رۆژی چوارشەممە 17ی جۆزەردان، لە تارانی پێتەختی ئێران دوو هێرشی چەکداری بۆ سەر مەجلیسی رژێم و گۆری خومەینی رووی دا کە کاردانەوەی جیاجیای بەدوای خۆیدا هێنا.
عەلی بارامی
رۆژی چوارشەممە 17ی جۆزەردان، لە تارانی پێتەختی ئێران دوو هێرشی چەکداری بۆ سەر مەجلیسی رژێم و گۆری خومەینی رووی دا کە کاردانەوەی جیاجیای بەدوای خۆیدا هێنا. ئەو کردەوانە لە شارێکی گەورەی وەک تاران و پەلاماری مەجلیس و گۆری خومەینی لە خۆیدا بیر هێنەرەوەی چەند رووداوێکی هاوشێوەیە کە لە رابردووشدا لەلایەن دەسەڵاتداران پیلانی بۆ دارنراوە بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان، لە ئێستاشدا و لەو دۆخە ناڵەبارەی رژێم تێکەوتووە مەجبور بوبێ پەنای بۆ دووبارەکردنەوەی بردبێتەوە.
لە دوای ئەوەی داعش ئەو کردەوانەی وەئەستۆ گرت گومانەکان لە سەر سیناریۆکە زیاتر بوو چوونکە ئەو گروپە تیرۆریستیە لە دۆخێکی زۆر خراپدایە، لە عێراقدا بە تەواوی گەمارۆدراوە و وێدەچێ لە داهاتوویەکی نزیکدا بەتەواوی شکست بدرێ و ناوچەکانی ژێردەستی ئازاد بکرێ و لە سوریەش بەردەوام دەکرێتە ئامانج و لە چەندین لاوە گەمارۆ دراوە. بۆیە لە هەلومەرجێکی وادا حەستەمە داعش بتوانێ پەلامارێکی لەو شێوەیە بدات. لە لایەکی دیکە وەک لە رابردوودا بینیومانە لە دوای لاوازبوونی گروپە تیرۆریستیەکان، ئەگەر زۆریش نەیاری رژیم بووبن بەڵام رژێم دەستی بەسەردا کێشاون و بۆ بردنەپێشی سیاسەتەکانی لە وەلاتانی ناوچەکە بەکاری هێناون، کە نمونەی تالیبان و ئەلقاعیدە دوو بەڵگەی زۆر روون و بەرچاون.
لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دەسەڵاتەکەی تالیبان و رووخانی حکومەتەکەیان، رژێمی ئێران داڵدەی دان و هاوکاری کردن تاکەڵکیان لێ وەرگرێ و ببنە کۆسپ بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و ناوچەکە.
لە ئێستاشدا کە داعش بەرەو لاوازی دەچێ ئەگەری زۆرە لە دوای هەڵکەندنیان لە عێراق و سوریە رژێمی ئێران داڵدەیان بدا و بەکاریان بێنێ. کە دەکرێ هێرشی سەر مەجلیسی رژیم و قەبری خومەینی جۆرێک بێ لەو شێوە بەکارهێنانانەی تیرۆریستان . چوونکە ئەگەر بەراستی ئەم شانۆسازیە لەلایەن خۆیانەوە دانەرێژایە دەبوو قوربانی زۆری لێ بکەوتایەوە بەتایبەت لەسەر گۆری خومەینی هەروەک لە گرتەیەکی ویدیۆیی دا دیارە خۆکوژەکە لە شوێنێک دا خۆی تەقاندەوە کە هیچ کەسێکی بە دەورەوە نەبوو. لە کاتێکدا سێ رۆژ لە یادی مردنی خومەینی لای داوەو بەپێی عادەت دەبوو ژمارەیەک لە بەکرێگیراوانی رژیمی لێ بوایە.
بەهۆی زێدەخوازیەکانی و تۆمەتباربوونی بە پشتیوانی تاقم و گروپە تیرۆریستیەکان و پێناسەکرانی بە ماکەی تیرۆر و مێحوەری شەر، دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەجیددی بەرنامەی بۆ بەرنگاربوونەوەی رژیمی ئێرانی خستۆتە باری جێبەجێ کردن و هاوپەیمانی عەرەبی بە ئابڵوقەی وەڵاتی قەتەری دۆستی رژێم هەنگاوی یەکەمیان هەڵێنا و لە داهاتوودا لە وەلاتانی عێراق و یەمەن و دواییش سوریە و لوبنان شاهیدی گورزی کاریگەر لەو رژێمە دەبین، کە رژێم بە باشی هەستی بەوە کردوە.
هاوکات کێشەکانی نێوخۆی دسەڵاتدارانی رژێم لە دوای مەرگی گوماناوی رەفسەنجانی و بەرێوەبردنی شانۆی هەڵبژاردنەکان، بە خاڵێکی هەستیار گەیشتووە کە ئەگەری لێکهەڵبەزینەوەو پەلاماری باڵەکانی رژیم دوور نیەو ئەگەرێکی چاوەروان کراوە.
دەسەڵاتدارانی رژیم ویستیان بەو شانۆسازیە بە خەڵکی ئێران بڵێ کە ئەوەی لە ماوەی چەند ساڵە لە عێراق و سوریە و وەلاتان روودەدا و ئێمەش مەترسیمان لێی بوو ئەورۆکە لە پێتەخت دا ئێخەی گرتووین و ئەگەر کۆماری ئیسلامی نەبێ و هێزەکانمان لە دەرەوەی سنوورەکان نەبن بۆ ئاژاوەگێری و پێگەمان لە ناوچەکەدا بەهێز نەبێ بێگومان ئێرانیش دەبێتە سوریە و یەمەن و عێراق.
رژێمی ئاخوندی لە ماوەی تەمەنی خۆیدا لە هەلومەرجە حەساسەکاندا بۆ راکێشانی هەستی خەڵک مەزلووم نەمایی کردوە لە ئێستاشدا کە هەست بە مەترسی دەکاو خەڵکیش لە ناوخۆدا بێزاریەکی زۆریان بەرامبەری هەیە، پێویستی بەوە بوو کە گۆری خومەینی بەشێک بێ لە بەرنامە و سیناریۆکەی. هەروەها بەو کردارە دەیەوێ بە کۆمەڵگەی نێو نەتەوەیی و بە دیاری کراوی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بڵێ کە هەمیشە ئامانج و قوربانی تیرۆر بووە، بۆیە بۆ دوور خستنەوەی مەترسیەکانی تیرۆر، لە دەرەوەی سنوورەکانی شەری تیرۆر دەکات.
بۆ سەلماندنی راستی سیناریۆ بوونی کردەوەکانی ئەورۆی تاران راگەیەندراوەکەی سپای پاسدارانی رژێم بوو کە لە دوای ئەوەی بە ناو تاقمی ترۆریستی داعش کردەوەکانیان وە ئەستۆ گرتووە، بەڵام سپا پێوەندی داوە بە عەرەبستان و ئەمریکا و هەرەشەی تۆڵەسەندنەوەی لێکردوون و ئەو وەلاتانەی بە پشتیوانی داعش داناوە. هەروەها هێزەکانی سپای بە پارێزەری ئاسایشی خەڵکی ئێران داناوەو بەڵێنی پێداون بۆ پارێزگاری لە گیانی خەڵک دواناکەون، لە کاتێکدا جێگری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی رژیم رایگەیاند کە بکەرانی ئەو کردەوانە ئێرانی بوون!
ئاکامی ئەم باسە ئەو گومانە بەهێزدەکا کە بە مەبەست لەم ساتەدا ئەو کردەوانە جێبەجێ کراوە، ئەویش لەلایەک خۆی بە قوربانی تیرۆر لە قەڵەم بدات، لەلایەکی دیکە خەڵکی بێزاری ئێران لە تێکچوونی ئاسایشی ئێران بترسێنێ، سپا لە تەسویە حیسابە ناوخۆییەکان دەست ئاوەڵەتر بێت، هەروەها رەوایی بدا بە زێدەخوازیەکانی و بەشداری و پشتیوانی لە گروپ و حکومەتە خوێنرێژەکانی وەک حیزبوڵا و حوسیەکان و بەشار ئەسەد.