کاک بابەشێخی حسێنی سکرتێری گشتی سازمانی خەبات لە پەیامێکدا سەرەخۆشی لە خانەوادەی نەوشیروان مستەفاو بزوتنەوەی گۆڕان کردوە
بەبۆنەی کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرینى کوردستان و دامەزرێنەر و رێکخەری بزوتنەوەی گۆڕان، نەوشیروان مستەفا ئەمین، کاک بابەشێخی حسێنی سکرتێری گشتی سازمانی خەبات لە پەیامێکدا سەرەخۆشی لە خانەوادەی ناوبراو بزوتنەوەی گۆڕان کردوە.
دەقی پەیامەکەی بەرێزیان بەم شێوەیە:
ئەندامانی خانەوادەی بەرێز کاک نەوشیروان مستەفا!
بەڕێزان لە بزوتنەوەی گۆڕان!
بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک نەوشیروان مستەفا سەرەخۆشیتان پێ رادەگەێنم و خۆم بە هاوبەشی غەم و پەژارەتان دەزانم.
کاک نەوشیروان مستەفا تێکۆشەرو سیاسەتوانێکی دیارو خەباتکارێکی گەورەی جوڵانەوەی مافخوازانە و نووسەرێکی بە توانای گەلی کورد بوو کە دەوری بەرچاوی هەبوو لە خەباتی مافخوازانەو روداوە سیاسیەکانی کوردستانی عێراق.
گومان نیە کۆچی دوایی کاک نەوشیروان خەسارەتێکی گەورە بوو کە لە بزوتنەوەی گۆران و خەڵکی کورد لە کوردستانی عێراق و پرۆسە سیاسیەکەی کەوت.
جارێکی دیکە بە ناوی ریزەکانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بەبۆنەی لە دەست دانی ئەو تێکۆشەرە گەورەیە و دامەزرێنەرو رێکخەری بزوتنەوەی گۆران، هاوغەمی و سەرەخۆشی دوبارەتان پێ رادەگەێنم.
رۆحی شاد بێ و سەبوریتان لە یەزدانی مەزن بۆ داواکارم.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
بابەشێخ حوسەینی