بەبۆنەی گرتن و راوەدوونانی چالاکانی سیاسی و مەزهەبی ئەم دواییەی هێزە سەرکوتگەرەکانی رژێمی ئاخوندی ئێران لە کوردستان، بەرێز بابەشێخی حسێنی سکرتێری گشتی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران داوایەک پێشکەش بە ئانتۆنیۆ گوترس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات. لە داواکەیدا سکرتێری سازمانی خەبات ئیشارە بە رووداوە گوماناویەکانی تاران و پارچەکرداری هێرشە سەرکوتگەرەکانی رژێم لە شارەکانی کوردستان و گرتن و شکەنجە و زیندانی کردنی ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و مەزهەبی دەکات و داوا لە سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان و ناوەندەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ دەکا کە بەر بەو هەوڵە تاوانکاریانەی رژێم لە کوردستان و شارەکانی دیکەی ئێران بەر بگرن.
دەقی پەیامەکەی کاک بابەشێخی حسێنی بۆ ئانتۆنیو گوترس:
بەرێز جەنابی ئانتۆنیۆ گۆترس سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان
بۆ ئاگاداری بەرێزتان دەگەێنم کە دەسەڵاتدارانی رژیمی ئێران رووداوەکانی رۆژی چوارشەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی بەرانبەر بە ٧ی ژوئەنی ٢٠ ١٧ی زایینی تاران و تەقەکردن لە قەبری خومەینی و مەجلیسی شورای ئیسلامی یان کردۆتە بیانوو و هەلێک بۆ ئەوەی چالاکانی سیاسی و بە تایبەت خاوەن باوەرانی سوننی مەزهەب لە ئێران و کوردستان بخاتە ژێر فشارو زیندانیان بکات.
لە دوای هێرشی چەکداریی جێگەی گومان لە رۆژی 7 ی ژوئەن لە تاران ، دەسەڵاتدران و بە تایبەتی ناوەندە ئەمنیەتیەکانی حکومەت زیاتر لە 40 کەسیان لە شارەکانی پیرانشار، سەردەشت، ورمێ، بۆکان، تیکاب، مەهاباد، سەقز، روانسەر و پاوە لە کوردستانی ئێران گرتووەو خستویانە ژێر شکەنجەی قورس.
ئاشکرایە گرتنی ئەو کەسانە تەنیا بە ئامانجی سەرکوت و چاوترساندنی خەڵکەو هەروەها خانەوادەو کەس و کاری گیراوەکان ڕایگەیاندووە کە ئەوان هیچ جۆرە پێوەندێکیان بە داعش و هیچ دەستەیێکی ترۆریستیەوە نیە.
ئێمە لە سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران داوا لە بەرێزتان و تێکرای ناوەندە مرۆڤ دۆستەکان دەکەین هەوڵی بە پەلەو جیددی بدەن بۆ ئەوەی رێگە بگرن لە سەرکوتی خەڵک و چالاکانی سیاسی لە کوردستان و شارەکانی دیکەی ئێران کە لە لایەن ئیدارە ئەمنیەتیەکانی حکومەت لە ئێراندا بەرێوەدەچن.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
بابەشێخ حوسەینی