کەریم فەیزیان
لە دێرزەمانەوە لە نێوان وڵاتەکاندا ئاڵوگۆری کەلوپەل و بازرگانی کەم یا زۆر بووە و هەیە. بۆ ئەم مەبەستەش رێگا و شێوازی جۆراوجۆر بە کار هاتووە، ئەو ئاڵوگۆری کەلوپەلە ژیان و گوزەرانی کۆمەڵێک خەڵکی بە سەرەوە بووە و بۆ بوژاندنەوەی ئابووری وڵاتەکانیش قازانجی بەرچاوی هەیە . هێنان و بردنی کاڵاکە بە شێوازی رەسمی و غیرە رەسمی لە سنوورەکانەوە بووە ، بە رەسمی ئەوەیە کە وەک بازرگان کارتی رەسمی مۆڵەتپێدراو لە لایەن رژێمەوە دەدرێ کە ئەوکات کەلوپەلەکە بە خاڵە سنوورییەکاندا تێدەپەرێ و باجی لێ ئەدرێ بێ کێشە هاتوچۆکە سەر دەگرێ ، بەڵام غەیرەرەسمییەکە ئەوەیە بە پشتی وڵاخ یا لە رێگای گواستنەوەی بە کۆڵ یان وەسیلەی هاتوچۆ ئەگوازرێتەو ، ئەمە شێوەی بە قاچاخ هێنان یان بردنی کەلو پەلە ، کە زۆر وەخت رووداوی ناخۆش و کارەساتباری لێ دەکەوێتەوە .
لە دەورانی پێش رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بە قاچاخ هێنان یان بردنی کەل و پەل حاڵەت بو ، ئێستا لە سایەی سیاسەتی چەوتی کۆماری ئیسلامییەوە شێوازەکە گۆراوە بۆتە دیاردە . بۆچی گۆراوە بە دیاردە لە درێژەی وتارەکەدا باسی لێوە دەکەین .
وڵاتی ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوە بە حەشیمەتێکی زیاتر لە هەشتا ملیۆن و دەوڵەمەندە بە سەرچاوە سروشتییەکان ، چوارەمین وڵاتی دنیایە لەم بووارەدا و زۆر سەرچاوەی داهاتی کەی هەیە وەک کەرتی کشتوکاڵ ، ئاو ، گەشتیاری و سادرات و هتد .
بە گوێرەی ئەو سامانە زۆرەی وڵاتەکە هەیەتی دەبو خەڵک ژیانێکی ئاسودەی هەبوایە ، بەڵام بە پێچەوانە خەڵک لەوپەری نەداری و هەژاریدا لە ژێر هێڵی فەقردا دەژین . بۆچی وایە ؟
رژێمی ئێران هەر لە سەرەتای دامەزرانییەوە قەیران خوڵقێن بووە ، بە کوردی ئاو لێڵ بکە و ماسی بگرە ئەوان ئەم سیاسەتەیان پەیرەو کردووە . ئەگەر شەر و کێشەیەک دروست نەکەن چۆن ئەتوانن بە ئاشکرا داهاتی ئەم وڵاتە بدزن ، شەری هەشت ساڵەیان کە لە گەڵ عیراق هەڵگیرساند، ئیقتیسادی ئێرانیان فەلەج کرد. مەلاکان و دەستوپەیوەندەکانیان هیچ باکیان نەبو لە شەر و نەداری ، چون نە خۆیان لە شەردا بەشدارییان دەکرد و نە نەبونییان دەچێشت ، ئەوەی دەکوژرا و سەقەت و مالوێران و موحتاج دەبو خەڵکی ئاسایی و چینی هەژار بون . دوای ئەو مالوێرانییە گەورەی کە سەدان هەزار کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە بە ژەهر خواردنەوەی خومەینی کۆتایی هات . لەو شەرە ماڵوێرانکەرە کە هەشت ساڵ دەوامی کێشا خەڵکی ئێران هەناسەیەکی ئاسودەی هەڵنەکێشابو کە کاربەدەستانی رژێم کەوتنە خۆ بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، بۆ ئەوەی سنووری دەسەڵاتی چەپەڵیان لە ناوچەکەدا فەراوان بکەن ، کە لە ئەنجامدا بووە هۆی تورەیی وڵاتانی رۆژئاوا کە زۆر بە توندی بەرهەڵستیان کرد ، دوای چەند ساڵ سەرەڕۆیی رژێم لە بەدەنگەوە نەهاتن و گوێرایەڵ نەبوون بۆ بانگەوازی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە دەستهەڵگرتنی رژێمی ئێران لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی، ئەوەبو کە گەمارۆی ئابورییان بە سەردا سەپاندن ، گرفت و قەیرانێکی گەورەتر بەرۆکی خەڵکی ئێرانی گرت و بەجارێک خەڵکی لە پەڕوپۆ خست ، لەم بەینەدا ئەوەی خەسارەتی گەورەی بەر کەوت خەڵکی ئێران و بەتایبەتیش گەلی کورد بوو، لەو قەیران و نەبونییەدا رژیم لە هیچ بارێکەوە کارئاسانی بۆ خەڵکی کورد نەدەکرد ، گەنجەکان کە خوێندنیان تەواو دەکرد هەلی کاریان بۆ نەدەرەخساندن لە هیچ دامودەزگایەکی حکومیدا کاریان نەدەدانێ . بەشێکیان بێکار و ئەوی بۆی دەلوا و کەمێک وەزعی ماڵی باشتر بو بە کەسابەتی دوکانداری خۆیان سەرگەرم دەکرد. هێندێکیش کە ئەو بووارەیان بۆ نەدەرەخسا دەبو بۆ کاری خشتەپێژی بچێتە کورەخشتە لە شارە عەجەم یان تورکەکان تا بتوانن ژیانێکی سەرەتایی بۆ خۆیان و بنەماڵەکەیان دەستەبەر بکەن .
بەشێکی زۆریش لە خەڵکی شار وگوندە سنوورییەکان رویان کردە سنوورەکان بۆ کاسبی ، ئەوانیش دوو بەش بون بەشێکیان کە وەزعییان کەمێک باشتر بوو وەک بازرگان معاملەی ئاشکرا و هێنان و بردنی کەلوپەڵیان بە خاڵە سنوورییەکاندا دەکرد کە ئەمانیش لە ئەزیەت و ئازاری بەکرێگیراوانی رژێم بێبەش نەبون ، زۆر جار بەهانەیان پێ گیراوە لێیاندراوە کەلوپەلیان موسادەرە کراوە و ماوە ماوەش خاڵە سنوورییەکانیان بۆ ماوەیەک بە رودا داخراوە.
بەشی هەرە هەژار و بەشمەینەت و چەوساوەی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو بەشەن کە هیچ دەرەتانێکیان بۆ نەماوەتەوە بە غەیری کۆڵبەری نەبێ ، کە لە زۆربەی زۆری گوندنشینانی نزیک و دەوروبەری سنوورەکان و بەشێکیش لە خەڵکی شارە سنوورییەکان پێک دێن . ئەمانە کە کۆماری ئیسلامی ئێران سەرەرای ئەوەی کە پێیان ڕاناگا زۆر نامرۆڤانە رەفتاریشیان لە گەڵ دەکات .
رۆژ نییە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە شاهیدی کوشتن و بریندار کردنی چەند کەس لەم کاسبکارە کۆڵبەرانە نەبین ، کە زۆر بێرەحمانە لە لایەن خۆفرۆشانەوە دەکونە بەر دەسترێژی گوللە و دەکوژرێن و کەلوپەلەکانیان بە تاڵان دەبرێ ، بێرەحمی ئەو چەپەڵانە تا ئەو ئەندازەیە کە دەست لە بێزمانەکانیش ناپارێزن و بە کۆمەل و تاک ئەسپەکانیشیان ئەکوژن .
ئەم وەزعە نالەبارە رژێم خولقاندویەتی ، ئەگەر سەروەت و سامانی وڵات بۆ خەلکی وڵاتتەکە سەرف بکرێ بۆچی خەلک ئەو شێوازە ژییانە هەڵدەبژێرێ کە شییاوی ئینسان نییە ، کێ هەیە کە نەیەوێ لە جێگای گەرم و لە ناو نوێنی نەرمدا بنوێ ، خواردنی گەرم بخوا و لە باوەشی بنەماڵەکەیدا ڕۆژبکاتەوە . کێ ئەوەی دەوێ ئەگەر ئیحتییاجی و موحتاجی نەبێ. بە شەوی ساردی باراناوی، بە ناو ئاودا بە سەر شاخ و بەستەڵەکی کوێستانی سەختی سنووردا، بە ناو مەیدانی میندا، بە نێو کەمینی جاش و پاسداری درندەی بێ بەزەییدا کۆڵێک بە کۆڵەوە کە زۆر جار لە کێشی خۆیان زیاترە ئەم رێگا دوور و درێژە دەبرن بۆ ئەوەی بتوانن پاروە نانێک بۆ بنەماڵەکانیان پەیدا بکەن ، زۆر جار دەکەونە بەر هێرش بەکرێگیراوانی رژێم و دەکوژرێن . باشە ئەمە کوفر نییە ؟ باشە ئەگەر ئەو کۆڵە قورسە بە کۆڵ مەسئولێک لە مەسئولینی نیزامدا بدەی دەتوانێ هەڵیگرێ ؟ باشە بۆ لە کاتی شانۆی هەڵبژاردندا بۆ سەرۆککۆمار ئەو هەموو وەعد و بەڵێنە بە خەڵک دەدەن و بە بەژن و باڵای کورد هەڵدەڵێن ؟ ئاوا بەڵێنەکانیان جێبەجێ دەکەن ؟ ئاوا بیمەیان دەکەن ؟ ئەم درۆ و دەلەسەیان لە چییە ؟ سەروەت و سامانی وڵات لە بری ئەوەی بۆ ئەو خەڵکە هەژارە سەرف بکرێ، بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان و بۆ دەستوپەیوەندە تیرۆریستەکانیان لە وڵاتانی وەک عیراق ،سورییە ، لوبنان ، یەمەن و زۆربەی وڵاتانی عەرەبی سەرف دەکەن ، بۆ ئەوەی پەرە بە دەسەڵاتی شیعە بدرێ و ئیمپراتۆری شیعی دامەزرێنن . لەو پێناوەدایە کە خەلکی کوردیش بۆتە قوربانی سیاسەتی چەوت و چەپەڵی ئاخوندەکان .
لە پێناو دەست هەڵگرتن و وازهێنانی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی ئیران لە کوشتنی کۆڵبەری کورد ، چەندین فیلمی دوکومێنتاری لە وەزعی نالەباری کۆڵبەران دروست کرا بە هەزاران قەتعە فیلم لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاو کرایەوە و دەیان جار مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان گلەیی و گازەندەی لە دەوڵەتی ئیران کرد . مافی مرۆڤی کوردستان کەمپینی دژ بە کوشتن و ئەو نابەرابەرییەی بە کۆڵبەر دەکرێ رێخست کۆمەڵگای مەدەنی ئیعتیرازیان گرت ، بەڵام لای کاربەدەستانی ئیران وەک ئەوە وابو کە نە بای هاتبێ و نە بۆران . قیمەتیان بۆ قسەی هیچ یەک لەو ناوەندانە دانەنا کە کار دەکەن لە پێناو مرۆڤایەتیدا . چون بۆخۆیان بێ قیمەتن ، قیمەتیش بۆ خەڵک دانانێن .
ئەوی دەبێ بکرێت ئەوەیە کە بەو بەڵگە و دوکومێنتانەی هەیە نەتەوەیەکگرتووەکان قەناعەت پێ بێنین کە بە شێوەیەک لە شێوەکان رێگا چارەیەک بۆ ئەم کارە نەشیاوەی رژێمی ئیران دژ بە کۆڵبەرانی کورد بدۆزێتەوە ، هەروەک وڵاتانی ٥+١ کۆماری ئیسڵامی ئیرانیان خستە دۆخێکیواوە کە ملکەچی بریارەکەیان بێت سەبارەت بە چەکی ناوەکی، ئاواش شۆرای ئەمنییەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بە یارمەتی وڵاتانی زڵهێز بۆ بەرگری لە سەر و ماڵی ئەو ئینسانە شەرەفمەندانە کە بە رەنجی شان و پیلی خۆیان، خۆیان و ماڵومنداڵیان دەژیەنن سنوورێک دابنێن کە لەوە زیاتر بەرێوەبەرانی رژێم رەشمە لە سەری خۆیان هەڵنەماڵن .
رێگاچارەیەکیتر بۆ بەرەنگاربونەوە و کۆتایی هێنان بەو دەستدرێژییەی بەکرێگیراوانی رژێم ئەوەیە کە خەڵک خۆیان یەکگرتو بن لێیانڕاپەڕن و بەگژایاندا بچنەوە ، ئەگەر خەڵک یەکدەنگ و پێکەوە یەک هەڵوێست بن سەردەکەون .
بە هیوای ئەوە رێگاچارەیەکی گۆنجاو بە هیممەتی نەتەوەیەکگرتوواکان و خەڵکی قارەمانی ناوچەکە بۆ دەربازبونی کۆڵبەران لەو مەینەتی و کوڵەمەرگیە .
تەفروتونا بێ کۆماری ئیسلامی ئێران .