وڵاتی ئێران لەروی بەکارهێنان و خێرای بەکاربردنی ئینتەرنێتەوە لەنێوان ۱·٨ وڵات لەپلەی ۱٦۴ مین دایە
شیلان محەمەدی
رایڵکەی ئینتەرنێت یەکێکە لە هۆکارە گرینگ و حەیاتیەکان لەسەردەمی ئێستادا، کە جیهان و مرۆڤایەتی هەم بۆ ئاستێکی بەرچاو خێرا و بەرەوپێش بردووە و هەمیش تارادەیێکی زۆر بە خۆیەوە گرێداوە. لەجیهاندا زیاتر لە دو ملیارد بەکاربەری هەیە و یەکێکە لە رێگا ساناکانی گواستنەوەو گەیاندنی زانیاریەکان لەنێوان تاکەکانی هەر کۆمەڵگایەک، لە وڵاتی ئێرانیشدا کە خاوەنی حەشیمەتێکی زۆرە و بەکاربەرێکی بەرچاویشی هەیە. بەڵام بە حوکمی ئەوەی کە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و نادیموکراتیک لە وەلاتی ئێران حوکم دەکات بێگومان بوونی ئینتەرنێت ناتوانێ ببێتە هۆکارێکی دڵخۆشکەر بۆ سەرانی دەسەڵات و لەراستیدا بۆتە هۆکاری سەرئێشە و کێشەی جیددی و دەسەڵاتدارانی ئەو ڕژیمەی بەبەردەوامی سەرقاڵ کردووە. وڵاتی ئێران لەروی بەکارهێنان و خێرای بەکاربردنی ئینتەرنێتەوە لەنێوان ۱·٨ وڵات لەپلەی ۱٦۴ مین دایە. لەگەڵ ئەوەشدا ئێران لە ساڵی ۱۳٦٨ وە بە ئینتەرنێت پەیوەست بووە بەلام دەیان کێشەی وەک خاوی ئینتەرنێت و فیلتێرە جۆراوجۆرەکان بەرۆکی بەکاربەران دەگرێت. ڕژیم چەند ساڵێکە لەهەوڵی کەم کردنەوە و دابڕاندنی خەڵک لە دنیای مەجازی و سانسۆڕ کردنی بەشێکی زۆری سایت و تۆڕەکانی تر دایە، ئەوەش بە دامەزراندنی ئینتەرنێتی تایبەب بەخۆی بەنێوی ئینتەرنێتی میللی یەوە. ڕێژەی بەکاربەرانی ئەو رایلکەیە لە ئێراندا گەیشتۆتە ۳٦ملیۆن و نیو کە دەبێتە ۴µ لەسەدی دانیشتووان و ئەم ڕێژەیەش بەردەوام لەزیادبوندایە، ئەمەش هێندەی تر ئەرکی سەرانی رژیمی قورستر کردووە و نیگەرانیەکانی بەرەوسەر بردووە.
رژیم لەو رێگەیەوە دەیهەوێ رێگەی پێوەندی خەڵکی ئێران لەگەڵ دونیای دەرەوە بە تەواوی بپچرێ و رێگەی گواستنەوەی سانای زانیاریی بۆ ناوخۆی ئێران بەربەست بکات. رژیم لەرێی دامەزراندنی ئەم رایلکەیەوە بەخەیاڵی خۆی دەیهەوێ کێشە و گرفت لەسەر نیزام و دەسەلاتەکەی کەم بکاتەوە بەڵام غافل لەوەی کە چەندین ساڵە بە بەربەست دروست کردن هەم لە سەر رێگەی ماهوارە و هەروەها ئینتەرنێت و رێگەکانی تری پێوەندیی نەیتوانیوە لەبەرانبەر وشیاری و بەرەوسەر چوونی ئاستی زانیاریی تاکەکانی کۆمەڵگای ئێران کاریگەری دانێ بە لایەنی نەرێنی و خەڵک بەردەوام لەرێگەی جۆراوجۆر رێگەکانی بەربەرەکانێ و شکاندنی بەربەستەکانی رژیمیان دۆزیوەتەوە و رووبەرووی بوونەوەتەوە .
ئەوەی ماوەبوترێ ئەوەیە کە دەسەڵات بە هیچ شێوەیێک ناتوانێ نە بە ئینتەرنێـی نەتەوەیی و نە بە دەستبەسەرداگرتنی ماهوارە خەڵک لە فکری ئازادیخوازیی و دیموکراسی دوورخاتەوە و بە ئالۆگۆرە بەرچاوەکانی ناوچەکە و جیهان ئەو رەوتە تا دێ خێراتر دەبێ و هیچ کام لەو رێگایانە ناتوانێ دادی دەسەلاتی ئاخوندان بدات.