بەرێزان زێنەب حوسێنی، شیلان موحەمەدی و ئەوین فەرەجی
تایبەت بە خەباتمێدیا: لە 29ی بانەمەڕدا رژێم شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و شۆرای شار و گوندەکان بەرێوەدەبات، لە بەرامبەردا سازمانی خەبات و 5 لایەنی دیکەی کوردستان لە بانگەوازێکی هاوبەشدا ئەو شانۆگەریانەیان تەحریم کردوە و داوایان لە جەماوەری کوردستان و ئێران کردوە نەچنە سەر سەندوقەکانی دەنگدان، بەتایبەت ناوەندی ژنانی رۆژهەڵات داوای لە خەڵک کردوە لەو رۆژدا لە ماڵەکانیان نەمێنن و بچن بۆ داوێنی سەروشت و سەیران. بۆ ئاگادار بوونی زیاتر لە روانگەی سازمانی خەبات و رێکخراوەکانی ژنان، لێدوانمان لە سێ کەس لە ئەندامانی رێبەری سازمانی خەبات، بەرێزان زێنەب حوسێنی، شیلان موحەمەدی و ئەوین فەرەجی وەرگرتووە. کە بەم شێوەیە پێناسەی هەڵبژاردن لە چوارچێوەی رژێمدا دەکەن و هۆکانی بایکوت و تەحریمیش دەخەنە ڕوو. شیلان محەمەدی لەو بارەوە دەڵێ: رژیمی ئێران رژیمێکی خاوەن بیرو ئیدەی دژە مرۆڤانەی دیکتاتۆریە کە ماوەی 4 دەیەیە سیستەمێکی پڕ لە جیاوازیی و ناعادیلانەی بەسەر جەماوەری ئێراندا داسەپاندووە. هەڵبژاردن لە هەروڵاتێکدا لەسەر کۆمەڵێک بنەماو پرەنسیپی دیموکراتیک بەرێوەدەچێ و کاری پێ دەکرێ، هەڵبژاردن کاتێک دروست و یاساییە کە هەموو بنەماکانی دیموکراسی لەبەرچاو گیرابن و تێیدا خۆ کاندید کردنی کەسانی شیاو، بوونی مافی خۆپاڵاوتن بۆ هەموو تاکێک بە بێ جیاوازیی رەگەزی و نەتەوەی و ئایین و... و هەروەها هەڵبژاردنێکی دروست و بێ فرت و فێل و لەفەزایەکی دیموکراتیک دا بەرێوە بچێ. لە وڵاتی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخونداندا هچ کامێک لەو بنەمایانە بوونیان نیەو هەڵبژاردنیش تێیدا تەنیا شانۆیەکە روو بە دەرەوە و بۆ فریودانی بیرورای گشتی جیهان و چاوی وڵاتانی زلهێز. ئافرەتانیش کە چینێکی گرنگی کۆمەڵگا پێک دێنن، لەوڵاتی ئێراندا بێبەشترین و چەوساوەترین چینی کۆمەڵگان و خراپترین و نەشیاوترین یاساو رێسایان لەبەرانبەردا پێڕەو دەکرێ و ماف و ئازادیان پێشێل و سەرکوت دەکرێ، لەگەڵ ئەوەیدا کە لە بەرێوەبەری وڵاتدا کەمترین دەسەڵاتیان هەیەو رژیم لە شوێنگەلێک دایاندەنێ و دەسەڵاتیان پێ دەدا کە نزمترین پلەی بەرێوەبەرین و دەسەڵاتی پیاوسالارانەو دژە مرۆڤانەی خۆیان بەسەریاندا زاڵ دەکەن. بۆیە هەنگاو هەڵێنان بەرەو سندوقی هەڵبژادنەکانی رژیم، هەنگاو هەڵێنانە بەرەو زیاتر بێ مافی و هەنگاونانی زیاتر بەرەو سەرکوت و زوڵم و چەوساندنەوە و بەڵێ وتنە بە دەسەڵاتێکی تا سەر ئیسقان دژی بنەماکانی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ . نەچوونە سەر سندوقی دەنگ دان و نا وتن بە ویلایەتی فەقێه شێوەیێکە لە جۆرەکانی خەبات و بردنە پێشەوەی کۆمەڵگای مەدەنی لە رێگەی نافەرمانی کردن و گەراندنەوەی سەروەری و سەربەرزییە بۆ کۆمەڵ و تاک. زێنەب حوسێنی: هەڵبژاردن و مافی خۆپاڵاوتن، بەکۆڵەکەی گرینگی دیموکراسی ئەژمار دەکرێن. هەڵبژاردنی ئازاد خاوەن هێندێک تایبەتمەندیەکە دەبێ لەبەرچاوبگیردرێن. لادان یان پێداچوونەوە بە جۆری هەڵبژاردن کە لە سیستمی دیموکراتیکدا پێناسەکراوە، بەشێواندنی ئەم چەمکە دادەنرێ و ئێنتخابات ماناو مەفهومی خۆی لەدەست ئەدات. ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی بۆ شەرعیەتدان بە دەسەڵاتی دیکتاتۆرانەی، مانا و کاکڵی هەڵبژاردنی وەک بەشێک لە دیموکراسی تێک داوە. کاتێک هەڵبژاردن ماناو مەفهومی خۆی دەبەخشێت کە لەنێوان ڕەنگ وباوەڕە جیاوازەکان ئەنجام بدرێت. بۆ وێنە ڕژیم لەنێوان چەند بەربژێری باوەڕپێکراوی خۆی بۆ پۆستی بەناو سەرۆک کۆمار،کێبەرکێی هەڵبژاردن وەڕێ دەخات و نێوی دەنێ هەڵبژاردن. ئیتر ئەوپرسیارە لەخۆی ناکات ئەرێ خەڵک لەنێو ئەم بەبژێرە ڕژیمیانە کە مۆرەی گرینگی دەسەڵاتن و خاوەن یەک ئیدەو بیر کردنەوەن کامیان هەڵبژێرێت؟؟ خولی پێنجەمینی شۆڕای ئیسلامی شارو دێ کە لەڕاستیدا وەک هەڵبژاردنەکانی دیکەی ڕژیم شانۆیێکی گاڵتەجاڕانەیە، هاوکات کراوە لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار. لە پێکهاتەو گرێدانی ئەم بەناو هەڵبژاردنانە وورد بینەوە، ئەوەمان باشتر بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ئامانجی ڕژیم لەوەڕێ خستنی ئەم بازاڕە چیە! ڕژیم لە وەڕێخستنی بازاڕو تەنووری هەڵبژاردن، مەبەستیەتی خەڵک ڕاکێشێتە سەرسندووقی دەنگدان و وەک فیلمێکی شانۆیی، بە ناوخۆ و دنیای دەرەوەی نیشان بدات و بڵێ ئەمە هۆکاری درێژەدان بەدەسەڵاتمە!! سەبارەت بە بەشداری خەڵک بەتایبەت چینی ژنانی ماف پێشێل کراو لە ئێران، دەبێ ژنان بەخوێندنەوەیێکی بابەتیانە لەماف و ئەرکیان لە ئێرانی ئاخوند لێدراو،تەواویەتی ڕژیم بایکوت بکەن و نەک لەهەڵبژاردن بەشداری نەکەن بەڵکوو لەهەوڵ و تەداروکی شۆڕشێکی بەریندابن کە ماف وئازادیان بۆ بگەڕێتەوە وبتوانن وەک مرۆڤ بژین. بەشداری ژنان لە شانۆی هەڵبژاردن دەبێتە هۆی درێژەکێشانی دەسەڵاتی ڕەشی ئاخوندی. پێویستە ژنان لەم شانۆیەدا بەشداری نەکەن و نەبنە هۆی بێ مافی زیاتری خۆیان. ئێمە وەک ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران هەوڵێکی زۆرماندا تا لەگەڵ باقی ڕێکخراوەکانی ژنان کە ئێستا خاوەن ناوەندێکین،کۆدەنگێیک سەبارەت بە بایکوتی هەڵبژاردن دروست بکەین، بەخۆشیەوە هەوڵەکەمان سەری گرت وتوانیمان هاووپێوەند لەگەڵ سازمان وحیزبەکانی دیکە بەیەک دەنگ شانۆی هەڵبژاردن بایکوت بکەین. پێمان وایە بەشداری خەڵک زۆرکەم دەبێت وئەم کۆدەنگیەش کاریگەری خۆی دەبێت و بە یەکێک لەهۆیەکانی لاوازکردنی بازاڕی هەڵبژاردن ئەژماردەکرێت. بەنەچوونە سەرسندووقەکانی دەنگدان، زەربەیێکی توند دەدرێ لەڕژیم و پلانەکانی لەهەمبەر شەرعیەتدان بە حوکمی ناڕەوای پووچەڵ دەبێتەوە. ئەوین فەرەجیش سەبارەت بەو بابەتە بەو شێوەیە دەدوێ: لەماوەی سی و نۆ ساڵ دەسەڵاتی رژیمی ئاخۆندی تاوەکو ئێستا یازدە جار شانۆی هەڵبژاردن لە ئێراندا بەرێوەچووە، لەم یازدە جارەدا رژیمی ئاخوندی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی هەرجارە و بە شێوازێکی فریبکارانە خەڵکی ئێرانی بۆ سەر سندووقەکانی ئێران بانگهێشت کردوە بەڵام هیچ جارێک نوێنەرانی جێگای باوەڕو هەڵبژێردراوی خەڵک نەیانتوانیوە لە فلتێرەکانی شورای نگهبانەوە تێپەڕن و تەنیا ئەوانە توانیویانە هەڵبژێردرێن کە پەیڕەوی ویلایەتی فەقیە و سەر بە رێبەری دیکتاتوری نیزام بن. ئێستا لەم دەورەی دوازدەهەمەش دا کەسانێک متمانەیان پێدراوە کە جێی پەسندی شوڕای نگەهبانن. لە درێژەی تەمەن و دەسەڵاتی ئەم نیزامە دا مۆرەی سەرەکی جورم و جینایەتی دەسەڵاتی حاکم بەسەر ئێراندا بوون. من پێم وایە ئەوانەی کە بۆ ئەو پۆستانە دیاری کراون، پێش لە بەڕێوەچونی شانۆی هەڵبژاردن، لە لایەن دەسەڵاتەوە دیاری کراون و دەنگ و بەشداری خەڵک لەو ناوەدا تەنیا بۆ چاوبەست و تەبلیغاتە. بەم هۆیانەوە ژنان لە ئێران مافخوراوترین چینی کۆمەڵگان هەر بۆیە دەبێ بە شێوەی بەرچاوتر بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنە بکەن و نیشانی بدەن کە ژان دەتوانن بە یەکگرتوویی و یەک دەنگی شان بە شانی پیاوان لە دژی پیلانەکانی رژیم هەڵویستی پێویست و مافخوازانەی خۆیان بگرن و بە دەم داواکاریەکانی رژیمەوە نەچن. |