38 سال حوکمرانی دواکەوتوانەی ئاخوندەکان ئەو راستیەیان سەلماندوە کە هەڵبژاردن لە ئێراندا بێجگە لە شانۆگەری و فریوکاری ئامانجێکی دیکەی نیە
سەبارەت بە چەندین پێشهات و رووداوی گرینگ لە سازمانی خەبات و کوردستان، ئێران، ناوچەکە و جیهان بەگشتی، ماڵپەری ناوەندیی سازمانی خەبات (www.sazmanixebat.com) وتووێژێکی لەگەڵ بەرێز بابەشێخی حسێنی سکرتێری گشتی سازمان ئەنجام داوە. لەم وتووێژەدا کاک بابەشێخ تیشک دەخاتە سەر ئاڵووگۆرەکانی کۆنگرەی شەشەمی سازمانی خەبات، پێوەندی و یەکریزی هێزە سیاسیەکانی کوردستان، ئاڵووگۆرەکانی سیاسەتی ئەمریکا لە بەرامبەر رژێمی ئێران و چەندین پێشهات و باسی گرینگی دیکە، کە بەم شێوەیە سەرنجی خوێنەرانی بەرێزی بۆ رادەکێشین.
پ ـ کۆنگرەی شەشەمی سازمانی خەبات ماوەیەک لەوەپێش بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە کارەکانی هات، ئەو خالانەی لەم کۆنگرەدا زۆرترین قسەیان لەسەر کراو بوونە بریارنامەی کۆنگرە کامانەن؟
وـ پیشتر بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوه بکەم کە کۆنگرەی شەشەمی سازمان لە هەل و مەرجێکی هەستیاردا بەسترا که کۆتایی هاتنی بەو شێوە سەرکەوتوانەیە، ئەوەیش لەو هەلومەرجەدا، خاڵێکی ئەرینی و باش بوو . دیارە زۆر خاڵ و بابەتی گرینگ لە کۆنگرەدا هاتنە بەرباس و بەشێکیان بە وردی قسەیان لە سەر کراو بریاری پێویستیان لە بارەوە درا.
ئەوخاڵە کلیلیانەی کە دەکرێ ئاماژەیان پێ بکەین، بریتین لە بەشداری چالاکانەتری ئافرەتان لە کاروباری سیاسی تەشکیلاتی و نیزامی و خۆ پەروەردەکردنیان بۆ ئیدارەکردنی ئورگان و بەشەکانی سازمان بەشێوەیەکی کاریگەرتر لە داهاتوودا. پەرەپێدانی کاری تەشکیلاتی، سیاسی، راگەیاندن و هەروەها هەوڵدانی بە پەلە بۆ دابین کردنی لایەنی دارایی، تا سازمان بتوانێ زیاتر لە ئێستا چالاک بێ و زیاتر گەشە بستێنێ.
چالاکتر کردنی بەشی ئەمنیەت و بەرین کردنی کارەکانی ناوەندی ئاسایش و دژەترۆر لە سازماندا کە لەم هەلومەرجەی ئێستادا دەورێکی بەرچاوی دەبێ و دەبێتە هۆی پێشکەوتن و پاراستنی سازمان و ئەندامانی لە بەرانبەر هەرەشەکانی دوژمندا.
بەشداری تێکرای دڵسۆزانی سازمان لە ئەرک و کارەکان و بە بەرپرسایەتیان لە حاست چارەنووس وداهاتووی سازمان و بە گرینگ زانینی چالاکی و کارایی تێکرایی و گشتگیر لە بریارەکان و پەسەنکراوەکانی کۆنگرەی شەشەمی سازمان بووە. لە لایەکی دیکە، هەر کات پێویست بکات ئەندامە چالاکەکانی سازمان بە شێوەیێکی غەمخۆرانەو بە هەست کردن بە بەرپرسایەتی دەکەونە خۆ، بۆ جێ بە جێ کردنی کارەکانی سازمان و لە هەر کاتێکی حەساسدا بە دەم سازمان و بریارەکانیەوە دەبن. هەر لەو پێوەندیەدا کۆنگرە بریاریدا ئەنجومەنی ڕاوێژکاری پێک بهێنرێ تا ئەو ئەنجومەنە لە بەرەو پێشبردنی سازمان و راوێژکردن بە سەرکردایەتی سازمان چالاک بێ و هاوکاری سەرکردایەتی بکا بۆ پێشخستنی سازمان.
پ ـ بەرێزت وەک سکرتێری گشتی سازمانی خەبات گرینگی بە چ شێوە کارکردێکی سازمانی دەدەی؟
وـ بێگومان تەشکیلاتی سیاسی پێکهاتوە لە ژمارەیەک لە مرۆڤەکانی کۆمەڵگا. کاری تەشکیلاتی و رێکخراوەیی کاری هاوبەش و گشتی نێوان تێکرای ئەندامانی پێکهێنەری سازمانەو بە شێوەیێکی دیکەو گشتی تر، دەبێ سازمان پێوەندی تۆکمەی لە گەڵ کۆمەڵگا و جەماوەر هەبێ و رێگەبدا کاریگەری جەماوەرو رێنوێنیەکانی کەسانی سەردەرچوو راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دەوریان لە ئیدارەکردنی سازمانی خەباتدا هەبێ و هەمووان خۆ بە خاوەنی بزانن. بەو پێ یە سازمان و بەرێوەبردنی تەنیا ئەرکی یەک یا چەند کەس نیەو سەروەری و دەستکەوتەکانی و هەروەها شکست و کەم وکورتیەکانیشی نابێت لە یەک یا چەند کەسدا خۆبنوێنێ و حیساب بکرێ.
تەشکیلاتێکی سیاسی سەرکەوتوو ئەو تەشکیلاتەیە کە هەموو ئەندامانی بە بێ جیاوازی و هەر کام لە حاست توانایی و بۆکران، خۆی بە خاوەنی بزانێ و لە سەرکەوتنەکانیدا هاوبەش بێ و لە شکست و کەم و کوریەکانیشی خۆی بە هاوبەش بزانێ. بە بۆچوونی من سازمانی خەبات ئی هەموو غەمخۆران و دڵسۆزانو هەموو ئەوانەی رەنجیان لەو رێبازەدا کێشاوەو ئامادەی فیداکاری بوون و هەن. دوا بەشی وەڵامەکەم بۆ پرسیارەکەتان دەڵێم، کە من گرینگی بە کاری دەستەجەمعی و بریاری دەستەجەمعی و کاری گشتی و بریاری گشتی دەدەم و باوەرم وایە باشترین رێگەو میکانیزمە بۆ پێشکەوتنمان لە گەڵ ئەو تێ بینیەی کە دەبێ رێزو حورمەت بۆ پێگەو رەنجە بێ ژمارەکان و دەورو نەخشی کەسەکان و پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیان داندرێ.
پ ـ زۆرترین قسە لەسەر رێژەی بەشداری ژنان لەم کۆنگرەیەدا کرا، پێویستی بەشداری ژنان لە سەرکردایەتی سازمانێکی سیاسی بۆچیی دەگەرێتەوە؟ پێتان وایە چ کاریگەریەکی دەبێ لە کارکردی داهاتووی سازمانی خەباتدا؟
وـ بە داخەوە لە جوڵانەوەی مافخوازانەی کورد لە رابردوودا وەک پێویست گرینگی بە دەورو توانایی ژنان وەک بەشی گرینگی کۆمەڵگا لە بەجێ گەیاندنی ئەرکە سیاسی و شۆرشگێریەکان و تەنانەت لە چالاکیە فەرهەنگی، مەدەنی و کۆمەڵایەتیەکان هتد، نەدراوە بەشداری بکەن و دەوریان هەبێ. هەروەها لە سازمانی خەباتیشدا وەک پێویست کەڵک لە توانا و لێهاتوویی ئافرەتان وەرنەگیراوە. شکی تێدا نیە، هەر شۆرشێکی مافخوازانە، هەر نەتەوە، هەر هێزێکی سیاسی، ئەگەر کەڵکی لە توانای ئافرەتان وەرنەگرتبێ نەیانتوانیوە قۆناغەکانی پێشکەوتن و سەرکەوتن بپێون و بگەنە ئامانج. بێگومان بەشداری کردنی چالاکانەی ئافرەتان لە سەرکردایەتی کردن و بەرێوەبەریی سازمان شتێکی حەیاتی و گرینگەو تەنانەت ئەگەر خودی ئافرەتان لە ریزەکانی سازماندا کەمتەر خەمی بکەن دەبێ پیاوان هاندەرو پشتیوانیان بن بۆ لە ئەستۆ گرتنی بەرپرسایەتی و هاتنەمەیدان بۆ راپەراندنی ئەرک و چالاکیەکان.
سازمانی خەبات بە گرینگی زۆرەوەو بە دوور لە هەر دروشمێک و لە سەر بنەمای راست و بنەرەتی، بە حەیاتی و پێویستی دەزانێ ئافرەتان بەشداری لە کاروچالاکیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بکەن و حزووریان لە مەیدانی کاری پێشمەرگایەتیدا هەبێ و داهاتووش ئەوە دەسەلمێنێ کە تا چ رادەیەک لەو پێوەندیەدا بەرەو پێش دەچین.
پ ـ روانگەی سازمانی خەبات لەسەر ئەدیان و بەشێوەی تایبەتی دینی ئیسلام چیە؟ ئایا سازمانی خەبات هێزێکی ئیسلامیە؟ بۆچی سازمانی خەبات هەوڵ دەدا لەبەرنامەی دا ئەم خاڵە بپارێزێ؟
وـ سازمانی خەبات هێزێکی نەتەوەیی و نیشتمانی میانەرەوە کە بە شێوەیێکی سەردەمیانەو دوور لە هەستی رەگەزپەرەستی، بۆ گەیشتنی کوردو تێکرای نەتەوەو مەزهەب و بیروباوەرەکان لە کوردستاندا تێ دەکۆشێ.
سازمانی خەبات دینی ئیسلام و تێکرای ئەدیان وبیروباوەرەکان و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و دوور لە هەر جۆرە توندوتیژیەک بە گرینگ دەزانێ و کار بۆ تەبایی دینی و مەزهەبی و نەتەوەیی لە کوردستاندا دەکات.
گرینگی دان بە بەرنامەی گشتگیری نەتەوەیی ونیشتمانی خاڵێکی سەرەکی و گرینگی بەرنامەی سازمانی خەباتەو لە پێوەندیەدا دڵسۆزانە کاری بۆ دەکات و گومانیش نیە بەرنامەیێکی لەو شێوە سەردەمیانەو هەمەچەشنەو گشتگیر ئاکامی باشی بۆ کۆمەڵگای کوردستان دەبێ.
پ ـ پێوەندیەکانی سازمانی خەبات لەگەڵ ئەحزابی کوردستانی و ئێران لە دوای کۆنگرەی شەشەم بە چ شێوەیەک و لەسەر چ ئەساسێک دەبێ؟
وـ هەر لە سەرەتای پێکهاتنی سازمانی خەبات تا سەردەمی ئێستا، هاوکاری و تەبایی لە نێوان هێزو لایەنە سیاسیەکان لە سەر بنەما سەرکیەکانی هاوخەباتی بوون لە پێناو پرسە چارەنووس سازەکان بە تایبەت لە پێوەند بە جوڵانەوەی مافخوازانەی کوردو شۆرش و تێکۆشان لە بەرانبەر ڕژیمی سەرەرۆی ئاخوندی بە بەشێکی دانەبراو سەرەکی لە کارەکانی زانیووەو هەمووکات هەنگاوی بە کردەوەیی بۆ هەڵهێناوەتەوە. پێوەندی و هاوپەیمانی زیاتر لە 20 ساڵەی سازمانی خەبات لە گەڵ سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران و شورای میللی مقاومەت یەکێکە لە بەڵگەکان کە سازمانی خەبات هاوکاری و هاوخەباتی و کاری هاوبەشی سیاسی بۆ گەیشتن بە ئامانجە رەواکانی گەلی کوردو خەباتی شۆرشگێرانەو ئازادیخوازی بۆ رووخان و لە ناوچوونی رژێمی ئاخوندی پێ بنەرەتیەو بەردەوامیش دەبێ لە سەر ئەو سیاسەتەی.
پ ـ وەک دەزانن 29ی بانەمەڕ شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و شۆراکانی شار و گوندەکان بەرێوەدەچێ، رژێم چ کەڵکێک له وشەی هەڵبژاردن وەردەگرێ؟ بۆچوونی بەرێزتان لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری رژێمەوە چیە؟ بۆچی ئێوە باوەرتان بە بایکوتی هەڵبژاردنەکانی رژێم هەیە؟
وـ شکی تێدا نیە دەسەڵاتدارانی رژیمی ئاخوندی هەر لە سەرەتای هاتنە سەر حوکم لە بانەمەڕی ساڵی 1358 ی کۆچی خۆری، بە پێچەوانەی رەوتی دیموکراسی و پێوانەو بنەماکانی هەڵبژاردنی ئازاد کاریان کردوە. خومەینی و دەست و پێوەندەکانی لە یەکەمین رۆژەکانی دەسەڵاتداری لە ئێراندا بە هێنانە پێشی دوو بژاردەی بەڵی یا نەخێر بۆ دیاری کردنی شێوەی حکومەت لە ئێران، گورزی کوشوندەیان لە بنەمای دیموکراسی و هەڵبەژاردنی ئازاد وەشاند. هەروەها لە یەکەم هەڵبژاردنەکان بۆ مەجلیسی خوبرەگان و مەجلیسی شورا (پارڵمان) رێگەیان لە پاڵێوراوەکانی خەڵک گرت تا بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن. لە یەکەم هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریشدا سیستمی پەراوێز خستن و رێگە گرتنی پاڵێوراوان و نۆێنەرانی خەڵک بۆ سەرۆک کۆماریان پەیڕەو کردو لە دیارترینی ئەو رێگریانەدا نەیان هێشت مەسعودی رەجەوی وەک نۆێنەری خەڵک و بەری ئینقلابی بەشداری کێبەرکێ بکات.
وەک ئاشکرایە 38 ساڵە دەسەڵاتدارانی ئێران تێکرای پێوەرو بنەماکان لە پێوەند بە سیستمی هەڵبژاردن لە ئێراندا پێشێل دەکەن و هەڵبژاردن وەک هۆیەک بۆ مەشروعیەت دان بە دەسەڵاتی ناڕەوایان بە کاردێنن. لەو چوارچێوەدا گرینگە هێزە سیاسی و تێکۆشەرەکان وەک بەرپرسیایەتی شۆرشگێریی و نیشتمان پەروەری لە پێوەند بە شانۆگەری هەڵبژاردن هەڵۆێستی بەرپرسانەو مەعنادارو رێنیشاندەریان هەبێ و هیچ کات شانۆکانی هەڵبژاردن و تەبلیغاتی فریوکارانەی مۆرەکانی رژیم و بەڵێنە بێ بنەماکانیان لە پێوەند بە ئاڵوگۆری ئەرینی لە سیستمی دەسەڵاتداری هومێدواریان نەکات، 38 سال حوکمرانی دواکەوتوانەی ئاخوندەکان ئەو راستیەیان سەلماندوە کە هەڵبژاردن لە ئێراندا بێجگە لە شانۆگەری و فریوکاری ئامانجێکی دیکەی نیە. سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بە هەست بەرپرسایەتی ئەخلاقی سیاسی و نیشتمان پەروەری و بە پەرۆش بوون بۆ رەوتی دیموکراسیخوازی و گەیشتنی جەماوەر بە ماف و ئازادیەکان، تا روخانی رژیمی ئاخوندی بەردەوام دەبێ لە سەر بایکوت کردنی شانۆی هەڵبژاردنەکان لە ئێراندا.
پ ـ لە چەند رۆژی رابردوودا لە زۆربەی ئەو شارانەی کوردستان کە هەردوو پێکهاتەی کورد و ئازەری دەژین، رژێم بەربژێرە کوردەکانی بە زۆری رەد کردەوە، ئەم هەنگاوەی رژێم لە ئێستادا چ پەیامێک بە کورد دەدا؟
وـ هەڵۆێستی رژیمی خومەینی هەر لە سەرتاوە دژایەتی کردنی گەلی کورد بووە. فەرمانی جیهادی لە 28 گەلاویژ بەرانبەر بە هاونیشتمانیانی کوردستان و دەست ئاوەڵە کردنی پاسدارو بەکرێگیراونی بۆ سەرکوتی بێ بەزییانەی خەڵک. سیاسەتی ئاژاوەنانەوە دوبەرەکی دروست کردن لە نێوان نەتەوەو پێکهاتە مەزهەبی و ئایینیەکانی کوردستان یەکێکی دیکە لە کردەوە قێزەونەکانی حکومەتی ئاخوندی بۆ بەردەوام بوون لە حکومەتی خۆسەپێن و دیکتاتۆریی بووە. جێگەی داخە تا ئێستاش ژمارەیەک لە دانیشتوانی کوردستان باوەریان بەو دەسەڵاتە درندەو جینایەتکارو دژ بە مرۆڤە هەیەو لە نمایشی هەڵبژاردن بەشداری دەکەن و یا خۆیان بۆ ناوەندەکانی حکومەتی دەپاڵێون. سیاسەتی دژی خەڵکی کورد و تێکرای پێکهاتەکانی ئێران لە لایەن ئاخوندەکانەوە بەسە بۆ ئەوەی تا هەموان هەڵۆێستی راست لە چوارچێوەی قازانجە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان بگرنەبەر.
پ. وەک دوایین پرسیار ڕای بەرێزتان سەبارەت بە سیاسەتی داهاتووی ئەمریکا لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراست و بەتایبەت لە بەرامبەر رژێمی ئێران، چیە و داهاتووی ئەو ناوچەیە چۆن دەبینن؟
وـ لای هەمووان روونە کە حکومەتی پێشووی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی باراک ئۆباما بەشێکی زۆر لە هەڵوێست و سیاسەتەکانی بە شێوەیەک بوو کە لە مەسڵەحەتی رژیمی ئێران و پاوانخوازایەکانی لە ووڵاتانی عەرەب، و ئیسلامی لە ناوچەکەدا بوو.
سیاسەتی ووتوێژ و نەرمی نواندنی حکومەتی باراک ئۆباما لە بەرانبەر رژیمی ئێران، راستەوخۆ و ناراستەوخۆ خزمەتی بە ئاخۆندانی دەسەڵاتداری ئێران و پیلان و ئاژاوەگێریەکانی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراستدا کرد.
بە هاتنە سەرکاری حکومەتی ترامپ و بریاری ناوبراو بۆ کۆتایی هێنانی دەستێوەردان و ئاژاوەگێریەکانی رژیم لە ناوچەکەداو هەڵوێستی جیددی حکومەتی دۆنالد ترامپ بەرانبەر رژیم، کە چاوەڕێ دەکرێ ئەو سیاسەتە بە شێوەی جیددی تر بەردەوام بێ. لەو چوارچێوەدا جێگەی خۆیەتی ئێمە کەڵک لەو دەرفەتانەی دێنە پێش وەرگرین و هەوڵ بدەین بە شێوەی کاراتر بریارو ئەرکە سیاسیەکانمان بە کردەویی تر بکەین.