لە ماوەی 38 ساڵی رابردوودا پێوەندیەکانی ئەحزابی کوردستانی ئێران، بابەتێک بووە کە هەمیشە جێی باس و نیگەرانی خەڵک و بەدەنەی خودی ئەحزابیشی بە دواوە بووە،
عەلی بارامی
لە ماوەی 38 ساڵی رابردوودا پێوەندیەکانی ئەحزابی کوردستانی ئێران، بابەتێک بووە کە هەمیشە جێی باس و نیگەرانی خەڵک و بەدەنەی خودی ئەحزابیشی بە دواوە بووە، پێوەندی خراپی ئەحزاب، هەر لە شەری براکوژی بگرە هەتا لێدانی بەرچەسپ و سەمپاشی دژی یەکتر جەوێکی دروست کردوە کە متمانەی لە نێواندا لاواز کردوون، کە ئەمە هۆیەکی سەرەکیە تا ئەحزاب نەتوانن لە دوای نزیک بە 4 دەیە خاوەنی گوتار و پلاتفۆرمێکی هاوبەشی ئەوتۆ بن. لەدوای کردەوەی ترۆریستی و تەقینەوەی شەوی یەڵدا لە بەردەم بنکەی حیزبی دیموکراتی کوردستان و شەهید بوونی چەند کەس لە پێشمەرگەو ئەندامانی ئەو حیزبە، جۆرێک لە ئاڵوگۆر لە پێوەندیەکانی ئەحزاب هاتە ئاراوە کە لانی کەم شەش حیزبی کوردستانی ئێران لەسەر بابەتی ئەمنیەتی و چەند روداوی سیاسی ووتاری هاوبەشیان هەبێ. ئەو بابەتانەی شەش لایەنی سیاسی لەدەوری یەک کۆکردەوە بریتی بوون لە بەرپەرچدانەوەی هەوڵەکانی لیستی نوری مالکی لە پارلمانی عێراق دژ بە بنکە و بارەگاکانی ئەحزاب و بە پیرەوە چوونی نەورۆزی جامانەکان، و هەورەها رێکەوتنی ئەو شەش لایەنە لەبارەی تەحریم و بایکوتی شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و شۆرای شارو دێ کە رژێم وەرێی خستبوو .
ئەگەر چی رێکەوتنی شەش قۆڵی لە سەر بایکوتی هەڵبژاردنەکان وەک خۆی جێبە جێ نەکراو لێرەو لەوێ بە پێچەوانەی کار کرا، بەڵام هەنگاوێکی لەو چەشنە لە نێوان ئەو شەش لایەنە لە ماوەی 38 ساڵی رابردوودا بێ وێنە بووە. بۆیە هەر زوو لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکەوە پێشوازی لێ کرا و کاریگەری زۆری هەبوو لە سەر شانۆگەریەکانی رژێم بەتایبەت لە شار و ناوچە کوردستانیەکان.
ئەوەی زۆر باس هەڵگرە هێندێ کاردانەوەی دوای ئەم رێکەوتنە بوو، دیارە پەنجە دەخەمە سەر ئەوندەی کە پێوەندی بە سازمانی خەباتەوە هەیە، ئەویش وەڵامدانەوەیە بە جۆرێک لە چەواشەکاری و بەرچەسپی هێندێ کەس کە لێرەو لەوێ لە سازمانی خەباتیان داوەو لە راستیدا جۆری قسەکانیان بۆنی ئەوەی لێ دێ کە دڵخۆش نەبوون بەبوونی سازمانی خەبات لەو رێکەوتنەدا، تەنیا بە حوکمی جێگەو پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و... ناچار بوون پێ ملی بوونی سازمانی خەبات بن. هۆی سەرەکی و بیانوی ئەوان بۆ پێ ناخۆش بوونیان لە بەشداری سازمانی خەبات ئیرتجاعی و دواکەوتوو و بە ئیسلامی پێناسە دەکەن!
پێش هەر شتێک بە پێویستی دەزانم وشەی دواکەوتوویی (ارتجاعی) کەمێ شیی بکەمە و ئەوجار بەراوردێک بکەین لە نێوان سازمانی خەبات و رەوتێکی ئیرتجاعیی و یان ئەو جەریانەی ئەو بەرچەسپەی لە سازمانی خەبات داوە.
ئ٠Šرتجاعی یان دواکەوتوویی، بە مانا سیاسیەکەی یانی پێچەوانەی پێشکەوتن و ئاڵووگۆڕ هەنگاونان لە پێوەند بە بنەمای کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و... هەروەها هەوڵدان بۆ گەرانەوە بۆ دواوە.
بەم مانایە بێ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران ناچێتە خانەی هێزێکی دواکەوتوو و ئیرتجاعی، ئەگەر چیی سازمانی خەبات بەهۆی ئەو رەوش و هەلومەرجەی تیایدا دامەزرا وشەی ئیسلامی وەک پەسوەندی نەتەوایەتی هەڵبژارد کە ئەوەش بۆخۆی مانایەکی تایبەتی هەیە و مەبەستێکی دیکە هەبوو لەوەی لەو دۆخەدا وەک هێزێکی نەتەوایەتی و ئیسلامی دەست بە چالاکی بکات، بەڵام ئەوەی جارێک بە بەڵگەنامەکانی کۆنگرە و بەرنامە و پەسەندکراوەکان و شێوەی کارکردی ئەم سازمانەدا بچێتەوە دەبینێ کە سازمانی خەبات نەک نەگەراوەتەوە بۆ دواوە، یان ئەوەی کە لە باری سیاسیەوە چەقبەستوو نەبووە، بەڵکوو کۆنگرە بە کۆنگرە خۆی ئەبدەیت کردووەتەوە و لە باری فکری، سیاسی و تەشکیلاتی ئاڵوگۆری زۆری بەسەردا هاتووە، وە ئەم سازمانە توانیویەتی وەک تەشکیلاتێکی سیاسی خۆی بەرۆژ بکات و لەگەڵ قۆناغەکاندا خۆی بگونجێنێ. سازمانی خەبات تێدەکۆشێ بۆ دامەزرانی حکومەتی دیموکراتیک و خەڵکی کە دادپەروەری کۆمەڵایەتی، مافی یەکسان و بەرابەر بۆ ژنان،رێزگرتن و دەستەبەرکرانی مافی چین و تووێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە، ریز گرتن لە ئەدیان و بیر و بۆچوونەکان و داشداری کردن لە مافی کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبیەکانی کوردستان لە بەرنامەیدا پەیڕەو بکات.
بەڵام ئەو جەریانەی ئەو بەرچەسپە لە سازمانی خەبات دەدا و خۆی بە پێشکەوتوو پێشرەوی کۆمەڵانی زەحمەتکێش پێناسە دەکا و بۆ حوکمی پرۆلیتاریا تێدەکۆشێ، و خۆی بە بەشیک لە بزوتنەوەی سوسیالیستی دەزانێ، و ئێستاش هەر لەو هەوایە دەخوێنێ، کە ئەم بزوتنەوەیە لە سەدەی 18هەمدا بێچمی گرتووەو خەون بەوەوە دەبینن کۆمەڵگەی کوردستان بگێرنەوە بۆ ئەو سەردەمە.
لە راستیدا جۆری کارکردی ئەو حیزبانە و ئەو بیر کردنەوە ئیرتجاعیی و دواکەوتووە کە دروشم و شیعارەکانی سەدەی 18 و 19 دەڵێنەوە و خەون بەوەوە دەبینن کۆمەڵگە بۆ ئەو دەورانە بگێڕنەوە. ئەو بەرێزانەی ئەم بەرچەسپە نارەوا و ناراستانەیان وە پاڵ سازمانی خەبات داوە، لەو رۆژەی پێیان ناوەتە مەیدانی کاری سیاسی لەو چەند دروشمەی سەرەتا زیاتر هیچی دیکە نازانن بڵێنەوە و هیچ ئاڵووگۆڕێکیان لە خۆیاندا پێک نەهێناوە و رێگەی هیچ تێزێکی نوێیان لە نێو خۆیاندا نەداوە، هەر ئەوەش هۆیەک بووە کە لە ساڵی 2000 و دواییش جیابوونەوە تیایدا روو بدات و کە ئەو لایەنانەی لێی جیا بۆتەوە لەوان دیارترو کاریگەرترن لە گۆرەپانی جوڵانەوەی سیاسی کوردستاندا.
لەلایەکی دیکە ئەوانە پێیان وایە کە دەبێ ئەدەبیاتی سیاسی کۆمەڵە و دیموکرات بپارێزرێ و بوونی سازمانی خەبات لەو رێکەوتن و کۆبوونەوانە زەربە لەو ئەدەبیاتە دەدات و ئەوەش بە مەترسیەک بۆ خۆیان دەبینن.
ئەو بەرێزانە چوار دەیەیە بەو شێوە بیر دەکەنوە و زۆریشیان هەوڵداوە سازمانی خەبات لە مەیداندا نەبێ، بەڵام بەخۆشیەوە بۆیان نەچووە سەر و وەک دەبینین سازمانی خەبات نەک لە مەیدان بەدەر نەکرا بەڵکوو ئەورۆکە چالاکانە لە مەیداندایە و سیاسەت و بەرنامەی خۆی دەباتە پێش.
بێگومان بوونی سازمانی خەبات لە هەر جۆرە رێکەوتن و کارێکی هاوبەشی لایەنە سیاسیەکان قورسایی و بەکردەوەیی کردنی رێکەوتنەکان زیاد دەکات و لە هەمانکاتدا ئەو رێکەوتن و کارە هاوبەشانە مەعنا دار دەکات و رەوایەتییان پێ دەبەخشێ.
ئاشکرایە سازمانی خەبات هەمیشە کاری بۆ یەکگوتاری و هاوکاری و هەماهەنگی نێو بزوتنەوەی کوردستان کردوەو بە گرینگ و پێویستی زانیوە بۆ گەیشتن بە ئامانجی ڕەواو دەستەبەرکرانی ئازادی، ئەگەر تێبینی هەبوبێ لە سەر بەشداری کردنی جەرەیانێکی سیاسی، لە بەر قازانجی گشتی خۆی لە باس کردنی پاراستوە.
سازمانی خەبات بە رادەیەک باوەری بە ئازادی و دیموکراسی و فرەچەشنی هەیە کە تەنانەت بۆ پرسی هاوکاری و تەبایی لە گەڵ لایەنی چەپی رادیکاڵی بێ پێگە لە کوردستاندا شەرت و مەرجی دانەناوە. دروشمە نەگۆڕەکانی سازمانی خەبات کە بڕوای تەواوی پێیەتی و کاری بۆ دەکات دیموکراسی وپێکەوەژیانی سالمی نێوان هەموو بیروبۆچوونەکانە کە لە رابردووشدا دژایەتی هەوڵی پاوانخوازنەو کردەوەی نادیموکراتیک و دژ بە ئازادی کە ئامانجیان شێواندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی بووە، کردوەو لە داهاتووشدا ئەوە ئامانجی دەبێ.
ئاکامی باسەکە ئەوەیە کە سازمانی خەبات لەگەڵ هەر جۆرە دواکەوتوویی و چەقبەستوویەک دژایەتی هەیە و بەردەوامە لە خۆ نوێ کردنەوەو ئەوانەشی بەرچەسپی ناراستی دەخەنە پاڵ ئەوانەن ترسیان لە ریزشی زیاتری فکری و قەوارەیی و سیاسی خۆیانە، بۆیە بەو شێوەیە تووشی دڵەراوکێ و هەناسەساردی بوون.