چەند رۆژێکە ئەبینین کە مانۆری سیاسی و ململانێی زۆر لە نێوان دەوڵەتی قەتەر و چەند وڵاتێکی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعودیە سەریهەڵداوە،
کەریم فەیزییان
چەند رۆژێکە ئەبینین کە مانۆری سیاسی و ململانێی زۆر لە نێوان دەوڵەتی قەتەر و چەند وڵاتێکی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعودیە سەریهەڵداوە، لە راستیدا ئەو ململانێیانە ریشەی کۆنی هەیە و ئەگەرێتەوە بۆ دەورانی حکومرانی حەمەد بن خلیفە ئەمیری پێشوی قەتەر کە لەو سەردەمەشدا حەمەد بن خەلیفە بە ئاشکرا پشتیوانی لە کارە نارەواکانی رژێمی ئێران دەکرد بۆ دەستتێوەردان لە وڵاتانی عەرەبی کارئاسانی بۆ تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکرد، ئێستاش کە شێخ تەمیم دەستی بە سەر وڵاتی قەتەردا گرتووە هەر ئەو سیاسەتەی پێشوو پەیرەو دەکات بەرانبەر بە رژێمی ئێران. دیارە وڵاتی قەتەر بە هۆی ئەوەوە کە بازرگانییەکی زۆری ئابووری لە گەڵ ئێران هەیە و لە مەیادینی گازی پارسدا نزیک و هاوبەشن، هەر ئەوەیە کە ئەمیری قەتەر لە زۆر بواریتردا دیفاعی لە ئێران کردوە دژ بە وڵاتە عەرەبەکان، لەو کاتەدا کە رژێمی ئێران حەساری ئیقتیسادی بە سەردا سەپابوو لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە، قەتەر ئەوپەری یارمەتی رژیمی ئێرانی داوە و کارئاسانی بۆ دەکرد لە دەوردانەوەی ئابڵوقەکاندا. هەرچەند جاروبار ناکۆکی کەوتۆتە بەینیان لە گەڵ ئێران بەڵام کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی بتوانێ درز بخاتە نێوان وڵاتانی کانداو لە رێگای قەتەرەوە، هەمیشە نەرمی نواندووە و چاوپۆشی لە هێندێک سەرەرۆیی دەوڵەتی قەتەر کردوە کە بە قسەی کاربەدەستانی ئێران گوایە جاروبار لە بواری دەرهێنانی گاز زیادەرەویان کردووە، وڵاتی قەتەر کۆی حەشتمەتی لە ٢،٥ میلیۆن تێناپەرێنێ و نزیک بە یەک ملیونیش خەڵکی لاوەکی کە لە سەراسەری جیهانەوە رویانکردۆتە ئەو وڵاتە و لەوێ نیشتەجێن . ئەم وڵاتە بەو قەبارە بچوکەوە دارای ژێرخانێکی ئابووری بەهێزە و بە پێی ئاماری ژمارەیەک سەنتەری جیهانی ساڵی ٢٠ ١٦ وڵاتی قەتەر یەکەم وڵاتە لە ناو پانزە وڵاتی دەوڵەمەند لە ئاستی جیهاندا، پشکی هەر هاووڵاتییەکی قەتەری لە کۆی داهاتی ساڵانەی وڵاتەکە ١٠ ٢٧٦٩ دۆلاری ئەمریکییە. دیارە دەوڵەتێکی بچوکی ناوچەکەیە بەڵام دایم سەروەری وڵاتەکەی خۆیان پاراستوە و لە ناوچەکەدا، نایانەوێ پاشکۆی دەوڵەتی سعودییە بن ، ئەم کێشەیەی ئێستا سەری هەڵداوە وەک لە مێدییاکانی ناوخۆی قەتەر باسی لێدەکەن، وا دەردەکەوەی کە دووبەرەکی لە نێوان بەرێوەبەرانی وڵاتی قەتەردا هەبێ ، وەک باس دەکرێ بریاری تاکلایەنە دراوە، لەو پێداهەڵکوتنەی ئەمیری قەتەر بە سەر رژیمی ئێراندا، ئەوەبوو هەر خێرا کاربەدەستانی ئەو وڵاتە قسەکانی شێخ تەمیمیان تەکزیب کردەوە ، وایان نیشاندا کە خەلەلێک لە مێدییاکانەوە هەبووە، ئەو چەواشەکارییەیان کرد و ئیشارەشیان بەوەدابوو کە بەشێک لە سیستمی راگەیاندنی قەتەر لە لایەن روسییەوە هەک کرابێ ، هەروەها گومانیان لەوەش بوو کە کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی هەبووبێ لە شێواندنی مێدییاکانی قەتەردا بە نەفعی خۆی .
لە سەروی ئەمانەشەوە سعودییە و وڵاتە هاوپەیمانەکانی، قەتەر بە پشتیوان و یارمەتیدەری رێکخراوە توندئاژووەکان و بە ماکەی ئێرانی دەزانن لە ناوچەکەدا، ئەزانن کە قەتەر بە فیتی رژیمی ئێران هەوڵدەدا بۆ گۆرینی سیستمی دەسەڵات لە وڵاتانی کەنداودا بە تایبەت سعودییە، بۆیە وڵاتی قەتەریان ئاگادار کردەوە کە دەست لەو کردەوە دوژمنکارییەی هەڵگرێ، بۆ ئەوەی بتوانێ هەر ئاوا لە هاوپەیمانیەکەیاندا بمێنێ . لە غەیری ئەوە دەبێ قەتەر چاوەروانی سزایی قورستر بێ لەو حەسارەی ئێستا بە سەریاندا سەپاندوە .
لەم نێوەدا ئەوەی زۆر خۆی لە کارەکە هەڵدەقورتێنێ رژیمی ئێرانە، کە هەر خێرا بڵاویانکردەوە کە ئێران دەتوانێ هەموو خواردن و کەلوپەل و پێداویستی لە ماوەی ١٢ کاتژمێردا بگەیەنێتە خەڵکی قەتەر، باشە ئەگەر رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەندە دڵسەخاوەتە، بۆ خەڵکی وڵاتەکەی خۆی لەوپەری نەداریدا دەژین؟ لە دەوروبەری شارەگەورەکانی ئێران وەک تاران و زۆربەی شارەکانیتر بە دەیانهەزار خەڵکی رەش و رووت لە چوار فەسڵی ساڵدا لە بن کارتۆن ، خێوەت ونایلۆندا و بە سکی برسی شەو ر٠۶ژ دەکەنەوەو لەبەر بێ جێگەو رێگەیی پەنایان بردووەتە بەر قەبرە ئامادەکراوەکانی نێو گۆرستانەکان و رۆژ نییە کە چەند کەسێکیان لە بەر برسییەتی نەمرێ. لە سەر ئەو وەزعە شپرێوەی خەڵکی خۆی هەیەتی بە هاواری وڵاتانەوە دەچن. ئەم دڵسەخاوەتییەی ئێران بۆ؟ بۆ هاوکاری ئەو خەڵکە داماوە بێ دەرەتان و رەشو روتەی خۆی ناکا؟ خەڵکی قەتەر لەوپەری خۆشی و ناز و نێعمەتدا دەژین ، ئەگەر ئەمیرەکەیان لەوە زیاتر سەرەرۆیی بکات بەرپرسانی وڵاتەکە بەرەنگاری دەبنەوە پێویستییان بە یارمەتی رژیمی ئێران نییە ، رەنگە رژێمی ئێران بۆ ریاکاری و بۆ ئەوەی جێگاپێی خۆی زیاتر خۆش بکات یەک دوو جار هێندێک کەلوپەلیان بۆ بنێرێ کە ئەوەش هیچ لە وەزعی خەڵکی قەتەر ناگۆرێ .
وا دەردەکەوێ بەرنامە و پیلانێک هەبێ بۆ دەستتێوەردان لە وڵاتانی کەنداودا کە ئێستا سەرتاکەی دەرکەوتووە لە رۆژانی داهاتودا رونتر دەردەکەوێ. ترامپ هەر لە خۆوە ناڵێ سەرەتای لەنێو بردنی تیرۆر دەستی پێ کرد، ئەوە مەنزوری لەو سەرکێشییەی رژیمی ئێرانە کە بە سزادانی وڵاتی قەتەر دەستی پێکرد.
ئەو دەنگۆیەی کە گوایە ئەمریکا ئەو هێزەی هەیەتی لە قەتەر دەیگوازێتەوە بۆ سعودیە دیارە ئەمە شتێکی مەحالە چون هێزێکی بەو قەبارەیە گواستنەوەی ئاسان نابێ و ئەمریکاش بەو ئاسانییە دەست لە قەتەر هەڵناگرێ کە ئێران و دەستوپێوەندە تیرۆریستەکانی خۆ بکەنە خاوەنی و گەنگەڵانی تێدا بکەن ، لەولاشەوە تورکیە بۆ بەرژەوەندی خۆی و بۆ ئەوەی کە خۆی بگەیەنێتە خەلیجی فارس و لەو ناوەش حزووریان بێت بریاری ناردنی ٥٠ ٠ ٠ سەربازیداوە بۆ قەتەر، و هاوکاری قەتەر بکات لە بواری کەلوپەل و خواردنەوە. ئەمە و زۆر دیاردەیتر کە وردە وردە دەردەکەون، نیشاندەری ئاڵوگۆرن لە ناوچەکەدا ، دەبێ چاوەرێی زۆر ئالوگۆری چاوەروان نەکراو بکەین لە داهاتودا. پێم وایە وڵاتی قەتەر ئەگەر سەد ئەوەندە دەوڵەمەند بێ بە بێ پشتیوانی وڵاتانی عەرەبی دەکەوێتە دۆخێکی خراپ لە هەموو بوارەکاندا. چون لە باری ئەمنییەوە زۆر لاوازە و لە بارەی جۆگرافییاییشەوە تەنیا رێگای وشکانی کە هەیبێ لە گەڵ عەرەبستانە . ئەو رێگایەش بۆ باری گواستنەوەی کەلوپەل ئاسانترین رێگایە، خەڵکی قەتەریش ئەو دابرانەیان لە گەڵ برا عەرەبەکانیان پێ قەبوڵ ناکرێ. دیارە لە دەریاوە بە ئێران نزیکە بەڵام ئێران چی لی هەڵدەوەرێ ، ئەوەی رژیمی ئێران دەیڵێ هەر هاشوهوش و بەگورگانخواردودانە، کورد گوتەنی تێگوشین بە تەمای جیران وشکە