لەسەرەتای دەسپێکی راپەرینی خەڵکی سوریا لە دژی رژیمی بەشار ئەسەد ، دەسەڵاتدارانی ئێران بە هەموو تواناییانەوە تێکەڵ بەو شەرە بوون بۆ پاراستنی نیزامی ئەسەد و هەتا ئێستاش ژمارەیێکی زۆر لە پاسداران و فەرماندە بالاکانی رژیم لەو شەرە دا کوژراون و بەشێکی بەرچاویان لە بێدەنگی دا خراونە ژێر گڵ و هیچ باسێکیان لێوە نەکراوە، ئەوە لەو کاتە دابوو کە رژیم ئیدعای ئەوەی دەکرد کە ئەوان بەشدار نین لەو شەرە و تەنیا چەند تیمێکی راوێژکاریی و....
بەختیار عەزیزی
لەسەرەتای دەسپێکی راپەرینی خەڵکی سوریا لە دژی رژیمی بەشار ئەسەد ، دەسەڵاتدارانی ئێران بە هەموو تواناییانەوە تێکەڵ بەو شەرە بوون بۆ پاراستنی نیزامی ئەسەد و هەتا ئێستاش ژمارەیێکی زۆر لە پاسداران و فەرماندە بالاکانی رژیم لەو شەرە دا کوژراون و بەشێکی بەرچاویان لە بێدەنگی دا خراونە ژێر گڵ و هیچ باسێکیان لێوە نەکراوە، ئەوە لەو کاتە دابوو کە رژیم ئیدعای ئەوەی دەکرد کە ئەوان بەشدار نین لەو شەرە و تەنیا چەند تیمێکی راوێژکاریی و یارمەتی مرۆڤدۆستانە پێش کەش دەکەن و هەموو جارێکیش لەدوای بەدیل گیرانی دەست و پێوەندەکانی رژیم بە دەستی ئۆرپۆزسیۆنی رژیمی ئەسەد و ئاشکرابوونی بەڵگەی حاشاهەڵنەگر بۆ سەلماندنی ئەو دەستێوەردانە تێکدەرانە و یەک لایەنانه، دەسەڵاتدارانی رژیمی ئاخوندی حاشایان لێدەکرد و بە سیناریۆ و درۆیان لەقەڵەم دەدا.بەڵام لەدوای سەرهەڵدانی داعش و گۆرانکاریی هاوکێشەکان و هاتنی رووسیە بۆ ناو بابەتەکە رژیم بە ئاشکرا کوژرانی فەرماندەکانی رادەگەێنێ و نایشارێتەوە، بەڵام ئەمجارە لە ژێر ناوی شەر لەدژی داعش هاوکاریی و پشتیوانیەکانی لە رژیمی بەشار ئەسەد پاساو دێنێتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا لە رۆژانی رابردوو دا دەسەڵاتی ئاخوندی لە مێدیاکانیەوە کوژرانی فەرماندەێکی باڵای خۆی راگەیاندووە بەناوی سەرتیپ حوسێنی هەمەدانی جێگری قاسمی سلێمانی بەرپرسی سپای قودسی سپای پاسداران کە یەکێک لە مۆرە گرینگەکانی دەسەڵات و بکوژێکی جینایەتکاری خەڵکی کوردستان بووە.
کوژرانی هەمەدانی کە لە مۆرە دیارەکانی ناو سیستەمی نیزامی رژیم بوو زیان و زەربەیێکی گەورە بوو بۆ رژیم، لەبەرئەوەی کە هەمەدانی بە درێژایی تەمەنی دەسەلاتداریەتی ئاخوندیی چەندین بەرپرسیارەتی گەورەی لە ئەستۆ بووە و کۆمەلێک جینایەت و کوشتاری گەورەش لە پێناو پاراستنی رژیمی ئاخوندی لەسەر دەستی ناوبراو بەرێوە چووە.
لەسەر چۆنیەتی کوژرانی هەمەدانی تا ئێستا چەندین سناریۆ باس کراوە و لە ناویاندا لە زمان عەلی سابت فەرماندەێکی سپای پاسداران دەوترێ کە رۆژی پێنج شەممە 16ی رەزبەر سەعات 3ی هەمان رۆژ لە کاتێکدا کە بۆ مەبەستی ناسینی ناوچەکە هەمەدانی لە ناوچەی حەڵەب بووە دەکەوێتە ناو کەمینی تەکفیرییەکان و لە دوای تەقە هەمەدانی دەپێکرێ و لەکاتی گواستنەوەی بو نەخۆشخانە سەعات 8 دەکوژرێ. زەربەی کوژرانی هەمەدانی بە رێژەیێک کاریگەر بووە کە خامنەیی و رەفسەنجانی و پاسدار جەعفەری و رەزایی و شەمخانی لە پەیامی جیا جیا ئاماژەیان بەو خەسارەتە کردووە و ئەویان بە پارێزەری قووڵایی ئیستراتیژی نیزام شوبهاندووە و بە پێی ووتەکانی ئەو پاسدارنە ناوبراو بۆیە لە سوریە بووە تا شەر لە تاران دوور بکاتەوە.
بەرپرسیارەتیەکانی حوسێن هەمەدانی بریتی بوون لە :
1 ـ فەرماندەی لەشکری 32ی ئەنسارولحوسینی پارێزگای هەمەدان
2 ـ فەرماندەی لەشکری 16ی ناسراو بە قودسی پارێزگای گیلان
3 ـ جێگری عەملیاتی قەرارگای قودس
4 ـ فەرماندەی قەرارگای نەجەف و فەرماندەی لەشکری 4ی بەعسەت
5 ـ سەرۆکی ستادی هێزی زەمینی سپای پاسداران
6 ـ جێگری فەرماندەی هێزی موقاومەتی بەسیجی سپا ( دوو دەورە)
7 ـ راوێژکاری بەرزی فەرماندەی گشتی سپای پاسداران
8 ـ جێنشینی رێکخراوی بەسیج
9 – فەرماندەی سپای محەممەد رەسوڵلای تاران
هەروەها ناوبراو یەکێک لە بکوژانی خەڵکی کوردستان و لەدەستەی دامەزرێنەرانی سپای پاسداران لە کوردستان بووە و لە ماوەی ساڵەکانی 58 تا 1360 یەکێک لە سەرەکیترین مۆرەکانی کوشتار و بەرێوەبەری فەرمانی جیهادی خومەینی لە کوردستان بووە. ناوبراو دەستی باڵای لە رووبەرووبوونەوەی هێزە ئازادیخوازەکانی کوردستان هەبووە و لە زمانی خۆیەوە گەورەترین شانازیی بەشداریی لە شەری دژی ئینقلابیەکان بووە و لەو بارەشەوە کتێبێکی بە ناوی مەهتابی خەیێن لە پاش بە جێ ماوە. هەمەدانی لە شەری 8 ساڵەی نیوان عێراق و ئێران فەرماندەی عەملیاتی کەربەلای 4 و 5 بوو کە تییدا بە مەبەستی پاککردنەوەی مەیدانەکانی مین لە سەربازەکان کەڵک وەردەگیرا و لەو جۆرە عەملیاتانە دا سەربازەکان دەچوونە سەر مینەکان و بە کوشتنی خۆیان مینەکان دەتەقاندەوە. هەروەها لە سەرکووت کردنی راپەرینەکانی وەک 18ی پووشپەری 1388 گەورەترین دەوری هەبوو لە کوشتن و زیندانی کردن و هەروەها پرۆسەی شکەنجە و ئیعتراف وەرگرتن لە زیندانیان و بە ئیعترافی خوی لە ووتوویژێکدا لە جەریانی راپەرینەکە و سەرکووتی رژیم نزیک بە 830 کەس قەتعی نوخاع بوونە و ئەوە دەرخەری ئەو راستیەیە کە لە جەیرانی پرۆسەی دانپێدانان سپای پاسداران چ جینایەتێکی بەرێوەبردووە. حوسێن هەمدانی لە ریزی ئەو 80 کەسە بوو کە کەوتە بەر ئابلۆقەی یەکێتی ئورووپا و تەحریمی لەسەر بوو بە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و مافی خەڵکی ئێران.
حوسێن هەمەدانی مەکینەیێکی کوشتار و جینایەت بوو کە لە ژێر فەرمانی ئاخوندەکانی تاران زیانی گەیاندبوو بە مرۆڤایەتی و نەک تەنیا بە کوشتاری ئازادیخوازانی گەلانی ئێران نەویستاوە بەڵکو لە رێگەی پشتیوانی لە رژیمی بەشار ئەسەد لە جینایەتەکانی رژیمی سوریاش بەرانبەر بە خەڵکی نارازیی بەشداریی کرد و دواجار لە رێکەوتی 16ی رەزبەری 1394 بە سزای تاوانەکانی گەیشت.
حوسێن هەمەدانی کە بە کەسی ژمارەی ٢ی سپا ناسرابوو یەکێک لە باڵاترین ئەندامانی سپای پاسداران بوو کە دوای دەسپێکردنی شەڕ و تێکهەڵچوونە نێوخۆییەکانی سووریە نێردرایە ئەو وڵاتە و وەک جێگری قاسم سولەیمانی بەشداریی لە شەڕی دژی ئۆپۆزیسیۆنی سووری دەکرد. ناوبراو لە هیچ جینایەتێک سڵی نەکردۆتەوە و لە راپەڕینەکەی ساڵی ١٣٨٨ی خەڵکی ئێراندا وەک فەرماندەی سپای “محمد رسول اللە” دەورێکی سەرەکیی لە سەرکوتی راپەڕینەکە و، کوشتن و بریندارکردن و گرتنی ناڕازییاندا گێڕا.
حوسێن هەمەدانی لە لیستی ئەو بەرپرسانەی رێژیمدا بوو کە بەهۆی بەشداری لە سەرکوتی خەڵک و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ رۆژی ١٣ی ئاوریلی ٢٠ ١١ لە لایەن یەکیەتیی ئورووپاوە گەمارۆیان بەسەردا سەپا.
دوای راپەڕینەکەی خەڵکی سووریە لە دژی رێژیمی دیکتاتۆری بەشار ئەسەد، ئێران وەک هاوپەیمان و پشتیوانی بەشار ئەسەد بە کردەوە و بە هەموو تواناوە وێڕای سپای سووریە شەڕێکی تەواو عەیاری لەدژی خەڵکی راپەڕیوی ئەم وڵاتە دەست پێکرد کە تا ئێستا لەپێناو راگرتنی دەسەڵاتی ئەسەد و هەروەها پاراستنی باسکێکی تیرۆری رێژیمی تاران لە ناوچەکە، سەدان هەزار کەس لە خەڵکی سووریەی بە ژن و منداڵ و پیر و لاوەوە کردۆتە قوربانی و بەشی زۆری ئەم وڵاتەی وێران کردوە.
ئەم رەوتی کوژرانی فەرماندەکانی سپا لە سوریە لە کاتێکدا زیاد دەکا کە رووسیە بە شێوەیەکی راستەوخۆ هاتۆتە نێو شەڕەکە و بە وتەی خۆی هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر هێزەکانی داعیش، بەڵام نیگەرانیی ئەوە هەیە کە ئەو هێرشە بۆسەر هەموو ئۆپۆزیسیۆنی سووری بێ. دیارە بەشداریی راستەوخۆی رووسیە لە کێشەی سووریە وەک دژکردەوەیەک و سیاسەتێکی نوێی رووسیە لە بەرامبەر مەیداندارییە ناکارامەد و زۆرجار هەڵەکانی رۆژئاوا و بە تایبەت ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەتوانێ ببێتە هۆی گەرمترکردنی ئاگری شەڕ و ئاڵوگۆڕ لە هاوکێشەکاندا.
دیارە ئەو رەوتە بە رواڵەت بەرەی لایەنگرانی بەشار ئەسەد بەهێزتر دەکا و شانسی درێژکردنەوەی خۆڕاگریی بەشار ئەسەد بۆ ماوەیەکی دیکە زیاد دەکا، بەڵام بێگومان جگە لە وێرانترکردنی ئەم وڵاتە و کوژرانی ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵکەکەی، تێچوو و هەزینە ماددی و ئینسانییەکانی ئێرانیش وەک یەکێک لە بەشدارانی ئەم شەڕە زیاد دەکا.
هاوکات لەگەڵ ئەم رووداوانە کوژرانی فەرماندەکانی سپای پاسداران دەتوانێ تاکتیکی نوێی ئۆپۆزیسیۆنی سووریە بێ کە لە بەرامبەر هەڕەشەکانی لایەنگرانی ئەسەددا هەوڵ دەدەن بە لێدانی فەرماندە و سەرکردە سەربازییەکانی ئێران زەبری کاریگەرتر لەم بەرەیە بدەن و لەمپەر لە بەرامبەر ئەو هێرشەدا دروست بکەن کە بڕیارە بەڕێوەبچێ.
بە گشتی ئەوەی رژیمی ئاخوندی بە پێی سیاسەتە دەستدرێژیکارانەکانی و بە هێزێکی وەک سپای پاسداران کە بە تایبەتی بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتە چەوتەکانی رێژیم پەروەردە کراوە، بەڕێوەی دەبا، بەفیڕۆدانی سەروەت و سەرمایەی ماددی و مرۆیی ئێرانە لەپێناو راگرتنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی رێژیم و هەموو ئەو هێز و لایەن و رێژیمە سەرەڕۆیانەی لە بازنەی بەرژەوەندکانی رێژیمی تاراندان و، هەربۆیە کوژرانی پاسدار و فەرماندەکانی سپای پاسداران لە سووریە و لوبنان و فەلەستین و هەر شوێنێکی دیکەی جیهان و بەفیڕۆدانی میلۆنان دۆڵار لە سەروەت و سامانی وڵات باجێکە کە خەڵکی ئێران بۆ سیاسەتە هەڵەکانی رژیمی ئاخوندی دەیدەن.
ئەو بابەتە لە تێکۆشان ژمارە 287 وەرگیراوە