سەعات 8:30 سەر لەبەیانی رۆژی چوارشەممە 10ی جۆزەردان، تەقینەوەیەکی خۆکوژی بەهێز لە گەرەکی دیپلۆماتیکی کابولی پێتەختی ئەفغانستان رووی دا. هەواڵدەری ئاسوشیتدپرێس لە زمان وتەبێژی جێگری وەزیری ناوخۆی ئەفغانستانەوە دەڵێ: بە لانی کەمەوە 50 کەس کوژراو بریندار هەیە. هەواڵدەری رۆیتێریش لە زمان بەرپرسێکی وەزارەی تەندروستی ئەفغانستانەوە رایگەیاند کە ژمارەی بریندارەکان 67 کەسە. پۆلیسی کابول دەڵێ: ئەو تەقینەوە لە گەرەکی وەزیر ئەکبەر خان کە نزیکە لە سەفارەتی ئاڵمان و کۆشکی سەرۆک کۆماریی رووی داوە. نەجیب دانش وتەبێژی وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان گوتی: تەقینەوەکە بە رێژەیەک بەهێز بوو کە زیاتر لە 30 ماشین تێکشکاون. شیشەو پەنجێرەی فرشگا و رێستۆران و بیناکان بە دووری کیلۆمەترێک لە شوێنی تەقینەوەکە شکاون و وریونە خوارێ. هێشتا هیچ کەس و تاقمێک بەرپرسایەتی ئەو هێرشەی تیرۆریستیەی وە ئەستۆ نەگرتووە.