__ بەشوودانی زۆرەملی خۆکوژیی کچێکی لە بۆکان لێکەوتەوە
__ چالاکێکی خوێندکاریی کورد لە زیندانەوە گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە
__ مۆعەلمێکی کورد بە شەش ساڵ زیندان حوکم درا
__ کچانی تۆپی پێ پارێزگای کوردستان بوونە یهکهمی ئێران
__ کوژرانی لاوێکی ئیلامی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە
__ بەرێوەچوونی چەندین کۆبوونەوەی نارەزایەتی لە شارەکانی کوردستان
__ فرۆشتنی منداڵانی ژنانی کارتۆن خەو بە نرخی 100 بۆ 200 هەزار تمەن
__ سەرۆکی پێنجەمی ئیسرائیل کۆچی دوایی کرد
بەشوودانی زۆرەملی خۆکوژیی کچێکی لە بۆکان لێکەوتەوە
دیاردەی خۆکوژیی لاوانی کورد، هەتا دێت بەربڵاوتر دەبێت و بەرپرسانی حکوومەتی چووکەترین هەنگاوی کردەییان بۆ کەم کردنەوە ڕێژەی خۆکوژییەکان هەڵنەهێناوەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، لە کۆتایی حەوتووی ڕابردوودا، هەوڵی هاووڵاتییەکی بۆکانی بە ناوی کەوسەر رەحمانی کچی سدیق کە لە لایەن باوکیەوە فشاری بۆ هێنرابوو کە لەگەڵ پیاوێک کە 20 ساڵ لە خۆی گەورەترە زەواج بکات خۆکوژیی ئەو کچە تەمەن ٢١ ساڵەی لێکەوتەوە. بە پێی ئەم راپۆرتە، هەوڵەکانی کەوسەر لەبەرانبەر ویستی باوکیدا بێئاکام ماوەتەوە و لەئاکامدا ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی خەزەڵوەر، لە ژێرزەمینی ماڵەکەی خۆیاندا لە گەڕەکی عەلیئاوای بۆکان، خۆی هەڵواسیوە. هەروەها بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە گەیشتوون، ڕۆژانی ١٤ و ١٥ی ئەم مانگە، کچ و کوڕێکی گەنج لە شاری سەردەشت کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.شوناسی کچەکە سارینا شەریفپوور ڕاگەیەندراوە کە ڕۆژی ڕابردوو لە گوندی "قەڵا ڕەش" کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. ڕۆژی پێشتریشی لە گوندی "دۆڵکان"ی سەردەشت، کوڕێکی تەمەن ٢٢ ساڵ بەناوی ئەسکەندەر کوڕی مستەفا، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.
چالاکێکی خوێندکاریی کورد لە زیندانەوە گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە
چالاکێکی خوێندکاریی خەڵکی سەقز، لە شوێنی ڕاگیرانییەوە بۆ نەخۆشخانەی "بعپت"ی سنە گوازرایەوە. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، سەردار پەرەستار، چالاکی خوێندکاریی کوردی لقی زانست و توێژینەوەکانی زانکۆی ئازادی ئیسلامیی تاران، بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی لە شوێنی ڕاگیرانیەوە -کە نادیارە- بۆ نەخۆشخانەی بێعسەتی شاری سنە ڕاگوێزراوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سنە ڕاگەیاندووە، دەست و پەنجەی ئەو چالاکە خوێندکارییە تووشی برینێکی قورس بووە و ناوبراوی لە سەر تەختی نەخۆشخانە بینیوە.سەردار پەرەستار، دوابەدوای ڕەخنە گرتن لە سەعید جەلیلی، بەربژێری هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ساڵی ٩٢ی هەتاوی لە زانکۆی ئازادی تاران، لەو زانکۆیە دەرکراو و لەمافی درێژەدان بە خوێندن بێبەش کرا.هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی وردتر لە سەر چارەنووسی ئەو خوێندکارە کوردە لە بەردەستتدا نییە و چارەنووسی ناڕوونە.
مۆعەلمێکی کورد بە شەش ساڵ زیندان حوکم درا
عەلی حسین پەناهی مۆعەلمی دێولانی کە رۆژی پێنجشەممە 19ی خەرمانان لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو، لە دادگای سنە بە شەش ساڵ زیندان مەحکووم کرا. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، ئەم مۆعەلمە کۆردە دوای قسە کردن لە شاری دێولان و مزگەوتی گوندی قروچای دژبە بەرپرسانی حکوومەتی داوای لە خەڵک کردبوو کە لە بەرانبەر هەلاواردن و جیاوازی لە ناوچە کوردنشینەکان بێ دەنگ نەبن، کە دوای ئەم قسانە لە لایەن ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی باوکی دەستبەسەر کرا. بە پێی ئەم راپۆرتە، حسین پەناهی لە دادگای شاری سنە بە تۆمەتی ئیهانەت بە رێبەری و پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان بە شەش ساڵ زیندان مەحکووم کراوە. جێگەی باسە کە ئەم مۆعەلمە کوردە دوای 8 ساڵ وانە وتنەوە بە دەستووری ئیتلاعات لە ئیدارەی پەروەردە و راهێنان دەر کراوە.
کچانی تۆپی پێ پارێزگای کوردستان بوونە یهکهمی ئێران
یهکهمین فستیڤاڵی قوتابخانهکانی تۆپی پێ کچانی ئێران به بهشداریی پارێزگاکانی سهرانسهری ئێران بهڕێوهچوو و به درۆشانهوهی ههڵبژاردهی پارێزگای کوردستان کۆتایی پێهات. بهپێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، یهکهمین خولی فستیڤاڵی تۆپی پێ کچانی تهمهنی خوارهوهی 12 ساڵ به بهشداریی 23 ههڵبژارده له پارێزگاکانی سهرانسهری ئێران له ڕۆژانی 13 و 14ی مانگی خەزەڵوەر له ناوچهی کوردان له شاری کهرهج بهڕێوهچوو. لهم فستیڤاڵهدا که به بهشداریی بهرپرس و دهبیری گشتی فیدراسیۆنی تۆپی پێ ئێران بهڕێوهچوو ههڵبژاردهی پارێزگای کوردستان تووانیان پلهی باشترین ههڵبژارده مسۆگهر بکەن. له کۆتایی ئهم فستیڤاڵهدا سێ یاریزانی کوردستانی پهردیس ئهمامی له کامیاران، مینا فهیزی پوور له سنه و مهرزییه مهنتشلوو له دڵبهرانی قوروه له لایهن کۆمیتهی تهکنیکی بۆ بهشداریی له ئوردووی ههڵبژاردهی نهتهوهیی کچانی تهمهنی خوارهوهی 12 ساڵی ئێران ههڵبژێردران.
کوژرانی لاوێکی ئیلامی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە
لاوێکی خەڵکی ئیلام لە لایەن هێزە ئەمنییەتی و لیباس شەخسییەکانەوە کوژرا. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، رۆژی چوارشەممە 13ی خەزەڵوەری 1394، هێزە ئەمنییەتییەکانی رژێمی ئاخوندی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی شارۆمەندێکی ئیلامی بە ناوی یار محەمەد پیری و لە ئاکامدا کۆرەکەیان کوشتووە. بە پێی ئەم راپۆرتە، هێزە لیباس شەخسی و ئەمنییەتییەکان بە مەبەستی دەستبەسەر کردنی مێهدی پیری هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی باوکی و لە ئاکامدا یەکێک لە مەئمورەکانی رژێم لە پشتە سەرەوە تەقەی لێ کردووەو دەست بە جێ کوشتوویەتی.
بەرێوەچوونی چەندین کۆبوونەوەی نارەزایەتی لە شارەکانی کوردستان
لە شارەکانی سنە، سەوڵاوا و کامیاران چەندین کۆبوونەوەی نارەزایەتی لە لایەن خەڵکی ئەو شارانەوە بەرێوە چوو. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، سەر لە بەیانی رۆژی شەممە 16ی خەزەڵوەری 1394، کۆمەڵێک لە رانندەکانی ترمیناڵی سنە لە نارەزایەتی بە پێنەدانی سێ مانگ حەقدەست و دەرماڵەی یەک ساڵ و مافی بیمە لە بەرانبەر سازمانی مۆسافربەری ئەو شارە لە شەقامی مۆستەزعەفین کۆبوونەوە. بە پێی ئەم راپۆرتە، هەر لە رۆژی شەممەدا کۆمەڵێک لە خەڵکی کامیاران لە نارەزایەتی بە گرانبوونی سەرسورهێنەری پووڵی بەرق لە بەرانبەر ئیدارەی بەرقی شاری کامیاران بە نیشانەی نارەزایەتی کۆبوونەوە. جێگەی باسە کە کۆمەڵێک لە کرێکارانی پرۆژەی پەیمانکاری مەسکەنی مێهر لە شاری سەوڵاوا لە نارەزایەتی بە پێنەدانی حەقدەستی دواکەوتوویان لە بەرانبەر ئیدارەی کاری سەوڵاوا لە شەقامی ناسراو بە شۆهەدا کۆبوونەوە و خوازیاری وەرگرتنی حەقدەستەکانیان بوون.
فرۆشتنی منداڵانی ژنانی کارتۆن خەو بە نرخی 100 بۆ 200 هەزار تمەن
ژنانی کارتۆن خەو لە بیمارستانەکانی تاران مناڵەکانی خۆیان بە نرخی 100 بۆ 200 هەزار تمەن دەفرۆشن. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، بە پێی وتەی بەرپرسێکی رژێمی ئاخوندی، کۆمەڵێک لە ژنانی کارتۆن خەو، مناڵەکانی خۆیان دوای بە دۆنیاهاتنیان لە هێندێک لە بیمارستانەکانی باشوور و ناوەندی تاران بە نرخی 100 بۆ 200 هەزار تمەن دەفرۆشن. بە پێی ئەم راپۆرتە، فاتمە دانشوەر سەرۆکی کومیتەی کۆمەڵایەتی شۆرای شاری تاران وتی، زۆربەی ئەو منداڵانە بە نەخۆشی ئچ ئای وی گیرۆدەن و بە هۆی نەخۆشی زۆرەوە تەمنی زۆریان نابێت. بە دانپێدانانی ئەم بەرپرسەی رژێم، ئەم منداڵانە لە لایەن باندەکانی سواڵکردنەوە دیانکڕن و ناوبراوو سازمانی بێهزیستی تاوانبار کرد کە سەرەرای پەیوەندی زۆر کردەوەێکیان نەبووە بۆ پێشگرتن لە فرۆشی ئەو منداڵانە.
سەرۆکی پێنجەمی ئیسرائیل کۆچی دوایی کرد
ئیسحاق ناڤۆن، پێنجەمین سەرۆکی مێژووی ئیسرائیل رۆژی 16ی خەزەڵوەری1394، لە تەمەنی 94 ساڵی کۆچی دواییکرد. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، نێوبراو رۆژی شەممە لە تەمەنی 94 ساڵی کۆچی دوایی کرد، کە یەکێک بوو لە گەورە یاریدەدەرەکانی دەیڤید گۆریون، دامەزرێنەری ئیسرائیل. ناڤۆن،کاروانی سیاسی خۆی لە پارتی کار بەسەر بردووە، دواتر لە ماوەی ساڵانی 1978 بۆ 1983 سەرۆکی ئیسرائیل بووە، جیا لە سەرۆکایەتیکردنی ئیسرائیل چەندین پۆستی دیکەی لە ماوەکانی ژیانی وەرگرتووە، لەوانە سکرتێری یەکەم وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پەروەردەو رۆشنبیری بووە.ئیسحاق ناڤۆن، لە ساڵی 1992 وازی لە کاری سیاسی هێناوەو بووە نووسەرێکی سەرکەوتووی بواری شانۆ.