بە هاتنی وەرزی هاوین و گەرما، سروشتیش رەنگ و شێوەی دەگۆرێ و بە نەمانی نم و باران، گژ و گیاش ووشک دەبن. ئەم گۆرانکاریەی سروشت دەبێتـە سەرەتای سەرهەڵدانی مەرسیەکی
وریا خورشیدی
بە هاتنی وەرزی هاوین و گەرما، سروشتیش رەنگ و شێوەی دەگۆرێ و بە نەمانی نم و باران، گژ و گیاش ووشک دەبن. ئەم گۆرانکاریەی سروشت دەبێتـە سەرەتای سەرهەڵدانی مەرسیەکی گەورە بۆ سەر دارستانەکانی کوردستانی ئێران.
دیارە لە زۆر شوێنی جیهان ئاگرکەوتنەوە لە جەنگەڵ و دارستانەکان وەک کارەساتێکی سروشتی دەبیندرێ و هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەت دەکەونە کار بۆ مەهار و کونترۆڵ کردنی و قەرەبوو کردنەوەی زیان لێکەوتووان.
بەڵام ئەم فورمولە لە کوردستانی رۆژهەلات بە جۆرێکی دیکەیە، هەر وەک چۆن دەسەڵاتداریی ئاخوندی بە چاوی ئەمنیەتی سەیری هەموو شتێکی کوردستان دەکا لە راست دارستان و ژینگەش هەر هەمان خوێندنەوەی هەیە. هەر ئەو روانینە ناحەزەی رژیم بۆ کوردستان و دارستان و ژینگەکەی وای کردووە، کە کارساتی سوتانی دارستانەکان و لە ناچوونیان زیاتر بێ لە هەر ناوچە و شوێنێکی ئێران و ناوچەکە و جیهان. ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی کوردستان راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دەستی هێزە داپڵۆسێنەرەکانی ئەو رژیمە دیکتاتۆر و داگیرکەرەی تێدایە، و هەر ئەوەش وای کردووە خەڵکی کوردستان بە هاوکاری چالاکانی ژینگەپارێز بە دەستی خاڵی و کەرەستەی سەرەتایی هەوڵ بدەن بەرنگاری دژمنی دارستانەکانیان بنەوە.
سیاسەتی شووم و نگریسی رژیمی سیدارە بۆ لەناو چونی ژینگەی روژهەلاتی کوردستان به زقی دیاره، هەر لە کەمتەرخەمی لە بەدەمەوەچوونی خەڵکی و چالاکانی باری ژینگە بگرە هەتا دروستکردنی بەربەست و فشار خستنە سەر ژینگەپارێزان و گرتن و زیندانی کردنیان. به پێی ئامارەکانی خودی رژیم 20لەسەدی ئاگر کەوتنەوەکان به هۆی مانۆری سەربازی سپاوه بووه، 7 لەسەد به هۆی رووداوی سروشتیەوه و 73 لەسەدیش بەهۆی گەشتیار و کەمتەرخەمی خەڵکەوە بووە، هەروەها اه هەموو ئەو رووداوانەدا کەمتەرخەمی دامودەزگاکانی رژیم بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان بەدیی دەکرێ، ئەوەش هۆیەکی دیکەی بەرزبوونەوەی زیان و خەسارەتی دارستانەکان و دەرخستنی حەزی ئەو دەسە٠ڵاتەیە بۆ لەناوچوونی دارستان و لەوەرگەکانی کوردستان. بەپێی ئامارەکان پارێزگای ئیلام کە نزیک بە 64 هەزار هێکتار دارستان بوونی هەیە، بەپێی قسەی بەرێوەبەری گشتی ژینگەی پارێزگای ئیلام، لە ماوەی 4 ساڵی رابردوودا 82 جار ئاگر لە ناوچە پارێزراوەکانی ئەو پارێزگایە بەر بووە کە 7122 هێکتار لە دارستانەکانی ئەو پارێگایە بە هۆی سوتانەوە لە ناوچوون.
هەروەها راگەیەنەکانی رژێم لە ماوەی رابردوودا رایانگەیاند کە خۆڵ بارین و ئاگرکەوتنە هۆی سەرەکی لەناوچوونی دارستانەکانی پارێزگای کرماشانن. ئەو پارێزگایە 527 هەزار هیکتار دارستانی هەیە کە دەبێتە زیاتر لە 20 لەسەدی پانتایی ئوستانەکە. هەروەها بەرپرسێکی رژیم لەو ئوستانە رایگەیاند کە لەناوچوونی خاک لە پارێگای کرماشان ساڵانە 10 تۆنە لە هەر هێکتارێکدا کە ئەوەش مەترسیدارە بۆ داهاتووی ئەو ناوچەیە کە یەکێک لە هۆیەکانی ئەوەش کەم بوونەوەی رژێژەی دارستانەکانە. ساڵی رابردوودا دارستانەکانی کرماشان 85 جار ئاگریان تێبەر بووە و نزیک بە 1000 هێکتار لەو دارستانانە سووتاون.
لە ماوەی ساڵی رابردوودا 167 جار ئاگر لە دارستانەکانی ئوستانی کوردستان کەتووەتەوە. و هەواڵدەریەکانی رژێم رایانگەیاند کە ساڵی رابردوو زیاتر لە 680 هێکتار لە دارستانەکانی پارێزگای کوردستان بەهۆی ئاگرتەونەوە لەناوچوون.
هەروەها پارێزگای ورمێ 2 ملوێن و 750 هەزار هێکتار دارستان و مەرتەعی هەیە کە زۆربەی دارستانەکانی دەکەوێتە شارەکانی پیرانشار و سەردەشت. بەرێوەبەری سەرچاوەسروشتی و ئاویەکانی رژیم لە پارێزگای ورمێ رایگەیاندووە لە ساڵی 1395 دا 19 جار لەو ئوستانە ئاگرکەوتووەتەوە بەڵام ئیشارەی بە رێژەی زیانەکان نەکردووە. هەر چەند ئەم ئامارانە لەچاو راستی کارەساتی سووتان و لەناوچوونی دارستانەکانی هەر چوار پارێزگاکەی کوردستان زۆر کەمترە بەڵام بەهۆی ئەوەی ناتوانرێ و رێگەنادرێ ناوەندە مەدەنیە سەربەخۆکانی تایبەت بە ژینگە وردبینی بۆ ئەو بابەتانە بکەن، بە ناچاری ئامارەکانی ناوەندەکانی رژیم بە نمونە هێنراونەوە.
وەک لە پێشدا باسی لێوەکراو خەڵکیش زۆرجار ئیشارەی پێدەدەن بەشی زۆری ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەرگەکانی کوردستان بەشێوەی ئانقەست دەکرێ و پەنجە تاوان رووی له هێزەکانی رژیمە و ئەو هێزانە بەجێی هاوکاری کردنی خەڵک و چالاکانی ژینگەپارێز، بەرەبست دروست دەکەن و خۆیشیان بەشێوەی بەرنامە بۆ دارێژراو خۆ دەبوێرن لە کونترۆڵ و کوژاندنەوەی ئاگرەکان. هەر بۆیە لە پێوەند بە گڕگرتن و لەناوچوونی دارستانەکانی کوردستان وەک زۆر پرس و بابەتی دیکە رژیمی ئاخوندی تاوانباری سەرەکیە.
هەر چەند ژینگەپارێزان و خەڵکی خەمخۆری ژینگە لە کوردستان بۆ خزمەت و پاراستنی ژینگەی ناوچەکانیان درێغیان نەکردووە بەڵام بەهۆی بێ ئیمکاناتی و نەبوونی کەرەستەی پێویست هەوڵەکانیان وەک پێویست سەرکەوتوو نەبووە لە سەرخستنی کارەکانیاندا.
بەو جۆرەی دیارە دارستان و لەوەرگەکانی کوردستان لەبەردەم مەترسی جیددی دان و ئەگەر بەر بەم سیاسەتانەی رژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی نەگیرێ ئەوە دارستانەکانی کوردستان و خاک و بوونەوەرەکانی ئەو ناوچە سەرسەوز و سازگارە بەرەو لەناوچوون دەچێ.