا کە خەڵکی ئێران بێکاری و گرانی و هەژاری لە رادەبەدەر تەنگی پێ هەڵچنی بوو، وەلی فەقیە یەکێک لە مۆرەکانی خۆی بە کلیلێکەوە ناردە پێشەوەو بانگەشەی بۆ ئەوە دەکرد کە چارەسەری هەموو گرفتەکان بەو کلیەی دەستی ئەو دەکرێ، بۆیە ژمارەیەک بەو ئومێدەی ئەو بانگەشانەی رۆحانی شتێکیان لێ شین بێ دەنگیان بە رۆحانی دا، رۆحانیش هەرچەندی وەعد و بەڵێنێکی بە خەڵکی ئێران و کوردستان دا بوو، هەر وەک مۆرەکانی دیکەی رژێم ئیعترافی پێ دەکەن بەڵێنەکانی رۆحانی هەمووی درۆ دەرچوون، روونە لە رژێمدا ئەوەی دەسەڵاتی بە دەستە و قسەی یەکلاییکەرەوە دەکات شەخسی خامنەییە .
وەلی فەقیهی رژێم بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکی هەر چوار ساڵ جارێک ئەم شانۆگەرییە بە رەنگ و بیچمێکی جیاوازەوە دووبارە دەکاتەوە کە هەموویان لە یەک پێرن . بەس بۆ چاوبەستی خەڵکی ئێران و فریودانی رای گشتییە. جەنایەتکارانی رژێم وەکو کەو سەری خۆیان بە ناو بەفردا کردووە وادەزانن کەس کارە دزێوەکانیان نابینن، بەڵام پاشەڵی پیسیان خەڵکی ئێران و هەموو جیهان دەیبینێ، لە ئێستادا هیچکە لە ناوخۆی وڵاتدا کێشەی زۆر زەق و بەرچاو هەیە لە سەر دەسەڵات، لە هەمانکاتدا زولم و زۆرێکی لەڕادەبەدەر بەرانبەر بە خەڵکی بێدەسەڵات و چەوساوە دەکرێ لە لایەن دەسەڵاتدارانی رژێمەوە، لە سەر ئەمانەشەوە لەناوبردنی رەفسەنجانی و رەتکردنەوەی محمود احمدینژاد بۆ سەرکۆماری خۆی لە خۆیدا کێشەکانی ناوخۆیی دەسەڵاتی قوڵتر کردوە، ئەمانە هەمووی گیروگرفتن لەبەردەم رژێمدا. کە بەهۆی گیروگرفتانەوە دەبێ چاورێ ی ڕاپەرینێکی بەرینی خەڵکی ئێران و کوردستان بکەین کە ئەم پەین و پاڵە رامالێتە ناو زبڵدانی مێژوو.
رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆی دەستتێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت وڵاتانی عەرەبی و کێشەی ئەتۆمییەکەیەوە وەزعی باش نییە لە باری سیاسیەوە. بە تایبەت کە ئیستا نەیارێکی سەرسەختی رژیم ئێران وەک ترامپ لە کۆشکی سپی دەسەڵاتی گرتۆتە دەست، بۆ کۆماری سێدارە درێژەدان بەو فراوانخوازییەی کە لە ناوچەکەدا دەیدا ئاسان نابێ. وەک کیسەل سەری ئەکەنەوە بە ناو قاوخەکەی خۆیدا . ترامپ لە بەر بەرژەوەندی وڵاتەکەی ناتوانێ وەک ئوبامایەکی نەرمو نیان چاو لە حاست ئیرانێکی پاوانخواز و دیکتاتۆر و دژی مرۆڤایەتی بنوقێنێ و دەستی ئاواڵاکات پەلبهاون بۆ هەرکوێیەک کە ویستیان . ترامپ و ستافەکەی لەمە بێدەنگ نابن، ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئێران دەست هەڵنەگرن لەو سەرکێشییەی لە تەنگەی هورموز دەیکەن و ئەو دەستتێوەردانەی لە وڵاتانی ناوچەکەدا هەیەتی و پابەند نەبێ بە بریارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەبارەت بە چەکی ناوەکی بێگومان دەبێ چاورێی کاردانەوەیەکی توند بکەن لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە .
بە بوونی ئەو هەموو قەیران و گیروگرفتانەی لەبەردەم دەسەڵاتدارانی رژێمدایە، هەر وەک خامنەیی لە چەند رۆژی رابردوودا ئیشارەی پێکرد پێویستیان بە بەشداری بەرێنی خەڵکە بۆ ئەوەی بە جیهانی بسەلمێنن کە خەڵکی ئێران پشتیوان دەکا. نەتیجەی ئەم باس و لێکدانەوەیە بەو راستیەمان دەگەیەنێ کە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری و شۆراکانی شار و دێ لە چوارچێوەی ئەو رژێمەدا شانۆگەرییەکەو بەس، هیچ لە وەزعەکە ناگۆرێ ، تەنیا و تەنیا بە روخانی رژێمی کۆمار ئیسلامی و تەفروتوونابوونی ویلایەتی فەقیە دەکرێ کۆتایی بەم دەسەڵاتە شوومە و دیکتاتۆرییە لە ئێراندا بهێنرێ و خەڵکی ئیران بتوانن بە ئاسودەیی بژین.
دوای لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی ورد سازمانی خەبات لە گەڵ پێنج حیزبی کارا و تێکۆشەری دیکەی کوردستان بانگەوازی بایکوتی هەردوو هەڵبژاردنەکەی رژێمیان کرد و داوایان لە جەماوەری کوردستان کرد کە شانۆگەریەکانی رژێم بایکوت بکەن و لەو رۆژەدا نەچنە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان. دیارە خەڵکی کورد بەم یەکدەنگی و یەک گوتاریەی حیزبەکانی رۆژهەڵات دڵخۆشن و پێویستە جەماوەر بە تێکرا بە دەنگ ئەم بانگەوازەوە بێن و رۆژی ٢٩ ی مانگی بانەمەڕ، نەچنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بە هیچ مۆرەیەکی رژیم نەدەن، وە بۆ رای گشتی بسەلمێنن کە هیچ چەشنە رسوماتێکی دیموکراسی و ئازادی شکنابەن لە ژێر باڵی رەشی ویلایەتی فەقیەدا و ئەوەی رژیم دەیکا لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی و ئازادیدا نایەتەوە. بۆیە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەلی کوردەواری پێویستە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بکەن و پشتیوانی خۆیان بەم بایکۆتکردنە بۆ حیزبەکانیان دووبارە بکەنەوە .
بە هیوای ئەوە کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان هەموو چین و توێژەکانی گەل تێکرا ئەم بەناو هەڵبژاردنە بایکۆت بکەن. با ئەم بایکۆتکردنەشیان بکەنە دوبارە بونەوەی هاودەنگی و پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگە و حیزبە سیاسییەکانیان .
بروخێ و تەفروتوونا بێ رژیمی ئێران .
سەرکەوتو بێ ئیرادەی گەلی کوردستان بە رێبەرایەتی هەموو حیزبە سیاسییەکان.
سڵاو بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی رێگای ئازادی و دیموکراسی .