لە ماوەی یەک حەوتووی رابردوودا 7 جار ئاگر لە دارستانەکانی پارێزگای ئیلام بەتایبەت شاری ئەیوان کەوتۆتەوە و بۆتە هۆی لەناوچوونی چەندین جۆری گیا و گیان لەبەری کەم
لە ماوەی یەک حەوتووی رابردوودا 7 جار ئاگر لە دارستانەکانی پارێزگای ئیلام بەتایبەت شاری ئەیوان کەوتۆتەوە و بۆتە هۆی لەناوچوونی چەندین جۆری گیا و گیان لەبەری کەم وێنە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەری کوردپا، ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی "سیور گری" ناوچەی ئەیوان لە شەوی پێنج شەممە 11ی جۆزوردانەوە بەردەوامەو تا ئێستا ئاگرکە کونترۆڵ نەکراوە و هەتا دێ بەربڵاوتر دەبێ.
بە پێی ئەو راپۆرتە لەو ماوەدا هیچ هێز و ناوەندێکی حکومەتی بۆ کوژانەوەو کونترۆڵی ئاگرکە نەچوونەتە ناوچەکە و خەڵک بە دەستی بەتاڵ و بە کەڵک وەرگرتن لە کەل و پەلی سەرەتایی هەواڵی کوژانەوەی ئاگرەکە دەدەن کە بەهۆی بەربڵاوی ئاگرەکە کاریگەریەکی ئەوتۆی نەبووە.
بێ دەنگی راگەیەنەکان و سانسۆری هەواڵی پێوەندیدار بە ئاگرکەوتنە لە دارستانەکانی کوردستان و ناچالاکی رێکخراوە حکومەتیەکان بۆ کونترۆڵی ئاگرەکان ئەو روانگەی لای خەڵک دروست کردوە کە هێزەکانی رژێم یان خۆیان دەستیان لە کەوتنەوەی ئاگرەکاندا هەیە یان بە خۆ بواردن لە کوژانەوەی ئاگرەکان خوازیاری پەرەسەندنی ئاگرەکان و لەناوچوونی دارستانەکانی کوردستانن.
بەپێی راپۆرتەکان بەهێزی و بەربڵاوی ئاگرەکانی حەوتووی رابردووی ئیلام بەتایبەت ناوچەی ئەیوان بە جۆرێک بوو کە سەدان هێکتار لە دارستان و مەرتەعەکانی ناوچەکەی سوتاندووەو زیانێکی زۆری بە ژینگە و لەناوچوونی جۆرەها گیا و گیان لەبەری کەم وێنە گەیاندووە.