یه‌ک شه‌مه‌ 

4 سه‌رماوه‌ز2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

بۆ دەبێ بایکوتی شانۆگەری هەڵبژاردنەکانی رژێم بکەین!

بۆ دەبێ بایکوتی شانۆگەری هەڵبژاردنەکانی رژێم بکەین!

دەبێ رۆناکبیران و چالاکانی سیاسی و مەدەنی دەوری تاریخی و گرینگی خۆیان بگێڕن.

عەلی بارامی

کە باس لە هەڵبژاردن دەکرێ، لە بنەڕەتدا یانی مافێک کە بە تاک، دەستە، یان نەتەوەیەک بە رەوا دەبیندرێ بۆ ئەوەی بابەتێکی گرینگ و چارەنووس سازی وەک ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، یان بۆ ئاڵوگۆڕ لە سیستەمی دەسەڵاتداری، یان سەرۆک کۆماری و پارڵەمان و زۆر بابەتی دیکە ئازادانە دەنگی خۆیان بدەن و ئەو دەنگە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو بابەتانە یەک لاکەرەوە دەبێ. بێگومان ئەو بەستێنەی وەها دەرفەتێک بە خەڵک دەدا دیموکراسی و دەسەڵاتی خەڵکی و دیموکراتیکە. وەک دەبینین لەو وەڵاتانەی سیستەمێکی دیموکراتیکیان هەیە، لە هەموو پرسە گرینگەکاندا حکومەت و دەسەڵاتداران دەگەرێنەوە بۆ رای جەماوەر، و جەماوەر سەرچاوەی هێزی هەموو ئاڵووگۆرەکانە.

لەلایەکی دیکە ئەگەر چی لە زۆر وەلاتی دیکەدا هەڵبژاردن دەکرێ، بەڵام لەگەڵ هیچ پێوەرێکی هەڵبژاردنی ئازاد دا نایەتەوەو تەبا نیە،  جەماوەر بەناوی هەڵبژاردن تەنیا بۆ مەبەستێکی تایبەت بەکار دەهێندرێن، دەنا دەنگی جەماوەر لەو جۆرە هەڵبژاردنانەدا کاریگەری نیە و یەکلاکەرەوە نیەو ئاڵگۆری پێ ناکرێ. ئەوەش راستی ئەو قسەمان بۆ دەسەلمێنێ‌ کە دەڵێ هەموو هەڵبژاردنێک نیشانەی بوونی دیموکراسی نیە. 

لەو بارەوە دەکرێ هەڵبژاردنەکانی رژێمی ئێران لە ماوەی 38 ساڵی رابردوو بەراورد و تاوتوو بکەین، دەبینین دەنگی جەماوەر هیچ کاریگەریەکیان لەسەر شێوەی کارکرد و سیاسەت و بەرنامە درێژخایەنەکان نەبووە، بۆ وێنە لە تەمەنی رژێمی ئێراندا یەکجار ریفراندۆم لەسەر شێوەی دەسەڵاتداری لە ئێراندا کراوە، کە ئەویش فێڵێکی گەورە لە خەڵک کرا و بە دوو بژاردەی جمهوری ئیسلامی ئەرێ یان نا، ریفراندۆمەکەیان بە سەرکەوتوو لە قەڵەم دا. کە دوایی لە جۆری دارشتنی دەسەڵاتەکاندا ویلایەتی فەقیهیان دامەزراند و کردیان بە نوێنەری خودا لە سەر عەرز، و بابەتی کۆماریش  لەو نیزامەدا بوو بە شتی لاوەکی، لاوەکی چوونکە ئەگەر سەرۆک کۆمار بەناو بە هەڵبژاردن دیاری دەکرێ بەڵام دەسەڵاتەکانی سنووردارن لە هەموو بارێک و لەو نیزامەدا هەموو دەسەڵاتەکان لەلایەن وەلی فەقیهەوە قۆرغ کراوە. بەڵام دەبێ ئەوەمان لەبیر بێ رژێمی ئێران چەند سیناریۆیەک پەیرەو دەکا، ئەویش ئەوەیە کە ئەو رژیمە تەنیا مەشروعیەتی خۆی لە ئاسمان وەرناگرێ، بەڵکوو ئەو بابەتە بۆ دەمکوتی خەڵکە و ئەوەش زیاتر لە کۆمەڵگە پاشکەوتووەکاندا بۆ دەسەڵاتداران دەچێتەسەر، وە هەموو هەوڵی رژێمیش ئەوەیە خەڵکی ئێران لە دنیای دەرەوە دابڕێ و کۆمەڵگە لەسەر ئەو بەرنامەو مەنهەجەی خۆی پێی دروستە باربێنێ. بەڵام بۆ وەلامدانەوەی دژمنان و نەیارانی پشت بە خەڵک و بەشداری خەڵک لەو هەڵبژاردنانەی خۆی موهەندیسی دەکا دەبەستێ. وە وا خۆ دەنوێنن کە دەنگی خەڵک یەکلاکەرەوەیەو مەشروعیەتی دەسەڵاتەکەیان لە دەنگی جەماوەر وەردەگرن.

ئەوەی چوار ساڵ جارێک بەناوی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێ لە ئێران، لە راستیدا یاری کردنە بە عەقڵی خەڵک  و لەلایەن وەلی فەقیهەوە موهەندیسی دەکرێ، چوونکە هەر چوار ساڵ جارێک ئەو شانۆگەریە وەرێدیخرێ و هەموو هەوڵی دەسەڵاتداران بۆ هاندانی خەڵکە بۆ بەشداری لەو شانۆگەریەدا، ئەویش تەنیا مافی بەشداریان هەیە نەک هەڵبژاردن، هەر وەک دەگوترێ، لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندان خەڵک مافی دەنگدانی هەیە بەڵام مافی هەڵبژاردنی نیە. چوونکە ئەسڵی هەڵبژاردنەکە وەلی فەقیهی رژێم لە رێگەی شۆرای نیگابانەوە ئەنجامی دەدا، بەپێی قۆناخ و دۆخی رژێم کەسێک کە جوێ لەو خاڵانەی لە قانوونی بنەڕەتی رژێمدا ئیشارەیان پێکراوە، دەبێ خزمەتێکی زۆری لە رژێمدا هەبێ. بەپێی قاعیدە خزمەتکارەکانی رژێمێکی دیکتاتۆر دەبێ کەسانی سەرکوتگەر و تاوانبار بن و پەروەرندەیەکی ئەستووریان لەو بارە تۆمار کردبێ، هەر وەک دیومانە ئەوانەی لە رژێمی ئێراندا دەبنە بەربژێر کەسانێکن هەتا ئەنیشکیان سوورە بە خوێنی خەڵکی چەوساوەی ئێران. 

بۆ دەورەی دوازدەهەمی شانۆی بەناوهەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری رژێم کە زیاتر لە 1600 کەس خۆیان پاڵاوتووە، تەنیا 6 کەس بە شیاوی بەربژێری و بەشداری لە پروپاگەندەکان زانرا، ئەوانیش لە نێو جەماوەردا کەسانێکی بێزار و مەنفورن. بەڵام بەهۆی دۆخی نالەباری ژیان بە هۆی بێکاری و هەژاری لەرادەبەدەر و دەیان دیاردەی دیکەی کۆمەڵایەتی کە داوێنی خەڵکی گرتووە، هەر ئەو کەسە تاوانبارانە  کە خۆیان هۆی دروست بوونی ئەو باردۆخە خراپەی خەڵکن، بە شیعار و دروشمی جۆراوجۆر خۆیان دەکەنە فریادرەس، هاوکات لە رێگەی ناوەند و هێزە ئەمنیتیەکانیانەوە هەوڵدەدەن ژمارەیەکی زۆری خەڵک راکێشن بۆ سەر سەندوقەکانی دەنگدان و مانۆری جۆراجۆری پێوە لێ بدەن.

هەر لەو چوارچێوەدا لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا خامنەیی رێبەری رژێم لە دوو دەرکەوتندا داوای لە خەڵک کرد کە کێشە نیە دەنگ بە کێ دەدەن موهیم ئەوەیە بەشدار بن. هەر خۆیشی لە رستەیەکدا دیانی پێدانا کە حکومەت دەسەڵاتی نیە، تەنیا بۆ کۆماری ئیسلامی بەهێزبێ  و نیشانی نەیاران و دژمنیانی خۆیانی بدەن کە خەڵکی ئێران پشتیوانیانە، پێویستە لەو رۆژەدا بەشداری بکەن.

لەلایەکی دیکەوە رژێم بەشێوەی ئانقەست هەڵبژاردنی شۆرای شار و گوندەکانی لەگەڵ سەرۆک کۆماری یەکخستووە، بۆ ئەوەی  لە شار و گوندەکاندا ژمارەیەک خۆیان دەپاڵێون بۆ ئەو شۆرایانەو ئەوانیش هەوڵ دەدەن خزم و دۆست و ناسیاوەکانی خۆیان راکێشنە سەر سەندوقەکان و بەوەش کورەی هەڵبژاردنەکانی رژێم گەرم دادێ، دەنا ئەگەر باشتر ورد بینەوە، ئەندامانی شۆرای شار و گوندەکان جوێ لە هەندێ ئیمتیازی تایبەتی بۆ تاکەکان چ دەستکەوتێکیان بۆ خەڵکی شار و گوندەکان بووە؟ لە راستیدا لە زۆر بابەتدا هەر ئەو کەسانە بەشێک بوون لە فەساد و گەندەڵی ئیداری لە رژێمداو تەواو کەری ناوەندەکانی دیکەی دەسەلات بوون بۆ فەسادی ئیداری و گیرفان پرکردن. 

بە پێی ئەو هۆکارانەی باس کران ئەحزابی کورد لە کوردستانی ئێران هەر لە سەرەتای بەدەسڵات گەیشتنی ئاخوندان، هەڵبژاردنەکانی رژێمیان بایکوت کردوەو ئەو ساڵیش بۆ یەکەمجار 6 سازمان و حیزبی سیاسی بە یەکدەنگ بایکوتی ئەو بەناو هەڵبژاردنانەیان کرد و داوایان لە جەماوەری کوردستان کرد بەشداری نەکەن و بە پیر بانگەوازی بایکوتەوە بێن.

خەڵکێک بە هەر هۆیەک بێ، رەخنە لە بژاردەی بایکوتی ئەو شەش لایەنە سەرەکیەی کوردستانی رۆژهەلات دەگرن و دەڵێن تا ئێستا بایکوتمان کردوە بایکوت چ دەسکەوتێکی بۆ خەڵکی کوردستان هەبووە؟ با لێگەرێین خەڵک بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن!؟ یان دەگوترێ با لەو دوو هەڵبژاردنەی لەبەر دەمدایە سەرۆک کۆماری بایکوت بکرێ و بۆ شۆراکانی شار و دێ داوای بەشداری بکەین!؟ 

من پێم وایە ئەگەر بایکوت هیچ دەسکەوتێکی بۆ خەڵک نەبووبێ خۆ خەڵکی فێری ئەوە کردوە بە رژێم بڵێن نا، بە پیر سیاسەتەکانی رژێمەوە نەچن و ئەو رژێمە کە بە زۆری چەک کوردستانی داگیرکردوە هەر بە داگیرکەر و نامۆ بزانن و لە هەموو هەنگاوێکی دوردۆنگ و بەگومان بن، لەلایەکی دیکە کاتێک فەزای سیاسی وەڵات داخراوە،  وە سیستەمێکی تا سەر ئێسک دیکتاتۆر و سەرکوتگەر حوکم دەکات و چالاکی ئەحزاب قەدەغە کراوە، بە زۆری چەک ئیرادەی خۆی سەپاندووە، جوێ لە بایکوت بژاردەیەکی دیکە هەیە؟ ئایا بژاردەی بایکوت نیشانەی دژایەتی لەگەڵ دیکتاتۆریەت و پاوانخوازی ئەو رژێمە نیە؟ ئایا لەو رەوشەدا بایکوت نابێتە هەڵوێستێکی ئەخلاقی و شۆرشگێڕانە؟ 

بۆ جوابی ئەو بەرێزانە دەڵێم ئەی ئەگەر خەڵک بەشداری لەو شانۆگەریانەی بەناوی هەڵبژاردن وەرێدەخرێ بکەن چ دەستکەوتێکیان دەبێ؟ رۆحانی چوارساڵ لەوە پێش بە سەدان بەڵێن بۆ چارەسەری کێشە سیاسی و حقوقی و ئابووری و کۆمەلایەتیەکان بە سەرۆک کۆماری رژێم دیاری کرا، لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا چی بۆ خەڵکی ئێران کرد؟ هەژاری کەمی کرد؟ هەڵی کار رەخساو رێژەی بێکاری دابەزاند؟ گرینگی بە پێکهاتە نەتەوەیی و مەزهەبیەکانی ئێرانداو کاری بۆ چارەسەری پرسەکانیان کرد؟ ئایا رۆحانی نەبوو هەر لە کاتی سەرۆک کۆماری دا دیفاعی لە ئێعدامی بەربڵاو لە ئێران دەکرد؟ بەو دەلیلانەو زۆر هۆی دیکە بەڵێ بایکوت لە چوارچێوەی رژێمی ئێراندا باشترین و سەرکەوتووترین بژاردەیە، سەرکەوتوو بەو مانایەی دەسەڵاتدارانی رژێم ئەوندە لە بەشداری نەکردنی خەڵکی ئێران دەترسن کە بە هەموو شێوە و زمانێک کار بۆ راکێشانی خەڵک بۆ نێو گەمەکەی خۆیان دەکەن. لە بەرامبەردا هێزە سیاسیەکان پێویستە کار بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی بایکوت و بەشداری نەکردنی خەڵک لەو شانۆگەریەدا بکەن و لێرەدایە دەبێ رۆناکبیران و چالاکانی سیاسی و مەدەنی دەوری تاریخی و گرینگی خۆیان بگێڕن.

 


7 ساڵ و 6 مانگ و 8 ڕۆژ و 21 کاتژمێر و 44 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

بۆ دەبێ بایکوتی شانۆگەری هەڵبژاردنەکانی رژێم بکەین!

بۆ دەبێ بایکوتی شانۆگەری هەڵبژاردنەکانی رژێم بکەین!

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران